حه‌مه هاشم
فۆڕمی ده‌موچاوی بێ‌توانا، قەبز و ته‌نگه‌تاو، كۆمیدی و پێكه‌نیناوی، ئەمانە ناونیشانگەلێکن کە بە به‌شێك له پەیکەره‌كانی فرانز خافێر مێزەرشمیت به‌خشراون، به گشتی توخمێکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی کۆمیدی لەم فه‌یسه قوپاوانه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی هه‌یه كه به گۆڕانكاری بنه‌ڕتی سەدەی 18 داده‌نرێت، کە مەودای دەربڕینەکانی مرۆڤ تا ئەوپەڕی مەحاڵ درێژ دەکەنەوە. تا ئەمڕۆ 54 لە کۆی 69 بەرهەمی ئۆرجیناڵی هێشتا ماون، 16 لەوانە ئێستا له مۆزەخانەی بێلڤێدێرن لە ڤیێنا نمایشكراون کە دواجار له ماڵی هونه‌رمه‌ند فرانز خافێر پارێزرابوون، له مۆزه‌خانه‌كه‌دا هه‌موویان پێکەوە لە بەرامبەر دیوارێکی مەخمەڵی سووری نایاب نمایشکراون.
مێژوونووسی هونەر (مایکل یۆنان) لە کتێبێکیدا سەبارەت بەم زنجیرە په‌یكه‌ره دەنوسێت: «ئه‌م ده‌موچاوانه تەنانەت بینەرانی مۆزەخانە بێزارکەرەکانیش لە بێده‌نگی و ڕێزه‌وه ده‌خه‌نه ناو چاولێکردن و پێکەنینێکی شارەوەوە، زۆرجار لە ئەنجامدا بینینیان بۆ كاره‌كان ڕووخساری خۆشیان وه‌ك په‌یكه‌ره‌كان لێده‌كه‌ن کە زۆر جیاواز نین لەوەی کە پەیکەرەکان دەیگەیەنن.»
سەرەڕای سروشتی سەیر و سەمەرەی «سەری کارەکتەرەکان»ی و ئەو بارودۆخە نائارامانەی کە ئیلهامبەخش بوون، ژیانی مێزەرشمیت بە شێوەیەکی نەریتی و ئاسایی دەستی پێکردوه.
فرانز خافێر مێزەرشمیت لە ساڵی 1736 لە لادێکانی باڤاریا لەدایکبووە، خێزانەکەی زوو ڕوویان لە شاری میونشن کردووە، لەوێ لەلایەن مامی (یۆهان باپتیست ستراوب) ەوە ڕاهێنانی پێکراوه بۆ فێربوونی په‌یكه‌رسازی، مامی یەکێك بوو لە پێشەنگترین پەیکەرتاشانی هونه‌ری بارۆکی ئەڵمانی لەو سەردەمەدا. مێزەرشمیت لە ساڵی 1754 ڕووی لە ڤیێنا کرد بۆ ئەوەی لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان بخوێنێت، لەوێ مارتن ڤان مێیتێنس كه بەڕێوەبەری ئەکادیمیاکە و نیگارکێشی ئیمپراتۆری بوو, زۆر پشتگیری لێ‌كرد و هانی ده‌دا، ئه‌م پشتگیرییه‌ی وایكرد ئه‌م هونەرمەنده وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی کاریگەر ده‌ربكه‌وێت، هه‌ر بۆیه مێزەرشمیت لە سەر بنەمای پێشنیارکردن توانی زنجیرەیەك كاری هونه‌ری لە شازادەی لیختنشتاین وه‌ربگرێت، یەکێك لەوانە، په‌یكه‌رێكی گه‌وره‌ی بڕۆنزیی ئیمپراتۆری هابسبورگ ماریا تێریزا.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا كاره هونه‌رییه په‌یكه‌رسازییه‌كانی مێزەرشمیت، ئه‌كادیمی و ڕازاوە و زەق و ئه‌ناتۆمی دروستن، ورده‌كاری په‌یكه‌ره‌كانی، پڕن لە دیمه‌نی کوتاڵی نه‌رم و شریتی چرچ و لۆچ و لوول خواردوو كه هێزی زانایی ئه‌و پیشان ده‌دات له دروست كردنی په‌یكه‌ردا، له دوای ئه‌وه‌ی گەشتێکی كرد بۆ ڕۆما لە ساڵی 1765، کارەکانی زیاتر به‌ره‌و کلاسیکی چوون و ورده‌كاری و ئاڵۆزییه‌كانی كه‌مبوونه‌وه، و هه‌ندێك نزیك كه‌وتنه‌وه لەو شێوازەی کە لە کۆتاییدا بۆ «سەری کارەکتەرەکانی» بەکاری دەهێنا، بە کەمکردنەوەی دەربڕینی زیادەڕەوی لە دەموچاو.
