بابەت

لەتیۆری ململانێدا زۆر بیرمەند بەجیاوازی بیر و بۆچوونەوە تێڕوانینی تایبەتی خۆیان پێشکەش کردووە، یەکێک لەو تیۆرانە بریتییە لە بالانسی کۆمەلایەتی، ماتریالییەکان ئەم تیۆرە دەگەڕێننەوە بۆ پێویستی مانەوەی ئینسان لەبەرامبەر هەلومەرجی نائاسایی و ناجێگیر، ستایلێکە گرەو لەسەر ململانێ لەنێوان چینەکان لە لایەک و ململانێی نێوان شارنشینی و گوندنشینی لە لایەکی ترەوە، هەروەها ململانێی نێوان ئایدیا جیاوازەکان و خۆرافە و …هتد، پراکتیک کراوە.

جیاوازی ئەم ململانێیە کە بۆ هەموو کەسێک و هەموو ڕۆشنبیرێکیش هەرز ناکرێ، ئەوەیە کە ململانێکە چۆتە دۆخێکەوە، کە نەدەسەڵات تێیدا بەرپرسە و نە خودی ڕۆشنبیر، بەڵکو ئەو خەڵکە بەرپرسن، کە لە کەلی بەزی عینادی ڕەشۆکییانەی خۆیان دژ بە مەعریفە بەردەوامی بەو ململانێیە دەدەن، بەتایبەتیش، کە ستایلی ململانێکە لەدەرەوەی ململانێی نێوان دوو بەرەری سەر بە یەک ئاستی سیاسییە، ئەویش ڕۆشنبیر و خەڵکی ڕەشۆکییە، ستایلی ئەم ململانێیە بۆ ئایدیالیستەکانیش تیۆرییەکی جیاوازە و دەیگەڕێننەوە بۆ ململانێی باوەڕ و کوفر، بەڵام لەهەردوو بارەکەدا ململانێکە ئاکتێکی هەمیشەیی و دەستەجەمعی کۆمەڵگەیە لەگەڵ خۆی لەلایەک، هەروەها ئاکتێکە لەلایەن تاکەوە بەرامبەر بەگشت واتە کۆمەڵگە لەلایەکی تر.

تیۆری ململانێی لێرەدا لەنێوان ڕۆشنبیر و خەڵکی ڕەشۆکی دا کۆکراوەتەوە، بۆیە لەلای (ڤێلفریدۆ پاریتۆ Vilfredo Pareto/ ١٨٤٨-١٩٢٣) کە کۆمەڵناسێکی ئیتاڵی یە و لەدەرەوەی هەموو تێڕوانینە کلاسیکییەکان تەماشای پەیوەندی نێوان دەستەبژێری ڕۆشنبیر و خەڵکی ڕەشۆکی کردووە، ئەو لە کتێبی (کۆمەڵناسی سیاسی) دا پێیوایە گرژترین ململانێ لەنێو هەموو جۆرەکانی ململانێ، دیاردەی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات و خەڵک و دەسەڵات نییە، بەڵکو ململانێی نێوان ڕۆشنبیر و مەعریفەخواز و خەڵکی عەوامە کە پارتیۆ ناوی لێناوە (خەڵکی ڕەشۆکی)، ئەم تێڕوانینە لەدوای ئەوە هاتووە کە پۆزەتیڤیزم، عەقڵگەرایی سەریهەڵدا و خۆی بەرهەمهێناوەتەوە بۆ ئەوەی بەر بە ڕێگە ڕاستەکەی هۆشیاری بگرێت و لەژێر ناونیشانی ئایدیالیدا تەکفیری بکات.

بەوپێیەی کە لەلای خەڵکی ڕەشۆکی و عەوام، گروپێکی ڕیالیستی سادە و کەم حاڵین لەگەمەی کایە سیاسییەکان، باشتر بڵێم ڕۆشنبیر بەگشتی لەدونیای خەیاڵیدا دەژین؛ چونکە بەبڕوای ئەوان دەستەبژێر تەنها لەنێو تیۆردا توانیویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێت، یان تەنها لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیدا دەتوانێ لەبری فەزای گشتی موناقەشەی دەسەڵاتی سیاسی بکات و هەڵوێست وەربگرێت، یان ئاکتی لۆژیکی پێشکەش بکات، بەپێچەوانەوە مێژوو سەلماندوویەتی، هەر هەوڵێکی دەستەبژێر بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و بەتایبەتی خەڵکی ڕەشۆکی لەدۆخی ئاساییدا، کارێکی بێهودە و درێژخایەن بووە؛ چونکە خەڵکی ڕەشۆکی ئەوەندەی لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی و حوکمڕانی حکومەتدا کۆنتاکتیان هەیە، نیو ئەوەندە لەگەڵ مەعریفەدا دۆست نین، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، کە دەسەڵات و سیستمی سیاسی ڕۆشنبیر بە دژە ئەمنیەتی ڕۆشنبیری دەزانن، بۆیە ڕەهەندەکانی ئەم فەزا نادیارە چەند هۆکارێکی هەیە، کە بریتین لەمانەی خوارەوە.

