حەمە کەریم عارف
وەعز و قسەی ڕووت بە تەنێ گۆڕانی پێچێناکرێ و ئەگەر هەر لە چوارچێوەی تیۆریدا بێمێنێتەوە ئەوا بەرەبەرە شەقڵێکی ڕۆتینی وەردەگرێت وچەشنە چەنەبازییەکی بێهودەیی لێدەکەوێتەوە. ئەگەر مرۆڤ لێببڕێ بەسەر شتێکدا زاڵ بێ و کۆنترۆڵی بکات ئەوا دەبێ ماک و هەوێن و ڕیشە و خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی بخاتە بەرباس و وردەبینی لێکۆڵینەوەوە. بێگومان مرۆڤیش بەشێکە لە ژینگە و دەوروبەری خۆی و لێی جیا نابێتەوە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی تەبیعەتی مرۆڤ بەدەر لە ژینگە و دەوروبەر، بێهودەیە و هیچ ئاکامێکی پراکتیکی نابێت و مرۆڤەکە بە دەقی خۆیەوە دەمێنێتەوە، بەڵگەش ئەو هەموو پەند و ئامۆژگاری و وەعزدادان و وەعزخوانیەیە کە سەدان ساڵە لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەزار بارە دەکرێتەوە.
( ١ )
مرۆڤ خەڵقەندەیەکی ئاوەزدارە و پێویستی بەوەیە گوزارشت لە خۆی بکات و ڕێگەی دروستی لێنەگیرێت، چونکە کە ڕێگەی لێگیرا دووچاری کەچڕەوی و لادان دەبێت و مەحاڵە بە وەعزدان بێتەوە سەر ڕاستە ڕێگە و ببێ بە کەسایەتییەکی سروشتی دوور لە هەر گرێیەکی دەروونی وکۆمەڵایەتی. کەواتە بۆ ئەوەی مرۆڤی ساخڵەم بەرهەم بێ، دەبێ هەر لە مناڵییەوە ڕێگە بدرێ لە سنووری بەرژوەندی و ئەو کۆمەڵەدا کە تیای دەژی ئازادانە مافەکانی خۆی بەکاربێنێ و ئەرکەکانی ئەنجام بدات و پێویستە تەبیعەتی مرۆڤانی بەشەر لە هەموو شتێکدا ڕەچاو بکرێت و مرۆڤ لە سەر ڕووناکی ڕابهێنرێ تا پەنا وەبەر تاریکی نەبات.
( ٢ )
وەعزدادەرانی لای ئێمە، چونکە دەسەندەخۆری دەوڵەمەند و دەسەڵاتداران بوون و نانیان لەسەر ئەوان بووە، هەمیشە ڕەزامەندی ئەوانیان بەلاوە مەبەست بووە و مدارایان کردوون و چاپۆشیان لە هەموو زوڵم و زۆر و ڕابواردنێکی ناڕەوایان کردووە و بە قازانجی ئەوان قسەیان کردووە و چاوبەستەکێیان لە جەماوەری خەڵک کردووەو داوای مەحاڵیان لێکردوون و بوون بە پشتیوانی زۆردار و دەسەڵاتداران و مەسئولیەتی زوڵم و زۆری کۆمەڵایەتی و ڕامیارییان لە ئەستۆی زۆرداران و دەسەڵاتداران لاداوەو خستوویانەتە گەردنی خودی زوڵم لێکراوان کە گوایە خەتایان کردووە و خوا غەزەبی لێگرتوون و ڕۆژی گەیاندوونەتە ئەم ڕۆژە ڕەشە. هەرچی دزی وفزی و بەدئەخلاقی دەسەڵاتدارە حەڵاڵی دەکەن و پاکانە تەنانەت بۆ ماڵ و منداڵ و کەس و کار و دەستوپێوەند و خزمی خەزووری سەپانی شێخێشی دەکەن، بەهەق و نەهەق لایەنی دەسەڵاتدار و حوکمڕان دەگرن و کە کار و کردەوەیان هەڵدەسەنگێنن ئاماژە بۆ تەبیعەتی نوقسانی بەشەر دەکەن و کاتێک دێنە سەر زوڵم و زۆردارییەکانی دەڵێن: نیازی پاک بوو، ویستی خزمەت بکات، بەڵام هەڵەی کرد، لە پێناوی خزمەتی جەماوەری خەڵکدا تووشی ئەو هەڵەیە بووە، دەنا ئەگەر لە ماڵی خۆیدا دانیشتبووایە دووچاری ئەو هەڵەیە نەدەبوو. مەگەر هەر یەزدانی مەزن لە سەرووی هەڵەوە بێ و لە هەڵە بەدەر بێ.
