بابەت

ناسیۆنالیزم یەکێکە لە بەهێزترین هێزە دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیی مۆدێڕندا. ناسیۆنالیزم لە لایەک دەتوانێت یەکڕیزی، شانازیی نەتەوەیی و تەباییی کۆمەڵایەتی بهێنێتە ئاراوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەتوانێت بەستێنی توندوتیژی، هەڵاواردن و جەنگ بێت. تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی دەروونیی ناسیۆنالیزم ڕێگەمان پێ دەدات نەتەنیا وەک ئایدیۆلۆجیایەک، بەڵکوو وەک دیاردەیەکی دەروونیکۆمەڵایەتی لێی بکۆڵینەوە.

پێشەکی

لە زۆرێک لە ناوچە کوردستانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کورد ڕووبەڕووی چالێنجگەلی مێژوویی و پێکهاتەیی وەک سنووردارکردنەوەی سیاسی، هەڵاواردنی کولتووری و ئاڵۆزیی ناسنامە بووەتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، سیاسەتوانانی کورد بۆ تێگەیشتنی قووڵ لە بارودۆخی خۆیان و ئەو کۆمەڵگەیەی کە نوێنەرایەتیی دەکەن، پێویستیان بە زانستێکی دیکە هەیە، ئەویش لە دەرەوەی شیکارییە ئابووری یان سەربازییە باوەکان. لەم ڕێگەیەدا، «دەروونناسیی سیاسی و دەروونناسیی ناسیۆنالیزم» دەتوانن ئامرازێکی کاریگەر بن.

پێناسەی ناسیۆنالیزم لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە

ناسیۆنالیزم بریتییە لە ئایدیۆلۆجیا یان هەستێکی قووڵی گرێدراوی بە نەتەوەیەک کە بەستراوەتەوە بە باوەڕێک بە باڵادەستیی نەتەوەیی، مافی سەروەری یان سەربەخۆیی.

ناسیۆنالیزم گرێدراوییەکی دەروونییە بە نەتەوەیەکەوە کە ڕەنگە لە ڕێگەی بیروباوەڕ سەبارەت بە باڵادەستیی نەتەوە و مافی سەروەریی سیاسی، خۆی دەرببڕێت (Smith, 1991; Mummendey et al., 2001).

لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیدا، ناسیۆنالیزم وەک جۆرێک لە «ناسنامەی بەکۆمەڵ» پێناسە دەکرێت. ئەم ڕێبازە جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ پێویستی بە ئینتما هەیە و «نەتەوە» یەکێکە لە گرنگترین گرووپە سەرچاوەکان بۆ پێکهاتنی ناسنامە.

ناسیۆنالیزم بریتییە لە هەستکردن بە ئینتما و وەفاداری بۆ نەتەوە کە زۆرجار هەستکردن بە باڵادەستی بەسەر گرووپەکانی دیکەی لەگەڵە. ئەم هەستە دەتوانێت یەکگرتووییی کۆمەڵایەتیی نێو گرووپەکان و دەمارگرژی بەرانبەر بە گرووپەکانی دەرەوە بەهێز بکات  (Tajfel & Turner, 1986).

لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی ناسنامەوە، ناسیۆنالیزم وڵامێکی دەروونییە بۆ پێویستیی مرۆڤ بە هەبوونی هەستێکی جێگیر بۆ خود لە جیهانێکی ئاڵۆز و ناجێگیردا.

ناسیۆنالیزم جۆرێکە لە پێکهاتەی ناسنامەیی کە تاکێک خۆی لەگەڵ نەتەوەیەک یان ئەتنیکێکی دیاریکراودا دەناسێنێتەوە، بۆ ئەوەی هەستی بەردەوامی، یەکگرتوویی و مانا لە ژیانیدا بدۆزێتەوە (Erikson, 1968).

ناسیۆنالیزم بریتییە لە پێکهاتنی «ناسنامەیەکی سیاسی- سۆزداری» کە تێیدا تاک، نەتەوە وەک سەرچاوەی سەرەکیی ڕەوایی، بەها و مانا دەبینێت و ئامادەیە نرخی بۆ بدات، تەنانەت بە تێچووی توندوتیژی یان قوربانیدان (Huddy & Khatib, 2007).

 

ڕەهەندە دەروونییەکانی ناسیۆنالیزم

– ناسنامەی کۆمەڵایەتی و ناسیۆنالیزم؛ بەپێی تیۆریی ناسنامەی کۆمەڵایەتی (Tajfel & Turner)، ناسیۆنالیزم ڕەگ و ڕیشەی لە خواستی مرۆڤدا هەیە بۆ ئەوەی سەر بە گرووپەکان بێت. تاک بە «نەتەوە» خۆی پێناسە دەکات و خۆی لەگەڵ «ئەوانی تر» بەراورد دەکات. جیاوازیی ئێمە/ ئەوان دەبێتە هۆی هەستکردن بە باڵادەستی و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی دوژمنایەتی لەگەڵ گرووپەکانی تر.

