فهیسهل مستهفا حاجى
بهرایی:
1- ههبوونی نێرومێ له ديالێكتى كرمانجيى باكووردا و نهبوونی له دیالێکتی كرمانجيی باشووردا گرفتێکی گهورهیه له رێگای یهکگرتنیاندا.
2- ئەم کێشهیه ساڵ به ساڵ زیاتر گرنگیی به خۆوه دهگریت، چونکه خراوهته ناو پرۆگرامی خوێندن و قوتابی و خوێندکار نمرهی پێ وهردهگرت، بهتایبهتی له پۆلی شهشهمی ئامادهیی، که یهك نمره لهکۆی قوتابی و خوێندکار کهناڵی وهرگرتنی له زانکۆ دهگۆڕێت.
3- مامۆستا تووشی ههڵویستێکی ناخۆش دهبێت، ئەگەر نهیزانی وەڵامی پرسیارێکی ناو پرۆگرامی خوێندن بداتهوه يان به هەڵه وەڵامبداتهوه.
نێر ومێ له كرمانجیى باكووردا
پێش هەموو شتێك راستيەك هەيە پێويستە بيزانين، ئەويش ئەوەيە كە لە كرمانجيى باكووردا – كە بادينى بەشێكە لەو- هەموو ناوێك رەگەزى خۆى هەيە، يان نێر يان مێ و لەناو رستەدا(1) زياتر ئەم راستيە بەدەردەكەوێت، ئەو ناوانەى كە ناوى كاران يان پيشەيین، وەكو:
پزيشك، ئەندازيار، مامۆستا، پۆليس، قوتابى و خوێندكار، فەرمانبەر، كڕيار، فرۆشيار، پارێزەر … تد. كه لەناو رستەدا بەكار دەهێنرێن؛ رهگهزهكهیان پیشاندهدرێت.
هەندێك ناوى پيشەيش هەيە كە رەگەزەكەى لەدەرەوەى رستەش هەر ديارە، وەكو:
سستەر و مامان بۆ (مێ)، پاسەوان و سەپان بۆ (نێر).
يەكەم:
بۆ جۆداكردنەوەى ئەم دوو رەگەزە و ناسينەوەيان چەند بنەمايێكمان هەيە، لەوانە:
أ- ئەم ناوانە مێن :
1- ناوى شتى تەڕ و ناسك و نەرم و ورد ، وەك:
– ناوى گوڵان ( نێرگز، هێرۆ، لەيلانك، بەيبوون، سويسن، شلێر…).
+ وشەكانى (گول، كوليلك، بشكۆژ).
– ناوى ميوە [هەنار، سێڤ، هەرميك، خۆخ، مژمژە، (زەردەلو) حليك (ئاڵو باڵو، گێڵاس)، هژير، پڕتەقاڵ … تد].
[ترى: نێرە – بەڵام تلى و مێويژ و ئيشى (هێشوو): مێن].
– ناوى سەوزە (كەرەڤس، رەشاد، تڤر، پيڤاز، سير، كەنگر، تۆڵك، رێڤاس).
2- ناوى واتايى (ئاشتى، جەنگ، شەرم، ترس، گەرما، سەرما، كەنى، گرى، هەوار، گازى، برس، تێرى، ئازادى، ديموكراسى…).
3- ناوى ئەو شوێنانەى بەرهەمدەدەن يان شتيان تێدەكرێت وەكو: زەڤى، كانى، هێلين، ژوور، كۆرك Korik، بير، دەريا، گلكەند، چاڵ، گەڕ (گۆم).
4- گشت چاوگەكان مێن: (بەردان، سەردان، فرۆشتن، كەڤتن، ستاندن، خاندن (خوێندن) (خوارن، ڤەخوارن)(2)، چوون، بوون، كڕين، نڤيسين…).
5- ناوى ئەندامەكانى تاكهكانى لهشى مرۆڤ و گيانلەبەر: دفن (كەپ، كەپوو)، ئەنى (نەوچەوان)، ئەرزنك (چەنەگە) ناڤك، پشت، كەمەر.