هۆکاری یەکەم: بەهۆی ئەوەی دەستەبژێری ڕۆشنبیر بەزمانی خەڵک نادوێن، واتە گرەو لەسەر هێزێکی نائاکتیڤ و مردوو دەکەن و لەوێوە دەست بە پۆینتی یەکەمی ململانێکە دەکەن، مەبەست لەهێزی نائاکتیڤ ئەو خەڵکە ڕەشۆکییەیە، کە ئومێدیان بەهیچ شۆڕشێک نەماوە، نەخاسمە شۆڕشی ڕۆشنبیری، کە ئامانجەکەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و مەعریفییە، بۆیە ئەوان پێیانوایە تەنها دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێ ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە زیندوو ڕابگرێت و سەروکاریان بکات و کێشەکانییان بۆ چارەسەر بکات و سەرۆکایەتییان بکات، ئەویش بۆ بەرژەوەندی کارگێڕی و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی، کە خەڵک تەنها لەپرۆسەی هەڵبژاردندا ڕێگەی بدەن بەشداری سیاسەت بکەن، لەکاتێکدا ئەم سیناریۆیە بەمانای بەشداری سیاسی ئەپستراکت نایات، بەڵکو بەشداری سیناریۆ سیاسییەکان دێت و تەنها سەرۆک و سیستم و حیزب و ڤیگەر و سیما سیاسییەکان دەگۆڕێن و هیچی تر.

هۆکاری دووەم: بەهۆی ئەوەی خەڵکی ڕەشۆکی، حوکمڕان، بەپزیشکی نەخۆشییە کارگێڕییەکانی خۆیان دەبینن؛ چونکە پێیانوایە ئەوەی ڕۆشنبیر باسی دەکات، بابەتێکی وشک و بێمانای ئایدیایی و درێژخایەنە و تەنها قسەیە و کرداری لەگەڵ نییە؛ چونکە چارەسەری دەستوبردی کێشەکانی ڕۆژانەی خەڵکی عەوام ناکات و تەنها لەنێو کتێب و ڕۆژنامە و میدیاکاندا دەمێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوە حوکمڕانە دەتوانێ بەدەم داواکارییەکانی خەڵکەوە دەستوبرد بچێت و بیکاتە بەماتریالی خۆشگوزەرانی واقیعی، کەواتە بەپێی تیۆرەکەی پارتیۆ بێت، ڕاستە کە بەردەوامبوونی ململانێکە و دواکەوتنی کایەی ڕۆشنبیری و مەعریفی و دواکەوتنی سیستمی سیاسی و دواکەوتنی خەڵکی عەوام و غیابی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، پەیوەندی بەو هێزەوە هەیە، کە ڕێگە لەپێشکەوتنی کۆمەڵگە دەگرێت و ناهێڵێت شۆڕشی ڕۆشنبیری وەکو ئەلتەرناتیڤ تەماشا بکرێت و بخرێتە کایەی پەروەردەوە، سەرەنجامیش ئەو پەروەردەیە بەرهەمدێنێت، کە تەنها لەنێو تەلاری قوتابخانەکاندا هەیە و لەدەرەوەی قوتابخانە دۆخەکە و ڕەفتاری منداڵەکان دەچێتەوە قالبی پێشووی، کە عەوام چوارچێوەی بۆ داناون.

