وەرگێڕانی بابەتێک لەسەر کتێبی (جستاری چند در فرهنگ ایران)
ئی خوالیخۆشبوو مێهرداد بەهار کە لەسەر بابەتێکی میتۆلۆژی قسە دەکات
مێهرداد بەهار (1373-1308 هەتاوی، 1929 – 1994ز) نووسەر و لێکۆڵەری ئێرانی، لە زانکۆی تاران خوێندوویەتی و بەکالۆریۆسی تەواو کردووە و ماستەری لە بریتانیا وەرگرتووە و دوایی لە زانکۆی تاران دکتۆرای خوێندووە. مێهرداد کوڕی خوالیخۆشبوو مەلیکو شوعەرای بەهارە کە شاعیر و نووسەری بەناوبانگی ئێرانی یە.
ئاسەوارێکی زۆری لەسەر ئەستوورە هەیە، دەتوانین بەم ئاسەوارانە ئاماژە بکەین: (ادیان آسیایی)، (واژەنامەی گردههای زاد سپرم اشکانیان)، (پژوهشی در اساطیر ایران)، (رسالههای سختی چند دربارهی شاهنامه)، (بندهش)، (داستانهای کودکان)، (ادبیات مانەوی)، (گزیده مقالات)، (از اسطوره تا تاریخ).
- جەژنی نەورۆز وەک جەژنی کۆنی ئێرانییەکان بناغەی لە کوێدایە و کۆنترین نیشانەی نەورۆز لە کوێدا دەتوانین ببینین؟
کۆنترین ئاسەوارێک کە لە جەژنی سەرساڵی لە ئاسیای ڕۆژئاوا ماوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین بنەماڵەی پاشایەتی ئوور کە لە پەیوەندی نێوان خودای ئاو و خودای زاوزێ دا بەدی هاتووە. وەک کاهینی پەرستگە دەوری خواژنی لە ئەستۆ گرتووە. ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ سی هەزار ساڵی پێش زایین. لەم ڕێ و ڕەسمەدا، شا دەوری خودای بەرهێنەری لە ئەستۆ گرتووە. ئەم جەژنە لە بنەڕەتدا بە هۆی سەرکەوتنی «ئاشا» یان «ئەکی» بووە کە «ئەسپو» دیوی ناوە شیرینەکان دەکوژێ و خوی دەبیتە خودای ناوە شیرینەکان. دوای سەرکەوتنی «ئەسپو» جەژنێک ئەگیرا. بۆ باشتر بەجێ هێنانی کاری کشتوکاڵ لە ڕووبارەکاندا بەنداواییان دروست دەکرد. دواتر بابلیەکان ئەم جەژنەیان پاراست. لێرەدا (مەردوک) جیگای (ئەنکی) ئەگرێتەوە.
شارستانیەتی ئاسیای ڕۆژئاوا، لە ئاسیای بچووکەوە تا سەرچاوەکانی دوو ڕووباری «دجله و فرات» و «دەریای ناوەڕاست» بە گشتی کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی ئەم ئایین و میتۆلۆژیانە وەردەگرن.
بەو هۆیەوە کە سوومریەکان لە بنەڕەتەوە لە ڕێی کەنداوی فارس و دەشتی ئیران (لە ڕێگای خوزستان) و بەره و «نێوچۆمان» ئەڕۆیشتن.
پێدەچێ نەورۆز جەژنی باوی دانیشتوانی ئێرانی پێش هاتنی ئاریایەکان بووبێت و بێ گومان وامداری نێو چۆمان نییە گومانی نزیک ئەوەیە لە دەشتەکانی ئیران و نێو چۆمانیش جەژنی نەورۆز بەڕێوە چووە. هەروەها دوو جەژنی گەورە لە ئێرانی کۆندا هەبووە:
یەکەم جەژنی ئافراندن بووە لە سەرەتای پاییزدا؛ دووەم جەژنی زاوزێی دووبارە ژیانەوە لە سەرەتای بەهاردا. جەژنی زاوزێی دووبارە لە ڕاستیدا پەیوەندی لە گەڵ «دوموزی» واتە خودای شەهیدی سوومەریەکان بوو ئەم خودایە لە کۆتایی هەموو ساڵێک دەکوژرا و لە سەری ساڵی نوێ دا دیسان دەهاتەوە دنیا. هەر بەم بۆنەوە لە سەرەتای ساڵدا جەژنیان بۆ دەگرت؛ چونکە بە هاتنە دنیای ئەو خودایە تۆ و گیا و ڕووەک دەژیانەوە.