لە هەمان کاتدا ئەکادیمیای نوێی شاهانە و ئیمپریاڵ یونایتد بۆ هونەرە جوانەکان لە ڤیێنا بیری دەکردەوە بیكات به پرۆفیسۆر، تا بتوانێت به ئاسانی بژێوی ژیانی و سەرکەوتنی پیشەگه‌ریی خۆی بچەسپێنێت، به‌ڵام لە ساڵی 1770 شتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات بۆ ئەستێرە هەڵکشاوەکە، چونكه پاڵەوانی هەمیشەیی مێزەرشمیت، ڤان مێیتێنس، کۆچی دوایی کرد.
له دوای مردنی ڤان مێیتێنس تووشی جۆرێك لە داڕمانی دەروونی بوو، هەمیشە کەمێك توڕه و به گوڕ بوو، زیاتر شەڕانگێز ده‌رده‌كه‌وت، تەنانەت جارێك لە کاتی کارکردنی له درەنگانی شەودا هەڕەشەی کوشتنی له هاوڕێیه‌كی هونەرمەندی كردبوو، بەڵام مێژوونووسی هونه‌ر (مایكل یۆنان) ڕوانگەیەکی هاوسۆزیتر دەگرێتە بەر لەوەی کە زۆرێك لە زانایان وا گریمانە دەکەن، ئه‌و پێی وابوو جۆرێك لە تێکچوونی دەروونی بووە. ڤیێنا لەو کاتەدا «جیهانێك بوو بۆ دەرکەوتن»، به‌ڵام لە ساڵی 1774 دا لەلایەن ئەکادیمیایەکەوە بیرۆكه‌ی پۆستی پرۆفیسۆریی لێوه‌رگیرایه‌وه، ئه‌م ڕووداوه‌ش بووه هۆی نیگه‌رانییه‌كی زۆر و تێكچوونی زیاتری باری ده‌روونی، بۆیه جانتاکانی کۆکردەوە چوو بۆ پرێسبورگ (لە براتیسلاڤای ئێستا)، کە براکەی لەوێ دەژیا، له‌وێ ده‌ستی كرد به ده‌ربڕینی كاره‌كته‌ره ونه‌كانی ناخی خۆی و ئه‌و كۆمه‌ڵه په‌یكه‌ره‌ی دروستكرد “سەری کارەکتەرەکان” کە له‌و كاتانه‌دا وزەی تەواوی خۆی پێبەخشی.
ئه‌م گروپه پۆرتره‌یتانه‌ی هەندێکیان لە مۆدێلی خۆیەوە وەرگیراون، و هەندێکی دیکەشیان پێدەچێت لە ده‌موچاوی براکەیەوە نزیك بن، بەڵام (یۆنان) ده‌ڵێت: بە تەواوی دروست نییە ئەم بەرهەمانە بە پۆرترێت ناوببرێت، چونکە زۆرجار دەربڕینەکان لە ڕووی جەستەییەوە توانایان نابێت ئه‌گه‌ر هێزی جووڵه‌ی كه‌م بێت، بۆ نموونە پیاوە بێزارکەرەکە (كه ناوی یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانه) دیمه‌نی پیاوێکه نزیكه له دەموچاوی خۆی كه شێواوه و ئاوەڕۆیەکی بارانی به‌سه‌ردا تێپەڕیوە، ده‌بینین ده‌ماره‌كانی ملی ئەوەندە توند ڕاکێشراون کە وا ده‌رده‌كه‌ون خه‌ریكه بپچڕێن، لە کاتێکدا دەمی لە ڕوخسارێکی بێزارکەردا نیشان ده‌دات، سیماکانی درێژ دەبنەوە بۆ ڕواڵه‌تی دەمامکێکی درێژ، وه‌ك ئه‌وه وایه دوو جەمسەری موگناتیسی کە یەکتر ڕاده‌كێشن.