دیارە ئەم جۆرە وەعزانە ئەگەر درێژە بکێشێت وزۆرترین کەناڵ بۆ گشتاندنی بەکارببرێ ئەوا بیرکردنەوەیەکی زۆر سەقەت و نامرۆڤانەی لێدەکەوێتەوە و بە قازانجی دەسەڵاتدار و بە زیانی بێدەسەڵات دەشکێتەوە و کۆمەڵگا دووچاری سەنگەلایی دەبێ و هەرچی هاوسەنگییەک هەیە لە دەستی دەدا و بە جۆرێ دەشێوێ و ژیانی لەبەر چاو دەکەوێ بەو بێ دنیا لە خۆی و خەڵکانی دی بکات بە دۆزەخی ڕەش.
لە کاتێکدا تان و پۆی ژیان تەنیا و تەنیا خۆشەویستی و مرۆڤپەروەرییە… هەر لەناو پرۆسەی خۆشەویستیدا مرۆڤ گەشە دەکات و بوونی مرۆڤانی خۆی دەسەلمێنێ و رۆحی پاراو دەبێ و خێر هەم بۆ خۆی و هەم بۆ خەڵکی دەداتەوە. بەڵام مخابن مرۆڤ و مرۆڤپەروەری لە وڵاتانی ئێمەدا تەنیا قسەی ڕووتە و پتر بۆ جوانکاری گوتار و ڕەفتاری دزێو و ناشیرین و نامرۆڤانەی دەسەڵاتدارانە، هەر دەسەڵاتدارانیش سەرچاوەی هەموو جۆرە زەبر و زەنگ و تیرۆرێکن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا.. هەڵبەتە کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی ڕەش و ڕووت و هەژار و بێنەوا کە ڕێژەی هەرە زۆری کۆمەڵگە بەشەرییەکان پێکدەهێنن جورئەت پەیدا بکەن و بتوانن بەرگری لە بوونی مرۆڤانی خۆیان بکەن و میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی زەمینە خۆش ببێ کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هاوتا بن، و کۆمەڵگە لەوە پتر هاوسەنگی خۆی لەدەست نەدات و مل بە نادیارەوە نەنێ و مرۆڤی دەڤەری مە لەوە مەسختر نەبێ.
( ٣ )
هەر کۆمەڵێک کە پێ دەنێتە قۆناغی شارستانی تازەوە دووچاری جۆرە ئەنارشیزمێک دەبێت، ئەنارشیزم زادەی قۆناغی ئاوس بە گۆڕانە. جا دووفاقی کەسایەتی لەم چەشنە قۆناغەدا. زۆر بە زەقی بەرجەستە دەبێ و خۆی دەنوێنێ. بۆ نموونە عەرەب لە قۆناغی پەرەسەندنی شارستانیانەی خۆیدا کەوتە ژێر کاریگەری دوو دژە فاکتەرەوە: بەدەویەت و ئیسلام. عەرەب لە سەرەتادا لە بیاباناندا دەژیا و کۆمەڵێک بەهای وەکو ڕۆحزلی و زەعامەتسالاری و باب سالاری هەبوو. ئەوجا ئیسلام هات و کۆمەڵێک بەهای پێچەوانەی لەگەڵ خۆیدا هێنا وەکو: خواناسی و دادپەروەری و سازان و سازگاری… هەڵبەتە هەر قۆناغێکی کۆمەڵایەتی یا شارستانی کە بەسەر دەچێت تا ماوەیەکی زۆر کار و کاریگەرییەکەی دەمێنێ و وەکو میراتییەکی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی