فەرمانبەرانی بادینان لە ئەرشیفی عوسمانیدا.. وەیسی بەگێ ئامێدی

دۆزینەوە و وەرگێڕانی لە توركیی عوسمانییەوە:  هێمن عومەر خۆشناو

(1)

(ئەرشیفی عوسمانی سەرچاوەیەكی گرنگی مێژووی گەلەكەمانە لە هەموو ڕووێكەوە، دوای ڕووخانی ئەمارەتە كوردییەكان، دەوڵەتی عوسمانی ڕاستەوخۆ بە لایەنی كارگێڕیی ناوچەكانی سەر بەو ئەمارەتانە پەیوەندیدار بووە. لەو سۆنگەیەوە بەشێك لە كاربەدەستانی دەوڵەت لەو ناوچانە و ناوچەكانی تری سەر بە دەوڵەتی عوسمانی كورد بوونە، بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەین لەبەر ڕۆشنایی تۆماری فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی هەر جارە و ژیاننامەی یەكێك لەو فەرمانبەرانەی كە خەڵكی دەڤەری بادینانن لەنێو ئەرشیفخانەی عوسمانی بدۆزینەوە و بە زمانی كوردی بیخەینە بەر چاوی خوێنەران، بێگومان وردەكاریی ژیانی ئەو فەرمانبەرانە بۆ یەكەم جارە لەنێو مێژووی نووسراوی كوردیدا دەخرێنە ڕوو، هیوادارین كەلێنێك لە مێژووی كەسایەتییەكانی كورد پڕبكاتەوە).

وەیسی بەگ كوڕی سراجەدین بەگە كە لە ماڵباتی ئەمیرانی كۆنی ئامێدییە.

ساڵی 1276ی كۆچی (كە دەكاتە 1859-1860ی زایینی) لە ئامێدی لەدایك بووە. لە شاری بەغدا مەكتەبی صبیان و سەرەتایی و ڕوشدییەی خوێندووە. زمانەكانی عەرەبی و توركی بە نووسین و، فارسی و كوردی بە قسەكردن زانیوە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1294ی ڕۆمی لە قەڵەمی مالییەی بەغدا دامەزراوە و لە 2ی رەبیعی دووەمی ساڵی 1297ی كۆچیدا پەنجا قڕووش مووچەی پێدراوە.

لە 21ی جەمادای یەكەمی ساڵی 1299ی كۆچیدا (10/4/1882ز) مووچەكەی بۆتە سەد قڕووش.

لە 19ی شەووالی ساڵی 1300ی كۆچیدا مووچەكەی بۆتە 120 قڕووش.

لە 16ی جەمادای یەكەمی ساڵی 1301ی كۆچی مووچەكەی بۆتە 140 قڕووش.

لە 5ی صەفەری ساڵی 1303ی كۆچی مووچەكەی بۆ 130 قڕووش دابەزیوە.

لە 26ی صەفەری ساڵی 1305ی كۆچیدا مووچەكەی بۆتە 150 قڕووش.

لە 21ی رەمەزانی هەمان ساڵدا بە مووچەی چوارسەد قڕووش بۆ كۆمیتەی ئەملاكی موصل- هۆبەی شەرەفان گوازراوەتەوە و لە 9ی زولحیججەی هەمان ساڵدا ئەركەكەی خۆی تەواو كردووە.

لە 11ی رەجەبی ساڵی 1306ی كۆچی تا 11ی شەعبانی هەمان ساڵدا لە هۆبەی شەمامك بۆتە كارمەند و لە 2ی زولقەعیدەی ساڵی 1306ی كۆچیدا تا 16/1/1307ی كۆچی (12/9/1889ز) بۆتە كاتبی هۆبەی زوممار.

لە 17ی موحەڕەمی ساڵی 1307ی كۆچیدا، لە هەمان هۆبەدا بۆتە كاتبی ئەملاك.

لە 27ی موحەڕەمی ساڵی 1308ی كۆچیدا لە كار دوورخراوەتەوە و لە 13ی جەمادای یەكەمدا دامەزراوەتەوە و لە 17ی جەمادای یەكەمی 1309ی كۆچیدا بۆتەوە كارمەندی هۆبەی شەرەفان.

لەبەر لێهاتوویی لە سەرۆكایەتی لیژنەی ئەملاكی موسڵ، لە وەزارەتی گەنجینەوە سوپاسنامەی بۆ نێردراوە.

هەروەها ناوبراو لەبەر لێهاتوویی و پاكیی لە خزمەتكردندا لە 25ی جەمادای یەكەمی ساڵی 1323ی كۆچی (28/7/1905ز)دا ڕوتبەی سێیەمینی پێدراوە. ئەمە لە بەڵگەنامەیەكی تردا ئاماژەی پێكراوە كە وەیسی ئەفەندی كارمەندی هۆبەی زوممار و حاجی عەبدوڵڵای كارمەندی هۆبەی زاب ئیحسانییەیان پێ كەرەم كراوە كە بریتییە لە روتبەی سێیەمین.

ناوبراو لە11ی صەفەری 1315 (12/7/1897ز)لە هۆبەی زوممار فەرمانبەر بووە و لە 16/12/1323ی كۆچی (23/3/1905ز) ڕاژەكەی بۆ هۆبەی زاب گوازراوەتەوە.

نازانرێ دوای ئەو مێژووە كەی خانەنشین كراوە و كەی و لە كوێ كۆچی دوایی كردووە؟ ئەوەندە هەیە بەگوێرەی ئەم بەڵگەنامەیە ناوبراو لە نێوان (1859-1905ز) لە ژیاندا بووە.

ژێدەر:

ئەرشیڤی عوسمانی، كۆدی بەڵگەنامە:

DH.SAIDd…0060

ML.EEM.532-73

بابەتێن گرێدای