بابەت

خێزانی ئەردەڵان یەکێک لە بەناوبانگترین و گرنگترین خێزانە حوکمڕانەکانی مێژووی کوردایەتی بوون کە بە درێژایی چەندین سەدە بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردنشیندا حوکمیان دهکرد. ئەم حوکمڕانانە کە بەوالیناسراون، دەسەڵاتێکی بەهێزیان لە ناوچەکەدا هەبووە. دەربارەی ڕەگەزی ئەم حوکمڕانانە و سەرەتای دەوری فەرمانڕەوایەتیان، دەستپێکی فەرمانڕەوایەتیان بۆ نیوەی سەدەی شەشەمی هیجری دەگەڕێنەوە کە بابا ئەردەڵان لە ساڵی ٥٤٦/١١٦٩دا بە بنیادنانی قەڵای بەهێز لە ناوچەی شارهزۆر حوکمی دهکرد، ئاماژەی دەقە مێژووییەکان بۆ حوکمڕانیان پێش سەدەی شەشەم زیاتر لە شێوەی ئەفسانەیە و پشتگیری و دیكۆمێنتى مێژووی نییە.

گەشەکردن و بەهێزبوون

دوای بابا ئەردەڵان، منداڵەکانی دەسەڵاتی زیاتریان بەدەستهێنا و هێواش هێواش دەسەڵاتیان بۆ ناوچەكه زیاتر فراوان کرد، لە درێژایی سەدەی نۆهەمی هیجریدا، عوسمانییەکان بەشێک لە قەڵەمڕەوی ئەردەڵانیان داگیر کرد، ئەمەش بووە هۆی ململانێ و شهڕ لە نێوانیاندا.

 

سەردەمی سەفەویەکان

مێژووی دوژمنایەتی ئەردەڵانەکان لەگەڵ عوسمانییەکان بووە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ دەرکەوتنی سەفەوییەکان، ئەم والیانە لایەنگری ئەوان بكهن و هاوكارى و دڵسۆزیان بۆ دەوڵەتی سهفهوى ڕابگەیەنن.

هاوکات لەگەڵ گەیشتنی شا ئیسماعیل بە دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتی سەفەوی لە ئێراندا، لە خێزانی ئەردەڵان کەسێک بە ناوی بەکە بێگی ئەردەڵان حوکمڕانی بەدەستەوە گرت کە جێنشینی باوکی بوو.

سیاسەتی شا ئیسماعیلى سهفهوى بەرامبەر بە کوردەکان لە سەرەتادا ئەوە بوو کە تا ئەوەندەی دەکرێت کوردەکان بە حکومەتی نوێوە نزیک بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە “ئیالەتی ئەردەڵانی کردە ناوەندی کۆکردنەوەی باج و ماڵیاتی میرانی کورد و ناوی لێنا خەزینەی ئەردەڵان و لەشکرێکی تایبەتی لە کوردەکان پێکهێنا بە ناوی سوپای ئەردەڵان کە دەبوو لە جەنگێکی گەورە و قورسدا بەشداری بکات”.

 

گۆڕانکارییەکان لە سەردەمی شا عەباس

دوای مردنی بەکە بێگ، کوڕەکەی مەئموون بێگی دووەم لە ٩٤٢/١٥٣٥دا لە جێگای دانیشت، دوای دوو ساڵ، کاتی هێرشی سولتان سولەیمان خان، ئەو ناچار بوو پەنا بۆ لای حسێن پاشا ببات و لەلایەن دەربارەوە سورخاب بێگ بە حوکمڕانی ئەردەڵان دانرا.

 

کۆچکردنی پایتەخت بۆ سنە

دوای مردنی خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان، سولەیمان خانی ئەردەڵان بە فەرمانڕەوایی کوردستان گەیشت، گرنگترین هەنگاوی ئەو دەتوانرێت لە گواستنەوەی ناوەندی حکومەتی خێزانی ئەردەڵان بۆ شاری سنە یان سنندج بە فەرمانی شاکانی سەفەوی بزانرێت.