– هەست و ورووژی گرووپی؛ ورووژ و هەستەکانی وەک شانازیی نەتەوەیی، بچووککردنی بێگانە، تووڕەیی لەهەمبەر هەڕەشەی دەرەکی و هەستکردن بە قوربانیبوون، لە بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمدا زۆر کاریگەرن. ئەم هەستانە لەلایەن میدیاکان، ڕێبەرە کاریزماتیکەکان یان پەروەردەی فەرمییەوە دەورووژێنرێن.

– پێویستی بە یەکگرتووییی دەروونی(1)؛ ئەو کەسانەی مەیلی بەرزیان بە دڵنیاییی دەروونی و ڕێکوپێکیی فیکری هەیە، زیاتر هۆگرییان بە ئایدیۆلۆجیای ناسیۆنالیستی هەیە. ناسیۆنالیزم چوارچێوەیەکی مانادار بۆ تێگەیشتن لە جیهان پێشکەشیان دەکات.

– نارسیسیستی بەکۆمەڵ(2)؛ جۆرێک لە خۆبەگەورەزانینی گرووپییە کە پەیوەندیی بە هەستیارییەکی توند بەرانبەر بە هەڕەشەی دەرەکی و پێویستی بە پەسەندکردنی بەردەوامی گرووپی هەیە. ئەم دیاردەیە دەتوانێت بەستێنی دوژمنایەتی بەرانبەر کۆچبەران، کەمینەکان یان دەوڵەتەکانی تر بخوڵقێنێت.

جۆرەکانی ناسیۆنالیزم لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە

– ناسیۆنالیزمی مەدەنی؛ ئینتما بە نەتەوە لەسەر بنەمای بایەخە هاوبەشەکان و بەشداریی سیاسی.

– ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی؛ ئینتما بە نەتەوە لەسەر بنەمای ڕەگەز، خوێن، زمان و فەرهەنگ.

– ناسیۆنالیزمی بەرگری؛ وڵامی هەستەکی بە هەڕەشەی دەرەکی یان سووکایەتیی مێژوویی.

– ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانە؛ بانگەشەی سەرتربوون و زاڵبوون بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا.

 

ڕۆڵی میدیا لە دەروونناسیی ناسیۆنالیزمدا

میدیاکان و سەرکردە سیاسییەکان، بۆ ورووژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی، لە هێما نەتەوەیییەکان، یادەوەرییە بەکۆمەڵەکان و گێڕانەوەی «ئێمە بەرانبەر ئەوان» کەڵک وەردەگرن. ئەم پرۆسەیە دەتوانرێت هەم بۆ بەهێزکردنی هاودەنگی و هەم بۆ هاندانی توندوتیژیی نەتەوەیی بەکار بهێنرێت. بۆ نموونە: «پڕوپاگەندەی سیاسی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا، میدیا دەوڵەتییەکان لە ڕژێمە ئۆتۆریتەخوازەکاندا و گوتاری ناسیۆنالیستی لە کاتی هەڵبژاردن یان قەیرانەکاندا.»

بەپێی دەروونناسیی ناسنامە، میدیاکان بە پیشاندانی بەردەوامی هێما نەتەوەیییەکان، وڵات، ئاڵا، پاڵەوانە مێژوویییەکان و سنوورەکانی دوژمن/ دۆست، لە بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی لە زەینی بینەردا، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. بۆ نموونە، پیشاندانی بەردەوامی وێنەی شەهیدانی وڵات، ئوستوورە نەتەوەیییەکان یان مۆسیقای نەتەوەیی لە تەلەفزیۆنەکاندا، هەستی ئینتمای نەتەوەیی، ناوەکیسازی دەکات.

میدیا دەتوانێت هەست و سۆزی گرووپی، وەک شانازیی نەتەوەیی، تووڕەیی بەرانبەر بە بیانییەکان، ترس لە هەڕەشەی دەرەکی یان هاوسۆزی بۆ ئازارەکانی نەتەوە بورووژێنێت، بەمەش کاردانەوەی ناسیۆنالیستی بەهێزتر بکات.

لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیدا، زۆرجار ناسیۆنالیزم بە هەستەکانی «ئێمە بەرانبەر بە ئەوان» بەهێز دەکرێت؛ میدیاکان ئەم سنووربەندییە زەق دەکەنەوە (Tajfels Social Identity Theory).

لە سەردەمی ئینتەرنێتدا، سۆشیال میدیا بووەتە سەکۆیەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانەوەی ناسیۆنالیزم. مرۆڤە ئاسایییەکان دەتوانن بە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک کە ئاڵا، سروودی نیشتمانی، سووکایەتیکردن بە کەسانی دیکە، یان هاندانی هەستی بەکۆمەڵ لەخۆ بگرێت، لە بەرهەمهێنانەوەی ناسیۆنالیزمدا بەشداری بکەن.

