بابەت

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی.. سایکۆلۆژیای خۆشەویستی

سمکۆ محەمەد

لەڕووی تیۆرییەوە چەمکی خۆشەویستی مانایەکی ھەم ئەپستراکتی ھونەری وەرگرتووە، ھەم مانایەکی سۆزداری کۆمەڵایەتی و میللی یان کولتووری ھەیە، خۆشەویستی ئەوکاتە دەبێتە ھۆکاری بەرپاکردنی جەنگ، ئەوکاتەیە کە لایەنێکیان زیاد لەمانای خۆشەویستی عاشقی ئەویتر بووە، بۆیە ھیچ ئاسۆیەکی بۆ نامێنێ تاکو چاوەڕێی بکات و دەربکەوێت، کەواتە عاشق سنووری خۆشەویستییەکەی دەبەزێنێت و پێیوایە مەعشوقەکەی خوداوەندە، خوداوەندیش ئەو بەھایەی ھەیە کە ئینسان سەرکێشی بۆ بکات و خۆی لەسەر بەکوشت بدات.

تێبینی یەکەم

خۆشەویستی تەنھا فاکتەرێکە بۆ گەیشتن بە سێکس، بۆیە لە خۆشەویستیدا ئەو ئینسانە توندڕەو و کارێکتەرە بکوژەکە نابینین، بەقەد ئەوەی لە عاشقدا ئەو ئینسانە ئاسانتر دەبینن کە کوشتنی ئەوانی تر و تاکو گەیشتن بە کوشتنی خۆی، تاڕادەیی خۆکوشتنیش ئاسانترە لە ویستە غەریزییەکانی دیکەی خودی خۆی.

فرۆید لەکتێبی (لە دەرەوەی بنەمای چێژ Beyond the Pleasure Principle) دا جگە لەپاڵنەرە سێکسییەکان، چەند رەھەندێکی جیاوازتر دەداتە خۆشەویستی، کە کۆی بابەتەکە واتە خۆشەویستی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئازار، واتە مرۆڤ بەبێ ئازار خۆشی لە سێکس نابینێ، بۆیە سادیزم دەبێتە یەکێک لەحاڵەتە دەروونییەکانی ئەو تاکەی کە خۆشەویستی لەبابەتێکی مەعنەوی دوور دەخاتەوە و لە سێکسێکی ناسرووشتیدا پراکتیک دەکات.

«پیاوان بە نزیکبوونەوە و دواتر بەخۆ دوورخستنەوە لەناو ئەویندا گەشە دەکەن، بۆیە وەک لاستیک وان ھەم دەکشێن و ھەم جارێکی تر دێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان، ئەو قسە کۆنەی کە دەڵێ دوورکەوتنەوە خۆشەویستی و دۆستایەتی زیاتر دەکات، بەتەواوەتی وەسفی بارودۆخی پیاوان و توانای قاڵبوونەوەیان دەکات لەئەویندا، پیاو بەجوڵەکردن بۆ پێشەوە و گەڕانەوە بۆ دواوە لەناو ئەویندا گەشە دەکات، کەچی بەپێچەوانەوە ژنان لەئەنجامی ئەزموونی دووبارکردنەوەی ھەوڵەکانیاندا بۆ سەرکەوتنی خۆشەویستی، دەگەنە قەناعەت کە دەتوانن تۆوی خۆشەویستی لەدڵی ھاوسەر یان پیاوەکەیان بەرامبەر بچێنن». (ماری لێمۆنییە) پێیوایە سێکس ئەگەرچی ئەفسونگەرە، بەڵام چێژێکە بەئیرادەی ئەویتردا تێدەپەڕێت و دژیەک دەبێتەوە لەگەڵ ئایدیاڵی خۆبەسێتی، واتە (الاکتفاء الذاتي)، ئەمە تێڕوانینی گریکییەکانی کۆن بووە، چونکە ھیچ کەسێک ناتوانێ بەختەوەری نیشان بدات، ئەگەر بێتوو پشت بەئارەزووەکانی ئەویتر، یان پشت بەھەر دۆخێکی دەرەکی ببەستێت، (لۆکریس) ئاگادارمان دەکاتەوە کە نەکەوتنە نێو داوی عیشق، ئاسانترە لە رزگاربوون لێی، واتە جۆرێکی دیکەی جیھانی شاراوەیە کە چۆن بتوانین جەستە لەسزای ئەخلاقی بپارێزین، یان خەیاڵ لەسزای ئەویتر بپارێزین کە دواجار خۆشەویستی بەشی زۆری نائومێدی بەخشیوە، وەکو ئەفسانەکان دەیگێڕنەوە، چونکە عیشقی راستەقینە مانای ئازاردانی روح و جەستەیە لەیەک کاتدا « ئەپیکۆڕس لەباخچەکەی خۆی بوو کە ھەرزەکار بووە، بەھۆی شەھوەتە سێکسییە زۆرەکانییەوە ماڵەوەی بەجێھێشتووە، پێی گوتراوە کە ئاڵۆشی جەستە وای لێکردوویت زێدەڕۆیی لەچێژی خۆشەویستیدا بکەیت، خۆ ئەگەر سەرپێچی یاساکان ناکەیت، بەھیچ جۆرێک نەریتە باوەکان ناڕوشێنیت، ھیچ یەکێک لەدراوسێکانت وەڕس ناکەیت، ھێزی خۆت نابەزێنیت، سەروەت و سامانت پەرشوبڵاو ناکەیتەوە، کەواتە لەئارەزووەکانت بگەڕێ و مەیانچەپێنە، چێژی خۆشەویستی سوودی بەھیچ کەسێک نەگەیاندووە». ئەمە مانای وایە کە خۆشەویستی تەنھا بابەتێکی سەرزارەکی و قسەی ئاسایی و ناپراکتیکییە بۆ جەستە، بۆیە دەبێ ئینسان لەپەنا ئەو خۆشەویستییەی کە دەیداتە بەرامبەرەکەی، سێکس بکات و جەستەی پراکتیک بکات وەکو ئەوەی غەریزە گەرەکیەتی، جگەلەمە ئینسان دەبێتە پارچەیەک لەڕوحی ماندوو، چونکە جەستە ھەروەک چۆن پێویستی بەوەرگرتنە، ئاوھاش پێویستی بەدەردانە، ھەروەک چۆن ھۆڕمۆنەکانی لەش لەرەگەزی پیاوەوە بۆ ژن جیاوازی ھەیە، بەڵام جەستەی ھەردوو ڕەگەزەکە پێویستیان بەو دەردانانە ھەیە کە زانست ئاشکرای کردووە.