هۆکاری ئەم هەنگاوە ئەوە بوو کە شاکانی سەفەوی دەیانویست ناوەندی فەرمانڕەوایی خێزانی ئەردەڵان لە سنووری عوسمانی دوور بێت، چونکە ناوەندە پێشووەکانیان (زەلم، حەسەنئاباد و پەلەنگان) هەموو لە نزیک سنووری ئێران و عوسمانی دابوون و بە ئاسانی دەتوانرا بکەونە بەر هێرشی دەوڵەتی عوسمانی.

 

پەیوەندی مێژووی گرنگ

لە ساڵی ١٠٤٩/١٦٣٩دا ڕێکەوتنامەی زەهاو لە نێوان ئێران و عوسمانی ئیمزا کرا، لەم ڕێکەوتنامەیەدا مەریوان و هۆرامان وەک ناوچەی سنووری ئێران دیاری کران.  

ئەم ڕێکەوتنامەیە سەرچاوەی ئابلۆقی زۆری بوو، بەڵام بووە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگە درێژەکانی نێوان دوو وڵات و قۆناغێکی ئاشتی بەرپا بوو کە بە درێژایی زیاتر لە هەشتا ساڵ بەردەوام بوو.

 

کاریگەری سیاسەتی سەفەوی

پاش جەنگی چاڵدێران، سیاسەتی زاڵبوون لەلایەن شاوە زیاتر بوو و متمانەی کۆنی بە خێزانە کوردەکان هێواش هێواش كهم بوو. 

 

سیاسەتی سەرەکی شا ئیسماعیل لەم شتانەی خوارەوەدا دەرکەوت:

١. لەناوبردنی دەسەڵاتی نەریتی فەرمانڕەوایانی کورد لە کوردستان و جێگرتنەوەیان بە قیزڵباشەکان.

٢. ناچارکردنی کوردەکان بۆ هەڵبژاردنی مەزهەبی شیعە.

٣. زاڵبوون بەسەر هەموو ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان.

تایبەتمەندی گۆڕانکاری لە سەردەمی شا عەباس

لەگەڵ گۆڕانی مەزهەبی خێزانی ئەردەڵان، هێواش هێواش میرانی ئەو شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان وەک فەرمانڕەوایانی حاکم بەسەر ناوچەیەکی گرنگی ئێرانەوە دۆزیەوە، تاکو ئەو ڕادەیەی “لە ناو میرانی غەیری دەوڵەتخانەدا هاتن و لەگەڵ والیانی عەرەبستان (خوزستان)، گورجستان و لۆرستان لە تاجپۆشینی شاکانی سەفەویدا ئامادە دەبوون و والی کوردستان شوورەی شای هەڵدەگرت”.

 

کۆتایی و میرات

بە دانانی شازادە فەرهاد میرزا موعتەمەدودەوڵە (مامی ناسرەدین شا) وەک حاکمی کوردستان لە ساڵی 1867 ی زاینیى، کۆتایی بە حکومەتی ئەردەڵان هات. 

بەڵام پاشماوهکانی تا ئێستا ماونەتەوە لە سەردەمی والیانی ئەردەڵان لە شاری سنە و شوێنەکانی دیکە لەناو مزگەوت و مەدرەسە زانستییەکان و کارە خێرخوازییەکانی دیکەدا، ناویان لە مێژووی کوردستاندا به درهوشاوهیی پارێزراوە.

لە بارودۆخی خێزانی ئەردەڵان لە دەوری سەفەوییەکاندا ئەوە دەردەکەوێت کە دەوڵەتی سەفەوی لە سەرەتای هاتنە سەرکاردا بیرۆکەی دوژمنایەتیی نەبوو بەرامبەر بە کوردەکان، بەڵام دوای جەنگی چاڵدران بەرامبەر بە کوردەکان هەڵسوکەوتی گۆڕی کە دەتوانرێت بوترێت هۆکاری ئەمە زیاتر لە لایەنە مەزهەبییەکانەوە سەرچاوەی دەگرت.

