بەردەوام پێویستە پرسیار بکەین، پرسیار دەمانگەیەنێتە ڕاستی. کەواتە پێش ئەوەی پرسیار بکەین، دەبێ ئەوە بزانین کە ڕاستییەکی یەکلانەکراوە هەیە؛ ڕاستییەکی داپۆشراو، ڕاستییەکی نزیک لە گومان و نادڵنیایی، ڕاستییەکی دەستلێنەدراو، ڕاستییەکی ئەزمووننەکراو، ڕاستییەک کە بەرهەمەکەیمان نەبینیوە!
مرۆڤ سەرەتا هیچی نەزانیوە، ئێستایش کە دونیا هەراش بووە و پڕە لە زانین، کەچی مرۆڤ هەر زۆر شت نازانێ، هەر حەپەساو و واقوڕماو لەبەردەم گومان، نادڵنیایی، دەستلێنەدراو و ئەزمووننەکراوەکان وەستاوە و دەیەوێت بگاتە زانین؛ زانینێکی گومانبڕ و دڵنیاهێن، تا دەستی لێ بدات و (Touch) کردنەکەی بکاتە ئەزموون و بەرهەم.
ئەم قسانە لەبەردەم چەند ڕاستییەکدا ڕاماندەگرن:
مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە زانینە.
زانین دەمانگەیەنێتە ڕاستی، دڵنیایی و بەرهەمداری.
بۆ ئەوەی بگەینە ئەم زانینە، دەبێ مرۆڤێکی پرسیاری بین.
کەواتە مرۆڤ بە مانای زانینەکە، واتا پرسیار؛ چەند پرسیارت هەبێت، چەند ماخۆلانی پرسیار ماندوو و مژوولت بکات، هێندە بەرەو زانین دەڕۆیت.
پرسیار:
چەند پرسیارت هەیە؟ کەی پرسیار دەکەیت؟ بۆچی پرسیار دەکەیت و ئامانجت چییە؟
وەڵام:
وەڵامەکە لە دڵی خۆتدا بخە سەر زمانت.
بە دەنگی بڵند قسە لەگەڵ خۆت بکە، شەرم لەوە مەکە کە هەندێ شت نازانیت، چونکە زۆر شتیش دەزانیت. کەواتە پێویستە بپرسیت و ببیتە پرسیارکارێکی نوێ. کەواتە تا نەبین بە مرۆڤێکی پرسیاری, نابین بە مرۆڤێکی زانا و زانیار.
دوماهی:
ئایینەکان بۆ ئەوە هاتوون وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بدەنەوە؛ پرسیاری چاکە و خراپە، زانین و نەزانین، ڕاست و چەپ و هەموو گفتوگۆکانی نێوانیان.
ئەفسانەکان گرێی کۆمەڵێک پرسیارن، ویستوویانە سیحری تێگەیشتنە سەرەتاییەکان بەتاڵ بکەنەوە و دواجار وەڵامێکی قایلکەر چێ کەن.
فەلسەفەکان برینێکن لە گوشین و شرۆڤەکردنی پرسیار و چێکردنی وەڵامێک کە بەرهەمهێنی جۆرێک لە باڵایی تێگەیشتن بێت.
دواجار زانست، بە کۆکراوەیی هەموو هەوڵەکانی پێش خۆی لە ئایین، ئەفسانە و فەلسەفە، دەبێت بە وەڵامی دەستلێدراو و ئەزموونکراو. کەواتە مرۆڤ لە زانستدا نەبێت، نابێت بە مرۆڤێکی وەڵامی.
ناتوانین ببین بە مرۆڤێکی وەڵامی، ئەگەر لە بنەڕەتدا مرۆڤێکی پرسیاری نەبین.
پوختە:
مرۆڤ بوونەوەرێکی پرسیارییە و هەموو چەمکەکانی تر بە دوای وەڵامدا وێڵ و سەرگەردان و سەراسیمەن!..
گۆڤارا مەتین گۆڤارەکا ڕەوشەنبیری یا گشتی-هەیڤانەیە