هۆکاری سێیەم: بەهۆی ئەوەی خەڵکی عەوام یان ڕەشۆکییەکان، دەستەبژێری ڕۆشنبیر بە گرۆپی کوشتنی ئارەزووە سادە و ساکارەکانی کۆمەڵگە دەزانن؛ چونکە پێیانوایە ڕۆشنبیر بۆ ئەوە تیۆر پێشکەش دەکەن و بەزمانی سوێفت قسەدەکەن واتە بە زمانی هێزی نەرم مامەڵە دەکەن؛ چونکە پڕاگماتیستییانە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا دەکەن، تا ئەو جێگەیەی، کە بەزمانی مەعریفە پارێزگاری لەدەسەڵات دەکەن و لەوێشەوە پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن، بەتایبەتی ئەو دەستەبژێرەی هەمیشە بەیەخەیەکی سپییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان دەکەن، کە ئەوان واتە خەڵکی ڕەشۆکی پێیانوایە قەیرانەکان تەنها بە زیانی ئەوان تەواو دەبێت نەک بە زیانی دەستەبژێرەکان، بۆیە ململانێکە بەنادیاری دەمێنێتەوە و ئەو نێوانە بۆشاییەش فراوانتر دەبێت، کە لەنێوان مەعریفە و ژیانی ئاسایی هەیە، وەکو جەنگی تایبەت و نادیار لەگەڵ مەعریفە لەگەڵ سیاسەتی زانستی و سیستم، جەنگ لەگەڵ کتێب و میدیا، جەنگ لەگەڵ هۆشیاری بەهەموو ماناکانییە بەردەوامی دەبێت و ئەوان هەمیشە جەنگاوەرێکن لەدژی هۆشیارییەکان، بۆیە لەبەرامبەردا خەڵکی رەشۆکی هەموو فۆکسێکیان خستۆتە سەر چالاکی میدیاکارەکان و زۆر جاریش لەلایەنی ئەخلاقییەوە بەردەوامی بەو جەنگە نادیارە دەدەن، کە ئەم جەنگە هەموو کەسێک و هەموو عەقڵێک هەستی پێناکات، ئەویش لەڕێگەی ئامرازەکانی گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەکانە وەکو تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و کتێب و …هتد، ئێستاش کە سۆسیال میدیا شوێنی هەموویانی گرتۆتەوە و بووە بە تاکە سەرچاوەی مەعریفی خەڵکی ڕەشۆکی، لەڕێگەی نوکتە و ئاکتی بچووکی چەند چرکەیی و بەکارهێنانی ئەپەکان بۆ ماوەیەکی کورت، کە مەبەستەکەیان تەنها بۆ خۆدەرخستنە و هیچی تر، بەردەوامی بەو جەنگە دەدەن، باشترین سەلمێنەریش ئەوەیە، کە هەتا ئاکتی پڕوپۆچێک یان نوکتەیەک یان سیناریۆیەکی بچووک یان ڤیدیۆیەک مابێت، هیچ کەس ئامادە نییە، کە کاتی خۆی پێشکەش بە ڤیدیۆی سیمینارێکی فکری یان خوێندنەوەی کتێبێک بدات.

ئەوەی تا ئێستا قسەمان لەبارەیەوە کرد، تەنها لایەنە تیۆرییەکەی پارتیۆمان بەکارهێناوە، کە باس لە کۆنتاکت و ململانێی نائاسایی نێوان دەستەبژێری ڕۆشنبیری و خەڵکی ڕەشۆکی بووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەم ئیشکالییەتە فرە ڕەهەندە؛ چونکە فۆرمێکی ناڕوون و وشکی هەیە و هەموو کەسێک هەستی پێناکات، واتە هەموو کەس نەچۆتە نێو کایەی داراییەوە و دەستەبژێر نەبۆتە کارێکتەری چالاکی ژیانی کارگێڕی، بۆیە تەنها لەئاستی کۆنتاکتی تاکدا ماوەتەوە و موناقەشە دەکرێت و موناقەشەکەش بەرهەمی نابێت، یان ڕەنگە هەندێکجار خودی بەناو ڕۆشنبیرەکانیش لایەنگیری خەڵکە ڕەشۆکییەکانن و دژی مەعریفە ڕادەوەستن، بۆیە هەر ئەم لایەنەشە بۆتە هۆکاری بەردەوامبوونی ململانێی هەمیشەیی نێوان ڕۆشنبیر و خەڵکی ڕەشۆکی.