ئەم خێزانە وەک نموونەیەکی بەرچاو لە خۆبەڕێوەبەری کوردی بوو کە بۆ ماوەیهكى درێژ توانی سەربەخۆیی و کەلتووری کوردی بپارێزێت. حکومەتی ئەردەڵان نەک هەر لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر گەشەپێدانی ناوچەکە هەبووە. 

کۆشکی خوسرەوئاوا لە سنە میراتى ئهردهلانییهكان

شاری سنە لە ڕۆژههڵاتى كوردستان بەهۆی هەبوونی شوێن و پاشماوه سەرنجڕاکێشە مێژووییەکانی ناوبانگى ههیه، کۆشکی خوسرەوئاوا یەکێکە لەم شوێنە مێژووییانە کە بنیادنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئهردهلانیهكان و حوكمدارێتى سەفەوی و تایبەتمەندی و بیناسازییەکی تایبەت و بێوێنەی هەیە.

 ئەم بینایە لە جۆری خۆیدا کەم وێنەیە و لە ڕابردوودا ناوەندی حوکمڕانی ئەردەڵانیەکان بووە، ئەم کۆشکە مێژووییە لە شاری سنەی پارێزگای کوردستان تا ئێستاش ماوهتهوه و کەسانی زۆر بۆ سەردانیکردنی دێنه دیدهنى.

کاتێک دەچیتە ناو مۆزەخانەی کۆشکی خوسرەوئاوا، دەتوانیت شێوازی ژیانی گەلی کورد، لهگهڵ تێکەڵاوی بیناسازی مێژوویی لەگەڵ دیزاینی نوێدا ببینیت و چێژ وەربگریت.

لە بەردەوامی ئەم وتارەماندا ئێوە لەگەڵ وردەکاری و مێژووی ئەم کۆشکە جوانە ئاشنا دەکەین.  

 

مێژووی کۆشکی خوسرەوئاوا

کۆشکی خوسرەوئاوا یەکێکە لە جوانترین کۆشکەکانی ڕۆژئاوای ئێران کە لە شاری سنەى رۆژههڵاتى كوردستانه. ئەم کۆشکە لە سەردەمی حوکمڕانی ئەردەڵانیەکان بنیاتنراوه

ئەمانئاڵاخان ئەردەڵانى، فەرمانڕەوای کوردستان و کوڕی خوسرەوخانی گەورە بوو کە لە ساڵی ١٨٠٨ فەرمانی بنیادنانی کۆشکی خوسرەوئاوای دا. 

ههلبهته هەندێکیان بڕوایان وایە بەشی ڕۆژهەڵاتی بینایەکە پەیوەندی بە سەردەمی زەندیەوە هەیە و ئەمانئاڵاخان ئەوەی نۆژهن و فراوان کردووە.

کۆشکی مۆزەخانەی خوسرەوئاوا ئەگەرچی جێگای حوکمڕانی سیاسی و سەربازی بوو، بەڵام زۆرتر وەک شوێنێک بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگ و جەژنە ئاینییەکان بەکارهاتووە، هەروەها مەراسیمی نیشاندانی حەسەن جیهانخانم، کچی فەتحەعەلیشا لەگەڵ کوڕی ئەمانئاڵاخان لەم شوێنەدا بەڕێوەچووە.

کتیبەیەک لەم کۆشکەدا هەیە کە ناوی فەتحەعەلیشای قاجار و والی کوردستان، ئەمانئاڵاخان و ڕێکەوتی ١٢٢٣ی کۆچی قەمەری لەسەر نووسراوە، پێویستە بڵێین دوای ئەمانئاڵاخان چەندین بینای تریش لەم کۆمەڵەدا بنیادنراوە.

