بابەت

پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا

عەلی دۆلەمەری –  نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا

پەیوەندییەکی توند و تۆڵ و مێژوویی ھەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد لەگەل حکومەت و گەلی فەرەنسا. دەتوانین پەیوەندییەکانی فەرەنسا و گەلی کوردستان و ھەرێمی کوردستان بۆ سێ قۆناغ دابەش بیکەین:

قۆناغێک لە دوای دابەشبوونی کوردستان بۆ چوار پارچە تا ساڵی نەوەدەکان، کە ئەو قۆناغە پەیوەندییەکان تاکە کەسی بوو لە نێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسا. لە دوای نەوەدەکانەوە و دوای دروستبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تا ساڵی ٢٠٠٣ زیاتر پەیوەندییەکان، پەیوەندییەکی مرۆڤایەتی و ھاوکاری بوون، چونکە کوردستان لە دۆخێکی تایبەت و دژوار دابوو و ھیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نەبوو، و دوو گەمارۆی ئابۆری لە سەری بوون. وە لە دوای ٢٠٠٣ تاکو ئێستا چووتە قۆناغێک کە، پەیوەندییەکان پەیوەندییەکی فەرمی و نێودەۆلەتینە؛ چونکە ھەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدرالی لە دەستوری نوێی عێراق دانی پێدانرا لە ساڵی ٢٠٠٥. فەرەنسا وڵاتێکی گرنگ و ستراتیژیە و ڕۆلی سەرەکی ھەیە لە بریاردان و دانانی سیاسیەتی نێودەوڵەتیدا و ھەبوونی پەیوەندی باش لەگەل فەرەنسا لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە.

قۆناغی یەکەم:

لە دوای دابەش کردنی کوردستان بۆ چوار پارچە و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە، شۆڕشەکانی کورد لەو پارچەیە دەستی پێ کرد و لەبەر بە ھێزی و گەورەیی شۆڕشی ئەیلول، چەندین روژنامەنۆس و نۆسەری فەرەنسی سەرەدانی ھێزەکانی پێشمەرگە و بارزانی نەمریان کرد لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان و چەندین راپۆرت و بابەتیان لەسەر شۆڕشی کوردیان نوسی. دیارترینیان؛ کریس کۆچیرا، فرانسوا گزاڤیێ، رێنی موریس، ئێریک لولو و جان ماری پرادییێ بوون و چەندین کتێبیان لەسەر شۆڕشی کورد و گەلی کوردیان نووسی.

دوای دەست پێ کردنی قۆناغەکانی ئەنفال، رێکخراوی پزیشکانی بێ سنور توانیان خۆیان بگەینە ناوچە ئازادکراوەکان و ھاوکاری تەندروستی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دابین بکەن کە سەرۆکی خودی رێکخراوەکە بەرێز برنارد کوشنەر دوستی دێرینی کورد و فرێدریک تیسوت بوون کە تاکو ئێستاش پشتیوانی و ھاوکاری ھەرێمی کوردستان دەکەن. دوای ئەمانە خاتوو دانێیل میتەران بوو کە رۆڵێکی زۆر سەرەکی بینی لە بە دەستھینانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان و سەرکردایەتی کورد، چونکە لەو بارودۆخەکەدا ناوی کورد زۆر بە کەمی دەبیسترا لە وڵاتانی روژئاواییدا. خاتوو دانێیل میتەران توانی قەناعەت بە ھاوسەرەکەی بھێنیت کە سەرۆکی فەرەنسا بوو کە پشتیوانی لە کورد بکات. لە دوای قۆناغی ھەشتی ئەنفالی بادینان کە ھەزاران کەس ئاوارەی کەمپەکانی تورکیا بوون، خاتوو میتەران سەردانی کەمپەکانی کرد و بە سەدان خانەوادەی ھینایە وڵاتی فەرەنسا کە ئێستا نزیکەی پێنج ھەزار کەس دەبن.