ڕێ و ڕەسمی خودای شەهید «دوموزی» و هاوسەرەکی «ئینانا»(١) کە لە دواییدا لای «بابلیەکان» بوو بە ئیشتار لە سی هەزار ساڵی پێش زایین لە نێو چۆمان باو بووە زیندووبوونەوەی «دوموزی» لە ڕاستی دا هەمان جەژنی سەری ساڵی نوێ بووە.
- له سەردەمی پاشایەتی هەخامەنشیەکان (ئەخمینییەکان) دا ئایا ئاسەوار و بەڵگەیەک سەبارەت به بەرێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز هەبووه؟
ئەلبەت لەو بارەوه ئاسەوارێکی کەم بەجێ ماوه. وەک ئەزانین که له تەختی جەمشیددا، له سەرەتای سالی نوێی بەهاری دا رێ و رەسمێکی گەوره بەرێوه چووه. لەم رێ و رەسمەدا نوێنەرانی هەموو نەتەوەکانیان دیارییەکان پێشکەشی پاشا دەکرد و شەویش له کۆشکی خۆی میوانداری ئەکردن. با ئەوەیش بلێین که رێ و رەسمی نەورۆز جەژنێکی جیهانییه. له دیاردەناسی میتۆلۆژی دا دەڵێ: که ئاهەنگەکانی سالی نوێ بنەمای هاوبەشی جیهانی هەیه بەڵام میتۆلۆژی نەورۆزی ئێمه و نێوچۆمان به پەیوەندی به ناوچەی خۆمانەوه هەیه. بەو بۆنەوه خودا له کۆتایی هەموو ساڵدا شەهید ئەبێت و دووباره زیندوو دەبووەوە و ئەم ڕووداوەیان جەژن ئەگرت.
مردنی ئەو خودایه پێش ساڵی نوێ بوو. له پێنجەی دزراو له ئیران دا پێش جەژنی نەورۆز له شەوی سالی نوێ دا ئەڕۆن بۆ گۆڕستانەکان و چرا یان مۆم دائەگیرسێنن. بەم کاره ڕێگای ڕۆحه مردووەکا ڕووناک ئەکەنەوه تا له ساڵی نوێ دا بگەڕێنەوه بۆ مال و شوێنی خۆیان.
- ئێوه پێشتر باستان کردووه که ڕێ و رەسمی ئازایەتی «سیاوەش»(٢) به جۆرێ پێوەندی له گەل خودای شەهید له میتۆلۆژیەوە بووه، ئایا ئیستاش راتان وایه؟
بەڵێ به رای من مەرگی سیاوەش له راستیدا نموونەیەک له ئازایەتباری بۆ خودای شەهید بووه. وەک دەزانین پاش شەهیدبوونی له خوێنی سیاوەش گیایێک ڕوواوه، کە ئەمه هەمان پیت بەخشین و ژیانەوەیە له نێوچومان دا له ئەستۆی «دوموزی» یان «تموز» بابلی بووه «دموزی» دەژیایەوە.
- جەژنی دوازده ڕۆژەی ساڵی نوێ به بۆنەی دوازده مانگی ساڵەوه بووه.