6- هاوهڵكارەكانى كات: (رۆژ، شەڤ، حەفتە، هەيڤ (مەهـ) ساڵ، سەدە، دەم، گاڤ، سپێدە، نيڤرۆ، ئێڤار، رۆژئاڤا، رۆژ هەڵات، سەردەم).
7- ناوى رۆژانى حەڤتە و مانگەكان: + وەرزەكانى ساڵ: بەهار، هاڤين، پايز، زڤستان.
شەمبى، ئێكشەمبى، ئينى.. كانوونا دویێ، شوبات، ئادار.. تد.
8- ناوى رەگەزى مێ لە مرۆڤەكان. بێگومان مێيە: دايك، خوشك، كچ، ژن، داپير، دۆتمام، خەسوو، بووك.
هەروەها ئەو ناوانەى بەپێى بناماكانى باسكران بۆ ناونانى ئەم رەگەزە، بۆ نموونە: شيرين، ناسك، خونچە، نازدار، پەريخان، شنۆ، پەرى.
9- وشهى (ژماره) و ژمارهكان: یهك، دوو، ده، سهد، ههزار… تد.
10- وشەى (ئاڤ) و ئەو وشانەى ئاڤيان لەگەڵدايە: دۆشاڤ، خۆشاڤ، گەرماڤ، كەنداڤ، سەراڤ، باڵاڤ، ئاڤەماست (ماستاو)، ئاڤهدهست (دەستاڤ).
هەروەها وشەكانى سەرشۆ، دەستشۆ.
11- چێشت و خواردن: برنج (پهلاڤ)، ساڤار، ئاڤك، ترشك، يەپراخ، نيسك، ماش، نان، سەوك، كولێرە، كادە (كوليچە)، گلوول، سميتك، كوتلك، كوتلدەوك… تد.
12- ئەم ناوانە: پێڵاڤ، شەكال (سەوڵ)، شمك (بابوج)، گۆرە، شلۆخە (قەيتان)، دەستگۆرك (دەستەوان)، دەرسۆك، جەمەدانى، شيتك (پشتێن)، كالك Kalik.
13- ياريەكان: تەپ (تۆپ)، تۆپانێ، بازدانێ، غاردانێ، ڤەشارتكانێ (چاوشاركێ)، ماتانێ (كەلانێ)، كابانێ (جگجگانێ)، بەريكانێ، تيسانێ، بڕانێ، كۆركوميركانێ.
14- مەشينەكان: پایسكل، ماتۆڕ (ماتۆڕ سیكل)، گاليسكە، ئۆتۆمبێل، پاس، لۆرى، شەمەندهفەڕ، فڕۆكە، بەلەم، گەمى، پاپۆڕ.
15- ئەم رێوبانانە: رێ، جادە، كۆلان، پر، دەربەند، مەيدان، چەپ.
16- ئامێرەكانى ميۆزيك: بلويل، دەف، دەهۆل، كەمانجە، تەمبور، زوڕنا، دومبك، دوودك، ساز، سەمتوور، پيك.
17- ئاوەڵناو كە دەنگى (ى) وەردەگرێت و دەبێتە ناوى واتايى: سەروەرى، سەرفرازى، مەردى، چرويكى، بێدەنگى، تێرى، دلڕەقى، دلڕەشى، دلدارى، دلبەرى، دلفرەهى، دلتەنگى، گەشبينى، رەشبينى، هەژارى، دەوڵەمەندى، زەنگينى، دەستكورتى، بێزارى، شارەزايى، كامەرانى، دلخۆشى … تد.
18- ئەو ناوانەى پێشگرى (ما) يان وشەى (مێ) لەگەڵياندا بەكاردێت: مانگا، ماهين، ماكەر، مێكەو.
19- مێش و مەگەز: مێش، پێشى، مێش ههنگڤين (هەنگ)، زركێتك (زەردە واڵە)، پەلاتينك (پەپوولە)، تەڤنپيرك (جالجالۆكە)، خالخالۆك، كێز (سيسركە).