د. محەمەد تەھا حوسێن لە کتێبی سایکۆلۆژی خۆشەویستیدا، بەناڕاستەوخۆ تێڕوانینی خۆی بەرامبەر بەچەمکی خۆشەویستی و بەراوردکاری لەگەڵ عیشق دەربڕیوە، بۆیە پێیوایە ژن یان ڕەگەزی مێ لەشوێنی خۆیدا و بەگوێرەی فکر و ئایدیاو سایکۆلۆژیای خۆی مامەڵە لەگەڵ خۆشەویستی یان عیشق یان سێکس دەکات، چونکە ئەم تێرمە پەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەیە بەخودی ئینسانەوە کە ئایا لەچ دۆخێکی سایکۆلۆژیدایە، ئەگەر ناسینی جوانی بۆ تاکەکان پێویستی بەپێوەر ھەبێت و ڕێژەیی بێت، ئەوا بۆ کۆمەڵگە بەگشتی بەشێوەیەکی ڕەھا وەرگیراوە، بۆ نموونە تێڕوانینی کۆمەڵێک پیاو بۆ ژنێک، ھەریەک بەشێوەیەکە، بەڵام بەگشتی پێیان جوانە، ئەمە بۆ کۆمەڵێک ژن و ژنێکیش بەتەنھا بۆ پیاوێک، ھەمان تێڕوانین و تێگەیشتنە لەجوانی، بەڵام جوانییەکەی پیاو بۆ ژنان، تەنھا گرێدراوی ڕوخسار نییە لەو کاتەدا، بەڵکو پەیوەندی بەکەسایەتی و ھێز و تواناکانییەوە ھەیە، ھەروەھا بوونی پیاوەکە دەبێت وەکو کارێکتەری خاوەن ھەژموون بێت لەبەرامبەر ئەوانی تر، ھەر بۆیە ئازاردانی پیاو بەناز و مەکر، چێژێکی زەینی ھەیە کە ئەو وەکو حاڵەتێک لە حاڵەتەکانی خۆشەویستی و ھۆکارێک بۆ پەیوەستبوونی زیاتری پیاو بۆ ژن تەماشای دەکات، ئەمە پێوەری بنچینەیی ژنانە بەرامبەر بەپیاو.

جان گرێ بیرمەندێک سایکۆلۆژیستی رۆژئاواییە و توێژینەوەی ھەیە لەبارەی بەراوردکاری نێوان خۆشەویستی و عیشق، سەرەتا ئەم تێگەیشتنەی بەسەر خۆیدا تاقیکردۆتەوە، بۆیە پێیوایە ژنان دەتوانن ڕێگەی نوێ بدۆزنەوە بۆ ڕاکێشانی پیاوەکانیان، یان بۆ ڕاکێشانی ئارەزووی پیاوی دیکەی دۆست یان دڵدارەکانیان. بەڵام ھەرگیز ناتوانن خۆشەویستی وەکو ھەوێنی سێکسی بەکاربھێنن، چونکە ژیانی ژن و مێرد، لەسەر بنەمای گرێبەستێکی یاسایی و ئایینی و کۆمەڵایەتیدا بەستراوە، گرێبەستیش بەمانای ڕێکەوتنی دوولایەن لەسەر بەرژەوەندی، نەک خۆشەویستی، ھەربۆیە ھەرگیز قازی لەکاتی ئیمزاکردنی گرێبەستی ھاوسەرگیریدا، پرسیاری خۆشەویستی لەژن و پیاوەکە ناکات، بەڵکو تەنھا جەخت لەئازادی ھەڵبژاردن و مارەیی و مافی ژنەکە دەکاتەوە.

ئەم پێشەکییەم بۆیە ھێنایەوە کە پاڵپشتی بکەم لەخوێندنەوەی کتێبی سایکۆلۆژیای خۆشەویستی  د. محەمەد تەھا، چونکە ئەو لەکتێبەکەیدا باسی چەند ڕھەندێکی خۆشەویستی کردووە و پاڵنەری سەرەکی خۆشەویستی گەڕاندووەتەوە بۆ نائیرادەگەرێتی، بەوپێیەی کە گرێیداوە بە بینینی منەوە لەئەوی دیکەی خۆشەویستدا، واتە من کەسێکم خۆشدەوێ لەڕەھەندە عەقلانییەکەوە ھاتووە، بەڵام من بۆ دەوڵەمەندکردنی شیکارییەکە، بەشەکەی دیکەی خۆشەویستی لەو ڕەھەندە ئەخلاقییەکەوە دەبینم کە لەناخی تاکدا ھەیە، ئەویش پەیوەندی بە پێوەری ئەخلاقی منەوە ھەیە بۆ رەگەزی بەرامبەرم، یان ئەو ڕەھەندە ئەخلاقییەی کە پەیوەندی خۆشەویستی منە بە باوک و دایکەوە، یان خۆشەویستی منە بۆ خاک و نەتەوە، بەتایبەتی ئەو خۆشەویستییەی کاتێک کە ڕەفتار و بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆژیا و ئایین پێوەرەکان دیاری دەکەن.