ئەمنیەتی هیومانیزمی

چەمکی هیومانیزم لەلای دەستەبژێر چەمکێکی فرە مانا و فرە ڕەهەندە، واتە ئینسان سەنتەری هەموو بەرژەوەندییەکانە بەبێ هیچ جیاوازییەک گەورەترین سەرمایەیە، کە سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخ بەم پێناسەیە قەڵس دەبێت، بۆیە ئینسان هەروەک ئەوەی کە لەدوای ڕۆشنگەرییەوە کرا بەسەنتەری بیرکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی بەها و ماهیەت و جەوهەری ئینسان تاکو لە لایەنە ئایدیالی و لایەنە سیاسی و لایەنە ئابورییەکەشی بێحورمەتی پێنەکرێت، واتە هەژار نەکرێت و دووچاری جەنگ نەکرێت و نەکرێت بە سووتەمەنی ململانێکان، بۆیە ئەم کۆجیتۆیە هەر لەدەستەبژێری خەمخۆری کۆمەڵگە چاوەڕوان دەکرێت، کە کاریگەری هیومانیستی بەگوتاری ڕۆشنبیرەوە هەبێت، بەڵام وەختێک دەستەبژێر دوور لەواقیعی بوون و خەیاڵیانە تەماشای دۆخەکە دەکات، لەوکاتەدا خەڵکی ڕەشۆکی و عەوام دژی دەستەبژێر دەوەستنەوە؛ چونکە ناتوانن بەزمانی سادە خەڵکی ڕەشۆکی حاڵی بکەن کە ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی چ ڕەهەندێکی سیاسی هەیە و بۆچی گرینگە خەڵک بەشداری ڕاستەقینەی سیاسەت بکات، بەتایبەتی وەختێک دۆخێکی سیاسی دێتە ئاراوە و دەبێتە هۆکاری پشێوی کۆمەڵایەتی، لەوکاتەدا کۆمەڵگا چاوەڕوانی فریادڕەسێکن، کە بەپەلە دۆخەکە هێمن بکاتەوە، یان هاوکێشەکە بەخزمەت دۆخی دەسەڵات بگەڕێنێتەوە، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیانی ئاسایی و ئارامییەوە هەیە، بەتایبەتی ئەو خەڵکەی، کە ماتریاڵی چالاکی دەسەڵاتی سیاسین بەبێ ئەوەی بزانن تەنها سیاسەت ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێک نادات، بەڵکو نەزانین و دژە مەعریفەت ئاسایش تێکدەدات، هەر ئەوەی کە وەختێک بانگخواز یان کەسانی لایەنگری جەهلن، کۆمەڵگە دژ بە نەریت و دژ بە نەتەوە و دژ بە هەموو بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئاراستە دەکرێن و هەستیشی پێناکەن؛ چونکە ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بەشەرییە لەکۆتاییدا پێگەیەکی ناڕێکخراوی بنچینەیی حۆکمڕانین، کە هەمیشە بەردەستن بۆ جەنگێک، کە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن، هەندێکجاریش بە پێچەوانە دژی هێزی سیاسی و دەسەڵات و حوکمڕانیش دەوەستنەوە، کە دواجار ئەمنیەتی خۆیان بەر لە ئەمنیەتی سیاسی دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە بەپێچەوانەوە دەستەبژێر لەپڕۆسەی حوکمڕانیدا هەم دەسەڵات بەهەلپەرستیان دەزانن، هەم خەڵکی ڕەشۆکی بەکارێکتەری خورافییان دەزانن و تەشهیرییان پێدەکرێت، لەهەردوو بارەکەدا ململانێکە نەک هەر بەردەوام دەبێت لەدژی ڕۆشنبیر، بگرە پرۆسەی بەرەو پێشچوونیش سست دەبێت، کە تەنها دەستەبژێری سیاسی و بازرگان و هێزە نادیارەکانی دژ بەکۆمەڵگە کەڵکی لێوەردەگرن و وەبەرهێنانی پێوە دەکەن، دواجار کە کۆمەڵگە زیان لەو دۆخە دەکات، خەڵکی ڕەشۆکی لەوە تێناگەن کە دەستەبژێری ڕۆشنبیر بەشێکن لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی، کە بەشدارن لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە.