لە ناخی خەڵکانی زۆردا دەپارێزرێ. هەر ئەمەش ئەوەمان بۆ ساغ دەکاتە کە مرۆڤ خودانی دوو ئەقڵ و ئەقڵییەتە، ئەقڵییەتی دیار وئەقڵییەتی پەنهان. ئەقڵییەتی دیار بە ئاسانی گێڕدەگۆڕێ و لە گەڵ دیاردە و ڕووداوەکاندا دەسازێ. ئەقڵییەتی پەنهان چونکە ڕیشەی لە کەلەپووری داب و نەریتی دوورو درێژی کۆمەڵایەتیدایە نە بە ئاسانی دەگۆڕێ و نە بە ئاسانی لە ناودەچێت یا دەسازێ. هەر بۆیەش عەرەبی سەرەتاکانی ئیسلام لە ئەقڵی دیاریاندا موسوڵمان بوون و لە ئەقڵی پەنهانیاندا بەدەوی بوون و ئەمەش کەسایەتیەکی دووفاقی و ناکۆکی بۆ دروست کردن کە ڕەنگە تا ئێستاش بە پەنهانی و بە زەقی ماکی لە کۆمەڵگەی عەرەبدا مابێ. بێگومان دیاردەی دووفاقی کەسایەتی تا لە لادێ دوور بکەویتەوە و بەرەو قوڵایی شار بچی کەمتر دەبێ… جا ئەم دووفاقی کەسایەتیە هەرگیز بە شێوازی ڕۆمانسیانە چارەسەر ناکرێ. چونکە هەڵقوڵاوی واقیعی ژیان و مێژووە بۆیە تەنها بە شێوازی واقیعی و نزیک لە ژیانی خەڵکییەوە دێتە چارەسەرو کەمبوونەوە. دەنا بۆشاییەکی زۆر گەورەو بێهودە دەکەوێتە نێوان واقعیەتی ژیان وئایدیالیزمی بیرو بیرکردنەوەوە..بۆشاییەکی کوشندە دەکەوێتە نێوان دەسەڵات وجەماوەری خەڵکەوە، کە ئەمە بێگومان ئاژاوە و شۆڕشی لێدەکەوێتەوە.
( ٤ )
هەرچەندە مرۆڤ بە سروشت و تەبیعەتی خۆی تازەخوازە، بەڵام هەر تازەیەکی کاریگەر بگری هەم کۆسپی دەخرێتە ڕێ و هەم تاوانبار دەکرێ بەوەی کە دەستی بێگانەی لە پشتە، بەتایبەتی خەڵکی دەوڵەمەند و زەنگین و دەسەڵاتدار و خۆشگوزەران هەموو ڕێیەک بۆ دوژمنایەتیکردنی هەر دیاردە و ڕووداوێکی تازەی کاریگەر و شۆڕشگێڕ دەگرنەبەر.. دەوڵەمەند لە کانگای دڵەوە حەز دەکات خەڵکی محافەزەکار بن و پابەندی میراتی باب و باپیرانی خۆ بن لە هەموو ڕوویەکەوە، خۆ ئەگەر کەسێکیان تیا هەڵبکەوێ و ڕێچکەیەکی نوێ بگرێتەبەر و ڕای تازە و بۆچوونی نوێی هەبێ، خێرا بە نۆکەر و دەستنێژ و دەسەندەخۆری بێگانەی لە قەڵەم دەدەن. هەڵبەتە خەڵکی عەوام و نەفام، زوو باوەڕ بەو تۆمەتانە دەکەن و ئیدی ئەو تۆمەتە دەلکێ بە خەڵکی نوێخواز و تازەخوازەوە، جا ئەو تازەخوازە ئەگەر سەرکەوت و دەسەڵاتی گرتە دەست ئەوا تۆمەتەکەی لەسەر لادەچێت، خۆ ئەگەر فەشەلی هێنا و سەرنەکەوت ئەوا نەوە لە دووی نەوە بە تاوانباری دەمێنێتەوە.