 یان خۆشەویستی چییە؟. ئەمە پرسیارە بەراوردکارییەکەی د. محەمەد تەھا حوسێن ە، ئایا خۆشەویستی و  دوو فەزای جیاوازن کە ئینسان دەگۆڕن و دەیکەن بە کائینێکی جیاوازتر لەوەی پێشتر ھەبووە، کچ و کوڕ یان نێر و مێ لەھەر تەمەنێکدا بن، یان ھەمان پاڵنەری سێکسین بۆ ھەردوو ڕەگەز بەر لەوەی نزیک ببنەوە لەیەکتر، چونکە ھەردوو ڕەگەز ھەم دۆستی خەیاڵی یەکترن و ھەم دوژمنن بەبێ ئەوەی مەعریفەیان ھەبێت بەرامبەر بەو دوو تێرمە فکرییە، مەبەستم ئەوەیە ھەردوو ڕەگەز لەحاڵەتی شڵەژانی دەروونین لەسەردەمی ھەرزەکاری و دوای ھەرزەکاریش، بۆیە بەبێ مەعریفە دژی ڕەفتاری یەکتر ھەڵسوکەوت دەکەن، لەکاتێکدا  دژەکان بەشادییەوە کۆدەکاتەوە، خۆشەویستی دوالیزمییەتی ئیستاتیکییە و بەرھەمی رەفتار و ئەخلاقێکە کە خۆی مەڵاس داوە بۆ دامرکاندنەوەی غەریزەیەکی نادیاری ئەخلاقی، لێرەوەیە کە تێدەگەین بۆچی ژن یان ڕەگەزی مێ، ھەمیشە دەیانەوێت لەڕێگەی ئارەزووەکانەوە بەرامبەر بەپیاو ئازادبن و لەڕێگەی خۆشەویستییەوە نزیک ببنەوە، تاکو بەتەواوی وەکو کائینێکی جیاواز پیاو کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەمە پاڕادۆکسی ڕەفتاری ژنان و کچانە کە سایکۆلۆژیای ناوەوە و دەرەوەیان زۆر لەیەکتر دوورن.

پیاو یاخود نێر، کائینێکی سەنتەرگیرە لەڕووی گوتاری دەسەڵاتی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام کائینێکی گەڕۆکی کۆمەڵایەتیشە، چونکە دەتوانێ لەسنووری دەروونی خۆی سەنتەر بێت و سنووری جوگرافی خێزانیش ببڕێت، مەبەستم ئەوەیە کە پیاو ھەم ئەرکی جەستەیی ھەیە و ھەم لەبارەی فیسیۆلۆژییەکەوە کێشەی جەستەیی نییە، بۆیە وەکو ژن ناتوانێ لەسوچی ماڵەوە بخزێنرێت و بەرپرسیارێتی چێشتخانە و پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵی بخرێتە سەرشان و چێژ لەژیانی خێزانیش ببینێ، بەکورتی ژیانی پیاو لەکونجی ماڵەوە نییە، چونکە خەریکی شتی ووردنین وەکو ژنان، لەھەمان کاتدا لەماڵەوە لەسەنتەری بڕیاڕدا راوەستاون، بۆیە پیاو ھەرکات کە برسی بوو لە بازاڕ دەتوانێ ئەو غەریزەیە دامرکێنێتەوە و ھەرکاتیش ھەوەسی ھەڵسا، دەتوانێ بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و بەشێوەیەکی نھێنی، غەریزەی سێکسی دامرکێنێتەوە لەگەڵ ژنێکی دیکەی دەرەوەی خێزانی، ھەڵبەتە ژنیش بەڕێژەیەکی کەمتر ئەم کارە دەکەن، بەڵام لەدونیای مۆدێرنەدا کە چونکە سەنتەرێک نییە بۆ نمایشکردنی پیاو و کڕینی سێکسی پیاوان لەلایەن ژنانەوە، تاکو ژنان بچن بەئاشکرا غەریزەی سێکسی دامرکێننەوە، بۆیە دیسان جیاوازی ویستە غەریزییەکە ھەم جەستەییە و ھەم سایکۆلۆژییە و ھەمیش ئەخلاقییە، ئەمەشە کە پیاو زەمینەی بۆ سازبووە تاکو بتوانێ بەتەنھا سێکس بکات بەبێ رەگەزەکەی تر کە ژنە و لەجیاتی خۆشەویستی مەعنەوی بکات، بەپێچەوانەوە خۆشەویستییەکەی پراکتیک دەکات، بەڵام ژن کەمتر ئەو ڕووبەرە ئازادییەی ھەیە، چونکە لەڕووی فیسیۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە سزا کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و ئایینییەکەی قورسترە و دواتر ناتوانێ ھاوسەرگیری بکات، چونکە ئەگەر کچ بێت لەپەردەی کچێنی دەترسێت و ناوبانگی دەزڕێت، بۆیە بەنھێنی کارەکە دەکات، لەڕووی فسیۆلۆژیشەوە جەستەی ژن لەبار نییە وەکو پیاو ھێزی جەستەیی بەکاربھێنێت، بەوپێیەی ژن بەردەوام کێشەی تەندرووستی ھەیە یان سوڕی مانگانەی ھەیە، یان سکی پڕە یان ئارەزووی وەکو پیاو نییە بەھەموو ویستێک دامرکێتەوە، بۆیە سایکۆلۆژیای ژنان لەسایکۆلۆژیای پیاوان جیاوازترە بۆ دامرکاندنەوەی غەریزەی سێکسی، کەواتە بۆیە خۆشەویستی ھەڵدەبژێرێت، تاکو ئەو کەلێنە غەریزییە پڕبکاتەوە و خۆی دامرکێنێتەوە لەو ویستە چەپاوەی لەڕووی سایکۆلۆژیاوە بەسەریدا سەپاوە.

د. محەمەد تەھا لەو کتێبەدا باسی جۆرێک لە خۆبەستنەوە واتە ئیلتیزام بەخۆشەویستی دەکات، مەبەست لەخۆبەستنەوە ئەوەیە کەسێک کەسێکی دیکەی خۆش دەوێت، بەڵێنێکی بەخۆی داوە کە دەترسێت لەشکاندنی بەڵێنەکە، بۆیە لەگەڕانەوە و پەشیمان بوونەوە لە بەڵێنەکانی، لێرەوە تێدەگەین بۆچی «پیاوان بە نزیکبوونەوە و دواتر بەخۆ دوورخستنەوە لەناو ئەویندا گەشە دەکەن، پیاوان وەک لاستیک وان ھەم دەکشێن و ھەم جارێکی تر دێنەوە شوێنی خۆیان، ئەو قسە کۆنەی کە دەڵێ دوورکەوتنەوە خۆشەویستی و دۆستایەتی زیاتر دەکات، بەتەواوەتی وەسفی بارودۆخی پیاوان و توانای قاڵبوونەوەیان دەکات لەئەویندا، پیاو بەجوڵەکردن بۆ پێشەوە و گەڕانەوە بۆ دواوە لەناو ئەویندا گەشە دەکات، ژنان لەئەنجامی ئەزموونی دووبارکردنەوەی ھەوڵەکانیاندا، دەگەنە قەناعەت کە دەتوانن تۆوی خۆشەویستی لەدڵی ھاوسەر یان پیاوەکەیان بەرامبەر بچێنن».