قۆناغی دووەم :

دوای راپەرینە مەزنەکەی کوردستان لە بەھاری ساڵی ١٩٩١، پەیوەندییەکان چوونە قۆناغەکی ترەوە و پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەل ھەرێمی کوردستان چوونە بواری مرۆڤایەتی و نیمچە دیبلۆماسیەوە، چونکە فەرەنسا توانی گەورەترین دەستپێشخەری ئەنجام بدات لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بریاری (٦٨٨) لە ئەنجومەنی ئاسایش دەربچیت بۆ پاراستنی گەلی کورد .

فەرەنسا ئەندامی ھەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە، خاوەنی مافی ڤیتۆیە، وڵاتێکی پیشەسازی پێشکەوتوویە، ھەروەھا لە یەکێتی ئەورۆپا ئێستا بە ھاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا سەرکردایەتی یەکێتی ئەوروپاش دەکات. ئەم قەوارەی کە ئێستا ھەیە، قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بە دەستپێشخەری حکومەتی فەرەنسا بوو. لە نەتەوە یەکگرتووەکان ماددەی (٤١)ی ھەیە، کە باس لەوە دەکات (بەھێز دەتوانێت بەھانای گەلانەوە بچێت) بەڵام گرنگتر لەو ماددەیە ئەوەیە کە کێ ئەو ماددەیە بجولێنێت؟ فەرەنسا رۆڵێکی کاریگەری ھەبوو لە جولاندنی ئەو ماددەیە و ھێنایە ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆیە لە دەرچوونی بڕیاری (٦٨٨) و درووستبوونی ناوچەی دژەفڕین لە باشووری کوردستان، فەرەنسا نەک ھەر دەورێکی گرنگی ھەبوو بەڵکو بریارەکەش لەژێر رۆشنایی ئەو پرۆژە یاسایە دەرچوو کە فەرەنسا لە سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٩١ ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و لە پرۆژە یاساکەدا داوای کردبوو کە ئەنجوومەنی ئاسایش کۆمەڵکوژییەکانی عێراق لە دژی گەلی کورد ئیدانە بکات، دوای ئەوە لە ٥ی ھەمان مانگ ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە عێراق کرد دەست لە کوشتنی کورد ھەلگرێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤیش بگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری (٦٨٨) دەرچوو و لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەوکات بە ١٠ دەنگی بەڵێ و ٣ نەخێر و ٢ دەنگی بێلایەن بڕیارەکە دەرچوو.

دەتوانین بڵێین لە مێژووی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە یەکەمین بڕیاربوو کە لە بەرژەوەندی کورد بێت و بتوانێت کورد بیپارێزێت لە جینۆساید، جگە لەوە ئەو کات دامەزراندنی شوێنێکی ئارام بەکرداری راگەیاندنی ھەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ بوو بۆ کورد و لەلایەکی دیکەوە بڕیارەکە پێشینەیەک بوو بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو کارەساتانەی کە بە سەر گەلی کورددا دەھاتن، ھەروەھا یەکەمجار بوو لە بەڵگەنامەکانی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان دا باسی پاراستنی گەلی کورد کرابێت کە فەرەنسا لە سەرەتاوە تاوەکو دەرچوونی بڕیارەکە و جێبەجێکردنیشی دەورێکی باڵای ھەبوو، و چاودێری دۆخەکەی دەکرد. ئەو کاتەش کە ملیۆنەھا کورد لە سنورەکانی ئێران و تورکیا بوون لە ترسی ھێرشەکانی رژێمی عێراقدا و کەس بە ھانایەوە نە دەھات، حکومەتی فەرەنسا و بە تایبەتی ھەوڵ و ھیمەتی خاتوو دانێیل میتەران ھاوژینی سەرۆکی فەرەنسا فرانسوا میتەران دەورێکی زۆر گرنگی ھەبوو لە دەرچوونی ئەم بڕیارە. ناتوانین رۆڵی ئەنیستیتوتی کوردی لە پاریس بە تایبەتی کاک کەنداڵ نەزان و رۆلی رەوەندی کوردستانی لە بیر بیکەین. ئەم قەوارەی کە ئێستا ھەیە بە ناوی ھەرێمی کوردستان، دەتوانین بڵێین فەرەنسا ڕۆڵی زۆر مێژووی تێدا بینیوە و دەستپێشخەر بووە لە دروستکردنی ئەم قەوارەیە وە ھەمیشە فەرەنسا ھەوڵی ئەوەی داوە کە ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد بپارێزێت نەک تەنھا لە باشووری کوردستان، بەڵکو لە پارچەکانی تریشدا بە ھانای گەلی کوردەوە ھاتووە کە ئەمە جێگای رێز و پێزانینە. بۆ یەکەمین جار سەرۆکی فەرەنسا بەرێز فرانسوا میتەران پێشوازی لە جەنابی سەرۆک بارزانی کرد لە کوشکی کۆماری لە ساڵە ١٩٩٢ بوو، کە ئەوە یەکەمین جار بوو سەرۆک بارزانی لە لایەن سەرۆکی وڵاتێکی گرنگ و زلھێز پێشوازی لێ بکرێت.

