بابەت

چۆن لە سۆشیال میدیا بۆ بەهێزکردنی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییی کوردستانییان کەڵک وەربگرین؟

بێهزاد قادری

دونیای ئەمڕۆ بە دونیای سۆشیال میدیا و زیرەکی دەستکرد ناسراوە و ئەم بابەتانە ئێستا بەشێکن لە ژیانی هەموو خەڵکی دونیا و دابڕان لێیان بە واتای دابڕان لە جیهانی نوێ و پێشکەوتووە. بەڵام ئەم تەکنۆلۆجیایە لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە و بۆ نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی ئێمە (کورد) کە هێشتا خاوەنی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆی خۆمان نین، دەرفەتێکی زێڕینە کە دەتوانین لە بەرژەوەندیی خۆمان و نیشتمانەکەمان کوردستان بەکاری بهێنین. هەروەها چالاکی لە سۆشیال میدیادا دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانی کوردستانییاندا بگێڕێت. بەڵام دەبێ ئەم چالاکییانە بە شێوەی ئامانجدار، ستراتیجیک و بە لەبەرچاوگرتنی بنەما ئەخلاقی و یاسایییەکان بێت. لەم وتارەدا بەکورتی دەپەرژێمە سەر سۆشیال میدیا و وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەوەی کە چۆن لە سۆشیال میدیا بۆ بەهێزکردنی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییی کوردستانییان کەڵک وەربگرین.

سۆشیال میدیا

سۆشیال میدیا (Social Networks) بریتییە لە پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان کە تاکەکان دەتوانن بە کەڵکوەرگرتن لێیان پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بکەن، زانیاری هاوبەش بکەن و ناوەڕۆک بەرهەم بهێنن یان بەکاری بهێنن. ئەم تۆڕانە بە شێوەیەکی گشتی تایبەتمەندییەکانی وەک «پڕۆفایلی کەسی، لیستی هاوڕێ یان فۆڵۆوەر، گەیاندنی پەیام، هاوبەشکردنی وێنە و ڤیدیۆ، کارلێککردن لە ڕێگەی لایک و کۆمێنت و شەیرەوە» لەخۆ دەگرن.

ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە جیهانی ئەمڕۆدا

– پەیوەندیی کەسی و گرووپی: تۆڕەکانی وەک واتسئەپ، ئینستاگرام و تێلێگرام و… ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدەن بە شێوەی سەرهێڵ پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ، خێزان و گرووپە جیاوازەکاندا بکەن.

– ڕاگەیاندن و زانیاری: ئەمڕۆکە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە هەواڵێکی زۆر بڵاو دەکرێنەوە. هەروەها میدیاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لاپەڕەی فەرمییان هەیە.

– ڕیکلام و بەبازاڕکردن: بازرگانەکان سۆشیال میدیا بۆ بانگەشەکردنی بەرهەمەکانیان، پەیوەندیکردن لەگەڵ کڕیاران و زیادکردنی فرۆشتنیان بەکار دەهێنن.

– سیاسەت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان: سۆشیال میدیا بووەتە ئامرازێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵک، هەڵبژاردن، ناڕەزایەتی و کەمپەینە کۆمەڵایەتییەکان.

– فەرهەنگسازی و پەروەردە و بارهێنان: لە سۆشیال میدیا بۆ بەرەوپێشبردنی کەلتوور، فێرکردنی کارامەیی و زمان و زانیاریی پسپۆڕانە کەڵک وەردەگیرێت.

ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی

لە سادەترین پێناسەدا، ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی هەستی گرێدراویی تاکە بە نەتەوە و خاکێک و هەستی هاوبەشی لە توخمە کەلتووری، مێژوویی، زمانی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو نەتەوەیەیە. ئەم ناسنامەیە بەشێکە لە پێکهاتەی گەورەتری ناسنامەی کۆمەڵایەتی و دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە ڕەفتارە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکاندا بگێڕێت. لە هەلومەرجی ئاساییدا ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ڕێگەی بنەماڵە، دامەزراوە پەروەردەیییەکان، میدیاکان و ئەزموونە مێژوویییە بەکۆمەڵەکانەوە بەهێزتر دەبێت.

وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی

وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی ئاماژەیەکن بۆ تێگەیشتن و دانپێدانانی تاک یان کۆمەڵە مرۆڤێک لە شوناس و گرێدراوییان بە نەتەوە و نیشتمانێکی دیاریکراو. ئەمە نەتەنیا پەیوەندیی بە لایەنە تاکەکەسییەکانەوە هەیە، بەڵکوو پەیوەندیی بە لایەنە بەکۆمەڵەکانیشەوە هەیە و لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی جۆرێکە لە تێگەیشتنێکی بەکۆمەڵ کە ئەندامانی نەتەوەیەک لە ناسنامەی هاوبەشی خۆیان هەیانە. ئەم ناسنامەیە دەتوانێت زمان، خاک، مێژوو، کەلتوور، بەهاکان، داب و نەریت و تەنانەت چارەنووسێکی هاوبەشیش لەخۆ بگرێت کە بە تێپەڕبوونی کات و لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیاوازدا دروست دەبێت.

 

لایەنە جۆراوجۆرەکانی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی

– ناسینی مێژوو و کەلتووری هاوبەش: زۆرجار وشیاریی نەتەوەیی لە وشیاریی مێژوویییەوە سەرچاوە دەگرێت. مێژووی نەتەوەیەک نەتەنیا بریتییە لە ڕووداوە سیاسی و شەڕەکان، بەڵکوو ئەزموونە کەلتووری، هونەری، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیش لەخۆ دەگرێت. ئەم مێژووە یارمەتیی مرۆڤەکان دەدات هەست بکەن کە سەر بە ڕابردوو و ناسنامەیەکی هاوبەشن. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک فەڕەنسا وشیاریی نەتەوەیی تەنیا پەیوەندیی بە سەردەمە مێژوویییە جیاوازەکانەوە نییە، لەوانە سەردەمەکانی پێش ڕینێسانس و دوای ڕێنێسانس، بەڵکوو بە دەستکەوتە کەلتوورییەکانی وەک شیعری فەڕەنسی و هونەرە نەریتییەکانەوە پەیوەستە.

– زمان وەک هێمای ناسنامەی نەتەوەیی: زمان یەکێکە لە توخمە گرنگەکانی وشیاریی نەتەوەیی. زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی مێژوو، کەلتوور و بەهاکانی نەتەوەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو. لە زۆرێک لە وڵاتان پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی دایکی وەک بەشێک لە وشیاریی نەتەوەیی و بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی ناسراوە.

– بەهاکان و نەریتەکان: هەروەها وشیاریی نەتەوەیی لە ناسینی بەها و نەریتە تایبەتەکانی نەتەوەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم نەریتانە دەتوانن ڕێوڕەسمی نەتەوەیی و نیشتمانی، ڕێوڕەسمی ئایینی و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان لەخۆ بگرن کە مرۆڤەکان بە تێپەڕبوونی کات پێیانەوە پابەند بوون. پاراستن و ڕێزگرتن لەو نەریتانە بەشێکە لە ناسنامەی نەتەوەیی و دەتوانێت یارمەتیدەری بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان لەنێو کۆمەڵگەدا بێت.

– هەستی گرێدراوی بە خاک و نەتەوە: یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەستی گرێدراوی بە خاکێکی دیاریکراوە. ئەم هەستەی مرۆڤ بە زێدی خۆی، نەتەنیا لە ڕێگەی پەیوەندییە ڕۆژانەیییەکانەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەزموونە هاوبەشەکان، شەڕەکان، ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان و تەنانەت قەیران و تەحەددیاتەکانیشەوە پێک دێت. لە زۆر وڵاتدا پێشهاتە مێژوویییەکانی وەک شۆڕشەکان، شەڕەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەری بەهێزکردنی وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون.

– پابەندبوون بە پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەییی خاک: وشیاری نەتەوەیی و نیشتمانی وا دەکات تاکەکان بەرامبەر بە سەربەخۆیی و یەکپارچەییی خاکی وڵاتەکەیان هەستیار بن و لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییەکان بەرگری لە وڵاتی خۆیان بکەن. ئەم لایەنەی وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی دەتوانێت لە کاتی قەیرانەکاندا، وەک شەڕەکان یان قەیرانە سیاسییەکان، گرنگ بێت.