مێزەرشمیت ناوبانگەکەی له ده‌ست نه‌دا، تەنانەت دوور لە ناوەندە هونەرییە گەورەکان و هەوادارانی کارەکانی خاڵێکیان خستەڕوو کە خه‌ڵك سەردانی بکەن لە ماڵەکەی خۆی لە پرێسبێرگ، زۆرترین سەردانکەری ئەو فریدریش نیکۆلای بوو، كه کتێبفرۆش بوو، دواتر گفتوگۆکانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كه‌دا گۆڕی بۆ وتارێکی سەرنجڕاکێش کە ده‌رباره‌ی ئەم بەرهەمە پۆرترێتییه سه‌یر و سه‌مه‌رانه ڕوون ده‌كرده‌وه.
ئه‌م كارانه‌ی 64 جۆری جیاوازن، نیکۆلای نووسیویەتی کە مێزەرشمیت پێیوابوو خێو هێرش دەکاتە سەر ده‌روونی، به تایبه‌ت لەنێویاندا به‌رهه‌مێك هه‌یه به ناوی»جنۆکه‌یه‌کی ڕێژەیی»، وه بە دروستکردنی کۆمەڵێك ڕووخساری ڕێژەیی، پێی وابوو کە دەتوانێت وەك تەلیسم بەکاریان بهێنێت بۆ دوورخستنەوەی ڕوحە خراپەکان.
دوو ساڵ دوای مردنی مێزەرشمیت، گفتوگۆكانی نیکۆلای وه‌ك كتێبێك لە ساڵی 1785 دا بڵاوکرایەوە، هه‌ر ئه‌م كتێبه‌ش بۆتە بەردی بناغەی زۆربەی ئەدەبیاتی مێژووی هونەریی ئه‌م هونه‌رمه‌نده، توێژەرانی دواتر لەسەر ئەم بیرەوەرییانە زانیاری زۆریان بنیات ناوە، مردنی مێزەرشمیتیان بە نەخۆشییە دەروونییە جۆراوجۆرەکان له قه‌ڵه‌م داوه، هەر لەم دواییانەشدا لە ساڵی 2011، توێژەرێك ده‌ڵێت ئه‌م هونه‌رمه‌نده دۆخێکی گرژبوونی ماسولکەیی خۆنەویستانەی هه‌بووه کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەموچاو هەبێت، کە لەوانەیە نیشانەیەکی شیزۆفرینیا بووبێت.
لای خۆیەوە یۆنان لە کتێبەکەیدا ئەو باوەڕەی خۆی دەخاتە ڕوو کە وتارەکەی نیکۆلای تا ڕادەیەکی زۆر هەڵبەستراوە یان دروستكراوه، یۆنان ده‌ڵێت: «ئەو زۆرترین و مانادارترین بەش لە جەستە وەردەگرێت و شتەکانی تێکەڵ دەکات لە چۆنیەتی کارکردنی بەشەکانی دەموچاو بۆ ئەوەی تواناکانمان سەرلێشێواو بکات یان بە شێوەیەکی تر ئاڵنگاری بکەین بۆ ئەوەی بزانین چی دەکەن، تا شێوه‌ی خوار و مه‌ترسیدار و توڕه و كۆمیدیمان پیشان بدات.»
دوای مردنی مێزێرشمیت، بەرهەمەکانی بۆ خێزانەکەی گوازرانەوە و خێزانەکەی بەرهەمەکانی فرۆشت بە چێشتخانەیەك، کە لە نەخۆشخانەی هاووڵاتیان لە ڤیێنا وەك شتێکی سەرنجڕاکێش نمایشیان کرد و دواتر لە پارکێکی گەشتیاری شارەکەدا نمایشیان کرد.
