دۆزینەوە و وەرگێڕانی لە توركیی عوسمانییەوە: هێمن عومەر خۆشناو
(2)
(ئەرشیفی عوسمانی سەرچاوەیەكی گرنگی مێژووی گەلەكەمانە لە هەموو ڕووێكەوە، دوای ڕووخانی ئەمارەتە كوردییەكان، دەوڵەتی عوسمانی ڕاستەوخۆ بە لایەنی كارگێڕیی ناوچەكانی سەر بەو ئەمارەتانە پەیوەندیدار بووە. لەو سۆنگەیەوە بەشێك لە كاربەدەستانی دەوڵەت لەو ناوچانە و ناوچەكانی تری سەر بە دەوڵەتی عوسمانی كورد بوونە، بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەین لەبەر ڕۆشنایی تۆماری فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی هەر جارە و ژیاننامەی یەكێك لەو فەرمانبەرانەی كە خەڵكی دەڤەری بادینانن لەنێو ئەرشیفخانەی عوسمانی بدۆزینەوە و بە زمانی كوردی بیخەینە بەر چاوی خوێنەران، بێگومان وردەكاریی ژیانی ئەو فەرمانبەرانە بۆ یەكەم جارە لەنێو مێژووی نووسراوی كوردیدا دەخرێنە ڕوو، هیوادارین كەلێنێك لە مێژووی كەسایەتییەكانی كورد پڕبكاتەوە).
عەبدولرەحمان ئەفەندی كوڕی عەبدوڵڵا ئەفەندیی موفتیی ئامێدییە.
لە 15ی مانگی موحەڕەمی ساڵی 1311ی كۆچی (كە دەكاتە بەرامبەر 29/7/1893) لە ئامێدی لەدایك بووە. هەر لەو شارەدا چۆتە مەدرەسەی ئایینی و زمانەكانی عەرەبی، فارسی، توركی و كوردی بە قسەكردن و نووسین زانیوە.
لە ساڵی 1323ی ڕۆمی لە بەشی قەڵەمی دادگای بەرایی قەزای ئامێدی دامەزراوە.
لە 28ی مانگی زولقەعیدەی ساڵی 1331ی كۆچی (كە دەكاتە بەرامبەر 29/10/1913ز) بە مووچەی 150 قڕووش بۆتە نووسەری ناحیەی بەرواری ژێری.
لە 2ی مانگی زولحیججەی هەمان ساڵدا (كە دەكاتە 2/11/1913ز) دەستبەكار بووە.
ئەم كورتە ژیانەی ناوبراو لە قائیمقامییەتی ئامێدیی كە سەر بە ویلایەتی موسڵە ڕاستاندن و تەسدیقی بۆ كراوە. لەو سۆنگەوە وێنەی تەزكیرەی عوسمانیی بە مەزبەتەیەك لە ئەنجومەنی عەدلییە تەسدیق كراوە و لە دۆسیەیەكدا پارێزراوە.
ئەم كورتە ژیانە لە 7ی مایسی ساڵی 1330ی ڕۆمی (كە دەكاتە بەرامبەر 20/5/1914ز) نووسراوە(1).
سەبارەت بە عەبدوڵڵا ئەفەندیی باوكی كە موفتیی ئامێدیی بوو، دوو بەڵگەنامە لە ساڵی 1267ی كۆچی دەبینرێن كە باس لە موفتیی ئامێدیی عەبدوڵڵا ئەفەندی دەكەن(2)، بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەم عەبدولرەحمان ئەفەندییە زیاتر لە چل ساڵیان نێوانە، دڵنیانین كە ئەمە باوكیەتی یان موفتییەكی تریش لە ئامێدی بە ناوی عەبدوڵڵا هەبووە!
ژێدەر:
ئەرشیڤی عوسمانی، كۆدی بەڵگەنامە:
1- DH.SAIDd…00200.
2- I..MVL.191.5802