لە پێشەکی کتێبە چاپکراوەکەی مندا(ذاكرة الايام) کە ساڵی ٢٠١١ بە زمانی عەرەبی چاپ و بڵاو کرایەوە، (د.عەبدولفەتاح بۆتانی) پێشەکی بۆ نوسیووە لە ژێر ناوی (عن الكاتب والكتاب)، پاشان لە کتێبی ( لەگەڵ رووداوەکان ) کە ساڵی (٢٠١٩) چاپ و بڵاو کرایەوە، هەمان پێشەکیەکەی (د.بۆتانی)م هەڵبژارد، وەرگێڕدرا بۆ زمانی کوردی و لەژێر ناونیشانی (لەبارەی نوسەر و ئەم کتێبە (د. بۆتانی) دەنووسێ و دەڵێ:
(سەرەتای ساڵی ١٩٧٣ مامۆستا (فەرهاد عەونی)م ناسی، کاتێک کارگێڕی رۆژنامەی (التاخی) زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە لە خانووێکی سادەدا بوو لە ناوچەی (البتاویین) لە بەغدا.
مامۆستا (فەرهاد عەونی) گەنجێکی قشت و رێک بوو لە هەموو شتێکدا، هاوسەنگ و چالاک و سەر و سیما جیددی.
چەندین جار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رۆژنامەکەم کردووە، قەت نەمدیوە لەپشتی مێزی نووسینەکەیەوە دانیشێت و هەردەم لە جوولەدا بووە، بەو پەڕی رووخۆشی و روونی مامەڵەی لەگەڵ سەردانیکەرانی رۆژنامەکە و کارمەندەکانی دەکرد، لەراستیدا نموونەی بەڕێوەبەری لەخۆبردە و خەمخۆر بۆ سیستم و دیسپلین و بەدواداچوون بوو، تا ئێستاش کە تەمەنی شەست ساڵ تێپەڕیووە هەر ئاوایە.
تازە خەریک بوو پەیوەندی نێوانمان پتەو ببێت لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٣ لێک دابڕاین، من بۆ ئەنجامدانی خزمەتی (سەربازی)ی زۆرەملێ پەیوەندیم بە سوپاوە کرد، ئەویش لە ئاداری ساڵی ١٩٧٤ بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ و کوشتار پەیوەندی بە شۆڕشی کوردەوە کرد و تا پاییزی ساڵی ١٩٩٢ یەکترمان نەبینیەوە ئەویش پاش دامەزرانی بە سەرنوسەری رۆژنامەی رۆژانەی (برایەتی) کە بەزمانی کوردی لە هەولێر دەردەچوو، کاتێک سەرم لێدا بینیم، هەر وەک خۆیەتی لەئاستێکی بەرزی چوست و چالاکی و زیندوویتیدا، پیاوێکی خاکی و جێگای رێز و لای هاوکارانی و پێگەکەی بە نایابی پڕکردبووە.
لەبەرئەوەی هەڤاڵ فەرهاد ژیاننامە و کۆشش ناسراو و جیاوازە لە دونیای رۆژنامەگەریدا لەو رووەوە لە کاتێکی زووەوە و بە تامەزرۆییەوە پێی ناوەتە مەیدانەکە ئەمە جگە لەوەی سەربەخێزانێکە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی لە (کۆیە) هەیە.
بۆ سەرنووسەری رۆژنامەی (برایەتی ) هاتە هەڵبژاردن کە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لەسالی ١٩٩٣، لەو مێژووەوە پەیوەندیەکی دۆستایەتی پتەو لە نێوانمان دروست بوو کە مایەی شانازیمە، لە مەکتەبی دیراسات و توێژینەوەی پارتی پێکەوە کارمان کرد، جاروبار بۆ رۆژنامەکەم دەنووسی، کاتێک لە هەولێر بوومایە سەرم لێدەدا و دەبوومە میوانی لەبەر ئەم هۆیانە کاتێک داوای لێکردم پێشەکی بۆ ئەم کتێبە بنووسم کە یادەوەری و بینین و وتارەکانی خۆی بۆ خوێنەران لە خۆ دەگرێت ساتێک لە دەربڕینی رەزامەندی دوودڵ نەبووم )
خوێنەری ئازیز
کاتێ بەشێک لەو پێشەکییەی (د. بۆتانی) لێرەدا بڵاو دەکەمەوە مەبەستی سەرەکیم ئاشنابوونی خوێنەرە بەسەرەتا و مێژووی پەیوەندی (د. بۆتانی) لەگەڵ بەندەدا، چونکە کاتێ ئەو چی نووسیوە ئەوەیان دەبێتە شاهیدحاڵی راستەقینە و راست و دروستی ئەو پەیوەندیە کە تەمەنی لە (٥٣)ساڵ دەدا (١٩٧٣-٢٠٢٦) کە بێگومان تەمەنێکە وە جێگای شانازی بەندەیە .