20- ئەم ناو و وێنانە: خال، خيچ (هێل)، گۆشە، سێگۆشە، چارگۆشە، لاكێشە، بازنە، نيشان، چارلا، پرسيار، بەرسڤ (وەڵام)، ئەنجام.
ب – ئەم ناوانە نێرن:
1- ناوى شتى وشك و زبر، وەك: دار(3)، بەر، گر، گەلى، كەڤر، (كێو)، خيز (زيخ)، ئاسن، زێڕ، زيڤ.
2- ناوى ئەندامە جووتەكانى لەشى مرۆڤ و گيانلەبەر: دەست، پێ، گوهـ، چاڤ، روى، باسك (بازوو)، چۆك.
3- وشەى (رەنگ) و ناوى رەنگەكان: سۆر، شين، زەر، سپى، رەش، پڕتەقالى… .
4- ناوى رەگەزى نێر لە مرۆڤان – بێگومان – نێرە: باب (باوك)، برا، مێر (پياو)، كوڕ، باپير، پسمام، خەزوور، زاڤا، مام، خال.
هەروەها ئەو ناوانەى بۆ ناونانى ئەم رەگەزە بەكار دێن:
شێركۆ، شێرزاد، ئادەم، سوار، شاسوار.
5- ئەو ناوانەى پاشگرى (ڤان) وەردەگرن و بۆ رەگەزى نێر بەكار دێن:
شڤان، گاڤان ، نێچيرڤان ، دارڤان ، رەزڤان ، سەگڤان ، زێرەڤان ، باخچەڤان ، بلويليڤان ، گەميڤان ، ئاشڤان
6- ئەوناوانەى كەتايبەتن بەپيشەى رەگەزى نێر وەك: ئاسنگەر ، زێرنگر ، ، فيتەر ، وايەرمان ، دارتاش، چايچى.
7- شيرو بەرهەمەكانى: ماست، پهنیر، نیڤشك، (كهره) ژاژى، لور، سهرتوو، كهشك.
لێرە بەپێويستى دەزانم بڵێم بنەمايێكى بەكار هێنانى زمان ئەو رێككەوتنەيە كە لە نێوان كەسەكاندا دەردەكەوێت بۆ دەستنيشانكردنى وشە و زاراوە و واتا و چەمكەكانيان، وەكو بۆ نموونە: زيخ – خيز، كن – نك، بزر – بەرزە.
ناتوانين بڵێين كامەيان راستە، بەڵام بەپێى ديالێكت دەزانىن كامەيان بەكار دێنين.
ئەم تێبينيیەم بۆ وەڵامدانەوەى پرسيارێكه كە دەڵێت:
وشە هەيە لەشوێنێك بۆ نێر و لە شوێنێكى دى بۆ به مێ دادەندرێت، وەك بۆ نموونە:
پرچ لە ئامێدى بە نێر و لە زاخۆ بە مێ دادەندرێت.
دووەم : ئەو بوارانەى كە گرينگى رەگەزى نێر و مێ تێدا رەچاو بكرێت:
1- جێناوى كەسى سێيەمى تاك كه لەگەڵ كارى تێپەڕ له كاتى رابردوودا بەكاردێت، كە ئەمانەن:
وى – He بۆ نێر.
وێ – Sheبۆ مێ. بەكاردێن.
فەرهادى پرسيارەك كر. وى پرسيارەك كر.
شيرينێ بەرسڤ دا. وێ بەرسڤ دا.
ئەگەر تێبينى ئەو پيتەى دواى ناوى فەرهاد هاتووە بكەين، دەبينين هەمان پيتە كە لەگەڵ (و)ى (وى) داهاتووە:
بەم جۆرە پيتى دواى ناوى شيرين، ئەوەى لەگەڵ (و)ى (وێ) دا هاتووە يەكە.
2- لەكاتى خستنەسەرى ناو بۆ سەرناوێكى دى نيشانەى نێر يان مێ وەردەگرێت.
كە: (ێ) بۆ نێرە و (ا) بۆ مێيە، وەك:
– زين خوشكا مێرێ بۆتانێ بوو(4).
ا: ى لەگەڵ خوشك هاتووە، نيشانەى مێيە.