دواتر بایه‌خی ئه‌م كارانه مه‌زه‌نده‌ی گرنگ و بە بەهایان بۆ كرا و، مێزەرشمیت پێگەی خۆی وەرگرتەوە، کارەکانی لە لایه‌ن کۆکردنەوەكانی مۆزەخانەی جەی پاوڵ گێتی و مۆزەخانەی هونەری میترۆپۆلیتان نمایشكران، بینه‌ری زۆریان له‌ده‌وری خۆیان كۆكرده‌وه.
زۆرجار باس لە مێزەرشمیت دەکرێت وەك ئەوەی هونەرمەندێکی سەدەی نۆزدەهەم یان بیستەم بێت، دەربڕینە ناجێگیره‌كانی»سەری کارەکتەر» بەڕاستی هەستیارییەکی دیاریکراومان پێده‌به‌خشێت كه له هونه‌ری هاوچەرخ ڕەنگدەداتەوە، «ئەو پیاوە نامۆیە و بەڕاستی هونەرمەندێکی گەورەیە».
هه‌روه‌ها له په‌یكه‌ره‌كانی (جیاكۆمیتی)، جەستەی تەنك و لاواز، فیگەری به‌ڕواڵه‌ت شەکەت و ماندوو، پەیکەرەکانی به ته‌خته‌یه‌كی ناسك ده‌چن کە خەریکە بشکێت، درێژكراوه‌تر له ئه‌ندازه‌ی سروشتیی مرۆڤ، سەرلێشێواو و چاو به قووڵاچوو کە لە ناوەڕاستی بۆشاییەکی بەرفراواندا ئازار و خەمی زۆری خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له پەیکەرەکانی پەیکەرتاشی سویسری ئەلبێرتۆ جیاکۆمێتی دەردەکەون، کە ژیانی هونه‌ریی خۆی تەرخان کرد بۆ دروستكردنی پەیکەرسازیی فیگەرەکانی مرۆڤی هاوچەرخی شه‌كه‌ت و ماندوو، کە لە ڕێگەیەوە ده‌یه‌وێت قەیرانی بوونگەرایی دەرببڕێت، پەیکەرگەلێك کە پێناسه‌ی ناسکترین و لاوازترین شوێنەکانی ڕوحی مرۆڤ دەکەن، چونكه کە تەماشایان دەکەیت، بە سەرسوڕمانەوە لە خۆت دەپرسیت: «تۆ بڵێی ئەمە من نه‌بم؟».
جیاکۆمێتی لەناو ئاژاوەیه‌كی فكرییدا لە ستۆدیۆکەی خۆیدا دەژیا، جین جێنێتی هاوڕێی بە «دڵته‌نگی گچکە و زبڵدانێکی كه‌م و کانییەکی ڕاستەقینە» وەسفی دەکرد، ستۆدیۆکە وەك ده‌ریایه‌كی لێڵ وابوو، كه خاوەنەکەی تێیدا نوقم بووبێت، پەیکەرەکانی لە هەموو گۆشەیەکدا بڵاوببونەوە، ئەم ئاژاوە فكریه، چ لە ستۆدیۆکەیدا و چ لە ژیانیدا لەگەڵ جیاکۆمێتیدا هه‌نگاوی ده‌نا، كه هه‌ر له‌م ستۆدیۆ ئاڵۆزه‌دا چه‌ندین پارچە په‌یكه‌ری هونەریی مه‌زن بەرهەم هاتووه.
جیاکۆمێتی وه‌ك هونەرمەندێكی سوریاڵیستی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە شاری ستامپای سویسرا لە سنووری ئیتاڵیا لەدایکبووە، باوکی نیگارکێشێکی ناسراوی ئیمپڕێشنیست بووه بە ناوی جیۆڤانی جیاکۆمێتی، لە جنێڤ هونەرە جوانەکانی خوێندووە، پاشان لە ساڵی 1922دا ڕووی لە خوێندنی پەیکەرسازی کردووە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کە لەو کاتەدا شوێنی مەبەستی هونەرمەندان و کەسانی داهێنەر بووە، شارێکی پڕ لە ڕەوتی فیکری تازه و هونەری ئازاد و شەپۆلی سه‌ربه‌ستیخوازانی نوێ بوو، هه‌روه‌ك له مێژوودا پاریس گرنگترین هونەرمەندەکانی دنیای کۆکردەوە کە توانیان نەخشەی هونەری و پێکهاتە مۆدێرنەکان بگۆڕن، له‌وێ جیاكۆمیتی كه‌وته ژێر كاریگه‌ری ڕەهەندێکی فەلسەفی پەیوەست بە بوونگەرایی و بیری بوونگەرایی ژان پۆل سارتەر، ئەو ڕەوتە فکرییەی لە كاره‌كانی جیاکۆمێتی ڕه‌نگی دایه‌وه.