فەرەنسا زۆر ھەوڵی ئاشتەوایی دا لە نێوان پارتی و یەکیتی. لە دوای شەری ناوخۆ، ھەردوو شاندەکە بۆ پاریس داوەت کرد و بۆ ماوەی ھەفتەیەک لە کوشکی رامبویێ، بە ئامادەبونی نوێنەری سەرۆک کۆماری فەرەنسا گفتگویەکی زۆر کرا ئەو گفتگویە زۆر پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی و زۆربەی خالەکانی رێکەکەوتنی واشنتون لە فەرەنسا رێکەوتنیان لە سەر کرابوو.

ھەر لەو قواناغەدا بوو کە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسادا بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی فەرمی لە نەورۆزی ساڵی ٢٠٠١ کرایەوە کە ئەو کات بەڕێز کاک سەیوان بارزانی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو کە پەیوەندیەکی باشی دروست کردوە لەگەڵ حکومەتی فەرەنسی و ھەموو ئەو کارانەش کە ئەنجامدران شاھیدی ئەوەن کە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و  مێژووی بینیوە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو و ستراتیژی لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فەرەنسی لە لایەک و لە لایەکی تر لە نێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسیدا.

لەسەر ھەموو ئاستەکان لەگەڵ فەرەنسا کارەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بریتین؛ لە ڕێکخستن و بەرەو پێشبردنی پەیوەندیە کەلتوری، روشنبیری، بازرگانی، ئەکادیمی، سیاسی، دیبلۆماسی و کۆمەڵایەتیەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ فەرەنسا و پاراستن و بەرگریکردن لە بەرژوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا.

ھەروەھا لایەنێکی دیکەی ئەرکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بریتییە لە ھاوکاریکردنی رەوەندی کوردستانی لەم وڵاتە و پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو ھاوڵاتیانەی ھەرێمی کوردستان کە لە فەرەنسا دەژین، ھەروەھا ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەر کەس و رێکخراو و لایەنێکی کوردستانی دەکات کە ھەوڵی پتەوکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان دەدەن لە فەرەنسا.