ێ: ى لەگەڵ مير هاتووە، نيشانەى نێرە.
– مەلايێ جزيرى هۆزانڤانەكێ كورد بوو(4).
ێ: ى لەگەڵ مەلا و هۆزانڤانەك هاتووە، نيشانەى نێرە.
– وەڵاتێ مە خۆشە(4).
ێ: ى وەڵاتى بۆ نێرە.
– باوەرا من ب گۆتنا تەهات، چونكى يا راست بوو.
ا: ى باوەرا و گوتنا بۆ مێيە.
– دارا هشك سيبەرێ ناكەت(4). (پەندە).
ا: ى دارا بۆ مێيە.
– دلێ سۆتى ب ئاڤ ترشكان ناكەويێت(4). (پەندە).
ێ: ى دلێ بۆ نێرە.
3- كاراى ئهو رستهیه كارهكهى تێپهڕە لهكاتى رابوردوودایه نیشانهى (ى) بۆ نێر و (ێ) بۆ مێ وهردهگرێت(5). وهك:
ئازادى و نازدارێ جێژنا نهورۆزێ ل ئێكودوو پیرۆز كر.
با سەيرى ئەم رستەيه بكەين:
- ئازادێ پسمامێ دلشادى و نازدارا دۆتماما خانزادێ، جێژنا نەورۆزێ ل ئێكوودوو پيرۆزكر.
ناوەكانى ئازاد و پسمام ناوى نێرن و لەبارەى خستنە سەردان بۆيە نيشانەى (ێ) یان وەرگرتووە
ناوەكانى نازدار، دۆتمام و جێژن ناوى مێن لە بارى خستنەسەردان، بۆيە نيشانەى (ا) يان وەرگرتووە.
دلشاد ناوى نێرە و نەخراوەتە سەر وشەى دى، بۆيە نيشانەى (ى)ى وەرگرتووە.
خانزاد و نەورۆز ناوى مێن و نەخراوەتە سەر وشەى دى، نيشانەى (ا) يان وەرگرتووە.
ئەگەر لەشوێنى ناوەكانى دلشاد و خانزاد، جێناوى سەربەخۆ بەكاربێنين كە هەردووكيان كەسى سێيەمى تاكن و كارى رستەكە تێپەڕە و لەكاتى رابردوو دايە، ناونيشانەى نێرومێ بەم جۆرە پيشان دەدرێت:
- ئازادێ پسمامێ (وى) و نازدارا دۆتماما (وێ) جێژنا نەورۆزێ ل ئێكودوو پيرۆزكر.
– كەواتە ئەو (ى)يەى لەگەڵ دڵشاد و (ێ)يەى لەگەڵ خانزاد دا هاتوون، نيشانەى نێرومێن، بۆيە لە شوێنى دلشاد (وى ) و لە شوێنى خانزاد (وێ) بەكار هاتوون.
لێرهدا گرنگه بزانین نیشانهى (ێ) ئهگهر لهگهڵ ناوێكدا هات له بارى خستنهسهردا بوو بۆ نێره و له بارهكهى دیدا بۆ مێیه.
هەروەها ئەو (ێ)ى لەگەڵ وشەى ( نەورۆز)یشدا هاتووە بۆ مێيە، كەواتە: ئازاد و پسمام و دلشاد و (وى) نێرن و نازدار و دۆتمام و خانزاد و چێژن و نەورۆز (وێ) مێن.
4- بەركارى كارى رانەبردوو(6) نيشانەى نێرومێ وەردەگرێت:
- زارۆك حەز ژ دۆشاڤێ و خۆشاڤێ دكەن و حەز ژ ماستى و پەنيرى ناكەن.
دۆشاڤ و خۆشاڤ ناوى مێن بۆيە (ێ)، ماست و پەنير ناوى نێرن، بۆيە (ى) يان وەرگرتووە .
- پۆليس هەر دێ وى كەسى گريت يێ دزيێ دكەت.
لەم رستەيەدا دووجار دەنگى واته پيتى (ێ) هاتووە، كە يەكەميان بۆ كارا هاتووە كە نێرە، دووەميان بۆ بەركار هاتووە كە مێيە.