ئێستا «ناسیۆنالیزمی ئەلیکترۆنی»(3) یەکێک لە بوارە نوێیەکانی لێکۆڵینەوە لە دەروونناسیی سیاسییە.

 

ڕۆڵی پەروەردە و بارهێنان لە گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمدا

کولتوور، سیستەمی پەروەردە، مێژووی فەرمی و هێما گشتییەکان لە گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. دەروونناسیی گەشەی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات کە ئینتمای نەتەوەیی لە منداڵییەوە و لە ڕێگەی ئاڵا، سروود، چیرۆکی مێژوویی و دروستکردنی دوژمن لەوانی دیکە، دروست دەبێت.

لە زۆرێک لە وڵاتان، بەرنامەی قوتابخانەکان بریتین لە فێرکردنی مێژووی نیشتمانی، جوگرافیا، ئەدەب و زمانی فەرمیی وڵات. ئەم پەروەردەیە بە جەختکردنەوە لەسەر پاڵەوانە مێژوویییەکان، ڕووداوە شکۆمەندەکان و هەڕەشە مێژوویییەکان لەلایەن بیانییەکانەوە، هەستی ناسیۆنالیزم لە منداڵان بەهێز دەکات. بۆ نموونە، پەروەردە لەبارەی شۆڕشەکان، جەنگەکان، یان فەتحە مێژوویییەکان، بە ئامانجی چاندنی «شانازیی نەتەوەیی» ئەنجام دەدرێت.

قوتابخانەکان بە فێرکردن و نیشاندانی بەردەوامی هێماکانی وەک سروودی نەتەوەیی، ئاڵا، ڕێوڕەسمە نەتەوەیییەکان و کەسایەتییەکانی دامەزرێنەری وڵات، جۆرێک لە «ناسیونالیزمی هێمایین» لە زەینی منداڵاندا دەچێنن. هەر لە قۆناغی سەرەتایییەوە کاتێک سروودی نیشتمانی دەگوترێتەوە، دەبێ قوتابییان بە پێوە ڕابووەستن و سڵاو لە ئاڵا بکەن، ئەمەش وردەوردە وڵامێکی سۆزداری و ناسنامەیی بۆ ئەو هێمایانە، لە زەینیاندا دروست دەکات.

 

کاریگەرییە دەروونییەکانی هێما نەتەوەیییەکان لەسەر ناسیۆنالیزم

کاریگەرییە دەروونییەکانی هێما نەتەوەیییەکان لەسەر ناسیۆنالیزم، بابەتێکی سەرەکییە لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و دەروونناسیی سیاسیدا، چونکە هێما نەتەوەیییەکان (وەک ئاڵا، سروود، نیشانە، زمان، کەسایەتییە مێژوویییەکان و تەنانەت جلوبەرگ) ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ناسنامەی بەکۆمەڵ، هەستی ئینتما و هەڵسوکەوتی سیاسیی تاکەکان هەیە.

– چالاککردنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی؛ بەپێی تیۆریی ناسنامەی کۆمەڵایەتی (Tajfel & Turner, 1986)، هێما نەتەوەیییەکان دەبنە هۆی ئەوەی تاکێک خۆی وەک ئەندامی «ئێمە»یەکی گەورەتر پێناسە بکات. بینین یان بەکارهێنانی ئەم هێمایانە (بۆ نموونە ئاڵا یان سروود)، هاودەنگیی گرووپی و هەستی ئینتما بە نەتەوە زیاد دەکات. ئەم «چالاککردنەوەی ناسنامە»یە دەتوانێت ناسیۆنالیزم لە ئاستە جیاوازەکاندا (لە نەرمەوە بۆ توندڕەو)، بەهێز بکات.

– ورووژاندنی هەستی بەکۆمەڵ(4)؛ هێما نەتەوەیییەکان بەزۆری پەیوەستن بە بارگەی بەرزی سۆزدارییەوە: «شانازی، بەرزەخۆیی، فرمێسک، خەم، تووڕەیی یان دڵتەنگی.» توێژینەوە دەروونناسییەکان دەریانخستووە کە بینینی ئاڵا یان بیستنی سروودی نیشتمانی، ناوچە سۆزدارییەکانی مێشک چالاک دەکات (وەک ئامێگدالا).

– زیادکردنی یەکگرتووییی نێو گرووپەکان(5)؛ هێماکان وەک «نیشانە هاوبەشەکان» کار دەکەن کە هەستی یەکگرتوویی و لێکچوون دروست دەکەن؛ وەکوو یەکپۆشی بۆ سەربازی یان جلوبەرگی نەریتی بۆ ئەتنیکێک. لە دۆخە هەڕەشەئامێزەکاندا، هێماکان دەتوانن وەک ئامرازێکی بەرگریی دەروونی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی، کار بکەن.

