بابەت

ڕۆمانی شۆڕشی مێروولە. ڕۆمانێکی سیمبولیکی سیاسییە و لەلایەن برنار فیربیر ڕۆماننوسی فەرەنسییەوە نووسراوە و ساڵی 1996 چاپ کراوە و لەتەواوی وڵاتانی ئەوروپا بڵاوکراوەتەوە، ھەریەک لە ئیبف گادوری و حازم عبیدۆ وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و خانەی مەدا ساڵی 2021چاپی کردووە.

ئەم ڕۆمانە لەکاتی خۆیدا خوێنەرێکی زۆری ھەبووە و خوێندنەوە و مقۆمقۆی زۆر لەسەر کراوە و دواتر لەلایەن ڕەخنەگرە ئەوروپییەکانەوە ڕەخنەی زۆری لەسەر نووسراوە، زۆرترین ڕەخنەکانیش بریتین لەوەی کە ڕۆمانەکە زیاد لەسنووری ئەدەب سیمبولیکییە و ڕەھەندی سیاسی زەقی پێوەدیارە، بەڵام زۆربەی خوێنەرانی ئەم ڕۆمانە بە دەقێکی فەلسەفی دەزانن.

بیرنار لەم ڕۆمانەدا باس لەسیستمی کار و ژیانی ڕۆژانەی مێروولە دەکات و کارەکەیان وەکو شۆڕش تەماشا دەکات، بۆیە لەگەڵ شۆڕشی ئینسان بەراوردی دەکات، ھەربۆیە بەشێکی جەوھەری دەقەکە تەرخان کراوە بەو ژیانە ئەندازەیی و ماتماتکییەی مێرولە و دەڵێ مێروولە ڕۆژانە ١٠٣ جار لەسەر ھەردوو ھێڵی گێڕانەوی زەمەنی نایەکسان دەجوڵێت.

چیرۆکی بەمۆڵەت

ڕۆمانەکە لەنێوان خەیاڵی زانستی و فەلسەفە و زیندەوەرناسیدا تێکەڵییەک دەکات و  مانا جیاوازەکانی شۆرشِ لەنێوان بەشەر و جیھانی مێرولە ھەم بەراورد دەکات و ھەم ئاشکرا دەکات، بەڵام دەقەکە لەدەرەوەی تێگەیشتنی باو لەئاسۆیەکی گشتگیرەوە دەڕوانێتە شۆرشِ و ھۆشیاری ھاوبەشی نێو جۆرەکانی کائیناتی بەشەری و زیندەوەرەکانی تر.

بەشەر لەدوو جیھانی جودا

ڕۆمانەکە کارێکتەری بەشەری ئەم سەردەمە لەبەشەکانی پێشوو جیادەکاتەوە، بۆ نموونە باس لەوە دەکات ئەو حێزانەی کە نھێنی شارستانییەتی مێروولەی ئاشکرا کردووە، دەچێتە نێو ڕووداگەلێکی نوێوە کە گرێدراوە بە ھەوڵێکی قورسەوە بۆ گەیشتن بەو ئاستەی میروولە تێیدا دەژی و ژیانی خۆیان سیستماتیک کردووە، ئەویش ڕێگەی تێگەیشتنە لەو پەیامەی کە مێروولە دەیگەنێنێتە بەشەر، لەوانەش کودەتای ئابوری و سیاسی و ئاشکراکردنی فەیسی گەندەڵ کە لەگەڵ بەشەری ئاسایی و پاسیڤدا دەژین، ھەروەک چۆن مێروولەی بێ دەسەلات لەگەڵ شایەکان دەژین و دوو دونیای جیاوازیان ھەیە، بەڵام ئەمان سرووشتین و بەشەر ناسروشتی و گوایە عەقلانیین.

لەجیھانی مێرولەدا بەردەوام مێروولەی گەورەی داگیرکەر  تاکە ڕێگەی مانەوە و جۆری مێروولەکان تاقیدەکاتەوە، مەبەستی لەو کۆمەڵە چالاکەیە کە ژیان لەسەر شانی ئەوان ڕێکدەخرێت، کەچی زۆرجار کە تێکەڵ بەدونیای بەشەر دەبن، ڕووبەڕووی داگیرکاریش دەبنەوە، بەڵام لەھەمان کاتدا ھەر خۆیان ھەوڵدەدەن وەکو سیمبولێکی سیستماتیکی لەگەڵ بەشەردا بژین، ئەمەش بۆ ئەو ھاوبەشییەیە کە لەگەڵ بەشەردا یەک چارەنووسیان ھەیە، بەڵام دوو ژیانی سیاسی و سیستمی دەسەڵاتدارێتی جیاواز.