ھەڵبەت ئەم حاڵەتە پۆزەتیڤ نییە کە لەھەردوو رەگەزەکادا دەبینرێت سەبارەت بەسێکس، بۆیە ئەم مامەڵە وشکانە، ھیچیان نابنە جێگرەوەی عیشق وەکو ئەوەی لەچیرۆکەکاندا بیستراون، نەژیانی پەیوەست بوونی ژن لەسووچی ماڵەوە، نەژیانی بێ دەربەستی پیاو لەدەوەرەی ماڵ، لەکاتێکدا پرسیارکردن لەچەمکی عیشق کە جوانترین مامەڵەی ئینسانییە، پرسیارێکی قورسە و لەلایەک پڕیەتی لەشادی، لەلایەکی ترەوە پڕیەتی لەتوڕەبوون و ناخۆشی و چیرۆکی تراژیدی.

ژن لەشوێنی خۆیدا و بەگوێرەی فکر و ئایدیاو سایکۆلۆژیای خۆی مامەڵە لەگەڵ خۆشەویستی و عیشق و سێکس دەکات، چونکە ئەم تێرمە پەیوەندی راستەوخۆی ھەیە بەخودی ئینسانەوە، ئەگەر ناسینی جوانی بۆ تاکەکان پێویستی بەپێوەر ھەبێت و ڕێژەیی بێت، ئەوا بۆ کۆمەڵگە بەگشتی بەشێوەیەکی رەھا وەرگیراوە، بۆ نموونە تێڕوانینی کۆمەڵێک پیاو بۆ ژنێک، ھەریەک بەشێوەیەکە، بەڵام بەگشتی پێیان جوانە، ئەمە بۆ کۆمەڵێک ژن و ژنێکیش بەتەنھا بۆ پیاوێک، ھەمان تێڕوانین و تێگەیشتنە لەجوانی، بەڵام جوانییەکەی پیاو بۆ ژنان، تەنھا گرێدراوی روخسار نییە لەو کاتەدا، بەڵکو پەیوەندی بەکەسایەتی و ھێز و تواناکانییەوە ھەیە، ھەروەھا بوونی پیاوەکە دەبێت وەکو کارێکتەری خاوەن ھەژموون بێت لەبەرامبەر ئەوانی تر، ھەر بۆیە ئازاردانی پیاو بەناز و مەکر، چێژێکی زەینی ھەیە کە ئەو وەکو حاڵەتێک لە حاڵەتەکانی خۆشەویستی و ھۆکارێک بۆ پەیوەستبوونی زیاتری پیاو بۆ ژن تەماشای دەکات، ئەمە پێوەری بنچینەیی ژنانە بەرامبەر بەپیاو.

ئەگەرچی لەھەردوو بارەکەدا کە تێڕوانینی سێکسییە  بۆ خۆشەویستی، سێکسیش لەتەواوی کۆمەڵگەکان بەجیاوازی فەزای کۆمەڵایەتییەوە، تاڕادەیەک چەپێنراوە و بابەتێکی ئاشکرا نییە وەکو نان خواردن یان حەزکردن لەشتەکان و موفرەدەکانی دیکەی ژیان، بەتایبەتیش لەو پێوەرانەی لەکۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی ھەیە، بۆیە ھەموو تێڕوانینێکی ژن بۆ پیاو یان پیاو بۆ ژن، لەناجەوھەردا تێڕوانینی سێکسییە. مەگەر کەسەکە خۆی ھەڵگری خەسڵەتی رق و قین بێت بەرامبەر بە چالاکییە جەستەییەکەی کە ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام سەرەنجام ھیچ رەگەزێک ناتوانێ بەبێ خۆشەویستی بژی، ھەروەھا ناتوانێ ئەم ھەڵقەیە وون بکات لەنێوان خۆشەویستی و سێکس.

ئەم جۆرە لەخۆشەویستی لەدەرەوەی غەریزەی سێکسییە، واتە ھێزێکی لیبیدۆیی ھەیە کە بەریەککەوتن لەگەڵ رەگەزی ئەویتر درووست دەکات، ئەم ھێزە . فرۆید لەکتێبی (مافوق مبدأ اللذة) دا چەند رەھەندێک دەداتە ئەم کردەیە، کە کۆی بابەتەکە واتە خۆشەویستی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئازار و ئازاریش لەسێکسدا کۆ دەکاتەوە، بەومانایەی کە مرۆڤ بەبێ ئازار خۆشی لە سێکس نابینێ، بۆیە خۆشەویستی کردووە بەبیانوویەک تاکو چێژ لەو ئازارە ببینێ کە دواجار لەسێکسدا بەتاڵ دەبێتەوە.

د. محەمەد تەھا حوسێن لەو کتێبەدا لەزۆربەی کتێبەکانی، پشتی بەتیۆرەکەی فرۆید بەستووە، بۆیە پێیوایە رەھەندی یەکەمی خۆشەویستی لە لیبیدۆوە دەستپێدەکات، واتە ئەو ھێزە زیندووەی کە لەجەستەی مرۆڤدا ھەیە، یان بەعەرەبییەکەی (الشھوانیە) یان (الدافع الجنسي) واتە پاڵنەری سێکسی کە ئامانجی چێژوەرگرتنی فیسیۆلۆژییە، لەخۆشەویستیدا پەنگ دەخواتەوە، چونکە سێکس ویستی جەستەیە، وەکو چۆن جەستە خۆراکی دەوێ، یان خەیاڵێکی تێڕامانییە کە دیاردە ناوەکەی و دەرەکیەکانی جیھانی سایکۆلۆژی و ماتریالی لەیەک کاتدا پێکەوە گرێدەدات، ئەم خەیاڵەش وەکو ھەر ئومێد و ھیوایەک وایە کە بۆ ئامانجێکە، ئەلێرەوە خۆشەویستی دەبێتە ھۆکاری سەرەکی بۆ گەیشتن بەسێکس.