قۆناغی سێیەم :

لەم قۆناغە پەیوەندییەکان چوونە بواری فەرمی و دیبلۆماسی لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی نوێ و بە فەرمی ئیعتراف کردن بە ھەرێمی کوردستان و چەسپاندنی لە ناو دەستوری نوێ ساڵی ٢٠٠٥. ئەگەر بێین تەماشای بکەین ئەو پەیوەندیانەی ئێستا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا دا ھەن پەیوەندی زۆر مێژوویی و  پتەون لەسەر ھەموو ئاست و بوارەکاندا، لە بواری سیاسی، دیبلۆماسی، رۆشنبیری، زانستی، ئابوری، ئەکادیمی و ھتد… بۆیە من دەتوانم بڵێم بە شێوەیەکی گشتی کە فەرەنسا یەکەمین وڵاتە بە واقعی دۆستی گەلی کورد و ھەرێمی کوردستانە لە کاتی خۆشی و ناخۆشیەکان دا بەتایبەتی لە کاتە ناخۆشیەکان و نمونەش زۆرن وەکو؛ ساڵی ١٩٩١ کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، ساڵی ٢٠١٤ ئەو کاتەی داعش ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستانی کرد، فەرەنسا یەکەمین وڵاتی ئەوروپی بوو کە ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستانی کرد لە شەری دژی داعش و خودی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد وە یەکەمین سەرۆک کە سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردبێ سەرۆکی فەرەنسایە.

تاکو ئێستا زیاتر لە ١٠ کوبۆنەوەی فەرمی لە نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکەکانی فەرەنسا لە پاریس و ھەولێر سازکراون. دوو جار سەرۆک ھولاند و یەک جاریش سەرۆک ماکرون سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە کە ئەوەش دەسکەوتێکی زۆر گرنگ و ستراتیژیە بۆ ھەرێمی کوردستان کە سەرۆکی دەوڵەتێکی بە ھێز وەکو فەرەنسا سەردانی ھەولێر بکات.

پاش دانپێدانی ھەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدرالی لە دەستوری عێراقدا، فەرەنسا یەکەمین وڵاتی ئەوروپی بوو کە کونسولخانەی خۆی لە ھەولێر کردوە و پاشان وڵاتانی تر بە دوای فەرەنسا کونسولخانە و نوێنەرایەتی خۆیان لە ھەولێریان دامەزراند. بێجگە لەوە ئێستا چەندین دام و دەزگای فەرمی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستانن وەکو؛ ئەنستیتوتی کەلتوری، سەنتەری شوێنەواری و دوو قوتابخانەی فەرەنسی و ھتد…

لە بواری ئابوریەوە چەند کۆمپانیای گەورە ھەیە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن. سەبارەت بە پاڵپشتی فەرەنسا بۆ ژێرخانی ئابوری ھەرێمی کوردستان لە ھەر کاتێکدا پێویست بوو بێت فەرەنسا درێخی نەکردووە، پاڵپشتییە ئابورییەکان ئەگەر راستەوخۆش بە ناردنی بڕە پارەیەکەوە نە بوو بێت بە شێوەی نا راستەوخۆ و بە چەندین شێوە فەرەنسا یارمەتی ھەرێمی کوردستانی داوە، لە دوای ساڵی ١٩٩١ چەندین ھەزار کتێبی خوێندن بۆ قوتابخانەکان لە فەرەنسا چاپ کران و رەوانەی ھەرێمی کوردستان کران، جگە لە درووستکردن و نۆژەنکردن و فراوانکردنی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە چەند گوندێکی دوورە دەست لە پارێزگای ھەڵەبجە و دھوک  و دەتوانین بڵێین بەشێکە لە یارمەتی و پاڵپشتیکردنی ئابووری ھەرێمی کوردستان، یان نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و دابینکردنی پێداویستی کەمپی ئاوارەکان لە باشووری کوردستان  کە دەتوانین بە ھەمان شت سەیر بکرێن، ئەوە جگە لەوەی زۆر جار حکومەتی فەرەنسا ھانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەدات بە مەبەستی وەبەرھێنان رو لە ھەرێمی کوردستان بیکەن. لە ساڵی ٢٠١١ نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا کۆنفرانسێکی ئابوری سازی کرد لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای مێدیفی فەرەنسا کە گەورەترین دەزگای ئابوری فەرەنسایە کە سەرپەرشتی کومپانیاکانی فەرەنسا دەکات. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو، لەگەڵ شاندێکی پایە بەرز لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و چەندین کومپانیای کوردستان بەشداریان تێدا کرد و دوای ئەو کونفرانسە چەندین کۆمپانیای فەرەنسی ھاتنە ھەرێمی کوردستان  و کاریان کرد.