جیاکۆمێتی له پاریس ژیانی بە سەرگەردانی و ته‌نهایی لە شەقامەکاندا بەسەر دەبرد، پیاوێكی باڵا بەرز و لاواز، له ڕۆیشتندا سەری هەمیشە له پێشەوەی جه‌سته‌یه‌وه بوو، لە نێوان قاوەخانەکاندا بەبێ مەبەستی دیاریکراو تێكده‌سوڕا و ده‌خولایه‌وه، لە بارودۆخێکی كات به‌فیڕۆدانی ناسەقامگیردا دەژیا، لە ڕووی سۆزداری و دەروونییەوە كه‌سێكی پەراوێزخراو بوو، بە ڕواڵەتێکەوە هه‌نگاوی ده‌نا و دەڕۆیشت کە لە پەیکەرەکانی دەچوو، به‌تایبه‌تی په‌یكه‌ری»پیاوێك له‌كاتی ڕۆیشتندا»، هەوڵی دەدا بەرەو پێشەوە بچێت، بەڵام بێ جووڵە ده‌مایه‌وه، لە شوێنی خۆیدا لە بێدەنگییەکی گوماناوییدا گیر ده‌بوو. پاشان دەگەڕایه‌وە بۆ ژوورە بچووك و چۆڵه‌كه‌ی خۆی، ئەو شوێنەی بە تەنیا تێیدا ده‌ژیا و بۆ ئەو مانای هه‌موو جیهانی هه‌بوو، لە ڕاستیدا جیاکۆمێتی تا چەند مانگێك پێش مردنی كه ئه‌و كاته ده‌یتوانی ژیانی شاهانه هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام هه‌ر لە ستۆدیۆکەیدا ده‌ژیا، سەرەڕای بلیمه‌تی و ناوبانگەکەی، سادەیی هەڵبژارد، ماتریاڵیزم و ژیانی بۆرژوازی ڕەتکردەوە کە زۆرێك لە هونەرمەندانی هاوته‌مه‌نی لەو سەردەمەدا وه‌ها دەژیان.
كه‌شی ماته‌م و نیگه‌رانی بەسەر پەیکەرەکانی جیاکۆمێتیدا زاڵە، ئەو پەیکەرانەی کە نیشانەی مردن بە مانایەکی هێمایی و ئەخلاقی نیشان دەدەن، ڕۆحی ماندوو و سێبەری جەستەی باریك کە لە خێو دەچن، بەپێی قسەکانی جیاكۆمێتی كه ده‌ڵێت: “من په‌یكه‌ری مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌م دروست نه‌كردووه، بەڵکو ئه‌وه په‌یكه‌ری سێبەرەکەیه‌تی کە لەسەر زەوی دەیبینین›› ئەم خەم و پەژارە ڕوونە لە په‌یكه‌رەکانی جیاکۆمێتیدا دیمەنەکە ڕوون دەکه‌نەوە، كه زیاتر كاریگه‌رییه‌كانی خوێنڕێژی و ماڵوێرانییه‌كانی ئەوروپا نیشان ده‌ده‌ن دوای جەنگی جیهانی دووەم، كه بۆنی مەرگ لە هەموو شوێنێکدا هەبوو و هەمووان بە دەست بێمانایی قۆناغەکە و لێکەوتەکانی لەسەر هەموو مرۆڤایەتی دەیانناڵاند.