+ قۆناغی یەکەمی پەیوەندی نێوانمان ئەو چەند رستە و وشانەی کە (د. بۆتانی) خوالێخۆشبوو ساڵی ٢٠١١ نوسیویەتی، بەڵام لەنێوان ساڵانی ١٩٧٤ تاکو رۆژانی راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بەندە دووجار بەرێکەوت (د. بۆتانی)م دیوە، جارێکیان وابزانم ناوەند یان سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابوردوو بوو کاتێک لە نۆرینگەی (عیادە) دکتۆر (زکی الملاح) لە موسڵ یەکترمان بینیەوە کە هەردووکمان هاتبووینە لای ئەو دکتۆرە، بەندە باوکم (عەونی)م هێنابووە موسڵ و( د. بۆتانی)ش کە دانیشتووی موسڵ بوو، ئەوسا ئەویش نەخۆشێکی خزمێکی نزیکی خێزانی هێنابووە لای هەمان دکتۆر، کە تێدا بۆ ماوەی نیوکاتژمێرێک بە قسە و باسی هەمەجۆر کاتمان بەسەر برد، جاری دووەمیش لەکۆتایی هەشتاکان بوو کە ئەویش دیسان بە رێکەوت بوو، کاتێ لە سەردانێکی هەولێر کە لە کۆیەوە هاتبووم لە کتێبخانەکەی کاک (ئەحمەد جەمیل) تووشی یەکبووینەوە و بۆ ماوەی نیو کاتژمێرێک پێکەوە باس و خواسمان لەسەر راووبۆچونێکی خوالێخۆشبوو (د. کەمال مەزهەر) دەربارەی بابەتێک کە پەیوەندی بە رووداوێکی مێژووییەوە هەبوو.
+قۆناغی هەرە بەهێز و بەردەوام و نەگۆڕ لەپاش راپەڕینەوە پێینایە قۆناغێکی تازەوە کە لە نێوان هەولێر و دهۆک هەمیشە پەلیان بۆ شار و هاوینەهەوارەکانی کوردستان دەهاویشت، چە لە هەندێ بۆنە و یادەوەری مێژوویی و رۆشنبیری، چە وەکو گەشت لەگەڵ هەندێ هاورێی خۆش مەشرەب بۆ دەڤەری سلێمانی،هەڵەبجە، هەورامان، کۆیە، رواندوز، ئامێدی، لالش، ئەلقوش، زاخۆ، ئاکرێ، شێخان، پردێ، شیوەسور، ئۆمەرمەندان، تەق تەق، کە زۆرجار چەند شەوێک لە هەندێ لەو شوێنانە دەماینەوە، ئەوجا لە هەمووی سەرنج راکێشتر چوونە ناو مێژووی هەندێ لەو شوێنانە، یاخود ئەو رووداوانەی کە ساڵانی رابۆردوو رویداوە، بەتایبەتیش لەسەردەمی شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کوردستان. ئەو هەمیشە ئەو رووداو و بابەتانەی بە گرنگیەوە باس دەکرد کە بێگومان لە کتێبەکانی بە راشکاوانە رەنگی داوەتەوە. هەمیشە ئەو راستیەی دەخستە روو کە پێویستە دوور لە سانسۆری هەمەجۆر چە شەخسی چە سیاسی، پێویستە راستیەکان بگوترێ، چونکە وەکو ئەو دەیگوت (بەری رۆژ بە بێژنگ ناگیری) بەڵام بێگوماندیاسن وەکو ئەو دەیگۆت (راستی گۆتن باجیشی دەوێ).