هەر ڕۆژێک لەم جەژنە نیشاندەری مانگێک لە ساڵ بووە. هەر بەو بۆنەوە دوازدە ڕۆژی جەژنی ساڵی نوێ بە بۆنەی دوازدە مانگی ساڵەوە بووە. هەر ڕۆژێکی جەژنێ بەرانبەر لەگەڵ دوازدە مانگی سی ڕۆژدا بووە. بەڵام مانگی سی ڕۆژی بەرانبەر بووە لەگەڵ ٣٦٠ ڕۆژ لە هەمان کاتدا دەزانین کە ساڵ ٣٦٥ ڕۆژی هەیە. ڕۆژی سێزدە لە مانگی خاکەلێوە دیاردەیە کە لەو پێنج ڕۆژە لە ئاخری ساڵدا کە بەرانبەرە بە شێوەی نیهایی جیهاندا. شێوەیەکی بێ سەرەتا پێش لە خولقاندن هیچ پاساو نەزمێکی تێدا نەبووە. هەر بەو بۆنەوە لە ڕۆژی سێزدە بە جۆرێکی تایبەت بشێوە و بێ نەزمی تێدایە.
- لە ڕێ و ڕەسمی ئێمە دا مەبەست لە حاجی فیرووزە(٣) چییە؟
حاجی فیرووزە بەجێ ماوی ڕێ و ڕەسمی هاتنەوەی خودای شەهید یان «سیاوەش»ە، ڕواڵەتی ڕەشی نیشانەی هاتنەوەی ئەوە لە جیهانی مردووەکانە. جلوبەرگی سووری ئەوە نیشانەی خوێنی سووری «سیاوەش» و ژیانی دووبارەی خودای شەهید و شایی ئەو شایی زاوزێی دووبارەی تەوانە کە لەگەڵ خۆیدا گەشە و پێک دێنێ.
- بۆ لە بیر و باوەڕی ئێرانی کۆندا ڕۆژی سێزدە، ڕۆژێکی خراپ لە ئەژمار دێت؟
ڕۆژی سێزدە ناسێنەری پێنجەیە کە لە ڕۆژمێری ئاخری ساڵ دائەنرێت. ناسێنەری ئاشووبی ئەزەلیە و کۆتایی جیهان کە خاڵی بەرانبەر بە نەزم و ڕێکوپێکیە کە خوایان لەگەڵ خویان ئەیانهێنا.
ناوەڕۆک ئاشووب ئەزەلی پێش لە خولقاندن، لەم ڕۆژەدا جووت نەبوون چون شێواوی و بشێوەی خراپ و ناجۆر بە ڕەچاو کراوه. پیرۆز موبارەک نەبووه. ڕۆژی سێزدەی نەورۆز خراپ و ناجۆر بووه. ڕۆژی سێزدە کە تێ ئەپەڕی، دنیا و ڕۆژەکان، پیرۆز ئەبوون.
پینج ڕۆژی دزراو بەم باوەڕە کە لە بنەڕەت دا بەشێکی بچووک لە ڕۆژەکانی ئاسایی ژیان پیرۆز بە ئەژمار هاتووە، بە جۆرێ، نیشانەی دووپات کردنەوەی باشوویی ئەزەلی بێت.
لە ئێران، ڕێ و ڕەسمی وەک هاتنەدەرەوه لە ماڵ باو بووە. ئەم ڕێ و ڕەسمە تا سەردەمی سەفەوی ئاگادارین.