ڕۆڵی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی لە سیاسەت و کۆمەڵگەدا

وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ناسنامەی بەکۆمەڵی تاکەکانەوە هەیە. ئەم هەستکردنە بە ناسنامەی بەکۆمەڵ دەتوانێت یەکێتیی نەتەوەیی بەهێز بکات و لەنێوان گرووپە جیاوازەکانی نێو وڵاتێکدا هاودەنگی دروست بکات. جگە لەوەش وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی لە پرۆسەکانی دێموکراسیدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بەو جۆرەی کە ئەو کەسانەی ئاگاداری ناسنامە و مافەکانیانن، زیاتر لە هەڵبژاردن و بڕیاردان و چالاکییە سیاسییەکانی دیکەدا بەشداری دەکەن.

لەم پەیوەندییەدا، چەمکی «نەتەوەسازی»ش (Nation-building)  ئاماژەیە بۆ گرنگیی وشیاریی نەتەوەیی. نەتەوەسازی بریتییە لەو پرۆسەیەی کە وڵاتێک کۆمەڵێک کەلتوور،  ئیتنیک و گرووپی جیاواز دەگۆڕێت بۆ ناسنامەیەکی نەتەوەییی هاوبەش. ئەم پرۆسەیە دەتوانێت پەرەپێدانی دامەزراوە حکوومییەکان، پەروەردەی نیشتمانی، میدیا و چالاکییە کەلتوورییەکان لەخۆ بگرێت.

چالێنجەکانی بەردەم وشیاریی نەتەوەیی

بەڵام وشیاریی نەتەوەیی هەمیشە لەگەڵ چالێنجگەلێک بەرەوڕوویە. لە وڵاتانی فرەنەتەوەیی یان فرەکەلتووریدا، ڕەنگە گرووپە جیاوازەکان بە ناسنامەی نەتەوەیی و کەلتووریی جیاواز پێکەوە بژین، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ناکۆکیی ناسنامەیی. لەم هەلومەرجەدا دەکرێت زەحمەت بێت ناسنامەیەکی نەتەوەییی هاوبەش کە هەمووان بگرێتەوە، دروست بکرێت.

جگە لەوەش ڕەنگە بەجیهانبوون و زیادبوونی پەیوەندیی نێوان کەلتوورەکان مەترسی لەسەر پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و وشیاریی نەتەوەیی دروست بکات. لە هەندێک وڵاتدا کاریگەریی کەلتوور و بەهاکانی ڕۆژاوا، بەتایبەتی لە ڕێگەی میدیا و ئینتەرنێتەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی چالێنج لەبەردەم پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی.

وێڕای ئەمانە، پاراستن و بەهێزکردنی وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی لە جیهانی مۆدێڕندا، پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاستەنگەکانی وەک فرەچەشنیی کەلتووری، بەجیهانیبوون و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.

ئێمە چۆن لە سۆشیال میدیا بۆ بەهێزکردنی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییی کوردستانییان کەڵک وەربگرین؟

چالاکانی ڕۆشنبیریی کورد دەتوانن سۆشیال میدیا وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ بەهێزکردنی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییی کورد و پێشخستنی ناسنامەی کەلتووری و سیاسیی خۆیان کەڵک وەربگرن. لە دونیای ئەمڕۆدا کە سۆشیال میدیا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانە، دەتوانرێت ئەم پلاتفۆرمانە وەک سەرچاوەیەکی زانیاری و سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و هاوئاهەنگی و کۆکردنەوەی خەڵک بەکار بهێنرێت.

بەڵام بەر لە هەر چالاکییەک، دەبێ ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانمان بە شێوەیەکی ورد و دیاریکراو پێناسە بکەین. ئەم ئامانجانە دەتوانن بریتی بن لە «وەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسی و فەرهەنگییەکانمان، پاراستن و گەشەی زمان و کەلەپوورمان، بەرزکردنەوەی وشیاریی جیهانی لەمەڕ پرسی کورد و کوردستان و…». هەروەها دیاریکردنی بەردەنگیش زۆر گرنگە، وەک: «کۆمەڵگەی کوردستان، بیروڕای گشتیی جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و…».

ئەمانەی خوارەوەش چەند ستراتیجێکن بۆ ئەوەی چالاکانی ڕۆشنبیریی کورد بە شێوەیەکی کاریگەر لە سۆشیال میدیا بۆ بەهێزکردنی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییی کوردستانییان سوود وەربگرن.