جیاکۆمێتی بە هەستیارییه‌كی زۆر و ئەوپەڕی توانای خۆیه‌وه بۆ چوونە ناو قووڵایی ڕوحی مرۆڤ و دەربڕینی ئازارەکانی دەستی کرد بە پەیکەرسازی، پەیکەره‌كانی نامۆبوون و دابڕانی خەڵکی لە یەکتر نیشان دەدا، وەك لە پەیکەری “گۆڕەپانی شار” دا کە پێنج کەس بە جەستە لاوازه‌کانیانەوە لە بۆشاییەکدا سەرگەردانن، هەریەکەیان لە گۆشەگیریی خۆیاندا خولده‌خۆنه‌وه.
بەرهەمەکانی جیاکۆمێتی تەواو جیاوازن لە بەرهەمە پەیکەرسازییەکانی تر، دەکرێت بڵێین کە ئەو جۆرێك شۆڕشی نوێگه‌ری هونەریی بۆ خۆی دروست کردووە، کاریگەری خۆی لەگەڵ هونەری فیرعەونی، سۆمەری، بیزەنتی، ئەفریقی، ئۆقیانووس و ئازتێك تێکەڵ کردووە، ئەمە جگە لە هونەری ئیترۆسکان. هەروەها لە ژێر کاریگەری ڕەوتی کوبیستی پیکاسۆ و جۆرج براك بووه هه‌رچه‌نده جیاکۆمێتی بە «پڕۆژەیەکی بێ‌مانا» وەسفی ده‌کرد، پاشان بەرەو ڕەوتی سوریاڵیستی هەنگاوی نا، کە بوو بە یەکێك لە گرنگترین پێشەنگەکانی، بەڵام لە کۆتاییدا بە شێوازێکی جیاواز و تایبه‌تی خۆی ده‌رده‌كه‌وێت، کە تەوەری سەرەکی كاره‌كانی بریتین له کارەساتی بوونی مرۆڤ.
جیاکۆمێتی له پێکهێنانی پەیکەرەکانی ماتریاڵی بڕۆنزی سووك و كه‌ره‌سته‌ی جیاوازی بەکارهێناوە، بۆیە پەیکەرە گه‌وره‌كانی زۆرجار دەشکێن یان زوو زیانیان پێدەگات، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئه‌م ماتریاڵ و کەرەستانەی کە خێرا تێکده‌چن، ژان پۆڵ سارتەر لە یەکێك لە نووسینەکانیدا کۆمێنتێکی کردووە و دەڵێت: هه‌رچه‌نده ئه‌م هونەرمەند ماددەیەکی به‌كارهێناوە کە هیچ سه‌نگێكی نییە، ماددەیەك کە ناسکه و زوو تێكده‌چێت، زۆرترین زیانی پێدەگات هاوشێوەی مرۆڤ، بەڵام ئەوە سروشتێکی ڕوحی و ئەبەدی ده‌به‌خشێته كاره‌كانی” هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه له بینینی كاره‌كانیدا هەستێکمان بۆ دروست ده‌بێت به‌وه‌ی کە پەیکەرەکان ڕه‌نگه بكه‌ونه خوارەوە، یان ڕەنگە بتوێنەوە و بشکێن و خۆیان له ده‌ست بده‌ن، لێرەدا گەورەیی ئەم بەرهەمانە له‌وه‌دایە کە جیاکۆمێتی توانیویەتی بۆ ئەوەی هەستێکی ئاگادارکردنەوە لە ناو خۆیدا دروست بکات کە شتێك ڕوودەدات، بەهۆی توندی ئازارەکانییەوە هاوار بکات و له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی ڕە‌نگبداته‌وه.
پەیکەرە گه‌وره‌كانی درێژییان لە دوو مەتر زیاترە، و پەیکەرە بچووکەکانی دیکە بە قەبارەی ناوله‌پی دەستێك کە درێژییان لە چەند سانتیمەترێك تێناپه‌ڕێت، کە لە ڕێگەیانەوە فۆڕمێكی کەسایەتی بەرجەستە کردووە کە بە ژیانیدا تێپەڕیون، لەنێویاندا هاوڕێ هونەرمەندەکانی وەك ساموێل بێکێت، پیکاسۆ، ژان پۆڵ سارتەر و بێگومان هاوڕێ نزیکەکەی ژان جینێت، ئانێتی هاوسەری و دیێگۆی برای زۆرترین ده‌ركه‌وتنیان له كاره‌كانییدا هه‌یه، وه له چاودێریکردنی خەڵك لە کافێ و شەقامەکاندا كه دێن و ده‌ڕۆن وەك کابوسێك سه‌یری ده‌كردن، بۆیە بەرپرسیارێتی گەیاندنی ئەم بارودۆخە مرۆییەی لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە لە ئەستۆی خۆی گرتبوو.