جا هەر بۆچوون و ڕایەکی تازە بگری، چونکە خەڵکی هێشتا پێی ڕانەهاتوون، غەریب و نامۆ و بێگانەیە و ناو و ناتۆرەو تۆمەتی سەیر و سەمەرەی دەخرێتەپاڵ ودژایەتی دەکرێت.. ڕەنگە ئەم هاوکێشەیە هەوێنی پەرەسەندن بێ لە هەموو ڕوویەکەوە.. مێژوو وەکو مرۆڤ لەسەر دوو لاقان دەوەستێ، لاقێکی ڕادەگرێ و یەکێکی دەهاوێ و بەمەش هەنگاوی پێشڤەچوون دروست دەبێت. جا لە هەموو هەنگاو و قۆناغێکی مێژوودا خەڵکانێک هەن محافەزەکار یان کۆنەپەرستن، وخەڵکانێک هەن تازەخواز و شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازن وبگرە فاکتەری گۆڕانیشن. جا ململانێی ئەم دوو جەماعەتە هەر دەمێنێ و چەرخی ڕۆژگار و کۆمەڵگە بەو ململانێیە دەسووڕێ. هەریەکێک لەو دوو جەماعەتە ئەویدی قەرزاربار و تاوانبار دەکات و ناو و ناتۆرەی دوا دەخات، تازەخوازان لە ڕوانگەی محافەزەکارانەوە کەچڕەو و نۆکەر و داردەستی بێگانەن، محافەزەکارانیش لە ڕوانگەی تازەخوازانەوە زۆردار و بێئینساف و مێمل و حەرامخۆرن. جا ئەوەی سەیرە وەکو چۆن هەموو کۆنەیەک ڕۆژێ لە ڕۆژان تازە بووە، هەموو تازەیەکیش ڕۆژێ لە ڕۆژان دەبێ بە کۆن و هەر تازەخوازێک هەرکە سەرکەوتنی بەدەست هێنا دەبێ بە موحافەزەکار، واتە لە ڕابردووی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە و خیانەتی لێدەکات، هەنگێ تازەخوازێکی دی پەیدا دەبێ و لێی یاخی دەبێ. ئیدی بەمجۆرە ڕەوڕەوەی مێژوو هەر دەڕوات و بەردەوام دەبێت.
سەرکەوتن، دکتۆر عەلی وەردی گوتەنی گۆڕی شۆڕشە. تازەخوازی شۆڕشگێڕ هەرکە دەگاتە ئامانج و مەبەستەکانی دێتە دی و ماندوویەتی دەحەسێتەوە، ئیدی ئاهەنگ بەبۆنەی سەرکەوتنەوە دەگێڕێت و شادی و شایی دەکات، ئەم شادییە خاوی دەکاتەوە، بەرەبەرە تەمەڵ دەبێ و دەخوازێ بە ئاسوودەیی بەری هەوڵ و کۆشش و خەباتی خۆی بخوات و بەو بێ مێژوو لەبەر خاتری ئەو بوەستێ و لە جێی خۆی جووڵە نەکات!… لێ ئاش لە خەیاڵێ و ئاشەوان لە خەیاڵێ، مێژوو هەمیشە ڕەوە، نە لادەدات و نە هێواش دەبێتەوە و نە خاو. لاقەکانی لە جووڵەی بەردەوامدان. ئەو لاقەی ئەمڕۆ لە پێشەوەیە سبەی دەکەوێتە دواوە و ئەمە حوکمە، حوکمی پێشڤەچوونە و بەهیچ کەس و دەست و دەسەڵاتێک ناوەستێنرێ و ناگۆڕدرێ.. بۆیە دەسەڵاتداران و حوکمڕانان لە سەریانە ئەو هەقیقەتە درک بکەن و ڕێگە بە هێزێن نوێخواز بدەن بەشێوەیەکی ئاشتیانە و هێمن گوزارش لە خۆی بکات و ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە بواری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و دادوەری کۆمەڵایەتیدا بدینێ و.. لە ئەوروپادا هەڵبژاردن بۆ ئەم پرسە دۆزراوەتەوە کە جێگەی شۆڕش و تووندوتیژی گرتووەتەوە. واتە هەڵبژاردن لبمان گوتەنی شۆڕشێکی دەمامکدارە، لەبری تفەنگ کارتی دەنگدانی تێدا بەکاردێ.