دابڕان لەھەردوو جیھانەکە

بەشەر بەئیدراکی مێروولە دەست پێدەکات و پێیوایە کە مێروولە تەنھا کائینێکی بچووک نییە، بەڵکو بەڕێگەی خۆیان خاوەن شارستانییەتێکی پێشکەوتوون، چونکە بەردەوامبوون و ھاوکاری و ڕزگاربوونیان خاڵی ھاوبەشی ھەموویانە، ڕۆماننووسەکە ئەم پەرسیارە  فەلسەفییە دەکات، ئایا بەشەر پێویستی بە مێروولە ھەیە تاکو فێرە مەعریفەی مانەوە و ڕێکخستنی ژیان بێت؟.

شۆڕش

ڕۆماننووس بێرنار پێیوایە شۆڕش تەنھا بەسەرباز و دەستەبژێری سیاسی ناکرێت بەمانای وشە کلاسیکییەکە، بەڵکو فکری بوونگەرایی گەرەکە، بۆ نموونە مێروولە بەھەموو کێشەی جوگرافی و قەیرانی خواردن و سیستمە نادادپەوەرەکەی خۆیان، شۆڕشەکەیان ئەوەیە کە ھەمیشە بەدوای جیھانێکی فراوانتر بگەڕێن، بەڵام بەشەر کە ناڕازییە لەو سیستمەی بەڕێوەی دەبات، بەناچار شۆڕش دەکات و ھەر خۆی دووبارە دەکاتەوە و ھەم سیستم ئەزموون دەکاتەوە، چونکە سیستمەکەی یان لەسەر گەندەڵی بونیادنراوە، یان شمولی و ستەمکارییە، بۆیە ھەمیشە بەدوای نموونەیەکی جیاوازدا دەگەڕێت کە لەستایلی سیستمی مێروولە بچێت، ھەر لەترسی ئەم نەبوونییەی سیستمی دادپەروەرییەشە کە دەرگای پێکەوەژیانی جۆرەکانی کردووە بە ئامانج، یان لانیکەم چاو بەچارەنووسی خۆیدا بخشێنێتەوە کە گرێدراوی کردارەکانی ئەمڕۆیە.

بۆچوونە سەرەکییەکان

جیاوازی نێوان تاکگەرایی بەشەرییەت و بەکۆمەڵ ژیانی مێروولە

ڕەخنە لەدونیای سەرمایەداری و سیستمە سیاسییەکەی بەشەر کە لەڕووی ھاوسەنگییەوە ھەژارە، ڕەخنەیە لەخودی بەشەر خۆی کە شارستانییەتی ئینسانی کردووە بەقوربانی شارستانییەتی پیشەسازی، بەڵام دەرکەوتووە کە شارستانییەت تەنھا موڵکی بەشەرییەت نییە تاکو بەپیشەسازییەوە گرێ بدرێت، بەڵکو دەکرێ لەلای جۆرەکانی دیکەی جیھانی نەبینراوەوە ھەبێت و بەشەر لەوانی وەرگرتبێت. بەڵام بەدیوە خراپەکەی پراکتیکی دەکات.

پرسیارە سەرەکییەکەی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە جەوھەری ژیان، تەنھا شۆڕشی کاتیی نییە، بەڵکو بەردەوامبوونی شۆڕشی ھەمیشەییە، مەبەستی شۆڕشی ھەمیشەیی ئەوەیە کە مەعریفە چەکە سەرەکییەکە بێت بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی تر.

گرینگی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، بریتییە لە سێ ڕەھەندی جیاواز، ڕەھەندی یەکەم  ئەوەیە کە ژیان تەنھا چیرۆک نییە تاکو مێژوونووسەکان بینووسنەوە و خەڵکیش ئەزموونی لێوەربگرن، دووھەم چیرۆکی ژیان تەنھا خەیاڵ نییە کە تێڕامانی فەلسەفی گەورەی لەسەر بکرێ لەلایەن فەیلەسووفەکانەوە و خەڵکیش وانەی لێوەربگرن، سێھەم ژیان تەنھا ململانێی نێوان زاڵم و مەزڵوم نییە، بەڵکو پنتێک ھەیە لەنێوان ئەو دووانە کە دەبێت ئینسان واقیعیانە بیبینێ و بەپێی ئەو ئەزموونە وانەی لێوەربگرێت.

مێروولە لەو ڕۆمانەدا سیمبولی ئینسانێکی مەعریفی قووڵە و ھەمیشە بیر لە سیستمێکی دادپەروەری دەکاتەوە و کۆڵنادات، بەڵام ئینسانی مەعریفی و بیرکەرەوەی قووڵ، سەرەنجام بەھۆی شەڕانگێز و چاوچنۆکەکانەوە، بەناچار ملکەچی دەسەڵاتی کۆمەڵگەی زاڵمەکان دەبێت، چونکە بەتەنھایە، لێرەدا ڕۆماننووس مێرولەیەک دەخاتە بەردەم پەرسیارەوە لەبارەی ھەقیقەت و ڕاستی و ڕەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدان، چونکە ھۆکاری سەرەکی ھۆی ململانێکان لەگەڵ سیستمی جێکەوتەیە، نەک سیستمی سرووشت.