 

ناساندنی کۆشکی خوسرەوئاوا

کۆشکی خوسرەوئاوا لە بەندەری خوسرەوئاوا یان شەبلی لە شاری سنە درووستكراوه، کۆشکی مۆزەخانەی خوسرەوئاوا دوو بەشی ناوەوە و دەرەوەی هەیە کە باخچەیەکی جوان لە نێوان هەردوو بەشەکەیدا ههیه؛ بەشی دەرەوەی قەسری شاهانەیە و بەشی ناوەوەی باخی خوسرەوئاوا ناونراوە.

بینای دەرەوە دوو نهۆمی هەیە و دەرگای چوونەژوورەوەی بە شێوەی هەشت گۆشەیە.

ئەم بینایە لە خشت و بەرد دروستکراوە و گەچکاری و ئاوێنەکاری زۆر سەرنجڕاکێش و جوانی هەیە، سەرنجڕاکێشە بزانن ئاوی کۆشکی خوسرەوئاوا ئاوى خواردنەوەیە و لە کۆمەڵە کاریزێك پێكهاتووه كه  لە چیای ئاویهر سەرچاوە دەگرێت.

کارەکانی چاککردنەوەی ئەم بینا مێژووییە لە ساڵی 1953 دەستیپێکرد کە ههلبهته زۆربەی چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەکان لەو ساڵهدا ئەنجامدراون.

ڕازاندنەوەی بیناسازی بینایەکە بریتییە لە خشتکاری، ئۆرووسی جوان، حەوزی شێوه خاچی و دەرگای چوونەژوورەوە کە لە داری گوێز دروستکراوە، هەموو ئەمانە به جوانیە ناوەکییەکانی بیناکە دادەنرێن.

کوڕی ئەمانئاڵاخانی ئەردەڵان، ناوى خوسرەو بوو بۆیە ئەم کۆشکە خوسرەوئاواى ناونراوە. ئەمڕۆ ئەم کۆشکە وەک مۆزەخانەیەک مەیدانی سەردانی گەشتیارانە،.

 

بیناسازی کۆشکی خوسرەوئاوا

کۆشکی خوسرەوئاوای شاری سنە دابەش دەبێت بۆ دوو بەشی سەرەکی: قەسر و باخچە و لە زەوییەک بە ڕووبەری ٦٠٠٠ مەتری چوارگۆشە بنیادنراوە. 

قەسرەکە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی باخچەکەدا جێگیرە کە بینایەکی شکۆدار و شاهانەیە.

سەرنجڕاکێشە بزانن ئاوێتە و تێکەڵاوی کەرەستەکانی بەکارهاتوو لە شوێنە جیاوازەکانی کۆشکی خوسرەوئاوا وەک کۆشک، چێشتخانە، حەمام و ئەسپێر تەواو یەکسانە و هیچ جیاوازییەکی نییە.

گەچکاریەکان، ڕازاندنەوەکان و سەرستوونەکانی ئەم کۆشکە نیشانەی هونەری بێوێنەی هونەرمەندە شارەزا و لێوەشاوەکانی كوردستانن لە سەردەمی خۆیاندایە.

ئەم کۆشکە جوانە ڕاست لە ناوەڕاستی باخچەیەکی سەوزدا جێگیرە و کاتێک دەچیتە ناوی، یەکەم شتێک کە سەرنجت ڕادەکێشێت حەوزێکی شێوه خاچی یە کە لە ناوەڕاستی حەوشەی کۆشکی خوسرەوئاوادا جێگیرە و زۆر جوان و دیدەنییە.

هەروەها حەوزێک لە نهۆمی سێیەمی ئەم کۆشکەدا جێگیرە کە شێوهى لە چاو دەچێت و کاتێک ئاوى پێدا دەڕوات، لە دەوروبەری حەوزەکەوە ناویان لێناوە چاوی گریان کە نیشانەیه بۆ هەستەکانى مرۆڤ.