لێرەدا بابەتی ئەمنیەتی هیومانیستی لەبری ئەمنیەتی ڕۆشنبیری دەبێتە ڕۆژەڤ، کەوابوو ململانێی نێوان ئەو هێزەی، کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی گەرەکە و ئەو هێزەی، کە خاوەنی بیرۆکەی ئەنارشیزمی ڕەشە؛ چونکە ئەنارشیزمی سپی خاوەنی ئاژاوەیەکی جوانە بۆ کۆمەڵگە، بۆیە جیاوازە لەگەڵ ئەنارشیزمی ڕەش کە ئامانجی تێکدانی دەستکەوتەکانی مەعریفەیە، بۆیە ئەم ململانێیە جێگە بە ململانێی دەستەبژێر و دەسەڵات لەق دەکات، خەڵکی ڕەشۆکیش وەکو ئەوەی تەماشای گەمەی فوتبۆڵێن بن یان سەرخۆش بن بەئادیایەک یان دونیایەکی مەجازی کە هیچ ئامانجێکی لەپشتەوە نییە جگە لەتێکدان، خەڵک دەبنە تەماشاکەری گەمەکە و لەوە تێناگەن، کە دەستەبژێر خەیاڵی نین و واقیعین، دەستەبژێر لایەنگری سیاسەتی سەرکوتکەری نین و دژی سیاسەتیش نین، سەرەنجام هاوکێشەکە لەو شوێنەدا ڕەنگدەداتەوە، کە کاریگەری بەسەر هەموو تاکێکەوە دەبێت، کە تەنها دروستکردنی فەزایەکە بۆ تێکچوونی بازاڕ و گەرمکردنی بازاڕێکی تر، کە بەردەوامیدانە بە برەوپێدانی جەهل.

ئاسایشی رۆشنبیری هەمیشە دۆخێکی نادیارە لەلایەن خەڵکی ڕەشۆکییەوە، ئەویش بەدوو هۆکار:

هۆکاری یەکەم: خەڵکی ڕەشۆکی هیچ بەرپرسیارێتییەکییان نییە لەپاراستنی ئاسایشی ڕۆشنبیر کە بریتییە لەپاراستنی کولتووری کۆمەڵگە و ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی و هۆشیاری ناسیونالیستی دەرەوەی ناسیونالیزم؛ چونکە ناسیونالیزمی ناوەوە هیچ پێویست ناکات و هیچ بەرهەمێکی نییە نەتەوەخوازێک دژایەتی نەتەوەخوازێکی تر بکات، بەڵام ناسیونالیزمی دەرەوە، ئەو کارێکتەرەیە، کە لەدەرەوەی کۆمەڵگەکەی خۆی بۆ بەرگری کردن لەسامانی نەتەوە و شوناسی نەتەوە، بەتەنها دەبێت پارێزەری ئەو کۆمەڵگەیەی، کە لە دوورەوە هەڵگری ناسنامە گەورەکەیە.

بۆیە خەڵکی ڕەشۆکی بەبێ ئاگان لەم ڕەهەندە شوناسییە، جگە لەو دۆخە نائاساییەی، کە سیاسەت گەمەی تێدا دەکات، ئاگایان لەهیچ دۆخێکی تری پشت پەردە و سیناریۆی حازرکراو نییە، بۆ نموونە ئەو دیمەنانەی لەسەدەی ڕابردوودا لەبەهاری عەرەبی و کێشەی ئەندۆنیسیا و عێراق و سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، ئەویش تەنها گۆڕینی دەموچاوەکانی دەسەڵات بوو، نەک گۆڕینی سیستمی سیاسی، کە حاڵەتی یەکەم پاراستنی ژیانی شایستەیە بۆ کۆمەڵگە بەگشتی، کەچی پێچەوانەکەی بەرهەم هات و خەڵکە ڕشۆکییەکە دانییان بەوەدا نەنا، کە ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکان خەمخۆری دۆخەکە بوون، نەترازێت و موڵکیەتی دەوڵەتەکە بەهەدەر نەدرێت و نەدزرێت، نەک ئەوەی دەسەڵات دەڕوخێت، کە سەرەنجام نەڕوخا و دەسەڵاتێکی دیکەی هاوشێوەی پێشووتر هات و خەمی ڕۆشنبیرەکان بەردەوامی هەبوو.