ئەگەر ناوى (كەس) بكەين بە مێ، رستەكە بەم جۆرە دەبێت:
- پۆليس هەر دێ وێ كەسێ گريت يا دزيێ دكەت.
5- بەركارى كارى داخوازى نيشانەى (ى) بۆ نێرە (ێ) بۆ مێ وەردەگرێت:
- پێنڤیسى نهفرۆشه و لێنڤیسێ سپى راگره.
- ئاڤێ ڤهخۆ، دهرمانى نهخۆ.
لەكۆتايى بابەتەكەمدا پرسيارێك ئاراستەى ئێوەى بەرێز دەكەم،
– ئايا مرۆڤێك ئەوەندە نيشانەى نێرومێ له ئاخاوتنهكهدا بهكاربێنێت، دهتوانێت دهستیان لێ بهربدات؟
پاشكۆى بابەتى: نێرو مێ لەكرمانجى باكووردا:
ئەم ناوانە مێن:
1- وشهى (خان، خانه) و ئهو ناوه لێكدراوانهى دواوشهیان (خانه)یه، وهك:
دەرمانخانە، مێهڤانخانه، چایخانە، قاوەخانە، ديوەخانە، مەيخانە، خەستەخانە (نەخۆشخانە)، بەنزينخانە، پۆليسخانە، كارخانە، زۆرخانە، پەرتووكخانە، مووزەخانە، تێشتخانە، فڕۆكەخانە، سەرتاشخانە.
2- وشەى(7) (گەهـ) و ئەو ناوه لێكدراوانەى(7) دواوشەيان (گههـ)ه، وەك:
كارگەهـ،، خوارنگەهـ، خواندنگههـ، دەزگەهـ، داينگههـ، بازگەهـ، پارێزگەهـ، پەيمانگههـ، هاڤينگەهـ، ياريگەهـ، پرسگەهـ .
3- وشەى (دان) و ئەو ناوە لێكدراوانەى دواو شەيان (دان)ه، وەك:
ئاگردان، كلدان، شەكردان، خێدان، میزلدان، مەيدان.
4- ئەم زيندەوەرانە:
كێچ، سپەهـ، رشك، خويرك Xurik، ئاخويرك.
پەراوێز:
1- ئەو رستەيەى كارەكەى تێپەڕە و لەكاتى رانەبردوو دايە ( كاراكەى ) نيشانە وەردەگرێت و لەكاتى رانەبردوودا ( بەركار) نيشانە وەر دەگرێت .
2- زۆر لەو وشانەى دوو دەنگى (رد) يان تێدايە لەكرمانجیى باشووردا بەكار دێن، لە كرماجیى باكووردا (د) ناگۆترێت و نانووسرێت، وەك:
= بردن، خواردن، كردن، مردن (پێشگر + كردن پێكردن، داكردن، هەڵكردن…).
برن، خوارن، كرن، مرن، پێكرن، داكرن، هەڵكرن…
= ئارد، سارد، بەرد، زەرد، مێرد.
ئار، سار، بەر، زەر، مێر.
3- دارى بەرى كە تەڕ و زێندووە، مێيە، وەك:
دارا هنارێ، دارا كاژێ، دارا هژيرێ، دارا سپێندارێ، كە هەمان دار دەبڕێت و هشك دەبێت،
دهبێته نێر، وهك دارێ هنارێ، دارێ كاژێ، دارێ هژیرێ، دارێ سپیندارێ.
4- رستەى ناو كتێبى پۆلى شەشەمى ئامادەیین.
5- له خاڵى دووەمى ئەم نوسينەدا، ئاماژەى بۆ كراوە و نموونەى بۆ هاتووە.
6- رانەبردوو لە كرمانجى باكووردا دووبارە (كاتى) هەيە، ئێستا و ئايندە، كە: د: نيشانەى ئێستا، دێ: نيشانەى ئايندەيە.
7- (گەهـ) لەكرمانجیى باكووردا وشەيە و واتادارە.