لەوانەیە بۆتان سەرنجڕاکێش بێت بزانن تاکە ژوورێک کە دەرگای چوونەژوورەوەی لە بەراورد لەگەڵ دەرگاکانی تر کەمێک کورتترە، دەرگای ژووری مەستورەخانمی هاوسەری خوسرەوخانە؛ چونکە هەر کەسێک ئاماژەی چوونەژوورەوەی هەبێت، سەری کەمێک بچەمێتەوە بە نیشانەی ڕێز، پاشان بچێتەژوورەوە، لە کەلتووری ئكوردیشدا گوڵە کارکراوەکانی ئەم ژوورە نیشانەی سەروێ شکاو و بێفیزییە.

بۆ گەیشتن بە ژووری خوسرەوخان و هاوسەرەکەی پێویستە ١٥ پلیکانی مارپێچ تێپەڕ بکەیت، لە ڕابردوودا تەنها کەسێک مافی چوونەژوورەوەی بۆ ئەم ژوورە هەبووە كه مەستورەی ئەردەڵان بووە.

ئەگەرچی ئەمڕۆ کۆشکی مۆزەخانەی خوسرەوئاباد لە بەراورد لەگەڵ کاتی بنیادنانی گۆڕانکاری زۆری بەسەرهاتووە، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە زۆرتر لە دەوروبەری کۆشکەکەدا ڕوویداوە و کۆشکە سەرەکییەکە بە هەمان شێوەی کۆن هێشتا پابەندە.

 

بەشە جیاوازەکانی کۆشکی خوسرەوئاوا

کۆشکی خوسرەوئاوای کوردستان جگە لە دوو بەشی سەرەکی قەسر و باخچە کە پێشتر باسمان کردن، لە بەشى جیاوازی تر پێکهاتووە کە هەریەک لەوان سەرنجڕاکێشی تایبەتی خۆیان هەیە، وهك: 

 

هەشتی

هەشتی بە شوێنێک دەگوترێت کە دوای دەرگای چوونەژوورەوە جێگیرە و پێش ئەوەی بچیتە ناو ماڵ یان حەوشەکەی، سەرەتا دەچیتە ناو هەشتییەکە، هەشتی کۆشکی خوسرەوئاوایش وەک سەری بیناکانی کۆن دوای دەرگای چوونەژوورەوەی جێگیرە و ٤ دەرگای چوونەژوورەوەی دیكهى هەیە، ئەم شوێنە سەقفێکی گومبەزی شێوە و ستوونەکانی جوانی هەیە کە بە گەچکاری زۆر تایبەت ڕازاوەتەوە.

 

حەوشە

حەوشەی ئەم کۆشکە بەو شێوەیە دیزاین کراوە کە دوای هەشتی دەچیتە ناو حەوشەکەوە و هۆڵێک بۆ بەستنەوەی حەوشە بە هەشتی بوونی نییە.

هەروەها حەوزێکی گەورە و خاچی شێوە لە ناوەڕاستی حەوشەدا جێگیرە کە دەوروبەری بە دارى سەوز و گەورەکانەوە دەوره دراوە. 

دەگوترێت ئاوی ئەم حەوزە لە کاریزەکانی چیاکانی ئاویهرهوه دابین دەکرێت.

کۆشکی سەردەر

لە لای ڕۆژهەڵاتی کۆشکی مۆزەخانەی خوسرەوئاوا کۆشکی سەردەر ههیه، ئەم کۆشکە دوو نهۆمی هەیە و لە دوو لاوەوە بە یارمەتی پلیکانێکی هاوسەنگ ڕێگای چوونەژوورەوەی هەیە، نهۆمی دووەمی ئەم کۆمەڵە هۆڵێکی گەورەی هەیە کە لە ڕابردوودا شوێنی بەڕێوەبردنی میوانی و جەژنەکان بووە.