هۆکاری دووەم: مەترسی ئەمنییەتی ڕۆشنبیری، بریتییە لەدوورخستنەوەی هێزی مەعریفی لەململانێی نێوان دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتدار و دەستەبژێری ڕۆشنبیری، لەم جۆرە هەلومەرجە نائاساییەدا کە فەوزای دروستکراو، واتە (الفوضی الخلاق)ە هەڵگری هەوێنەکەیەتی، یەکێکە لەکەرەستە و چەکە حازر بەدەستەکەی کایەی سیاسەت، کە زۆرجار حکومەتە نانیشتیمانییەکان وەکو کارتی فشار بەکاریدەهێنن، هەم بۆ ئەوەی ڕوحییەتی شۆڕشگێڕی بەتاڵ بکەنەوە و خەڵکی ڕەشۆکی هەناسەیەک بدەن و خۆیان بەتاڵ بکەنەوە لە ڕق و کینە و ستەمکاری سیاسییەکانییان بیر بچێتەوە، هەم ناچار بن دژی فەوزاکە بووەستنەوە، کە حوکمڕانە سیاسییەکان وێنەی ناشیرین لەزەینی خەڵکدا دەنەخشێنن، کەچی لەلایەکی ترەوە ئیستاتیکایەکی سیاسی بەویستی خەڵکی ڕەشۆکی دەبەخشن، تا ئەو ڕادەیەی دەستەبژێری ڕۆشنبیر، خۆیان ڕەخنە لەو دۆخە نائاساییە بگرن و بچنە بەرەی خەڵکەوە کە سەرەنجام هەموو ئامانجە گۆڕینی دیمۆگرافیای شۆڕشگێڕییە بۆ ئەو دیمۆگرافیایەی، کە نەخشەی بۆ دانراوە و خەڵک و خودی ڕۆشنبیریش دەکەونە دۆخەکەوە، هەروەک ئەوەی کە لەساڵی ٢٠١١ بەدواوە لەڕۆژهەڵات و کوردستانیش بینیمان و چۆن سیحری ئۆپۆزسیۆن و شۆڕش بەتاڵ بووەوە و جارێکی تر خەڵک و خودی ڕۆشنبیریش دەست بۆ ئەو فەزایە نەبەن و نەچنە دۆخێکی وەها دروستکراوەوە، من ئەمە بەمەترسی ئەمنیەتی ڕۆشنبیری دەزانم.

ئەگەرچی من هەمیشە لەبەرەی جەماوەر و خەڵکی زەحمەتکێش بوومە، هەروەها بەردەوام بەهۆی هەلپەرستی زۆربەی بەناو ڕۆشنبیرەکانەوە، کە خاوەنی گۆتاری سەربەخۆیی خۆیان نین و لەڕیزی شۆڕشگێڕەکان ڕادەوەستن، بەڵام لەهەردوو بارەکەدا بۆم دەرکەوتووە، کە ئەو ململانێیەی خەڵکی ڕەشۆکی لەگەڵ توێژی بیرکەرەوە و ڕۆشنبیردا دەیکەن، کارێکی عەفەوی و خۆڕسکانە نییە، بەڵکو بەناڕاستەوخۆ بەرنامە بۆ داڕێژراوە و خەڵک ئامادەن لەمێحنەتدا بژین، نەک خاوەن دەسەڵاتی مەعریفی بکەن بە پێشڕەوی خۆیان، هەڵبەت ئەم هاوکێشەیە بەردەوام دەبێت و لەهەموو کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، تەنها لەپێناو ئەوەی، کە ململانێ ڕیشەییەکە نەبێتە نەریتی جەماوەری بەرامبەر بەسیاسەت، بۆیە سیستمی سیاسی بەردەوام ئەو باڵانسەی ڕاگرتووە تاکو خەڵکی ڕەشۆکی بخاتە تای تەرازووی ڕۆشنبیرانەوە، زۆرجاریش بەپێچەوانەوە خەڵکی ڕەشۆکی لەپێش ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دادەنرێت بەناوی ئەوەی، کە بەرژەوەندی گشتییان دەوێ.

ئامانجی ئەم نووسینەی من بۆ ئەوەیە، کە هەم بەراوردێک بکەم لەنێوان ستایلی ململانێکانی نێوان چینەکان و ئایدیاکان، لەگەڵ ململانێی نێوان ڕۆشنبیر و خەڵکی ڕەشۆکی و عەوام کە ململانێیەکی نادیارە بە هێزی نەرم، هەم ئەو جۆرئەتە بدەم بەخۆم، کە چیتر خەڵکی ڕەشۆکی وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتی هێزی شۆڕشگێڕی تەماشا بکرێت؛ چونکە دەرکەوتووە، کە ئەم سیستمەی ئێستا ژیان بەڕێوە دەبات، بۆ بالانس ڕاگرتنی هێزەکان، زۆرجار مەعریفە دەکاتە قوربانی بۆ بەردەوامیدان بە هێزی جەهل و نەزانین لە هەموو بوارەکان.

ڤان بابەتان ببینە

فرانز کافکا (1883–1924)، یەک ژ نڤیسکارێن وێژەیی یێن ھەری کاریگەرێن سەدسالا 20، د وارێ تێکلیێن …