لە ئێران، پێنجەی دزراو ناسێنەری ئەم سەردەمی ئاشووبی ئەزەلییە کە پێش لە ساڵی نوێ یان بە بڕوایەکی دیکە، لە ئاخری ساڵی کۆن دا دانراوە. لەم پێنجە، لە بنەڕەتی داب و نەریتی کۆمەڵگای پەیوەندیدار بە دامەزراوی کۆمەڵگا کە تووشی بارودۆخی ئاژاوە ئەبێت. شێوازی میری نەورۆزی کە خۆی نموونەیەک بە جێ ماوە لەم ڕێ و ڕەسمە کە ناو براوە، بەم شێوە بووە کە کەسێکی مەحکووم یان تاوانبار بە مەرگیان ئەکرد بە حاکم و پاشا بە شێوەی کاتی. ئەو کەسە لە ماوەی پینج ڕۆژەدا فەرمان و دەستووری ئەدا؛ لە دوای ئەو پێنج ڕۆژە کە کاتەکەی تەواو ئەبوو ئەیانکوشت یان ڕای ئەکرد. لە سەردەمی سەفەوییەکان ژنان حیجابی تەواویان بەکار ئەهێنا و لە ماڵ دا نەدەچوونە دەرەوه، بەڵام لە ڕۆژی سێزدەی نەورۆز بێ ڕووبەن و چارشێو لە ماڵ ئەهاتنە دەرەوه و شاییان ئەکرد.
- جیاوازییەکان نێوان جەژنی نەورۆز و جەژنی میهرەگان(٤) چی بووە؟
جەژنی مێهرەگان و جەژنی نەورۆز دوو جەژنی گەورەی ئەم وڵاتە بوون. جەژنی مێهرەگان بە بیرهاتنی سەرکەوتنی فەرەیدوون بە سەر زەحاک لە سەرەتای پاییز، پانی سەرکەوتنی ڕێکوپێکی بەرانبەر بە شێواوی (ئاژاوە) بووە. جەژنی نەورۆزی بەهار بە بیرهاتنی ژیانی دووبارە خودای زاوزێ و ئاوسبوونە، لە ئێران چیرۆکی هەیە سەبارەت بە سیاوەش و مەرگی و هاتنی کێخوسرهو کە لە ئاسیای ڕۆژئاوا بۆتە ئەفسانەیەکی کۆن (میتۆلۆژی).
لە میزۆپۆتامیا (نێوچۆمان) و هەروەها لە ڕۆژگاری سوومەرییەکان دوو جەژنی بەهاری و پاییزی بووە کە پاش ڕۆژگاری شارستانییەتی بابلییەکان تێکەڵ بە یەک بوون، بەڵام لە دەشتی بەرزی ئێران بە شێوەی دوو جەژنی جیاواز ماوەتەوە. هۆی ئەوەیە کە ئەم دوو جەژنە دوانە لە ئێران بە هۆی قەرزدار بوون دوای لە میزۆپۆتامیا نەبووە.
- جەژنی نەورۆز بە هۆی تەواوی شێوەکان کە لە ناو نەچووە، چۆن جەژنی نێونەتەوەیی ئێرانییەکان لە جێگای خۆی ماوەتەوە، بەڵام جەژنی مێهرەگان وردە وردە لە ناو چووە؟ بۆ وای لێ هاتووە؟
هۆیەکی پتەو و قایم سەبارەت بەم باسە لە پێش چاو نییە، بەڵام جێگای باسە کە تا سەردەمی ئیسلام جەژنی مێهرگان زۆر باو بووە و ڕێ و ڕەسمی ئەوەش بەربڵاو بووە، بەڵام لە سەردەمی مۆغۆل دا زۆر لاواز بووە و ئەمەیش رەنگە سەبەبی بووە نەبێ لە دوای هێرشی مۆغۆل بە دوای دا بگەڕێین.
- کۆنترین نووسراوەی کە ئەبێ بە دوای دا بگەڕێین سەبارەت بە ئاماژەکان لەسەر ئەوە کە نەورۆز کە لە دەستمان دایە هەر ئەوەیە کە بە جەمشید(٥) پێوە نەخەن و لە شانامە شەرحی هاتووە؟
لەو نووسراوانە کە لە دەوروبەری حكوومەتی هەخامەنشییان بووە ئەتوانین بە چۆنییەتی هەبوونی نەورۆز لەو سەردەمە تێ بگەین.