دیارە هەر کۆمەڵگەیەک نەهێڵرێ و نەتوانی لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتدارانی خۆی بگۆڕێ و خۆی تازە بکاتەوە، ئەوا هەرکە دەرفەتی بۆ بلوێ پەنا وەبەر تووندوتیژی و شۆڕش دەبات و ئیدی گێژاوی ئاژاوە و هەرا و هەنگامە و بێدادی کۆمەڵایەتی لوولی دەدات و لە کاروانی شارستانییەت دوادەکەوێ و دەرفەتی خۆ تازەکردنەوەو گەشەکردنی مرۆڤانی و پێشکەوتنی شارستانی لەدەست دەدات. هەر پێشکەوتنێک بگری نرخی خۆی هەیە. واتە پێشکەوتن بیرۆکەیەکی ڕووت نییە بە مێشکی زانایاندا بێ و ئیدی پیادە بکرێ، بەڵکو زادە و بەرەنجامی کارلێک و پێکدادانی سەخت و دژواری نێوان هێزی محافەزەکار و تازەخوازە. گەر هەموو خەڵکی موحافەزەکار بووایەن و دەستیان بە کڵاوی خۆوە بگرتبایە ئەوا کۆمەڵگە لە جێی خۆە دەچەقی و وەکو مێروستان و هەنگستان ملیۆنان ساڵی بەسەردا دەڕۆیی و وەکو خۆی لە جێی خۆی دەمایەوە و پێشنەدەکەوت.
( ٥ )
بەشەر بوونەوەرێکی گەلەک سەرسەختە، خۆپەرستە و هەرچی دیاردە و ڕووداو و هەقیقەت هەیە، بەگوێرەی گرێیە دەروونییەکانی خۆی، بە پێی بەها کۆمەڵایەتییەکانی خۆی و لە گۆر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی، شەرح و شرۆڤە دەکات و مامەڵەیان لە تەکدا دەکات، واتە مرۆڤ زۆر بە زەحمەت دەتوانێ بێلایەنانە بیر بکاتەوە یا مامەڵە بکات یا بژی. هەر بۆیەش لەوەتای سەری مرۆڤ لە هێلکە جوقاوە هەر لە هەوڵی ئەوەدا بووە بگاتە هەقیقەتی تەواو یا لێی نزیک ببێتەوە، هەر نەیتوانیوە. جا لە ئایندەدا دەیگاتێ یا نایگاتێ ئەمە شتێکی دیکەیە و ڕێگەش لە هیچ هەوڵێک نایەتە گرتن، لێ دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێ کە تەنیا ئەو کەسە دەتوانێ لە هەقیقەت نزیک ببێتەوە کە هەمیشە بە گومانە و بێلایەنانە دەڕوانێتە هەر ڕا و بۆچوونێک. گومان ڕێگەی باسی ئەکادیمییە.
( ٦ )
پێشینیان پێیان وابووە کە دادوەری کۆمەڵایەتی لە بیرێک یان بیرۆکەیەکەوە سەرهەڵدەدات و ئیدی حوکمڕان دەیگرێتەبەر و درەنگ یا زوو دادوەری کۆمەڵایەتی دێتە دی. هەڵبەتە ئەمە تەنیا قسەی ڕووتە و لۆجیک پەسندی ناکات و بیری ڕووت ناتوانێ هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مرۆڤ ئاراستە بکات. چونکە مرۆڤ هەرگیز لە بارودۆخ و زرووفی دەروونی و کۆمەڵایەتی و شارستانی بەدەر نییە و بەتەنیا و لە دەرێی ئەو زرووفانەدا مەگەر زۆر بە ئاستەم و لە سنوورێکی دیاریکراودا کار لە ئاکار و ڕەفتاری مرۆڤ بکات… دادپەروەری دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و لە پێداویستیە کۆمەڵایەتی و و مرۆڤانی و شارستانییەکانەوە هەڵدەقوڵێت و شەرعییەتی خۆی وەردەگرێت و هیچ حوکمڕانێک بەبێ گوشاری کۆمەڵ ناچێتە ژێر باری ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتییە قورسە، وەکو دەڵێن جەوهەری مرۆڤ یا لە دەوڵەمەنیدا یا لە دەسەڵاتدارییدا دەردەکەوێت.
هەر حوکمڕانێک بگریت، دەست و پێوەندێک دەوریان داوەو لە جەماوەری خەڵکیان دابڕیوە، نایەڵن حەقیقەتەکانی پێبگات، ڕاستییەکانی لێ دەشارنەوە و ڕەشی لێدەکەن بە سپی و بە پێچەوانەوە… ئیدی نەک هەر لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بگرە لە ڕووی مرۆڤایەتیشەوە بە تەواوی لە کۆمەڵی دادەبڕن و بۆشاییەک دروست دەبێ کە درەنگ یا زوو قووتی دەدا و بەرەو زبڵدانی مێژووی دەبات.
