دۆزینەوە و وەرگێڕانی لە عوسمانییەوە: هێمن عومەر خۆشناو
ئەرشیفی عوســـمانی لە هــــەموو ڕووێكــــەوە ســـــەرچاوەیەكی گــــــرنگی مــێژووی گەلەكەمانە، دوای ڕووخانی ئەمارەتە كوردییەكان، دەوڵەتی عوسمانی ڕاستەوخۆ بە لایەنی كارگێڕیی ناوچەكانی سەر بەو ئەمارەتانە پەیوەندیدار بووە. لەو سۆنگەیەوە بەشێك لە كاربەدەستانی دەوڵەت لەو ناوچانە و ناوچەكانی تری سەر بە دەوڵەتی عوسمانی؛ كورد بوونە، بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەین لەبەر ڕۆشنایی تۆماری فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی هەر جارە و ژیاننامەی یەكێك لەو فەرمانبەرانەی كە خەڵكی دەڤەری بادینانن لەنێو ئەرشیفخانەی عوسمانی بدۆزینەوە و بە زمانی كوردی بیخەینە بەر چاوی خوێنەران، بێگومان وردەكاریی ژیانی ئەو فەرمانبەرانە بۆ یەكەم جارە لەنێو مێژووی نووسراوی كوردیدا دەخرێنە ڕوو، هیوادارین كەلێنێك لە مێژووی كەسایەتییەكانی كورد پڕبكاتەوە.
ئەیوب صەبری ئەفەندی كوڕی ئەحمەد ئەفەندییە.
بەگوێرەی تۆماری فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی، ناوبراو لە ساڵی 1301ی كۆچی (1883-1884ز) لە قەصەبە(1)ی دهۆك لەدایك بووە. زانستە سەرەتاییەكانی لە دهۆك خوێندووە و زمانی عەرەبی بە قسەكردن و نووسین و فارسیشی بە قسەكردن دەزانێت. هەروەها بە زمانی توركییش دەخوێنێتەوە و دەنووسێت.
لە 23/11/1323ی كۆچی دەچێتە سلكی سەربازی و لە لەشكری سیوسێیەمیندا دەبێتە سەرباز و دواتر پلەكەی بۆ چاوش(2) بەرزدەبێتەوە. لە 5ی جەمادای دووەمی ساڵی 1328ی كۆچیدا (14/6/1910ز) بە مووچەی چوارسەد قڕووش لە هۆبەی 2 ئەملاكی شەمامك دادەمەزرێت.
لە 23ی رەبیعی دووەمی ساڵی 1329ی كۆچیدا (23/4/1911ز) بە تاقیكردنەوە بە مووچەی سێسەد قڕووش لە ئەوقافی دهۆك دادەمەزرێ. هەر لە هەمان ڕێكەوتدا دەست بەكار دەبێت و نووسراو بۆ وەزارەتی ئەوقاف دەكرێت و لە وەزارەتیشەوە ڕاستاندنی بۆ دەكرێت.
ئەم پەڕاوەی ژیاننامەی ناوبراو لە لایەن قائیمقامی قەزای دهۆكەوە تەسدیق كراوە.
ناوبراو ماوەیەك خزمەتی سەربازی هەبووە و پلەكەی بۆ چاوش بەرزبۆتەوە و دواتر بۆتە فەرمانبەری مەدەنی و خزمەتی لەو بوارەشدا هەیە و پاشان لە ئەوقافی دهۆك دامەزراوە. هەموو ئەو دامەزراندنانەی لە بەڵگەنامەكەدا بە ژمارە و مێژوو پشتڕاستكراوەتەوە.
بەڵگەنامەكە لە 28ی شوباتی ساڵی 1328ی ڕۆمی (13/3/1913ز) نووسراوەتەوە. واتە تا ئەو كاتە ناوبراو لە ژیاندا بووە. ئیدی شتێكی تر لەنێو بەڵگەنامەكاندا سەبارەت بەم زاتە نابینرێ. بەم شێوەیە ئەیوب صەبری لەنێوان ساڵی 1300 بۆ 1328ی ڕۆمی (واتە 1883-1913ز) لە ژیاندا بووە و دوای ئەو مێژووە شتێكی ئەوتۆی لەبارەوە نازانین و نازانین لە چ شوێنی تر فەرمانبەر بووە و كۆتاییەكانی ژیانی چۆن بووە و كەی و لە كوێ وەفاتی كردووە.
ژێدەر و پەراوێز:
ئەرشیڤی عوسمانی، كۆدی بەڵگەنامەكان: DH.SAIDd…00192
- قەصەبە لە سەردەمی عوسمانیدا بەو شارۆچكەیە دەگوترا كە ژمارەی دانیشتوانەكەی لە پێنج هەزار بۆ دە هەزار كەس بوایە. لە گوند گەورەتر و لە شار بچوكتر بوو.
2 . چاوش پلەیەكی سەربازی بوو، ئەو كەسە بەرپرسی پازدە سەربازان بوو. لە قۆناغە جیاوازەكانی دەوڵەتی عوسمانیدا مانای جۆربەجۆری هەبوو.