+ لەسەردانەکانی بۆ هەولێر کاتێ سەرنوسەری رۆژنامەی برایەتی بووم (١٩٩٣-٢٠٠٠) هەنگاوی یەکەمی بۆ لای بەندە کە بێگومان ئاڵ و گۆڕی بیر و ڕا، گۆڕینەوەی زانیاری، رێکخستنی دیمانە لەگەڵ هەندێ لەکەسایەتیە سیاسیەکانی ساڵانی پێشوو (برایەتی) ئاسانکاری ئەو جۆرە بەیەک گەیشتنانە بوو کە بێگومان رەنگدانەوەی لە بەرهەمە چاپکراوەکانی دەبیندرێ، کاتێ لەنێوان ساڵانی شەڕی ناوخۆ کە ئێمە هەندێکمان لە هاوینەهەواری پیرمام (مصيف صلاح الدين) بۆ ماوەی (٢٠ مانگ) تێدا ماینەوە هەولێرمان لێ قەدەغە بوو، من و برای رۆژنامەنووس (سعید یحیی) کە دەکاتە مامی (د، بۆتانی) مانگی دووجار بە ئۆتۆمۆبیلەکەی کاک سعید کە جۆری (برازیلی) بوو کە ئەوکاتە ئەو سکرتێری تەحریری رۆژنامەی (خەبات ) بوو، بەمەبەستی پەیداکردنی پێداویستیەکانی چاپ و ئامادەکردنی هەردوو رۆژنامەی (خەبات و برایەتی) بەرەو دهۆک هەنگاومان دەنا کە تێدا قۆناغی یەکەممان بارەگای گۆڤاری (مەتین) بوو کە تێدا لەگەڵ برایان (دیار محمد سعید دۆسکی و فهیم عەبدوللە و د. محمد ساڵح زێباری و رشید محمد ساڵح و د. عبدالفتاح بۆتانی و اسماعیل بادی) گەنگەشە لەسەر بابەتی مێژوویی و سیاسی و رۆشنبیری دەکران کە لە راستیدا گۆڤاری (مەتین) لەو دەڤەرە رۆڵی پێشەنگی دەبینی، شەوانەش لەناو چیمەنی ئوتێل (لومانا) دانیشتنەکان فراوانتر دەبوون کە تێدا بە بەشداری برای بەڕێز(عبدالعزیز طيب) و میوانداری ئەو، تا درەنگانی شەو بەدەم گفتوگۆی هەمەلایەنە دانیشتنەکان وەکو گۆڕینی راو و بۆچونی جۆراوجۆر لەنگەری دەهاویشت.
د، بۆتانی هەمیشە جۆرە سۆزێکی تایبەتی بۆ شاری (موسڵ) هەبوو، لەبەر ئەوەی هەموو ژیانی خۆی لەگەڵ خێزانەکەی لەو شارە بەسەر بردووە و تام و چێژێکی تایبەتی لەباس کردنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری ئەم شارە دەبینی کە بێگومان رەنگدانەوەی لەناو هەندێ لە بەرهەمەکانی هەیە.
کاتێ زانی کە رۆژنامەی (برایەتی) پڕۆژەی لە چاپدانی کتێبی هەیە، پێشنیاری لەچاپدانی بەرهەمێکی خۆی بۆ کردم و منیش بێ سێ و دوو ئامادەیی دەزگام نیشان دا کە ئەویش بریتی بوو لە کتێبی (مدرسة 11اذار / اول مدرسة كوردية في مدينة الموصل) کتێبی دووەمیش لەژێرناوی (هەڵوێستی حزبە سیاسیەکانی عێراق لەسەر کێشەی کورد (١٩٤٦-١٩٧٠) بە ئەڵقە لە رۆژنامەی برایەتی بڵاوکرایەوە، پاشان لە مەکتەبی دیراسات و توێژینەوە سەر بەمەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە زمانی عەرەبی لە ژێر ناوی (موقف الاحزاب العراقية حول القضية الكوردية) چاپ و بڵاو کرایەوە، چونکە (د. بۆتانی)یش لەساڵی ١٩٩٦ بوو بە ئەندامی ئەم مەکتەبە لەگەڵ بەڕێزان (د. ئازاد نەقشبەندی، د. سەعدی بەرزنجی، ئەحمەد سالار، یاوەر نامق سالم، فەرهاد عەونی، لیوا روکن کافی محەمەد نەبەوی، خەسرەو گۆران) کە ئەم مەکتەبە بەم شێوەیە تاکو ساڵی (٢٠٠٦) بەردەوام بوو کە هەر ئەندامێک
بابەتێکی بۆ دەستنیشان دەکرا و پاشان چاپ و بڵاو دەکرایەوە کە تێدا بڵاو کراوەکانی تاکو ژمارە (٣٥) بەردەوام بوو.