خۆشەویستی پڕاگماتی

د. محەمەد تەھا لەکتێبەکەدا باسی چەند رەھەندێکی خۆشەویستی کردووە، بەڵام ئەوەی کەباسی نەکردووە ئەو جۆرە خۆشەویستیە یە کە ھەڵوێستی پڕاگماتی بەسەریدا زاڵە، واتە موڵکێک یان بەرژەوەندییەکی ماددی یان مەعنەوی فەزاکەی خەڵقاندووە بۆ کەسی یەکەم بەرامبەر بەکەسی دووەم، جاری وەھا ھەیە نزیک بوونەوەکە بۆ خۆشەویستی لەھەردوو ڕەگەزەکە درووست دەبێت، ھەندێکجاریش لەیەک رەگەز کە کورد ناوی ناوە خۆەویشتی تاکلایەنە، ئەم جۆرە لەخۆشەویستی لەئەنجامی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوری یان سیاسییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە بۆ ھەردوولا خاڵی ھاوبەش لەڕووی کۆمەڵایەتی یان سیاسی ھەیە، بەومانایەی پاڵنەرە بنچینەییەکە حوکم دەکات و بەردەوامی بەو خۆشەویستییە درووستکراوە درۆینەیە دەدات،نموونەی زۆرمان ھەیە لە ھاوسەرگیری سیاسی یان بازرگانی.

ژیاندۆستی و مەرگدۆستی

چەمکی خۆشەویستی لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، چونکە ئێمە خاوەنی دوو نموونەی مرۆڤمان لەبەردەستدایە، یەکێکیان ژیان دۆست و ئەویتریان مەرگدۆست.

ژیاندۆست ئەو سوبێکتەیە کە خۆشەویستی بۆ کەسێکی تر یان بۆ خاک یان بۆ پلەباڵایەکی سیاسی یان کەسایەتییەک جەماوەری ھەیە کە زۆرجار دەبێتە نموونەی باڵا، خاوەن روحییەتێکی فراوانتر دەکات کە ستراتیژەکەی ژیانە.

مەرگدۆست ئەو سوبێکتەیە کە ئایدیالیستێکی رقاوی و کورتبینە کە رەنگە دەربڕینی خۆشەویستی بۆ مردوو یان کارێکتەرێکی ناچالاک بەبایەختر بزانێ لەکەسێکی چالاک. لێرەدا بەراوردکارییەکە لەبەرکارھێنانی عەقلانی و ناعەقلانیدا دەردەکەوێت.

ھەندێکجار خۆشەویستی بۆ تاک دەرچەیەکە بۆ رزگاربوون لەدڵەڕاوکێ، واتە لەڕێگەی خۆشەویستییەوە بۆ ئەویتر بەشێوەی رەھایەتی، بەدەستھێنانی جۆرێک لە دڵنیاییە، ئەم رەھایەتییە ئەگەرێکی نێگەتیڤە، ئەمە لایەنێکی ساویلکەیی تێدایە، لایەنەکەی دیکەی تاقیکردنەوەی بەرامبەرە لەو گومانەی کە ھاوسەنگییە سایکۆلۆژییەکەی پاراستووە.

خۆشەویستی ئامانجدار و بێ ئامانج

مرۆڤ خاوەنی وەکو چۆن بەرامبەر بەھەموو حاڵەت و یداردەیەک کە پەیوەستە بەژیانییەوە، ئەوا بەبێ ئامانج ھیچ رەفتارێک نیشان نادات، بۆیە خاوەنی چەند جۆرێکە لەخۆشەویستی، خۆشەویستی ئامانجدار و بێ ئامانج.

خۆشەویستی ئامانجدار ئەوەیە کە خۆشەویستی لێرەدا بەناڕاستەوخۆ دەبێتە کارتێکی فشار خستنەسەر بەرامبەر ئەو کەسەی کە غەریزەی سێکسی ناچاری کردووە خۆشی بووێت، نموونەش ھەردوو غەریزەی سێکسی و غەریزەی ئابورییە بۆ ئەوکەسانەی کە سێکس پاڵنەرە لە لەحزەی یەکەمدا بڕیاربدات کەسێکی دیکەی خۆش دەوێ، ئەمە  لێرەدا بۆ خۆشەویستی خاک و نەتەوە و ئایین و سیمبولەکانی تر مانایەکی جیاوازی ھەیە، بەڵام بە ئامانجێکی ناڕاستەوخۆ.

خۆشەویستی بێ ئامانج، ئەو خۆشەویستییەیە کە تائاستی قوڵبوونەوە و نزیک بوونەوە لەعیشق  و دوور لەھەر بەرژەوەندییەکی ماددی و مەعنەوەی دەڕوات، بۆیە ھەندێکجار ئەم جۆرە لە خۆشەویستی کە بەرھەمی نابێت، دواجار  پێچەوانە دەبێتەوە و سزای لێبەرھەمدێت.  سزاکەش بریتییە لەسڕینەوەی وێنەی بەرامبەر لەخەیاڵی خۆی، یان خۆ سزادان بەوەی چیتر خۆشەویستی نەکات.

گەشبینی و ڕەشبینی

د. محەمەد تەھا حوسێن لەو کتێبەدا باس لەدوو رەھەندی جیاوازی گەشبینی و رەشبینی دەکات بەرامبەر بەچەمکی خۆشەویستی، لەکاتێکدا من پێموایە گەشبینی و ڕەشبینی  بەرامبەر بەژیان و بەرامبەر بەخۆشەویستی، لەھەردوو تێڕوانینەکەدا تەنھا رەھەندی سایکۆلۆژی نییە، بەقەد ئەوەی فەزای جیاواز و بیکردنەوەیەکی جیاوازی لەپشتەوەەیە، د. محەمەد تەھا حوسێن لەو کتێبەدا تێڕوانینێکی سلێگمانی بەکارھێناوە کە باس لەکەسی گەشبین و ڕەشبین دەکات و جیایان دەکاتەوە لەیەکتر.