دەگوترێت نەوەی خوسرەوخانی ئەردەڵان فەرمانی بنیادنانی ئەم کۆشکەی داوە و یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی ههیوانی سەرتاسەریەتی کە بە غولامی گەردیش بەناوبانگە.

 

قەسری خوسرەویە

یەکێکی تری بەشەکانی کۆشکی خوسرەوئاوای سنە ناوی قەسری خوسرەویەیە. 

قەسری خوسرەویە گرنگترین بینای ئەم کۆشکەیە و ٣ نهۆمی هەیە، بۆ گەیشتن بەم شوێنە پێویستە ١٧ پلیکانی بەردین تێپەڕ بکەیت. 

لە نهۆمی دووەمی ئەم قەسرە حەوزخانەیەک هەیە کە سەقفی گومبەزی ههیە، لە دەوروبەری ئەم حەوزخانەیە چەند ژوورێک هەیە کە هەموویان ههیوان و ستوونى ڕازاوەیان هەیە.

 

حەوزی نهۆمی سێیەم

یەکێکی تری بەشەکانی کۆشکی خوسرەوئاوای شاری سنە حەوزێکی جوانە کە لە نهۆمی دووەمی کۆشکی سەرەکیدا جێگیرە. 

ئەم حەوزە شێوەیەکی لە چاو دەچێت و کاتێک ئاو لێی دەڕژێت لە چاوی پڕگریان دەچێت و یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین دیدەنییەکانی ئەم کۆمەڵەیه.

 بۆ گەیشتن بەم نهۆمە پێویستە چەند پلیکانێک کە لێژاییەکی سهختیان هەیە تێپەڕ بکەیت.

 

مەستورەی ئەردەڵانى( 1805 – 1848)

ژنێكى کورد كه لە مێژوودا ڕۆڵی لە زۆر بوارەکاندا گێڕاوە و ناوی لە مێژوودا نووسراوهتهوە، مەستورە خانی ئەردەڵانى یە، مەستورە خانم یان ماهشەرف، کە شاعیر و نووسەر و مێژوونووسێکی کوردە و وەک یەکەم مێژوونووسی کوردی لە مێژوودا دادەنرێت، زمانی عەرەبی و فارسی لەگەڵ زمانی دایکی کوردی لەگەڵ باوکی ئەبوولحەسەن بەگ قادری فێربووه.

مێردی خوسرەوخانی ئەردەڵان فەرمانڕەوای میرنشینی ئەردەڵان بوو، كه بە مردنی میرنشینی ئەردەڵان دهسهڵات کەوتە دەست قاجارەکان.

لەگەڵ هێرشەکانی قاجارەکان بۆ سەر میرنشینی ئەردەڵان لە سەدەی نۆزدەیەمدا، مەستورە لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ سلێمانی و لەوێ لەگەڵ میرنشینی بابان جێگیر بوون.

 جگە لە نووسینە مێژووی و مەزهەبییەکانی مەستورە، میراتێکی دەوڵەمەندی لە هۆنراوە کوردی و فارسییش بەجێهێشت.

 

ژیانی تایبەتی

ماهشەرفخان یان مەستورەی ئەردەڵان لە ساڵی ١٨٠٥ لە سەردەمی ئەمانئاڵاخانی والی ئەردەڵان، لە خێزانێکی قادری لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.

شاعیر و مێژوونووسی کوردی بە ناوی (مەستورە) ناسراوە، ئەو خۆی ئەم ناوەی هەڵبژاردووە و لە هۆنراوەکانیدا بەکاری هێناوە. 

بە دەستخەتی جوان و هۆنراوە و بیرکردنەوە و زیرەکییەکەی ناسراوە، پێچەوانەی نەریتە بەرباوەکانی ئەو کاتە ژیاوە و خوێندووە و هەوڵی بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر داوە.