- بۆ لە ئاڤێستا دا هیچ ئاماژەیەک بە نەورۆز نەکراوە؟
ئاڤێستا پێکهاتەیەکی دینی زەردەشتە و لەسەر ڕێ و ڕەسم و جەژنە تایبەتەکانی ئەو دینە قسە دەکات. جەژنی نەورۆز پێش سەردەمی ئاڤێستایی لە دەشتەکانی ئێران باو بووە، بەڵام تەنیا لە سەردەم و ڕۆژگاری کۆن، یانی لە سەردەمی ساسانییەکان ناوی لێ براوە، یانی لە کاتێکدا کە ئەم جەژنە لە ناو زەردەشتییەکاندا بە تەواوی قەبووڵ کراوە. زەردەشت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێراندا سەری هەڵداوە و جەژنی سەرەتایی زەردەشتییەکان و بە ناوەندی ئاسیایی و پێوەندی بێ. ڕەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ئێران لەو کاتە قەت جەژنی نەورۆز باو نەبووە تا لە ئاڤێستا ناوی لێ بەرن، بەڵام لە سەردەمی ئەدەبیاتی پالەوی و مانەوەی دا زۆر باس لە نەورۆز کراوە.
بنەمای جەژنی سەدە(٦) لە چ باوەڕ و سەردەمێ دا ئەبێ بە دوایدا بگەڕێین؟
سەدە جەژنی گشتی و گشت لایەن سەردەمی ساسانییەکان نەبووە و بە تەواوی پێوەندی بە زەردەشتەوە نییە. لە نووسراوەکانی پالەوی لە ڕوالەتەوە باسی سەدە نییە و بە دڵنیایی ئایین و دینی دوای نییە، تەنیا لە نووسراوە ئیسلامییەکان دەرئەکەوێت کە پێش ئیسلام، جەژنی سەدە بووە. دینی زەردەشتی بەو بۆنەوە کە جەژنی سەدە جەژنێکی جادوویی و سیحراوی بێت قەبووڵیان نەکردووە.
جەژنی سەدە لە ڕاستی دا جەژنی چلەی خۆرتاوە، یانی چلەی ڕۆژ لە شەوی یەڵدا، شەوی لە دایک بوونی خۆر، کە بەو بۆنەوە جەژنیان ئەگرت و ئاگریان خۆش ئەکرد و ئەمەیان بە جادووی گەرم کردنی دنیا بە ئەژمار ئەهێنا، چلە کە ساردترین دەمی ساڵ بووە، لەو کاتەدا تەواو ئەبوو و لە دوای ئەوە زەوی هەناسەی ئەکێشا و لە چلەی دواییدا سەرما کەم ئەبووە، ئاگریان ڕۆشن ئەکرد بە جۆرێ جادووی هاتنەوەی گەرمای خۆرتاویان بە ئەژمار ئەهێنا، بۆ نموونە پەڵەوەرەکانیان ئاگر ئەدا و ئازادیان ئەکرد و تەواوی ئەو ڕێ و ڕەسمە بۆ خێراکاری جووڵەی خۆر بووە.
- ڕێ و ڕەسمی چوارشەممە سووری(٧) لە چ کاتێکدا دەستی پێ کردووە و چ تێگەیشتنێکی بووە؟
ڕەنگە لە ئێرانی کۆن(باستان)، جەژنێکی بەزمی باو بووە، بەڵام چوارشەممەیان لە سەردەمی ئیسلامی دا بە ئەوە زۆرترەوە کرد. بۆیە ڕۆژەکانی هەفتە پێش لە ئیسلام ناوی تایبەت بە خۆیان بووە؛ هەر چەند لە نووسراوەکانی مانەوەی لە پێکهاتەیەکی شەممەیی باس کراوه. ڕێکخستنی ئاگر لەم ڕۆژانە جۆری گەرم کردنی دنیا و خاوێن کردنەوەی لە سەرما و ژاکاوی و خراپی لە جەستە بووە، لە کۆنەوە جەژنی ئاگر بە تەواو چۆنیەتی جادوویی زۆریش سەرەتایی بووه.