گەشبینی بەوە چواندووە کە گوایە خۆی لەپۆخڵاواتی تێڕوانینە رەشبینیەکانی رابردووی خۆی پاکدەکاتەوە، لێرەدا من بەر لەوەی بچمە سەر بابەتی گەشبینی بۆ خۆشەویستی، بەپێویستی دەزانم باس لەتێرمی گەشبینی بکەم، گەشبینی وەکو وەھمێکە لەنائاگاییەکی سادەوە بۆ مانای ژیان و دەرکەوتەکانی درووست دەبێت، وەکو چۆن کەسێک بە ھێز و توانایەکی کەمەوە بڕوای وایە کە سەردەکەوێت یان گرەوێک دەباتەوە یان ئایدیاکەی ئەو ڕاستە و بەرھەمی دەبێت.

بەڵام ئەمە ھەندێکجار پێچەوانەکەی راستە، بۆ نموونە ھیچ کەسێک لەخۆڕا و بەبێ بیانوو ھێنانەوە بۆ ئەو دۆخە نائاساییەی تێیدەکەوێت، رەشبین نابێت، بەڵکو رەشبینی ئەو حاڵەتەیە کە ھەموو ئەگەرە مەحاڵەکان بەسەر تاکدا زاڵدەکات. بەتایبەتی کە باسی زەمەن دەکەین کە چەند رەق بێت، دواجار زەمەن بۆ ئەو ھەلومەرجە شل دەبێتەوە. من پێموایە سڵێگمان و زۆربەی بیرمەندانی رۆژئاوا و تەنانەت ئامریکاییەکانیش، کەموکوڕی تیۆرەکەیان لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە نموونەی تاک لەلای ئەوان، ئەو تاکەیە کە بەرھەمھاتووی کۆمەڵگەی رۆژئاواییە و رزگاربووە لە ستەمکاری و دیموکراسی ئازادی و لیبڕالیزمیان بەدەستھێناوە لەسیستمی دەوڵەتداریدا، لەکاتێکدا ئێمە نموونەی سامۆئێل بێکت و نیچە و ئیمیل سێوران و کافکا و کۆستەنتین کە کاتژمێر بیست و پێنجی نووسیوە. ھیچیان لەژێر کاریگەری دۆخی سایکۆلۆژی نەبوون کە بەو ستایلە نووسیویانە، یان ئەوەی خەڵکیان ھاندابێت بۆ خۆکوشتن، بۆیە جیاوازی تێڕوانینی ئەو بیرمەندانە بۆ ئازادی و سیستمی دیموکراسی، جیاوازە لەتێڕاوانینی تاکی ڕۆژھەڵاتی، چونکە ئەوان بۆیە بەوپەڕی تێڕوانینی گەشبینییەوە، رەشبین بوونە بەرامبەر بەژیان و سیستمی سیاسی و کولتووری کۆمەڵایەتی.

خۆڕادەستکردنی قەدەر لەو کتێبەدا لایەنێکی دیکەی باسی خۆشەویستییە، لەڕاستیدا من پێموایە قەدەر تەنھا لەخوڕافەدا کۆناکرێتەوە، ھەندێکجار لەدۆخە زانستی و سیکۆلاریستەکانیشدا کۆدەبێتەوە، ئەو کاتەی دەبینین کە زانست فریای نەخۆشێک ناکەوێت، یان زانست و لۆژیک فریای کەسێک ناکەوێت کە بەجیاز بیردەکاتەوە، بۆیە قەدەر لێرەدا ئەلتەرناتیڤێکی گونجاوە بەرامبەر بەو عیجزەی کە دووچاری تاک دەبێت، یان ئەو قەیرانەی کە تاکێک یان گروپێک دووچاری دەبن و جاری واھەیە درێژە دەخایەنێت، ئەمە لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیش رەنگیداوەتەوە کە چەند قەدەر وەکو خورافە وەرنەگیراوە، بەڵکو ئەلتەرناتیڤێکی لەبارە بۆ ئەو کێشەیەی دووچاری تاک یان دوو کەس دەبێت، بۆ نموونە لەدانیمارک لە باخچەی گشتی ماڵی مەلیک، بنەدارێکی گەورە ھەیە، ژن و پیاو  دوای ئەوەی دەستیان لەزانست بەردەبێت و چارەسەری ریشەیی نادۆنەوە، بەناچار بۆ مراز حاسڵ بوون، دەچن بۆ ژێر ئەو بنەدارە گەورەیە، تەنھا بۆ ئەوەی منداڵیان بۆ بمێنێ یان منداڵییان ببێت، دەستەیەک مەمەی وشک یان بوکەڵەی منداڵانە دەبەن و بەدارەکەدا ھەڵیدەواسن، ئەمە قەدەرەو لەئەنجامی کولتوورێکی خورافی کۆمەڵایەتی بۆماوەیی ھاتووە، لەکاتێکدا کەسەکان خۆیان سیکۆلاریستین و لەژێر سایەی حوکمێکی سیکولاریستیدا دەژین. بەشادمانیشەوە دەڕواننە ئایندە، کەچی رەشبینیشن بەرامبەر سیستمی دەوڵەت.

لە کتێبی سایکۆلۆژیای خۆشەویستیدا د. محەمەد تەھا حوسێن، باس لەمانای ژیان دەکات، چونکە مانای ژیان لەھەردوو چەمکی خۆشەویستی و عیشقدا کاریگەری ھەیە،  بۆیە پێموایە ئەو تێڕوانینەی تیری ئیگلتن گرینگە کە لەکتێبی معنی الحیاە ھاتووە و دەڵێ «مانا لەگەڵ لەدایکبوونمان نەھاتووە بۆ دونیا، بەڵکو دەبێ خۆمان مانا بەشتەکان ببەخشین». بەڵام کە باس لە خۆشەویستی دەکرێت وەکو مانایەکی بوونناسانە، لەوێدا دەبێ ھەڵوەستە بکەین، چونکە بوونناسی ئەو بیرکردنەوەیەیە کە ژیان معقد واتە نابوت دەکات، یان سادەیی ژیان بزر دەکات، جیاوازە لەو تێڕوانینەی ئالفرێد ئادلەر کە بە کارکردن و پەیوەندی و خۆشەویستییەوە گرێیداوە.