ڕەخنە لە سیستمی شمولی

ئەم ڕۆمانە پرسیار لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، جا پرسیارەکە با لەو سیستمە بێت کە بەشەر ھەیەتی، یان ئەو سیستمەی مێروولە پیادەی دەکات، لەڕێگەی چەند وێنەیەکی سیمبولیکییەوە کە کۆنتڕۆڵی ھەموو شتێکی کردووە، ئەویش چاودێری و گومانکردنە لە مەعریفەی فەرزکراو.

لەکۆتایی ڕۆمانەکەدا ڕۆماننووس زەمینەی بۆ بیرکردنەوە ڕەخساندووە کە ھەوڵێک بدرێت چارەنووسی ھەردوو کائینەکە، واتە بەشەر و مێروولە تەنھا کائینی بایۆلۆجی نەبێ، بەڵکو ڕۆشنبیری بێت، بۆیە شۆڕشی وەکو ڕەمزی ژیان وەرگرتووە کە شۆڕش بەردەوامە و نابێ ئینسان تەنھا چاوی لەدەستی سەربازەکان بێت، بەڵکو دەبێ چاوی لە سەر شۆڕشی فەرھەنگی بێت.

ڕەھەندی سیاسی بۆ ڕۆمانەکە ئەوەیە کە بەڕوونی ھەڵگری سیمبولی سیاسییە، بۆیە لەڕێگەی مێرولەکانەوە چیرۆکی سیستمی شمولی و دەسەڵاتە زاڵمەکانی وەکو ھێزێکی کوێر وەرگرتووە، چونکە زۆربەی سیاسی و سەرمایەدارەکان لەئاست مەعریفەدا کوێرن و کەمترینیان فەرھەنگ و مەعریفەی سیاسی دەخوێننەوە. کەمترینیان میری ماکیاڤیللی و کۆمیدیای دانتی خوێندۆتەوە،  ئەم ڕەھەندەش وای کردووە کە ڕۆمانەکە ھەم پرسیاری سیاسی بکات و ھەم ڕخنە لە سیستمی سیاسی بگرێت کە چۆن ئینسانی کردووە بە کۆیلە بەرژەوەندی و حەز و غەریزییەکانی خۆی کە بەرھەمی عەقلانییەتێکی کوێرانەیە. بەڵام بیروڕای بەشێک لە ڕەخنەگرە ئەوروپییەکان پێیانوایە کە ئەم ستایلە پەروەردییە، بەڵام لەڕێگەی ئەدەبەوە، ئەمە جگە لەوەی زیادەڕەوییەکی زۆری تێدایە کە سیمبولی بەکارھێناوە و ستایلێکە لە شێوەی ستایلی جۆرج ئۆرویل.

سەەرنجام ڕۆماننووس خوێنەر ھاندەدات شۆڕش لەبیر نەکەن و ھەمیشە بیر لەگۆڕینی جیھان بکەنەوە و مەعریفە وەکو چەکێکی کاریگەر بەکاربھێنن، بەتایبەتی نەبنە کۆیلەی دەسەڵاتە بەناو ئابورییەکانی کەرتی تایبەت کە لەکەرتی گشتی سەرکوتکەر ترە. ھەروەھا ئەو بەراوردکارییەش بۆ خوێنەر پێشنیاز دەکات کە مێروولە بەھەموو نادادپەروەرییەک لەگەڵ پاشاکەیان، بەردەوام براوەیە لە سیستمەکەی خۆی کە عەقڵی سنووردارە بەرامبەر بەعەقڵی ئینسان یان ژیانی بەشەر کە تاکگەرایی تێدایە، بەڵام  ئینسان بەھەموو جیاوازی بیرکردنەوە و جیاوازی سیستمە سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکەی، بەردەوام دۆڕاوە، چونکە ناتوانێ ئەو سنوورە ببڕێت و سنوورێک بۆ نادادپەورەری دابنێت و جیھان بکات بەیەک جوگرافیای بێ چەوسانەوە.

ڕۆمانی شۆڕشی مێروولە کە لەلایەن برنار فیبیر ی ڕۆمانووسی فەرەنسییەوە نوسراوە، تائێستا بۆ دەیان زمانی جیاواز وەرگێردراوە و بە ڕۆمانێکی فەلسەفی ناسراوە لەلایەن ڕەخنەگرە ھاوچەرخەکانی ئەوروپاوە.

ڤان بابەتان ببینە

فلمێ ( عه‌ردێ دژوار و ئه‌سمانێ دویر ) به‌رهه‌م : ده‌زگایێ كلتورى یێ غه‌زلنووس هاوبه‌شى …