چوارشـــەممە ســووری کە پێـــشتر وتمــان دەستەواژەیەکی زەردەشتی نییە و لە سەردەمی ئیسلام دا دروست بووە، بەڵام سەبارەت بە ئەوەی بۆچی جەژنی چوارشەممە سووری لە ئاخری ساڵدا بەڕێوە بچێت چیە؟ هیچ هۆیەکی بڕاو و مسۆگەری نییە. بەس ئەوەندە کە جێگای گومانی هەیە کە چوار بۆنەکەشی، ناساندنی چوار وەرزەی ساڵه. بەڵام لە چەند و چۆنی میتۆلۆژی ئەوەیە کە لە جەژنی سەدەدا چاوەڕێی ئەوە ئەکرێت کە سەرما و سۆلە بڕوات. سووری بە مانای سوورە و جادووی گەرم کردنی هەوا بە ڕوواڵەت دا تایبەت بە هاتنی فرووهەرەکانەوە(٨)، پێوەندی بێت.
- لە هەندێ نووسراوە هاتووە کە چوارشەممە لە لای ئەعەرابەوە ناپیرۆز و خراب بە ئەژمار هاتووە، ئەبوایە بۆ ئەوە ڕێ و ڕەسمی بەڕێوە بچووایێت. بۆ نموونە مەنووچهری (منوچهری) لە شیعرهکانیا ئاماژەی پێ کردووە؟
ڕەنگە بەو شێوە بێت و ئەتوانین بەڵگەیەکی ڕوونکەرەوەی بۆی بهێنینەوە. چۆن لە ئاخری ساڵ پێنجەی دزراو، لە ڕاستی دووپات کردنەوەی ئاشووبی ئەزەلیە. بەڵام لە ئەوەی کە چوارشەممە بوونی دا، ڕەنگە بە هۆ و بەڵگەی ئەوە بێت، کە ئێوە ئەڵێن ناساندنی چوار وەرزی ساڵ بێت.
- داگیرساندنی مۆم بۆ فرووهەرەکان یان (فەرەوەشی ها) چ ڕۆڵێکی عەمەلی لە ژیانی ئێرانیەکان بووە؟
ئەزانین مانگی خاکەلێوە مانگی فرووهەرەکانە جێنشین ڕۆحە لە ڕابردووی لە دین دا بووە. لە خاکەلێوەی یەشت وا دێتە بەرچاو کە فەرەوەشیەکان سێ ئەرکی (زانای ئایینی، شەڕکەری و فراوانی و پێت بەخشین)یان هەیه و کاری بە ئەرواحی مردوو ئەکەن. لە کاتێکدا کە فەرەوەشی غەیر لە ڕۆحە، لە ئاڤێستادا ڕۆڵیکی بۆ ئەڕواح له دوای مەرگیان دا بووە، کە پێوەندی له گەڵ پاشماواندا نابینین. ئەوا که ئەبینین پێوەندی به فەرەوەشیەکانەوه هەیه که پێوەندیەکی پتەو له گەڵ ژیانی منداڵەکانیان دا بووه.
سەرنج ڕاکیشان بۆ مردووەکان لە تەواوی داب و نەریتەکان دا هەیە. سەرنج بە ئەڕواح هۆ و سەبەبی شادی ئەوانه، بێ بایەخ کردنی به ئەڕواح هۆ و سەبەبی تووڕەیی و مانکردنیان بووه. لە ئێرانی کۆن دا، لە شەوی یەکەمی ساڵ ئەبێت به بیرەوەری فرووهەرەکان چرا دائەگیرسێنن و تەنانەت له سەر بانەکان دا خواردەمەنیان بۆ ساز کەن.
لە ڕاستیدا و ڕەسم و جەژن بە کەسایەتیەکانی کۆن و میتۆلۆژیەکانی دەبەستنەوه. نەورۆز بێ گومان جەژنی ناوچەیی و ناوخۆیی خەڵکی ئەم وڵاتەيه، بەڵام له دۆخی ئاسایی دا باو بووه که جەژنەكان به دەسەلاتدارێک که خەڵک خۆشیان ئەوێت پێوەندی بدەن و بەو شێوەیە پێوەندی ئەدەن به جەمشیدەوه.