خۆشەویستی و ئازادی

جوانترین پەڕەگرافی کتێبی سایکۆلۆژیای خۆشەویستی د. محەمەد تەھا حوسێن، قسەکردنە لەسەر خۆشەویستی و ئازادی، چونکە ئازادی ئەو دۆخەیە کە لەناوەوەی ئێمە بەنادیاری ماوەتەوە و ھەمیشە لەگەڵماندایە، خۆشەویستی ھەرگیز ناتوانێ دۆخێکی ئازاد بخوڵقێنێ، چونکە سانسۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی ھۆکاری بەربەستن بەرامبەر بەئازادی، بۆیە دیموکراسی ئەگەر وەکو چەمکێکی سیاسی پێناسەی بکەین لەدۆخی کۆمەڵایەتیدا،  کە لەو کتێبەدا بەئازادی و خۆشەویستییەوە گرێدراوە، ئەوا رەھەندێکی دیکەی سیاسی ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە جگە لە وەھمێکی سیاسی ھیچی تر نییە، زەمینەسازکردن لە گەرەنتی دان بە ئازادی، وەھمە، بەڵام ئەگەر دیموکراسیمان کرد بە کولتوورێکی ئاسایی کۆمەڵگە و تاک وەکو چەمکێکی ئەپستراکت تەماشامان کرد، ئەوکاتە ئازادی مانای خۆی وەردەگرێت و بەرھەمەکەشی لەبواری ئەخلاقیدا دەگوازرێتەوە بۆ باری ئینسانی رووت. د. محەمەد تەھا بۆیە لەو کتێبەدا باس لەفەزای دیموکراسی دەکات وەکو پۆزەتیڤ، چونکە لەلای ئەو دیموکراسییەت بەرلەوەی چەمکێکی سیاسی بێت، چەمکێکی ئەکولتووری ئەخلاقییە و باشترە لەکردەوەی ھەموو کۆمەڵگەدا رەنگبداتەوە.

خۆشەویستی و تەکنۆلۆژیا

دونیای مەجازی ئەو دونیایە کە زەمەنی سەراوژێر کردووە، واتە ئەو زەمەنەی کە رابردبوو، وبەمانای ئەو زەمەنەی لەپشتەمانەوە بوو، پێمانوابوو بەسەرچووە، بەڵام تەکنۆلۆژیا کارێکی کرد کە زەمەنی ئێستا و ئایندە کە ھێشتا نەھاتووە، بەسەر بچێت، ئەویش بەھۆی ئەو داتایەی کە لەباخڵمانە، د. محەمەد تەھا لەو کتێبەدا موناقەشەی ئەو فەزا مەجازییەی کردووە، چونکە ئینسان بەبێ ھیچ توانایەک بووە بەخاوەنی دەزگایەکی میدیایی و ھەمیشە گەمە بەزەمەنێک دەکەی کە پڕوپووچە. واتە زەمەنی رابردوو زەمەنی زێڕینە نەک ئێستا و ئایندە، ئەمە خۆشەویستی کردووە بەکردەیەکی میکانیکی.

خۆشەویستی و جەنگ

جەنگ کردەوەیەکی ھەمەلایەنەی سیاسی و فرە مانایە، بەڵام ھەندێکجار ئەم کردەوەیە کە دەبێتە باعیسی کوشتن و داڕوخانی ھەمو رەھەندەکانی خۆشەویستی، لەبڕیارێکی تاکوانییەوە واتە فەردییەوە سەرچاوە دەگرێت و دواتر شۆڕدەبێتە خوارەوە بۆ جومگەکان دەوڵەت و بەتایبەتیش بۆ سوپا، ئەم کردەوەیە چەند پاڵنەرێکی جیاوازی ھەیە، یەکێک لەو پاڵنەرانە خۆشەویستییەکی قوڵ بۆ خاک و نەتەوە و ئایین و سیستم و ھتد، ئەم پاڵنەرە میتۆلۆژیای لەپشتەوە کە ھۆکارەکەی چییە و بۆچی دەوری تاک لە شۆڕش و لەبەرگری و سەرھەڵدانی یەکەم دەستپێکی دیمەنی جەنگەوە، دەورەکە دەگۆڕێت بۆ دەوری کۆمەڵگەی بەگشتی، لەسەدەی سێزدەی بەر لەدایکبوون، بەھۆی خۆشەویستی منیلارۆس لەسپارتا بۆ ھێلین کە لەئەسینا بوو سەریھەڵدا، چونکە پاڵنەری سەرھەڵدانی ئەو جەنگە، خۆشەویستییەکی لەڕادەبەدەر بوو بۆ ھێلینا، ئەم روحە پڕ لەخۆشەویستییە، لەپڕێکدا دەبێتە ڕوحێکی شەڕانگێز، ھۆکارەکەی ئەوەبوو کە منیلارۆس چونکە عاشق بوو، بۆیە سەرەتا ئەو تووشی بڕیاردانەکەبوو، مەعشوقەکەی کە ھێلینە دواتر ھەست بەوە دەکات کە ئەو دۆخە سایکۆلۆژیایەی منیلارۆس، ھۆکاری سەرھەڵدانی جەنگەکە بووە، بۆیە لێرەدا تێدەگەین باڵانس لەو کاتانەدا نامێنێ کە دۆخی عاشق لەنێر و مێ وە دەگوازرێتەوە بۆ دۆخی گشتی، واتە شێتی، تێڕوانین بەرامبەر سەکردە شەڕانگێزەکان ئەم پاڵنەرەی لەپشتەوەبووە.