– گەشە و پێشخستنی زمان و کەلتووری کوردی: سۆشیال میدیا دەتوانێت وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی و کەلتووری کوردی خزمەت بکات. چالاکوانان دەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هاوبەشکردنی دەقی ئەدەبی، شیعر، مۆسیقا و فیلمی کوردی کەڵک وەربگرن. پۆست، ڤیدیۆ و ناوەڕۆکی پەروەردەیی بە زمانی کوردی دەتوانن لە پاراستن و بڵاوکردنەوەی زمانمان لەنێو نەوەی نوێدا یارمەتیدەر بن. – وشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە مێژوو و ناسنامەی کورد: سۆشیال میدیا دەرفەتێکی باش بۆ چالاکانی ڕۆشنبیریی کورد دەڕەخسێنێت تا مێژوو و ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەییی خۆیان بە کەسانی دیکە بناسێنن. لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووداوە مێژوویییە گرنگەکانی کورد باس بکرێن، کەسایەتییە دیارە کەلتووری و سیاسییەکانی کورد و خەباتی نەتەوەییی کورد بە جیهان و تەنانەت نەوەی نوێش بناسێنرێن. هەروەها ئەو پۆست و ڤیدیۆ و بابەتانەی باس لە بابەتی مێژوویی و کەلتووری دەکەن، دەتوانن لە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری سەبارەت بە ناسنامەی کورد یارمەتیدەر بن.

– پەیوەندی و یەکانگیری لەنێوان کوردان لە سەرانسەری جیهان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنن بۆ دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی و یەکانگیری لەنێوان کوردانی وڵاتانی جیاوازدا. چالاکوانانی ڕۆشنبیری دەتوانن گرووپ و پەیج و کەمپەین دابمەزرێنن کە کوردان لە سەرانسەری جیهانەوە بتوانن بەشداریی تێدا بکەن و ئەزموونە هاوبەشەکانی خۆیان پێکەوە باس بکەن و لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا پشتیوانی یەکتر بن. ئەم یەکانگیرییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی هەستی ناسنامەی نەتەوەیی لەنێو کورداندا.

– داواکاری بۆ مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازێکی بەهێزن بۆ دەربڕین و داواکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. چالاکوانانی کورد دەتوانن لەو تۆڕانە بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و مافی کورد لە پارچە و ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان کەڵک وەربگرن و سەرنجی جیهانی بۆ ئەو پرسانە ڕابکێشن. لە ڕێگەی بەکارهێنانی «هاشتاگ» و کەمپەینی ئۆنلاین و بزووتنەوەی جەماوەرییەوە، دەنگی کورد لە ئاستی جیهانیدا بەرز بکرێتەوە و گوشار بخرێتە سەر حکوومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.

– پێشخستنی داواکارییە سیاسییەکان لە ڕێگەی وشیارکردنەوەوە: سۆشیال میدیا دەتوانێت سەکۆیەک بۆ وشیارکردنەوە و پێشخستنی داواکارییە سیاسییەکانی کورد دروست بکات. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکوانانی کورد دەتوانن لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردان لە وڵاتە جیاوازەکاندا زانیاری بڵاو بکەنەوە و بیروڕای گشتی لە بەرژەوەندیی گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان و وەدیهێنانی داواکارییەکانی کورد کۆ بکەنەوە. ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئۆنلاین و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پۆستی پەروەردەیی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕاکێشانی سەرنجی بینەران و کاریگەریی لەسەر داڕێژەرانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هەبێت.

– پێشخستنی هونەر و پیشەسازیی کوردی: یەکێکی تر لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی وشیاریی نەتەوەیی بریتییە لە نمایشکردن و پێشخستنی هونەر و پیشە دەستییە کوردییەکان لە سۆشیال میدیادا. ئه‌مه نه‌ته‌نیا ده‌بێته هۆی ناساندنی فەرهه‌نگی کوردی له جیهاندا، ‌بەڵکوو دەرفه‌تی ناساندن و فرۆشتنی بەرهەمی هونەریی کوردی ده‌ڕه‌خسێنێت، ئه‌مه‌ش بۆ دروستکردنی ئابوورییه‌کی بەرده‌وام و به‌هێزکردنی ناسنامه‌ی کەلتووریی کورد هاوکار ده‌بێت.