سەرهەڵدانی دەوڵەت و حوکمڕان لە مێژوودا دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی شارستانییەت و دروست بوونی شار، واتە سەرهەڵدانی شار، سەرهەڵدانی حوکمڕانی بەدوودا هات و شار و شارستانییەت وێڕای ئەو دەسکەوتە زۆر و زەبەندانەی لە گەڵ خۆیدا هێنای، لە هەمان کاتدا زوڵم و زۆر و چەوسانەوەشی هێنا. واتە شارستانیەتە کۆنە کۆنەکان لە سەرشانی جەماوەری ڕەش و ڕووتی خەڵک ڕۆنراوە، ئەگەر لە ڕووی مادییەوە پێشکەوتن بێ ئەوا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پاشکەوتن بووە.. ئیدی لە مێژوودا دوو ڕێچکەی هزری پەیدا بوو: یەکێکیان داوای شکۆ و ڕابوون و وڵاتگیری دەکرد و یەکێکیان داوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکرد. واتە خەڵکی بوون بە دوو بەشەوە: لایەنگرانی دەوڵەت و لایەنگرانی شۆڕش.
مێژووی شارستانیەت تۆمارێکی دوور و درێژی کێشمانەکێشی نێوان ئەم دوو ڕێچکە و هزرینانەیە… بەم پێیە، کۆمەڵگای شارستانی ناتوانێ دەستبەرداری کەڵکەڵەی شۆڕشگێڕانەی خۆی بێ، شۆڕشیش لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێک دەگۆڕێ و خۆی تازە دەکاتەوە و شێوازی تازە وەردەگرێت بۆ نموونە ئەو دیموکراتییەتەی لە هەندێ شوێنی دنیادا دەبینرێ زادەی قەرار یا کۆمەڵە قەرارێکی چەند کەسێک نییە، بەڵکو زادەو بەرەنجامی شەڕ و ململانێی سەخت و دژواری ڕەش و ڕووتی خەڵکە لە گەڵ حوکمڕانانی زۆردار و ملهۆڕدا، بۆیە دیموکراتیەت شێوازێکی شۆڕشە و شێوازێکی چاکیشە. بۆ نموونە سیستەمی دەنگدان کە بەردی بناغەی دیموکراتییەتە لە ڕاستییدا شۆڕشە. جاران خەڵکی دەستیان دەدایە چەک و دەچوونە مەیدانی شەڕ. ئێستا خەڵکی دەست دەدەنە کارتی هەڵبژاردن و دەچنە بەردەم سندوقی هەڵبژاردن و بەبەرچاوی هەموو دنیاوە حوکمڕانە ملهۆڕ و زۆردار و گەندەڵکارەکانی خۆیان دەگۆڕن و بە تۆبزی لایەنی کەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەسەپێنن و بەرگری لە بوونی بەشەری خۆیان دەکەن و لەم شەڕەدا لەبری گوللە و تفەنگ کارتی دەنگدان بەکار دەهێنن.
بۆیە هەر حکومەتێک بگری و بەرژەوەندی وڵاتی بوێ دەبێ خەڵکی وڵاتی خۆی لە سەر شۆڕش ڕابهێنێ، واتە لە سەر دیموکراتییەت کە بەردی بناغەکەی هەڵبژاردنە، دەنا درەنگ یان زوو ڕووبەڕووی شۆڕشی خوێناوی و بە زەبر و زەنگ دەبێتەوە و بەرەو زبڵدانی مێژوو ڕەوانە دەکرێت.. هەڵبەتە مێژووی شارستانییەت دەکاتە تۆماری ململانێی نێوان کۆن و تازە و ئەمەش بۆ خۆی هەوێنی هەر تازەبوونەوەیەکە و لە ئاکامدا هەر نوێخوازی و نوێخوازن سەردەکەون. چونکە نوێ و نوێخوازی زادەی پێداویستییەکانی سەردەم و قۆناغی خۆیەتی و لە واقیعەوە شەرعیەتی خۆی وەردەگرێت، هەر ئەم حاڵەتە زامنی سەرکەوتنی دەبێت..
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:
١ – وعاظ السلاطین. الدکتور علی الوردی.
٢ – سنت و مدرنیتە. دکتر صادق زیبا کلام.