نایشارمەوە ئەگەر بڵێم؛ لەنێوانی پەیوەندی ئەو و مندا کە لەپێشەوە باسی لێوە کراوە. رۆژێک لەرۆژان لێک زویر نەبووین، هەمیشە بەوپەڕی رێزەوە ئاڵ و گۆڕی رایەکانمان دەکرد، دەتوانم بڵێم زۆریش لێک نزیک بووین، زۆرجار بە تەلەفۆنیش راوبۆچوونەکانمان دەگۆڕیەوە و هەواڵی ئەو کتێبانەمان کە تازە داستمان دەکەوتن بۆ یەکتریمان باس دەکردن.
دوا پەیوەندیمان رۆژی (31/8/2026) کاتژمێری (١٧؛١٢) دوازدە و حەڤدە خولەک بوو، چونکە (د. بۆتانی) کاتژمێر(٤٧؛١١) یانزە و چل و هەشت خولەک لە رێگای (وەتس ئەپ)ەوە وێنەیەکی بۆ ناردبووم کە لە زاخۆ لە بەهاری (٢٠١٧) گیراوە لە دامێنی (پردی دەلال) کاتێ لە سیمینارێکی کۆلێژی زاخۆ بەشداریمان کردبوو، منیش دەربارەی وێنەکە لە کاتژمێر (١٧؛١٢) دوانزە و حەڤدە خولەک تەلەفۆنم بۆ کرد و سوپاسم کرد کە ئەو وێنە یادگاریەی بۆ ناردوم کە تێدا (٩) خولەک قسەمان کرد و پێم راگەیاند کە تازە لە خوێندنەوەی بومەتەوە کە تێدا نووسەری کتێبەکە (شامل عبدالقادر) دەربارەی روخانی رژێمی پێشوو لەژێر ناوی (سقوط صدام حسين) بڵاوی کردۆتەوە کە تێدا (د. بۆتانی) بەم شێوەیە باس لە نوسەرەکە (شامل عبدالقادر) کرد و گۆتی:
شامل مێژوونووس نیە، بەڵام کۆکەرەوەیەکی بەتوانایە (جامع بأقتدار) ئەگەر منیش دەستم بکەوێ دەیخوێنمەوە.
هەواڵە زێدە ناخۆشەکەم ئاوا زانی
هاوڕێم ئەندازیار محمد قادر کاتژمێر (٥:٠٢) پێنج و دوو خولەک سەر لەئێوارەی رۆژی سێشەمە رێکەوتی (1/9/2026) پاش چاک و چۆنی گۆتی: نەتزانیوە ئەمڕۆ پێش نیوەڕۆ د.عبدالفتاح بۆتانی لەشاری موسڵ کۆچی دوایی کردوە؟ کاتێ گوێبیستی ئەم هەواڵە بووم، تاسام و قسەم بۆ نەکرا… پاش دەمێک پێی راگەیاندم کە هەواڵەکە ئەنتەرنێتی پڕ کردووە، پاش یەک دوو رۆژیش هەڤاڵی بەڕێز (نەوزەت دهۆکی) چیرۆکی گیان لەدەستدانی بڵاو کردەوە کە چۆن ئەو کۆڵەگە (عمود) پڕ لە زانیارییە مێژووییە دڵی لە لێدان کەوتوە و خواحافیزی لە ژیان کردوە، بەڵام دیسان من هەمیشە دڵی خۆم بەو شیعرەی نەمر حاجی قادری کۆیی دەدەمەوە کە دەفەرموێ:
(مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە
ئەوەی باقی بمێنە هەر ناوە )
یادت بەخێر (د. بۆتانی) برا و هاوڕێی دێرینم، هەمیشە لە یادەوەریمدا بە زیندوویی دەمێنیتەوە
١٩-٩-٢٠٢٦ هەولێر
گۆڤارا مەتین گۆڤارەکا ڕەوشەنبیری یا گشتی-هەیڤانەیە