لە دوای رووداوە نە خوازیارەکانی مانگی ئوکتۆبەری ٢٠١٧، حکومەتی فەرەنسی توانی دەستپێشخەریەکی گەورە بکات و توانی ئابلۆقەی سیاسی و دیبلۆماسی سەر ھەرێمی کوردستان بشکێنێت کە دەتوانم بڵێم نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە تەواوی ستافەوە رۆلێکی زۆر گرنگی ھەبوو لە ئەنجام دانی دەست پێشخەری حکومەتی فەرەنسا بۆ ھێور کردنەوەی دۆخەکە و داوەتکردنی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاریس لە سەرەتای مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٧. ھەروەھا نابیت رۆلی رەوەندی کوردستانی لە بیر بکەین کە  دەورێکی گرنگیان ھەبوو بە ئەنجامدانی چەندین خۆپیشاندان لە بەردەم تەلاری پەرلەمانی فەرەنسا، ئەنجومەنی پیران، ھەروەھا دۆستەکانمان وەکو بێرنار ھێنری لیڤی فەیلەسوفی بەناوبانگی فەرەنسا، بێرنارد کۆشنەر دوستی دێرینی کورد، خاتوو ئان ھیدالگو سەرۆکی شارەوانی پاریس، چەندین ئەندام پەرلەمان و سیناتۆر کە بە ھەموومان توانیمان قەناعەت بە کوشکی کۆماری فەرەنسا بھێنین بۆ یارمەتی دانی ھەرێمی کوردستان لەو دۆخە ناخوشەدا. ئێستا دوسیەی ھەرێمی کوردستان بۆتە دوسیەیەکی گرنگ لە ناو سیاسیەتی درەوە و  کۆشکی کۆماری فەرەنسا دا وە بەردی بناغەکەش دەگەرێتەوە بۆ یەکەمین سەردانی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی لە مانگی ٦ی ٢٠١٠دا، کە بە شێوەیەکی فەرمی وەکو یەکەمین سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا لە کۆشکی ئیلیزێ لەلایەن سەرۆک نیکۆلا سارکۆزیەوە وە لە ھەمان ڕۆژ یاداشتنامەیەک واژۆ کرا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فەرەنسا لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کە جەنابی سەرۆک بارزانی و بێرنارد کۆشنەر کە ئەو کاتە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بوو کە چەندین خاڵی لە خۆی گرتبوو بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا بچنە قۆناغێکی ترەوە. پەیوەندیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ کۆشکی کۆماری، وەزارەتی دەرەوە، پەرلەمانی فەرەنسا، ئەنجومەنی پیران واتە سێناتی فەرەنسا، دامو دەزگای تری فەرمی فەرەنسی زۆر زۆر باشە. چەندین رێکەوتنامە لە نێوان دام و دەزگای ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا واژۆ کرایە. یاداشتنامەیەک واژۆ کرا لە نێوان سەرۆکی شارەوانی پاریس خاتوو ئان ھیدالگو و پارێزگاری پێشوی ھەولێر نەوزاد ھادی لە ساڵی ٢٠١٩ کە ئەمە جێگای دڵخۆشکەرە کە ھەولێر لەگەل یەکێک لە پایتەختە ھەرە گرنگەکانی دونیا رێکەوتنامەی دوستایەتی واژۆ بکات… ھەروەھا توانیشمان ھەولێر بکەین بە ئەندامی ھەمیشەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکۆفۆنی کە نزیکە ٣٩٥ شارەکانی جیھان ئەندامن لەو رێکخراوە نێودەوڵەتیە دا، ھەولێر بە کۆی دەنگ لە ساڵی ٢٠١٩ لە کۆبوونەوەی گشتی رێکخراوەکان لە شاری کیگالی لە رواندا بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر بو بە ئەندامی رێکخراوەکە. چەندین زانکۆی کوردستان یاداشتنامەیان واژۆ کردوە لەگەل زانکۆکانی فەرەنسا وەکو زانکۆی کوردستان لەگەل زانکۆی ساینس پوی پاریس، زانکۆی سۆران لەگەل زانکۆی گرونوبل، زانکۆی سەلاحەدین لەگەل زانکۆی روئان و زانکۆی پاریسی ٦، خەریکن لەگەڵ زانکۆکانی تریش، ئێمە ھاوکاریان بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ زانکۆکانی فەرەنسا دا یاداشتنامە واژۆ بکەن.  