– ڕۆڵ لە بەرهەمهێنانەوەی یادەوەریی بەکۆمەڵدا(6)؛ زۆرجار هێما نەتەوەیییەکان پەیوەستن بە چیرۆک، ئەفسانە و ڕووداوە مێژوویییە تایبەتەکانەوە (بۆ نموونە ئاڵایەک کە لە جەنگێکی گەورەدا بەرز کراوەتەوە).

– زیادکردنی بەرزەخۆییی بەکۆمەڵ و شانازیی نیشتمانی(7)؛ دەتوانرێت هێماکان بۆ قەرەبووکردنەوەی سووکایەتیی مێژوویی یان کۆلۆنیالیزم بەکار بهێنرێت. ئەمەش بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە تووشی چەوساندنەوە یان کۆلۆنیالیزم بوون (وەک بەلووچەکان، کوردەکان یان جەزائیرییەکان و…)، زۆر گرنگە.

– هاندانی ناسیۆنالیزمی بەرگریکارانە یان هێرشبەرانە، بەپێی کۆنتێکست؛ لە دۆخی ئاشتیدا، ڕەنگە هێماکان ناسیۆنالیزمی کولتووری- ناسنامەییی ئارام ورووژێنن. بەڵام لە کاتی گرژی یان جەنگدا، هەمان هێماکان دەتوانن ببنە هۆی ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانە یان شەڕانگێزی.  بۆ نموونە: «بەکارهێنانی ئاڵای نیشتمانی لە کێبڕکێیە وەرزشییەکان لە بەرانبەر بەکارهێنانی لە گردبوونەوە جەنگخوازەکاندا.

– کۆدکردنی کولتووری(8)؛ هێماکان زمانێکی کولتووریی دیاریکراو دادەمەزرێنن؛ بۆ نموونە شێوازی قسەکردن، جلوبەرگ، سڵاوکردن و ڕێزگرتن لە ئاڵا. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نۆرمگەلێکی ناسیۆنالیستی کە لەڕووی دەروونییەوە تاکەکان لەگەڵ «نەتەوە»دا یەک دەخەن.

هێما نەتەوەیییەکان ئامرازی دەروونیی بەهێزن کە ناسیۆنالیزم لە ئەبستراکتەوە دەهێننە سەر سۆزداری و هەستەکی. ناسنامەی نەتەوەیی، هەستکردن بە شانازی، یەکگرتووییی بەکۆمەڵ و تەنانەت بەرخۆدان چالاک دەکەن. کاریگەریی ئەم هێمایانە بە توندی پەیوەستە بە چوارچێوەی مێژوویی، سیاسی و دەروونیی نەتەوەیەکەوە.

 

گرنگیی جەنگی «هێما»کان بۆ ئێمەی کورد

شەڕی هێماکان بۆ نەتەوەی کورد کە دەوڵەتی نییە، گرنگییەکی زۆری هەیە. دەتوانم بڵێم هێماکان بۆ نەتەوەیەک کە دەوڵەتی نییە، تەنانەت گرنگتر لەو نەتەوانەیە کە دەوڵەتیان هەیە. ئێمە بەتایبەتی لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بەرەوڕووی ئاسمیلاسیۆن و سەرکوتی لەڕادەبەدەر و نکۆڵیکردن لە ناسنامەمان بووینەتەوە و لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم ڕەوتە توندتر ببووەوە، بەڵام لانیکەم بە جەنگی هێماکان، چاک بەرپەرچمان دانەوە و ڕەنج بەخەسارمان کردن. بابەت تەنیا هێما نییە، هێما دەیان لێکەوتەی ئەرێنیی بەدوادا دێت، وەک وشیاریی نەتەوەیی، نیشتمانی، دەروونی، فەرهەنگی و سیاسی.

هێماکان دەتوانن هەستی هۆگری و یەکانگیری لەنێوان کوردەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و تەنانەت دەرەوەی کوردستان، بەهێز بکەن. ئەمە بە واتای پێکهێنانی ناسنامەی بەکۆمەڵ و هەستی هاوبەشە.

هێماکان دەتوانن وەک ئامرازێک بۆ نیشاندانی هێز و بەرخۆدانمان بن. دەتوانن پیشاندەری ویستی دەروونیی نەتەوەیی و ناسنامەخوازیمان بن و هیوا و ورەمان بۆ خەبات لەپێناو وەدیهێنانی ئامانج و مافەکانمان بەهێز بکەن.

هێماکان نەتەنیا لەسەر نێوخۆی کوردستان کاریگەرن، بەڵکوو دەتوانن وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەڵکیان لێ وەربگیردرێت. بۆ نموونە میدیاکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووماڵی هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە کوردستانەوە، لەو وێنە و ڤیدیۆگەلە کەڵک وەردەگرن کە تێیدا کوردەکان بە هێماکانیان دەرکەوتوون.

بۆیە، جەنگی هێماکان بۆ نەتەوەی کورد، نەتەنیا خەباتێکی فەرهەنگییە، بەڵکوو خەباتێکی سیاسییە و خەباتێکە بۆ «بوون»مان.