ھەڵبەت ئەم حاڵەتە پۆزەتیڤ نییە کە لەھەردوو ڕەگەزەکادا دەبینرێت سەبارەت بەسێکس، ھەروەک ئەوەی لە دۆخی سایکۆلۆژی خانزادی میری سۆران ھەبووە، بۆیە ئەم مامەڵە وشکانە، ھیچیان نابنە جێگرەوەی عیشق وەکو ئەوەی لەچیرۆکەکاندا بیستراون، نەژیانی ژن لەسووچی ماڵەوە، نەژیان بێ دەربەستی پیاو لەدەوەرەی ماڵ، لەکاتێکدا پرسیارکردن لەچەمکی عیشق کە جوانترین مامەڵەی ئینسانییە، پرسیارێکی قورسە و لەلایەک پڕیەتی لەشادی، لەلایەکی ترەوە پڕیەتی لەغەزەب و ناخۆشی و چیرۆکی تراژیدی، کەواتە دیسان دەبێ بپرسین جیاوازی خۆشەویستی لەگەڵ عیشق چییە؟. وەڵامەکەی ئەوەیە عیشق جگە لەوەی ھەرکەس بەشێوازێکی جیاواز بەلایەنە دژەکانییەوە تەماشای دەکات و ھەڵسوکەوتی لەتەکدا دەکات، بەڵام عاشقی راستەقینە ئەوەیە کە دژ بەژیانی باوی کۆمەڵگەیە و لەگەڵ دوالیزمەکاندا ھەڵناکات کە ئەخلاق سەپاندوویەتی، بۆیە چەمکی عیشق لێرەدا وەکو کاردانەوە و کەرەستە وەرگیراوە و جیاوازە لەخۆشەویستی کە گەیشتنە بەسێکس، چونکە بەشێکی زۆری ئەو داستان و ئەفسانانەی بوونە بەبیرۆکەی جیاواز لەلای ئینسان، لەعیشقەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە سێکسی دوای عیشق ئیستاتیکیترین چالاکی غەریزییە کە ئینسان زۆر بەکەمی بەم قۆناغەدا تێدەپەڕێت و تەحەمولی دەکات، تەنھا ئەو کاتە نەبێت کەسێک کەسێکی تری خۆشدەوێت، لەدوای سێکس ئیدی خۆشەویستیەکەی لەکزی دەدات، بەڵام عیشق جۆرێک لەتەسەوف و توانەوەی ئینسانە بەرامبەر بەئینسانێکی تر، بۆیە رێگە بەخۆی نادات جەستەی لەجەستەیەکی تر نزیک بێتەوە.

جیاوازیەکی دیکەی نێوان خۆشەویستی و عیشق، رەھەندێکی تری ھەیە، ئەویش پەیوەندی بەعەقڵەوە ھەیە، چونکە خۆشەویستی بەھۆی پڕاگماتی بوونیەوە جا بەھەر بیناوویەکەوە بێت، جۆرێکە لەکردەی عەقلانی، بۆیە بریتییە لەچەند پنت و ھەڵقەیەکی چیرۆکی بچووک بچووک و پچڕ پچڕ کە ھەر دیمەن و ھەلومەرجێکیان، جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەویتر، لێرەدا عەقڵ بڕیاردەدات لەگەڵ ھەر دیمەن و چیرۆکێک لەو چیرۆکانە، بەشێوەیەکی تایبەتمەندیانە بڕیار بدات .

عیشق لەدەرەوەی عەقڵە و یەک چیرۆکی دوروو درێژی لەبن نەھاتووی لەپشتەوەیە و دانابڕێت لەگەڵ دۆخە سەرەتاییەکەی کە توانانەوە و یەکبوونە لەنێوان دوو ڕەگەز و ئینسان و نموونەی باڵا و ئینسان و خاک و نەتەوە و دەوڵەت و قەوارە و ھتد. ئەم جۆرە لەعیشق پێویستی بەبیرکردنەوە نییە.

سەرەنجام لەکتێبی سایکۆلۆژیای خۆشەویستی کە بەراوردکارییە لەنێوان چەمکی خۆشەویستی و عیشق کەیەکێکە لەکتێبە پڕ بایەخەکانی د. محەمەد تەھا حوسێن کە کتێبخانەی فێربوون چاپی کردووە، فێردەبین کە خۆشەویستی و عیشق دوو چەمکی جیاوازن و ھەردوو چەمکەکەش رەھەندی جیاوازیان ھەیە، فێردەبین چۆن موناقەشەی ھەردوو چەمکەکە بکەین بەھەموو جیاوازییە فکرییەکانەوە کە لەئەدەبیاتی کوردیدا زۆر بەکارھاتوون.

سەرچاوەکان:

١: د. جان گرێ. مەریخییەکان و ڤینۆسییەکان لەئەویندا. وەرگێڕانی. شۆڕش جوانڕۆیی. بڵاوکراوەکانی دەزگای ئارام. ساڵی ٢٠٠٧. ل١٠٥

٢: ماری لیمۆنییە. ئود لانسولین. فەیلەسوفن و . وەڕگێڕانی. ھێشوو عەبدوڵڵا. دەزگای ئایدیا. ساڵی ٢٠١٧. ل٦٣.

٣: د. جان گرێ. مەریخیەکان و ڤینۆسییەکان لەئەویندا. وەرگێڕانی. شۆڕش جوانڕۆیی. بڵاوکراوەکانی دەزگای ئارام. ساڵی ٢٠٠٧. ل١٠٥

٤: ماری لیمۆنییە. ئود لانسولین. فەیلەسوفن و . وەڕگێڕانی. ھێشوو عەبدوڵڵا. دەزگای ئایدیا. ساڵی ٢٠١٧. ل٦٣.

5:. الحب السائل. ترجمة هبة رووف. الشبكة العربية للابحاث و النشر.

٦: ئەریک فرۆم. ھونەری خۆشەویستی. وەرگێڕانی. ئیسماعیل راجی. خانەی وەرگێڕان سلێمانی.

7: تيرى اغلتن. معنى الحياة. ترجمة . عهد على ديب. دار النقد للطباعة و النشر

ڤان بابەتان ببینە

دەرازینک: وەرگێڕان ژ نڤێسینێ ب زەحمەتترە و رەخنە ژ وەرگێڕانی ب زەحمەتترە، چنکو هەر ئێک …