لە پەرلەمانی فەرەنسا گرۆپی دیراسەی دوستایەتی کوردی و فەرەنسی ھەیە کە زیاتر لە ٣٠ ئەندام پەرلەمانی فەرەنسی تیادا ئەندامن و ھەروەھا لە ئەنجۆمەنی پیرانیش گرۆپی دوستایەتی ھەیە و پەیوەندییەکی بە ھێزمان لەگەل سەرۆکی ھەردوو کۆمسیونی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجۆمەنی نیشتمانی و پیرانی فەرەنسا ھەیە. پەیوەندی زۆر باشمان لەگەل سەنتەرەکانی توێژینەوە لەسەر رۆژھەڵاتی ناوەراست ھەیە و ھەروەھا لەگەل پەیمانگەی فەرەنسی بۆ پەیوەندییە نێودەولەتییەکان و بەشی رامیاری و دیبلۆماسی چەندین زانکۆی فەرەنسا مان ھەیە. بەشدار دەبین لە سێمینار و کۆنفرانسەکان کە لەسەر رۆژھەڵاتی ناوەراست و عێراق و کوردستان ساز دەکرێت لەبیر نەکەین سەرۆکی فەرەنسا دوو جار پێشوازی لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە لە کۆشکی ئیلیزێ بە شێوەیەکی فەرمیدا کە ئەمەش دەستکەوەتێکی زۆر گەوەرەیە بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان چونکە پێشمەرگە قارەمانەکان دەورێکی زۆریان بینیوە بۆ ئازادکردنی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١و ھەروەھا لە تێکشاندنی داعش و تیروریستان، وە فەرەنساش یەکەمین وڵات بوو کە بەشداری لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەری داعشدا کرد، سێ رۆژ پاش ھێرشی داعش وەزیری دەرەوی ئەو کاتی فەرەنسا لۆران فابیوس سەردانی ھەولێری کرد کە ئەوەش پشتیوانیەکی زۆر بوو بۆ کوردستان لە کاتی تەنگانەدا، وە مانگێک دواتر خودی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی بەغدا و ھەولێری کرد کە ئەمەش زۆر گرنگ بوو. ھەروەھا فەرەنسا ڕۆڵێکی زۆر مێژوویشی بینی لە ھێورکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تاکو ئێستا بەردەوامە بە تایبەتی سەرۆکی ئێستا سەرۆک ماکرۆن ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی تر عێراقێکی سەقامگیر دروست بکات بە ھەرێمێکی کوردستانی بەھێزەوە، ھەروەھا لە بواری خوێندندا چەندین قوتابی کورد ھاتووە بۆ فەرەنسا لە چوارچێوەیەک، لە پێش چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازی و لە چوارچێوەی تواناسازیەوە کە توانیان خوێندنی خۆیان لە ماستەر و دکتۆرا تەواو بکەن و ئێستا لە دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بەکار بن. لە بواری ئابورییەوە زیاتر لە ٣٠ کومپانیای فەرەنسی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن لە کەرتە جیاوازەکاندا و ھەروەھا پەیوەندی باش ھەیە لە بوارەکانی تر وەکو روشنبیری، کەلتوری، ئەکادیمی و زانستی…