 

تایبەتمەندیی دەروونیی ڕێبەرانی ناسیۆنالیست (ناسیۆنالیستی بەرگریکارانە)

ڕێبەرە سیاسییەکان کە ئاڕاستەی «ناسیۆنالیزمی بەرگریکارانە»(9)یان هەیە، بەگشتی لە بوارەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی، خاوەن سیفەتگەلێکی تایبەتن کە کاردانەوەن بەرانبەر بە هەڕەشە ڕاستەقینە یان هەستپێکراوەکان بۆ سەر ناسنامەی بەکۆمەڵ، کولتوور یان بوونی نەتەوە. لە ئەدەبیاتی زانستیدا، ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە زۆرتر کاردانەوەیە نەک شەڕانگێزی و سەرکردەکانی بە شێوەیەکی تایبەت لە کەشێکی نائەمنی ناسنامە و ئەزموونی مێژووییی بێبەشبوون و هەستکردن بە قوربانیبوونی بەکۆمەڵدا گەشە دەکەن.

– بەرانبەر بە هەڕەشە ڕەمزی و ماددییەکان زۆر هەستیارن؛ بەپێی تیۆریی «هەڕەشە لە ناسنامە»(10)، ئەم سەرکردانە بەرانبەر بە هەڕەشەی سەر زمان، کولتوور، ئایین یان خاک، کاردانەوەیەکی توندیان هەیە. زۆرجار ئەوان لەهەمبەر مەترسییەکانی «توانەوە لە کولتووری زۆرینە» یان «سڕینەوەی مێژوویی»، تێگەیشتنێکیان بەرزیان هەیە.

– ئەزموونی کەسی یان بەکۆمەڵ لە چەوساندنەوە یان سەرکوتکردن؛ زۆرێک لەم سەرکردانە ئەزموونی کەسی یان خێزانییان لە دەربەدەری، هەڵاواردن یان توندوتیژیی سیاسی هەیە کە بوونەتە هۆی شکڵگرتنی هەستی قوربانیبوون. زۆرجار ئەم ئەزموونانە وایان لێ دەکات کە هاوسۆزییەکی قووڵیان لەگەڵ نەتەوەکەیاندا هەبێت.

– ناسنامەی بەکۆمەڵ نەک تاکەکەسی؛ بەپێچەوانەی سەرکردە هێرشبەرەکان کە نارسیسیستن، سەرکردە ناسیۆنالیستە بەرگریکارەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر «ناسنامەی بەکۆمەڵ»ە و خۆیان لە خزمەتکردنی نەتەوە پێناسە دەکەن. بەزۆری لەڕووی سۆزدارییەوە لە نەتەوەکەیانەوە نزیکن، هەروەها «قوربانیکردن»ی کەسیی خۆیان وەک ئامرازێک بۆ هاودەنگی بەکار دەهێنن.

– هەبوونی «بیرەوەرییەکی مێژووییی زیندوو»؛ ئەم سەرکردانە بەردەوام بەسەرهات، کارەسات یان شانازیی مێژووییی تایبەت دەگێڕنەوە کە سەرنجیان لەسەر «ئازار، چەوساندنەوە و بەرخۆدان»ە. زۆرجار گێڕانەوەی ئەم مێژووە، لە بنیاتنانی هاودەنگی و سەلماندنی ڕەواییی ناسیۆنالیزم، ڕۆڵێکی دەروونی دەگێڕێت.

– ڕۆڵی ویژدانی ئەخلاقی – سەرکردایەتیی ئەخلاقی؛ ئەوان زۆرجار خۆیان وەک پارێزەری ئەخلاقیی نەتەوەیەک یان شارستانییەتێک دەبینن. زۆرێک لە سەرکردە ناسیۆنالیستەکانی بەرگریکار، لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئەخلاقی و مافی مرۆڤەوە بەرەنگاری ستەم و چەوساندنەوە دەبنەوە.

– شێوازی سەرکردایەتیی پشتیوانانە نەک تاکڕەوانە؛ بە پێچەوانەی سەرکردە تاکڕەوەکان، سەرکردە بەرگریکارەکان زۆرجار شێوازێکی «هاوسۆزی»، «ڕاوێژکاری» و «ناشەڕانگێزی»یان هەیە، هەرچەندە دەتوانن لە دۆخە قەیراناوییەکاندا توند بن. ئەوان لەسەر ئاشتی، گفتوگۆ و ڕەواییی یاسایی و فەرهەنگی، جەخت دەکەنەوە.

– توانای بنیاتنانەوە و پاراستنی «ناسنامەی خۆڕاگر»(11)؛ توانایەکی بەرزیان بۆ بنیاتنانەوەی هیوا، بەرخۆدان و یەکێتیی کۆمەڵایەتی هەیە، تەنانەت لە بارودۆخی شکست یان گوشاری زۆریشدا. ئەم توانایە لە دەروونناسیی ئەرێنیدا بە چەمکی «سەرکردایەتیی خۆڕاگر»(12) ناو دەهێنرێت.