قسەکردن لەسەر بەرهەمەکانی جیاکۆمێتی بە چەند ڕسته‌یه‌ك كۆتاییان نایه‌ت، چونكه ڕەهەندە فەلسەفییەکانیان زۆر قووڵتر و فراوانترن، ئەو حاڵەتە سۆزدارییەی کە لە ئێمەدا وەك بینەر دروستی دەکەن و ئەو قووڵاییە مرۆڤدۆستانەی کە پەیکەرتاش لە ئەزموونەکەیدا تێیدا قووڵ بۆتەوە، گه‌وره‌ترن، پەیکەره‌كانی گوزارشت لە ناشیرینییەکانی ژیان دەکەن لەم جیهانەدا کاتێك دانیشتوانەکەی لە برسێتی و هەژاری و بێبەشی و خەم و پەژارەدا ڕۆژ به ڕۆژ سوکایەتی زیاتریان پێ ده‌كرێت و لەناو دەچن.
به هیچ شێوه‌یه‌ك جیاکۆمێتی ئامانجی جوانی نەبووە، وەك خۆی دەڵێت «نامەوێت تەنها تابلۆ یان پەیکەری جوان دروست بکەم، نیگارکێشان لە کۆتاییدا تەنها ئامرازێکە بۆ بینین، و هەموو ئەو شتانەی کە لە ژیانمدا سەیریان دەکەم داوام لێدەکه‌ن ما‌نایان پێببه‌خشم”.
لاسهرچاوەکان:
. بەردەستە د سایتێ:
https://ar.m.wikipedia.org/wiki انسانیة (نظریة اخلاقیة.
- بەردەستە د سایتێ:
https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%B4%D8%B9%D9%88%D8%B1
٣. بەردەستە د سایتێ:
https://www.almaany.com/ar/dict/ar-en/haiku/
٤. بەردەستە د سایتێ:
https://ar.m.wikipedia.org/wiki/%D9%87%D8%A7%D9%8A%D9%83%D9%88
٥. گوڤارا پویێتیکا، سەکەراتێن ماتسووی و چریسکێن شەڤا تاری، ژمارا (٤)، بپ(٣١).
٦. بەردەستە د سایتێ
https://shoman.org/Readblogs/ID/4569/all_about_haiku_poems
٧. بەردەستە دسایتێhttps://www.jadaliyya.com/Details/40792
٨. بەردەستە د سایتێ (مختارات من قصیدة الهایكو الیابانیة _انگلوجی)
- بەردەستە د سایتێ؛
(Adjei Agei Baah , A History of African Haiku www . litromagazine . com)
١٠. بەردەستە د سایتێ:
١١. بەردەستە د سایتێ
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://africahaikunetwork.wordpress.com/wp-content/uploads/2016/11/mamba-iii-final.pdf&ved=2ahUKEwibkeLU4LuJAxUoRfEDHYpUK7AQFnoECBkQAQ&usg=AOvVaw3jBDGAYOVsNCgrUpYkwW_B
١٢. بەردەستە د سایتێ
https://www.unisa.ac.za/sites/corporate/default/Unisa-Press/Books/Language-and-Literature/HAIKU-for-Africa
١٣ .بەردەستە د سایتێ (من شعر هايكۆ العالمی قصائد من افریقیا
- بەردەستە د سایتێ
https://antolgy.com/%D9%82%D8%B5%D8%A7%D8%A6%D8%AF
-%D9%87%D8%A7%D9%8A%D9%83%D9%88-%D9%87%D9%86%D8%A7%D8%A1-%D8%B9%D8%A8%D8%AF%D9%88/
- بەردەستە د سایتێ (قصیدة مترجمة لشاعرة أثیوبیة تكتب باللغة الأمهریة).
گۆڤارا مەتین گۆڤارا مەتین