سەبارەت بە ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان ھەولێر و شارەوانی پاریس دا کراوە؛ پاریس پایتەختی وڵاتی فەرەنسایە، شارێکی گەورەیە ھەم لە ڕووی ئابوری، تەکنەلۆژی، بەڕێوەبردنی شار، ھویەکانی گواستنەوەی گشتی، باخچە و پارکەکان و بوارەکانی تری تایبەت بە شار کە ھەولێر و ھەرێمی کوردستان دەتوانن سودێکی باش لەو رێککەوتنامەیە ببینین لەگەل شاری پاریس  ھەروەھا یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکان کە بێت لەگەڵ ھەولێری پایتەختدا یاداشتنامەیەکی ھاوکاری واژۆ بکا کە ئەمە خۆی لە خۆی دا گرنگیەکی زۆرە کە گرنگی بە ھەرێمی کوردستان دەدات. ھەروەسا سەرۆکی شارەوانی پاریس بەرێز خاتوو ئان ھیدالگو دوو جار سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٩ بە تەمایە لە داھاتووشدا جارێکی دیکە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات. چەندین ئاڵوگۆر ھەبووە لە نێوان ھەولێر و پاریس دا و چەندین شاندی پارێزگای ھەولێر بەشداری چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کردووە لە پاریس و وڵاتانی ترو سودیان لە ئەزمونی پاریس بینیوە. لە ماوەی ڕابردوودا توانیمان قەناعەت بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە تایبەتی بەشی سەنتەری قەیرانەکان بینین کە ھاوکاری تەواوی نەخۆشخانەی ھەڵەبجە بکەن لە ڕووی دابینکردنی کەرەستە و دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە.حکومەتی فەرەنسا خەریکی دروست کردنی نەخوشخانەیەکی گەورەیە لە شاری شنگال و ھەروەھا چەندین رێکخراوی حکومی و نا حکومی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ یارمەتیدانی دام و دەزگا و کەمپی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستاندا. سەبارەت بە رەوەندی کوردستانیدا، ھەبوونی چەندین کۆمەلە و رێکخراو بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی کاری تێدا بکەین بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی کەلتوری و روشنبیری و بوارەکانی تردا بۆ ناساندنی دوزی رەوای کورد و ھەروەھا دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان گەل و حکومەتی فەرەنسا. جێی خۆشبەختانەیە کە ئەمرۆ گەلی کورد و رەوەندی کوردستانی وێنەیەکی زۆر جوانی لە فەرەنسا دا ھەیە توانیویەتی ڕای گشتی خەڵکی فەرەنسا بۆ خۆی ڕابکێشێ چونکە ھەر تاکێکی کورد لەم وڵاتەدا دەتوانێ ببێتە نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری گەلی کوردستان بۆ دۆزی ڕەوای کورد .

بۆ یەکەمین جاریش، سەرۆکی فەرەنسا ئێمانوئێل ماکرون، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرێز جەنابی کاک مسرور بارزانی بۆ پاریس بە فەرمی داوەت بکات و چەندین کوبونەوەی گرنگی لەگەل سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆکی سێنات و سەرۆکی شارەوانی پاریس و دەزگای مێدێف کە دەزگای بازرگانی و ئابوری کومپانیاکانی فەرەنسایە ئەنجامدا. بۆیە دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی بلێین کە یەکەمین وڵات پەیوەندی بە ھێزی لە گەل ھەرێمی کوردستان ھەیە لە گشت بوارەکاندا وڵاتی فەرەنسایە کە دوستی راستەقینەی ھەرێمی کوردستانە.

ڤان بابەتان ببینە

گەلەك زانا و بیرمەند و فەیلەسوف و جڤاكناس و دەروونناسێن جیهانی هەر ژ كەڤن و …