سەرکردە ناسیۆنالیستە بەرگریکارەکان بەزۆری بەرهەمی پێکهاتە بەکۆمەڵە زیانبەرکەوتووەکانن و تایبەتمەندییە دەروونییەکانیان زیاتر بۆ گەڕاندنەوە یان پاراستنی «ناسنامەیەکی مەترسی لەسەر» کار دەکەن و لە خزمەت تەماحی تاکەکەسیدا نین. ئەوان دەتوانن لە بنیاتنانەوەی هەستی کەرامەت، بەرزەخۆییی بەکۆمەڵ و هاودەنگیی نەتەوەیی، ڕۆڵێکی دەروونیی گرنگ بگێڕن. 

 

فاکتەرە دەروونییەکان لە ئاڕاستەکردنی ناسیۆنالیزم بەرەو شۆڤێنیزم

ئەو فاکتەرە دەروونییانەی کە ناسیۆنالیزم بەرەو شۆڤێنیزم دەبەن، تێکەڵەیەک لە پێکهاتە دەروونییە تاکەکەسی و گرووپییەکانن کە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسیی تایبەتدا چالاک دەبن.

– هەڕەشەی هەستپێکراو(13)؛ کاتێک گرووپە نەتەوەیی یان ئەتنیکییەکان، لەڕووی کولتووری، ئابووری یان لەڕووی ئاسایشەوە هەست بە مەترسی دەکەن، مەیلی بەهێزکردنی سنووری ناسنامە زیاتر دەبێت. ئەمەش زۆرجار لە شێوەی ڕوانگە و هەڵوێستی شۆڤێنیزمی خۆی دەردەخات.

– پێویستی بە یەکگرتووییی گرووپی(14)؛ لە بارودۆخی نادڵنیاییدا، مرۆڤەکان مەیلیان هەیە لەگەڵ گرووپە بەهێز و یەکگرتووەکاندا خۆیان بناسێنن. ئەم پێویستییە بە یەکگرتوویی دەتوانێت ببێتە هۆی سڕینەوە یان سووکایەتیکردن بە «ئەوی دیکە».

– نارسیسیستی بەکۆمەڵ(15)؛ ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە نارسیسیتی بەکۆمەڵ کە تێیدا ئەندامانی نەتەوەیەک یان ئەتنیکێک، هەستی گەورەیی و باڵادەستییان هەیە، بەڵام ئەم هەستە لەهەمبەر ڕەخنە، زۆر لاوازە. ئەم تایبەتمەندییە بە ئاسانی دەبێتە هۆی شۆڤێنیزم.

– پێویستی بە داخستنی مەعریفی(16)؛ ئەو کەسانەی کە پێویستییەکی زۆریان بە دڵنیایی هەیە، بەرەنگاری فرەکولتووری دەبنەوە. ئەم مەیلە دەبێتە هۆی سادەکردنەوەی ناسنامەکان بۆ شێوەی «ئێمە باشین – ئەوان خراپن.»

– شێوەی ناسنامەییی دەسەڵاتسەپێنی(17)؛ ئەو کەسانەی کە هەستی دەسەڵاتسەپێنیی کۆمەڵایەتییان هەیە، پێیان وایە کە گرووپەکان دەبێ نایەکسان بن و گرووپێک دەبێ بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بێت. ئەم ڕوانگەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە شۆڤێنیزمەوە هەیە.

– نامۆبوونی کۆمەڵایەتی و دڵەڕاوکێی بوونگەرێتی(18)؛ لە بەرانبەر قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی یان ئابووریدا، هەستکردن بە ناسەقامگیری و بێ مانایی، ڕەنگە ببێتە هۆی ناسنامەگەرێتیی توند و ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیکە.

تێکەڵبوونی هەڕەشەی هەستپێکراو، نارسیسیتی بەکۆمەڵ، دڵەڕاوکێی بوونگەرێتی و مەیلی بەرەو ڕێکخستن و یەکگرتووییی مەعریفی، دەتوانێت ناسیۆنالیزمی بەرگریکار بگۆڕێت بۆ ناسیۆنالیزمی شەڕانگێزی (شۆڤێنیزم). ئەم هۆکارە دەروونییانە لە کارلێککردن لەگەڵ چوارچێوەی مێژوویی و سیاسیدا چالاک دەبن.

تێبینی: ئەگەر لێکۆڵینەوە لەسەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی داگیرکەرانی کوردستان لەمەڕ کوردستان بکەین، بەدڵنیایییەوە بەو ئەنجامە دەگەین کە ئەو شەش خاڵەی باسمان لێوە کرد، لەواندا بەدی دەکرێت. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە داگیرکەران لەمێژە لە ناسیۆنالیزم تێپەڕیون و بەرانبەر بە کورد شۆڤێنیزمن.

