پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم

جوان یونس ڕۆژبەیانی

سەرۆکی لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم

پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یەکێکە لە پرسە ، گرنگەکان، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە خاک و جوگرافییای هەرێمی کوردستان. لەسەر ئەو بنەمایەش سنوری هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت.
لە سەرەتای دروســت بوونی دەوڵەتی عێراقەوە سیاسەتی تەعریب لەو ناوچانە دیاری کراوە، ئـــەوەش لە پێناو گۆڕینی دیموگرافییای ئەو ناوچانە. لەوەش زیاتر پەنا بردرا بەر پچراندنی چەندین قەزا و ناحییەی ئەو ناوچانە و لکاندنیان بە پارێزگای ترەوە لە پێناو گۆڕینی شوناسی ئەو ناوچانە.
دوای ڕوخانی رژێمی بەعس و دەرچوونی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ماددەی ١٤٠ ئەو ماددەیەی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دانرا و سێ قۆناغی بۆ دەست نیشانکرا (ئاساییکردنەوە ، سەرژمێری ، ڕاپرسی). کەچی تا ئێستا ئەو عەقلییەتە شۆڤینییەی کە لە عێراقدا هێشتا وجودی ماوە ڕێگر بووە لە جێ بەجێکردنی و دەســــــت تێوەردانی ووڵاتانی دراوسێ کاریگەرییەکی زیاتری لەسەر ئەو عەقلییەتە هەیە و بەردەوامە.
جگە لــەو کێشانەی باسم کرد، کێشە سەرەکییەکەی ئێمەی کورد بە دەستییەوە دەناڵێنین، نەبوونی یەک دەنگی نێو خۆمان و خیانەت کردن..
مێژوو شاهــێدی ئەوەمـــان بۆ دەدات تاکە حزب کە هەمیشە بەرگری لە خاک و پرسەکانی کوردستان کردبێ (پارتی دیموکراتی کوردستان) بووە.
جگە لەوەی پێشتر چاوەڕێی جێ بەجێکردنی ماددەی ١٤٠مان دەکرد، لە ئێستادا و دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر ڕێگاکان ئالۆزتر بوون و دووبارە ناوچەکانمان بوونە قوربانی و دووبارە تەعریب لەو ناوچانە سەری هەڵدایەوەو دەرگاکان بەڕوویاندا کرایەوە. هەبوونی بۆشایی ئەمنی و نەبوونی سەقامگیری لەو ناوچانە وای کردووە خەلکێکی زۆری کورد ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵێت.
وەکو لیژنەی ناوچەکوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بەدواداچونمان کردووە و بۆمان دەرکەوت زۆربەی ئەو هێرشانەی رووبەروی ئەو ناوچانە دەبنەوە بەناوی داعش، هەمان ئەو عەرەبە هاوردانەن و ئەمنییەتی ناوچەکە دەشێوێنن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەو ناوچانە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە عێراق مولزەم بێت پێێ.
خۆشبەختانە لەسەر پێداگیری حکومەتی هەرێم، لە کارنامەی حکومەتەکەی (محمد شیاع سودانی) باسی ڕێککەوتن و ماددەی ١٤٠ ی کردووە، ئەگەر مولزەم نەبوو پێێ دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەرکی خۆی هەستێت و لێپرسینەوەی لەبارەیەوە بکات.
ئەرکی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ ی حکومەتی عێراقیشە دەست بە کارەکانی بکات و ئەندامی تازە و دوور لە بیری شۆڤێنی لە لیژنەکە دەست بەکاربن و قۆناغ بە قۆناغی ماددەی ١٤٠ جێ بەجێ بکەن.

Check Also

خەلاتێ نۆبل .. نھێنی و سەربۆرێن سەیر

شەمال ئاکرەیی ساڵانە خەلاتێن نۆبل ل شەش بیاڤێن جوداجودا پاڕڤەدکەت. ئەکادیمیا سوێدی بدەستڤەهینەرێن بیاڤێن زانستێن …