جەمشید لە ئێرانی کۆن خۆشەویستیێکی تەواوی بووه. له کات و سەردەمی ئەو چیرۆکەکانی سەبارەت به ئەو باس ئەکرێت که بەختەوەری و خۆشی و شادی گەلێک زۆر بووه. لە سەر بنەمای میتۆلۆژییەکان، له سەردەمی دەسەلاتداری جەمشید، پیری و مەرگ و نەخۆشی نەبووه. دنیا له سەردەمی ئەودا زۆر بەربڵاو بووە. فەرەیدوون و شاکانی دیکەی پێشدادی، لایەنگری و خۆشەویستیی جەمشیدیان نەبووە. جەمشید خاوەنی شکۆ و مەزنایەتی بووە و سەردەمی ئەو لە ڕاستی دەورانی زێڕین ئێڕان بە ئەژمار دێت.
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١) ئینانا و ئیشتار: دوو خوداوەندی میتۆلۆژیایی بابلییەکانن.
٢) سیاوەش: کوڕی کەیکاووس کە بە دەستی ئەفراسیاب پاشای توورانی ئەکوژرێت، بۆ تۆڵە لە کوژەران ئەو شەڕی قورس ئەگرێت.
٣) حاجی فیرووزە: پیاوێکە کە لە ڕۆژانی ئاخیری ساڵدا ڕوومەتی ڕەش دەکا، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و سەیر دەپۆشێ و لە شەقام و کۆڵانان بە دایرەیەکەیوە دەخوێنێ و هەڵدەپەڕێ و خەڵکیش بە خەلات شتێکی دەدەنێ.
٤) جەژنی مێهرەگان: ڕۆژی شانزدهی ڕەزبەرە ئەو جەژنە بە خۆشی و شادیەوە بەڕێوە ئەچوو، بەرانبەر بە بەردەنووسەکانی داریوش پاشای هەخامەنشی، ساڵی ئێرانی کۆن لە پاییزەوە دەستپێی ئەکرد.
٥) جەمشید: کۆنترین ڕواڵەتی خوداوەندەکانی هیندوئێرانییە، دنیا لە کاتی پاشایەتی ئەودا زۆر ئاوەدانە و پڕ لە بەختەوەری بووە و شەڕی نێوان زۆحاک و جەمشید، جەمشید سەرکەوتوو ئەبێت.
٦) جەژنی سەدە: ڕۆژی دەی مانگی ڕێبەندانە لە سەرەتایی مانگی خەزەڵوەڕ تا مانگی ڕێبەندان کە سەد ڕۆژ دەکات بە ئاگر داگیرساندنەوە، هێزیان بە زەوی ئەدا.
٧) چوارشەممە سووری: جەژنێکە پێش نەورۆز کە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران و بە شێوەی جۆراوجۆر کە بناغەی لەسەر ئاگرە.
٨) فروشی (فروهر): زەردەشتی لەو باوەڕەدان کە دەروونی مرۆڤ پینج هێزی تێدایە: ١- بەئووزە ٢- ئەهوو ٣- ئەروا ٤- دئنا ٥- فەرەوەشی. فەرەوەشی: ڕۆحێکە پارێزگاریی مرۆڤ ئەکات پێش بە دنیا هاتنی بە خراپە دێت، لە دوای مەرگیشی لە بنەماڵەیەکی پشتیوانیی دەکات.
سەرچاوەکان:
– جستاری چند در فرهنگ ایران، زندهیاد دکتر مهرداد بهار، انتشارات فکر روز، ١٣٧٦
– فرهنگ اساطیر ایران، دکتر خسرو قلی زاده، تهران، انتشارات کتاب پارسه، ١٣٩٢.
گۆڤارا مەتین گۆڤارا مەتین