 

ئەو فاکتەرە دەروونییانەی دەیسەلمێنن ناسیۆنالیزمی کوردی، ناسیۆنالیزمی شەڕانگێزی نییە

بۆ شیکردنەوەی دەروونناسیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە چوار بەشی کوردستان (ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا، باشوور و باکووری کوردستان) و سەلماندنی ئەوەی کە ئەم ناسیۆنالیزمە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرگرییانەیە نەک شۆڤێنیستی، دەتوانرێت چەند ئاماژە و فاکتەری دەروونناسی بهێنرێتەوە.

– هەستی بەردەوامی هەڕەشە لەسەر بوون؛ ناسیۆنالیزمی بەرگری کاتێک گەشە دەکات کە نەتەوەیەک، بوونی کولتووری، زمانی یان فیزیکیی خۆی لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدا ببینێت. لە دۆخی کورددا، ئەزموونی مێژووییی سەرکوت، نکۆڵیکردن لە ناسنامە، دەربەدەری و هەوڵدان بۆ ئاسمیلەکردن، بە بەردەوامی هەستی هەڕەشە لەسەر بوونی لە نائاگاییی بەکۆمەڵدا بەهێزتر کردووە. ئەم هەستە، لەجێی شەڕانگێزیی دەرەکی، بووەتە هۆی بەرخۆدانی کولتووری، زیندووکردنەوەی زمان و پێناسەکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی.

– نەبوونی هەستکردن بە باڵادەستیی بەکۆمەڵ (نەبوونی نارسیسیستی نەتەوەیی)؛ ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی بەزۆری هەستکردن بە «باڵادەستیی نەتەوەیی»ی لەگەڵدایە. لە ناسیۆنالیزمی کوردیدا بەگشتی زیاتر لەسەر «مافی یەکسانی» و «دانپێدانانی فەرمی» جەخت دەکرێتەوە، نەک هەستکردن بە باڵادەستی بەسەر نەتەوە یان ئەتنیکەکانی دیکەدا. مەیلێکی لەو شێوەیە ئاماژەیە بۆ نەبوونی دیاردەیەک کە پێی دەگوترێت «نارسیسیستی بەکۆمەڵی نەتەوەیی»، ئەمەش نیشانەی سروشتی بەرگریکارانەیەتی.

– تەرکیز لەسەر مانەوە نەک زاڵبوون؛ شۆڤێنیزم بەدوای زاڵبوون و فراوانکردنی کاریگەرییە بەسەر ئەوانی دیکەدا، بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی زۆرجار سەرنجی لەسەر چەمکەکانی وەک «مافی دیاریکردنی چارەنووس»، «مانەوەی کولتووری» و «وەدیهێنانی مافە سەرەتایییەکان»ە، نەک لەسەر زاڵبوون بەسەر گرووپەکانی دیکەدا. ئەم فۆکۆسە بەڕوونی سروشتی بەرگریکارانەی ئەم ناسیۆنالیزمە نیشان دەدات.

– ئەزموونی درێژخایەنی پەراوێزخستن(19)؛ دەروونناسیی سیاسی نیشانی دەدات کە ئەو گرووپانەی بەردەوام پەراوێز خراون، ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان وەک ئامرازێکی بەرگریکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی سڕینەوە و پشتگوێخستن بەکار دەهێنن. لە هەر چوار بەشی کوردستان، کورد مێژوویەکی دوورودرێژی لە بێبەشبوون لە زمان، پەروەردە، بەشداریی سیاسی و میدیا هەیە.

– زەبروزەنگی نێوان نەوەکان(20)؛ یادەوەریی مێژووییی کوردەکان لە جینۆساید، سەرکوت، دەربەدەری و جەنگ (لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تا ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان و ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە هەر چوار بەشی کوردستان) بووەتە هۆی ئەوەی کە جۆرێک لە «هەستی قوربانیبوون» لەنێوان نەوەکاندا بگوازرێتەوە. ئەم فاکتەرە دەروونییە بووەتە هۆی بەهێزکردنی ناسنامەی بەرگریکارانە نەک هێرشبەرانە.

– جەختکردنەوە لەسەر یادەوەریی بەکۆمەڵ و هێماکانی قوربانیبوون؛ ناسیۆنالیزمی بەرگریکار لەسەر یادەوەریی بەکۆمەڵ جەخت دەکاتەوە و ڕووداوە مێژوویییە ئازاربەخشەکان (وەک ئەنفال، هەڵەبجە، قاڕنێ و قەڵاتان، گەلیی زیلان، کۆبانێ یان سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان) وەک بەشێکی سەرەکی لە ناسنامەی نەتەوەیی وەبیر دێنێتەوە. یادەوەرییەکی لەو شێوەیە کەمتر مەیلی بۆ سووککردنی ئەوی دیکە هەیە و زیاتر سەرنجی لەسەر وەدیهێنانی مافەکانە.