 سەرەڕای ئەوەی ژن بووە، ڕێگای پێدراوە بچێتە بواری پەروەردەوە و خۆی پەرەپێبدات.

لە ماوەیەکی کورتدا ژنی بەهێز مەستورەی ئەردەڵان توانی لە بواری نووسیندا پەرەپێبدات و شوێنێکی گرنگ لە ئەدەبدا داگیر بکات، بە بەهرەکەی لە بواری هۆنراوەدا توانی شوێنێک لە نێو شاعیرانی سەردەمیدا داگیر بکات و لەگەڵیاندا ههنگاو بنێ. هەروەها توانی هەنگاوەکانی گەورە لە بواری نووسین و تۆمارکردنی مێژوودا هەڵبگرێت و لە ماوەیەکی کەمدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

 

ناوی ڕاستەقینە و دایکبوون

ناوی ڕاستەقینەی ماهشەرف خانمە بەڵام لە هۆنراوەکانیدا بە ناوی مەستورەی ئەردەڵان بە ناوبانگ بوو.

 ناوی مەستورە واتای “سەیر، حیکمەت، نهێنی” دەگەیەنێت، لە تەمەنێکی بچووکەوە خولیای لە بواری ئەدەبی فارسی و عەرەبیدا هەبوو، خۆی لەو بوارانەدا پەرەپێدا و لە فیقهی ئیسلامیدا قووڵ بوویەوە، باوکی لە خێزانێکی قادری و دایکی لە خێزانی وەزیری کوردستان بوو.

باوکی مەستورە ئەبوولحەسەن بەگ زاناین بوو کە تێگەیشت کچەکەی توانا و بەهرەکانی جیاوازە لە کەسانی تر، بۆیە بڕیاری دا فێری بکات. مەستورە کچی مامی مێژوونووسی کوردستانی عەلی ئەکبەری کوردستانییە کە کتێبی “گولستانی ناسریە”ی نووسیوە، کە کتێبێکە لە مێژوو و جوگرافیای کوردستان رۆڵى مێژووى ههیه

مێردی مەستورە خوسرەوخانیش خولیای لە ئەدەبدا هەبوو و لە ساڵی ١٨٣٤ بە نەخۆشی جەرگ لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا مرد.

دوای مردنی مێردەکەی خوسرەوخان، دابەشبوون لە میرنشینی ئەردەڵاندا ڕوویدا، مەستورە ناچار بوو شاری سنە جێبهێڵێت و بچێتە سلێمانی، لە ڕێگای کۆچکردنیدا ڕووبەڕووی زۆر قورسایی بوویەوە و ژیانێکی سەختی بەسەر برد.

لە ساڵی ١٩٢٦ زانای کوردی یەحیا مەعریفەت کۆمەڵێک لە هۆنراوەکانی مەستورەی بڵاوکردەوە، بەڵام کارە مێژووییەکەی بە ناوی “مێژووی ئەردەڵان” لە ساڵی ١٩٤٦ لەلایەن زانای کوردی ناسر ئازادپوورەوە بڵاوکرایەوە.

کتێبی مەستورە بە ناوی “مێژووی ئەردەڵان” لە مۆسکۆ لە ساڵی ١٩٩٠ بە زمانی ڕووسی بڵاوکرایەوە، بەپێی هەندێک سەرچاوە هۆنراوەکانی مەستورە لە ٢٠ هەزار دێڕ زیاترە و زۆرینەی هۆنراوەکانی بە شێوەزاری کورمانجی نووسیوە، بەڵام ئەم هۆنراوانە لە ئەمڕۆدا نەدۆزراونەتەوە.

 

کەسایەتی و بەرهەمەکان

مەستورە کەسایەتییەکی گەورە و شاعیرێک بوو کە بە هۆنراوە و هونەر و تۆمارکردن و نووسینی مێژووەوە بەناوبانگ بوو، لە کاتی بوونی مێردەکەی خوسرەوخان، زۆر شاعیر و زانا لە دەربارەکەیدا کۆدەبوونەوە و گفتوگۆی ئەدەبی و فەلسەفی و زانستییان دەکرد.