– کەمپەین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی بۆ دەستپێکردنی هەڵمەت و کەمپەینە کۆمەڵایەتییەکان و کۆکردنەوەی خەڵک کاریگەرن. چالاکوانانی ڕۆشنبیریی کورد دەتوانن لەم پلاتفۆرمانە بۆ دەستپێکردنی کەمپەینی جۆراوجۆر بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک لە بابەتی کۆمەڵایەتی، یاسایی، ئابووری و کەلتووری کەڵک وەربگرن. ئەم هەڵمەت و کەمپەینانە دەتوانن چەندین شێوەیان هەبێت، وەک هەڵمەتی ئۆنلاین، ناڕەزایەتی لە سۆشیال میدیا، یان تەنانەت کۆکردنەوەی پارە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو.

– خەبات دژی نکۆڵیکردنی داگیرکەرانی کوردستان لە ناسنامەی کوردی: لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، نکۆڵی لە ناسنامەی کوردی دەکرێت یان تەنانەت سەرکوت دەکرێت. چالاکوانانی کورد دەتوانن لە سۆشیال میدیا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە نکۆڵییانە کەڵک وەربگرن و بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست و سەرچاوەی باوەڕپێکراو، ناسنامەی کوردی لە ئاستی جیهانیدا بناسێنن. هەروەها ئەم پلاتفۆرمانە دەتوانن دەرفەتێک بۆ ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لە سیاسەتەکانی حکوومەتەکان سەبارەت بە مافەکانی کورد و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتی سیاسی و کەلتووری بڕەخسێنن.

بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک بە کوالێتیی بەرز لە سۆشیال میدیادا

بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی جۆراوجۆر و ڕاکێشەر (دەق، وێنە، ڤیدیۆ و ئینفۆگرافیک و…) بە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە، دەتوانێت هەم لەنێو کورددا و هەم لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا بەردەنگی زیاتر ڕابکێشێت و ئاستی ئاگایییان لەهەمبەر پرسی کوردستان و کورد بەرز بکاتەوە. هەروەها پێشکەشکردنی زانیاریی ورد و بەڵگەدار، دووریکردن لە زێدەڕۆیی و گەورەنوێنی و پشتبەستن بە سەرچاوەی بڕواپێکراو، دەتوانێت ئاستی متمانەی بەردەنگەکان بەرز بکاتەوە. لە هەمووی گرنگتر، ناوەڕۆک دەبێ هاوئاراستەی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەیییەکان بێت و بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەوڵ بۆ وەدیهێنانیان بدات.

لەبەرچاوگرتنی بنەما ئەخلاقی و یاسایییەکان

لە کۆتاییدا، ئەوەی نابێ لەبێری بکەین، لەبەرچاوگرتنی بنەما ئەخلاقی و یاسایییەکانە. دوورەپەرێزی لە هەرجۆرە سووکایەتی، بێڕێزی و هەڵاواردن دژی تاک یان گرووپەکانی دیکەی کۆمەڵگە، پێویستە. لەبەرچاوگرتنی یاساکانی پەیوەندیدار بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوورەپەرێزی لە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی وەک هەواڵی درۆ و زانیاریی کەسیی خەڵک و… پێویستترە. هەروەها ڕاستبێژی لەبارەی ناسنامە و ئامانجی چالاکییەکان و دوورەپەرێزی لە درۆ و فێڵ، سەرەکیترین بنەمایە.

ئەنجام

سۆشیال میدیا ئامرازێکی زۆر بەهێزە بۆ بەهێزکردنی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییی کورد. چالاکوانانی ڕۆشنبیریی کورد بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن کەلتوور، مێژوو، زمان و شوناسی خۆیان بەهێز بکەن و لە باشترکردنی پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی کورد یارمەتیدەر بن. ئەم تۆڕانە دەرفەت بۆ هاوپشتیی جیهانی و داواکردنی ماف و دروستکردنی کەشی بەشداریکردن و وشیارکردنەوە دەڕەخسێنن کە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی و ناسنامەی بەکۆمەڵی کورد لە سەرانسەری جیهاندا.

 

ژێدەر:

 – Kaplan, A. M., & Haenlein, M. (2010). Users of the world, unite! The challenges and opportunities of Social Media. Business Horizons, 53(1), 59-68.

– Anderson, B. (1983). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. Verso.

– Kaplan, R. D. (1993). The Coming Anarchy: Shattering the Dreams of the Post Cold War. The Atlantic Monthly.

ڤان بابەتان ببینە

ڕۆمانا مێژوونڤیس، داوى بەرهەمێ ڕۆمانکیێ نڤیسەرێ هێژا و ئافرندە (فازل عەمەر)ییە(١)، د ڤێ ڕۆمانێ دا، …