– مەیلی گفتوگۆ و پێکەوەژیانی مەرجدار؛ ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی مەیلی بەرەو پاوانخوازییە، لە کاتێکدا گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، چ لە فۆرمی سیاسی (حزبی) یان فیکریدا، زۆرجار بە دوای دۆزینەوەی «ڕێگایەک بۆ پێکەوەژیان و لە هەمان کاتدا پاراستنی ناسنامەیە». 

لە ڕوانگەی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، ناسیۆنالیزمی کوردی لە چوار پارچەی کوردستان، زیاتر کاردانەوەیە بەرانبەر بە ستەم، سڕینەوە و نکۆڵیی مێژوویی، نەک مەیلی بەرەو هەژموونخوازی. توخمە سەرەکییەکانی وەک یادەوەریی قوربانیبوون، پێویستی بە مانەوە، نەبوونی هەژموونخوازی و گرنگیدان بە مافە بنەڕەتییەکان، هەموویان ئاماژەن بۆ ناسیۆنالیزمێکی بەرگریکارانە.

 

ئەنجام

دەروونناسیی ناسیۆنالیزم ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ناسیۆنالیزم تەنیا گوتارێکی سیاسی نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی قووڵی دەروونییە کە کاریگەریی لەسەر تێگەیشتن، هەست، ناسنامە و بڕیاردانی مرۆڤ هەیە. پێویستە ئێمەی کوردیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆڤێنیزمی دەوروبەرمان و بۆ بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی خۆمان، لە دەروونناسی و بەتایبەتی دەروونناسیی سیاسی کەڵک وەربگرین.

لە کاتێکدا نەتەوەی کورد هێشتا لە تێکۆشان و خەبات بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و مرۆیییەکانی خۆی بەردەوامە، ئاشنابوونی سیاسەتوانانی کورد بە دەروونناسیی سیاسی و ناسیۆنالیزم، نەک هەر پێویستییەکی شیکارییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ سەرکردایەتییەکی وشیارانە، بەهێزکردنی هاوپشتیی نەتەوەیی و پێشخستنی ئامانجە ستراتیجییەکان.

 

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

1- Cognitive Closure.

2- Collective Narcissism.

3- Cyber Nationalism.

4- Emotional Resonance.

5- Group Cohesion.

6- Collective Memory.

7- Collective Self-Esteem.

8- Cultural Coding.

9- defensive nationalism.

10- Identity Threat Theory.

11- resilient identity.

12- resilient leadership.

13- Perceived Threat.

14- Need for Group Cohesion.

15- Collective Narcissism.

16- Need for Cognitive Closure.

17- Social Dominance Orientation.

18- Existential Anxiety.

19- Marginalization.

20- Transgenerational Trauma.

 

سەرچاوەکان:

– Smith, A. D. (1991). National Identity. University of Nevada Press.

– Tajfel, H., & Turner, J. C. (1986). The Social Identity Theory of Intergroup Behavior. In S. Worchel & W. G. Austin (Eds.), Psychology of Intergroup Relations.

– Golec de Zavala, A., et al. (2009). Collective Narcissism and Its Social Consequences. Journal of Personality and Social Psychology, 97(6), 1074–1096.

– Staub, E. (1996). Cultural-Societal Roots of Violence: The Examples of Genocidal Violence and of Contemporary Youth Violence in the United States. American Psychologist, 51(2), 117–132.

– Mummendey, A., Klink, A., & Brown, R. (2001). Nationalism and Patriotism: National Identification and Out-group Rejection. British Journal of Social Psychology, 40(2), 159–172.

– Stephan, W.G., & Stephan, C.W. (2000). An Integrated Threat Theory of Prejudice. In S. Oskamp (Ed.), Reducing Prejudice and Discrimination. Erlbaum.

– Tajfel, H. & Turner, J. C. (1979). An Integrative Theory of Intergroup Conflict. In W.G. Austin & S. Worchel (Eds.), The Social Psychology of Intergroup Relations.

– Golec de Zavala, A., Cichocka, A., Eidelson, R., & Jayawickreme, N. (2009). Collective narcissism and its social consequences. Journal of Personality and Social Psychology, 97(6), 1074–1096.

https://doi.org/10.1037/a0016904

– Kruglanski, A. W. (2004). The psychology of closed-mindedness. Psychology Press.

– Sidanius, J., & Pratto, F. (1999). Social dominance: An intergroup theory of social hierarchy and oppression. Cambridge University Press.

– Greenberg, J., Solomon, S., & Pyszczynski, T. (1997). Terror management theory of self-esteem and cultural worldviews. Advances in Experimental Social Psychology, 29, 61–139.

– Zárate et al. (2012) – Emotion and Symbolic Nationalism.

– Durkheim (1912) – The Elementary Forms of Religious Life.

– Assmann (1995) – Collective Memory and Cultural Identity.

– Cinnirella (1998) – Exploring Identity Processes in Nationalism.

 

ڤان بابەتان ببینە

ئێک: دەروک د مێژوویێ دا گەلەک دلسۆژ و خەمخۆر هەنە، خۆ بۆ خزمەتا مرۆڤایەتییا گشتی …