 مەستورە بەهۆی کەسایەتی بەهێز و ڕۆشنبیریەکەی شوێنی بەرچاوی لە نێویاندا هەبوو.

زۆر شاعیر و نووسەر لە نووسین و هۆنراوەکانیاندا باسی ئەم ئەفسانەیان کردووە، ئەو نەک تەنها مێژوونووسی کوردستانە، بەڵکو یەکەم مێژوونووسی ئافرەت لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.

مەستورە دوو دیوانی بە فارسی و کوردی نووسیوە و زۆر هۆنراوەی بە زمانی فارسی هەیە، شێوازێکی تایبەت و جیاوازی لە بەکارهێنانی وشەکان لە هۆنراوەکانیدا هەیە.

 

بەرهەمە فکرییەکانی:

  • عەقیدەی ئیسلام و نامەی عیبادەت – بە فارسی
  • دیوان (دیوانی مەستورەی کوردستانی) – فارسی و کوردی
  • مێژووی ئەردەڵان (خرۆنیکای دۆمای ئەردەڵان)

هەروەها کتێبێکی ئاینی لەسەر “شەریعەتی ئیسلامی” ئامادە کردووە. کتێبەکانی زانینی قووڵی لە ئاین و مێژوودا پیشان دەدات، کە لە زۆر زانستدا قووڵ بووەتەوە “١٢ زانستی تەواو کردووە”.  لە هەندێک هۆنراوەکانیدا باس لە خۆشەویستی و هەستەکانی بۆ مێردەکەی خوسرەوخان دەکات، لە زۆرینەی هۆنراوەکانیدا گلەیی لە کات و دۆخەکەی کە تێیدا دەژیت دەکات و بە تایبەتی لە هۆنراوەکانیدا باس لە شارهکەی خۆی سنە دەکات کە ئارەزووی دەکات. 

 

سهرچاوهكان:

 

 

1 – آصف، محمد هاشم ( رستمالحکما )، رستمالتواریخ، تهران، امیر کببر، چاپ دوم ، 1375.

2 – احمدی، حمید، قومیت و قوم گرایی در ایرن، تهران، نشر نی، چاپ چهارم، 1383.

3 – اردلان، مستوره ( ماه شرف خانم )، تاریخالاکراد، اربیل، آراس، چاپ اول، 2005 .

4 – بابانی، عبدالقادر بن رستم، سیدالاکراد در تاریخ و جغرافیای کردستان، تهران، گلبانگ، چاپ دوم، 1377 .

5 – بدیسی، امیر شرف خان، شرفنامه، تهران، حدیث، چاپ سوم، 1373.

6 – سنندجی، میرازا شکرالله، تحفه ناصری در تاریخ و جغرافیای کردستان، تهران، امیر کبیر، 1375 .

7 – سنندجی، میرزا عبدالله، تذکر حیقته امانالهی، تبریز، دانشکده ادبیات تبریز، چاپ اول،1344.

8 – مشایخ فریدونی، آذر میدخت، مسائل مرزی ایران و عراق و تأثیر آن در مناسبات دو کشور، تهران: امیر کبیر، چاپ اول، 1369.

9 – مصطفی امین ، نوشیروان، کرد و عجم ( کردی )، سلیمانیه، مرکز تحقیقات استراتژی سلیمانیه چاپ دوم، 2000.

10 – وقایع نگار کردستانی، علی اکبر، حدیقه ناصریه و مرآت الظفر در جغرافیا و تاریخ کردستان، تهران، توکلی، 1381.

ڤان بابەتان ببینە

کاتێک باس لە شارستانییەتی چیای زاگرۆس دەکەین، باس لە یەکێک لە دێرینترین و کاریگەرترین لانکەکانی …