بابەت

لە ئەدەبى زاردەڤیى کوردییەوە: بەیتى شێخڕەش و شێخمەند هەکارى – موکریان (سەدەى 6ک./12ز.)

د. زرار صەدیق تۆقیق

شێخمەند و شێخڕەش، بەیتێکى فۆلکلۆریی رەسەن و گەنجینەیەکى دیرۆکى چاند و ئەدەبى زارەکیی کوردییە، بە درێژایی پتر لە هەشتسەد ساڵ سینگاوسینگى کردوە و دەماودەم گواستراوەتەوە و بەیتبێژانى نەخوێندەوار پێی دڵبەند بونە و لەبەریان کردوە و لە کۆڕ و شەوبێریەکان خوێندویانەتەوە تا گەهیشتۆتە دەستى ڤەکۆڵەران و دڵسۆزانى کەلتورى و رۆشنبیریی کوردى.

کلیلى بابەت: ئەدەبى زاردەڤى، بەیتى کوردى، هەکارى و موکریان

پێشەکى:

لەم لیکۆڵینەوەیەدا، لە ناوەڕۆکى بەیتەکە کۆڵراوەتەوە و بە پشتبەستن بە سەرچاوەى پێویست و پەیڕەوکردنى رێبازى شیکاری، ڤەکۆلەر هەوڵى داوە ناسنامەى هەردو پاڵەوانەکەی و هۆى کێشە و ململانێیان ئاشکرا بکات و شوێن و دەمى ئەو روداوە دیاری بکات کە بۆتە هەوێنى داهێنانى بەیتەکە، وێڕاى بەراوردى زانیاریی نێو بەیتەکە لەگەڵ ئەوەى لە دەقێکى باوەڕپێکراوى سەدەى ٨ک/١٤ز هاتووە و خاڵی لێکچون و جوداوازیی نێوانیان دەستنیشان کردوە و گەهیشتوەتە ئەو ئەنجامەى کە بەیتەکە کارەساتى کوشتنى شێخێک دەگێڕێتەوە بە دەستى یەکێکى دى و پاشان تۆڵە لە بکوژ دەکرێتەوە کە لە ناوەڕاستى سەدەى ٦ک/١٢ز لە دەڤەرى لالش و شێخان قەوماوە. پاشان وەک سەرجەم بابەتگەلى ئەدەبى میللی، بارگاوى کراوە بە پەرجو و ئەفسانە.

یەکەم: ناوەڕۆکى بەیتەکە:

  بەیتەکە کورتە و گێڕانەوەى روداوەکانى هەندە درێژە ناکێشن و بەپوختى دەبڕێنەوە و کاراکتەرەکانیشى تەنها شەش حەوت کەسن: شێخمەند و دایک و بابى و شێخ براهیمى خاڵى، دەگەڵ شێخڕەش و شێخ ئادى- عەدی، گفتوگۆ و پرسیار و بەرسڤەکانى نێوانیانیش چڕن و بێ درێژدادڕی و تێئاخنینى بەسەرهاتى لاوەکی و قسەى ناپێویست، مەبەست دەپێکن، کڕۆکەکەشى دەربارەى پەرجو و کەراماتى شێخمەندى تۆلاز و پاڵاوانە و کێشەى و هەڤڕکیی دەگەڵ شێخ رەشى و دواتریش کوژرانی بەدەستى ئەو:

شێخ جەعفەر پیاوچاک و جوامێرێکە و هاودەمى شێخ عەدیی کوڕى موسافرە- سەدەى٦ ک/١٢ز-، رۆژێک سێ مێوانى نامۆى دهێن، ئەویش رو دەکاتە مەندى کوڕى و پێى دەڵێت ئەم میوانە ناوەختانە کێن و بلا بچێت گیا بۆ ئەسپەکانیان بهێنێت، مەندیش مرۆڤێکى نائاساییە و هەر لە هەرزەکارییەوە دەکارێت پەى بە رازى شتەکان ببات و کارى وەهاى لەدەست دێت لە تواناى مرۆڤ بەدەرە، یەکسەر بەناو هەرسێکیان دەیاناسێنێت و ئەوجا دەچێتە هەر دەشت و مێرگێک، دەبینێت چى گیاى بەهار هەیە تەسبیح و زیکرى خودا دەکەن و ناچار بە دەستبەتاڵى دەگەڕیتەوە و چى دیتوە بۆ بابى دەیگێڕێتەوە، بابیشى بڕواى پێ ناکات و داواکەى لێ دوبارە دەکاتەوە، مەندیش گوهداریی دەکات و دەچێت و هەمان تشت دەبینێتەوە و ئەمجارەش بە دەستبەتاڵى دەگەڕیتەوە.

ئەوجا بابى بەم رەفتارەى مەندى کوڕى دڵگران دەبێت و بە ئالانگاریى دەزانێت و پێی دەڵێت نەمدیوە نە ‹›دوو مێگەلە کاوڕى قورس لە نواڵێکى›› و نە ‹› دوو شێخى بەقوەت لەسەر بەرماڵێکى›› پێکەوە هەڵ بکەن، بۆیە ‹› ئەتۆ کانى ئەمن جۆمە، تۆ دانیشە من دەڕۆمە››، مەندیش دەڵێت تۆ بابمیت و خانەخوێت، نەریت و عورف وایە من لێرە بڕۆم نەک تۆ، ئەوجا دەست دەداتە کەشکۆڵ و گۆپاڵەکەى و سەرى خۆى هەڵدەگرێت. پاشان بابى پەشیمان دەبێتەوە و داوا لە ژنەکەى- دایکى مەند دەکات نەهێلێت کوڕە تۆلازەکەیان بڕوات و گلى بداتەوە، ئەویش تکاى لێدەکات و لێی دەپاڕێتەوە بەجێهیان نەهێلێت، بەڵام مەند مکۆڕە لەسەر رۆیشتن و گەفى ئەوە لە دایکى دەکات ئەگەر وازم لێ نەهێنیت، رازى پەیوەندیی پێش هاوژینتان دەگەڵ بابم دەدرکێنم کە بەچاوى خۆى دەمدیتن:

دایە ئەتۆ کیژ بووى لەنێو کیژانە

بابم کوڕ بوو لەنێو کوڕانە

ئەوە ژوانو دەکردەوە کانیلەى دەبەر ماڵانە

یەکى سێوێکى سوورو دەداوە بە یەکتر بە نیشانە

ئەمن حەوت ساڵ بووم روحم لەسە ئەنگۆى دەکردەوە سەیرانە.

دایکى بەم بەدهەڵوێستیەى کوڕەکەى، زۆر دڵی دەڕەنجێت و لە پەستى و نیگەرانیدا، سۆزى دایکایەتى لەدەست دەدات و دوعاى لێ دەکات، شێخ رەش و شێخ ئایەدى- عەدیی بۆ نازڵ ببن و خوێنى سەرى ببەن و جوانیی لێ بستێننەوە.

لێرە بەدواوە روداوەکە سەر دەکێشێت بۆ غەیبیات و تێکەڵ بە پەرجو و کارى نەکردە دەبێت و کەشوهەواى صۆفییانەى کوردەوارى دەپۆشێت، ئیدى شێخمەندى سەرەڕۆ رێگاى هات و نەهات دەگرێتەبەر تا دەگاتە شوێنێک و دەبینێت شێخ رەش و شێخ عەدی وا بژارى پەمبو دەکەن و ئەویش لە هەر بژارێک دەڕوانێت، یەکسەر وشک دەبێتەوە. هەواڵێکیش ئەوە دەسەلمێنێت کە شێخ عەدی چاوى لە دەستى کەس نەبو و بژێویی و پۆشاکى خۆى لە چاندنى پەمبوەوە دابین دەکرد(1).

شێخ عەدی هەست بەم شیان و موعجیزەیەى دەکات و بە شێخ رەشى هاوکارى دەڵێت، ئەگەر ئەم تەرزە کەسە بەهرەدارە بهێتە ئەم شارە، ئەوا مەترسى دەخاتە سەر جێوڕێ و پلەوپایەمان و خەڵکى دەیکەنە مەزنى شار و ئێمەش دەکرێین بە بچوک و خزمەتکارى و لێی دەخوازێت بچێتە جەستەى مارێکى رەشى لغاو سپییەوە و لە ژێر تاتەبەردێک خۆى مەڵاز بدات و پێوەى بدات و لە ‹› بەرى پێیەوە تا نووکى سەرى›› بەبا بدات، شێخمەندیش کەراماتدارە و دەیزانى ژەهرى رەشمار کاری لێناکات، دەربەست ناهێت و بێترس دەچێتە بان تاتەبەردەکە و دەگەڵى دەدوێت، ئەوجا شێخ رەش ئوێنێکى دى دەخاتە گەڕ و لەبن تاتەبەردەکەەوە دەردەپەڕێت و خۆى دەکاتە بەرانێکى شینباو، شێخمەندیش دهێتە دەست و خۆی دەکاتە بەرانێکى زەردباو و رۆژێک تا ئێوارێ بێهودە بەرانئاسا دەجەنگن، سەرئەنجام شێخ رەش رکابەرەکەى فریو دەدات و بە فێڵ دەیخاتە تەڵەیەکەوە و دەیداتە بەر خەنجەر و دەیکوژێ، بە ڕەنگێک باهۆز و شەماڵیش نەشیان بگەنە فریاى شێخمەند و ناڵە و زایەڵەى بگەهێننە جێ. پاشان دەستەى پیران و پیاوچاکان کۆڕى شیوەن و نزا و پاڕانەوە بۆ شێخى بەناهەق کوژراویان دەگێرن، ئەوجا شیخ برایم و شێخ هەمزە لە کەسوکارانى شێخى جوانەمەرگ، تۆڵەى خۆینى دەکەنەوە و شێخ رەش دەکوژنەوە(2).

دوهەم: رەنگدانەوەى لە ئەدەبى زاردەڤی:

چارەنوسى شێخمەندى خوێنگەرم و نورانى و کوژرانى بە تەڵەکە و نامەردی، کۆستێکى جەرگبڕى لێکەوتەوە و هەواڵەکە وەک ئاگرى ناو پوش بە ناوچەکەدا تەشەنەى کرد، بۆ تێگەهیشتن لە باندۆر و دەنگدانەوەى ئەم کارەساتە، ئەوەندە بەسە بێژین کە بەلاى کەمەوە، تا دوسەد و پەنجا ساڵێک پاشتریش، دەماودەم باس دەکرا و شەهابەدینى واسطی(الواسطي) گوێی لێ بوە و لە کتێبەکەى کە ساڵی ٧٧٧ک/١٣٧٥ز دایناوە گێڕاویەتیەوە.

لە کوردستانیش دەنگێکى گەورەى دایەوە و کاریگەریی قولى لەسەر دڵ و دەروونى خەڵکى بەجێ هێشت و بوە باسوخواسى کۆڕ و جڤاتان و حیکایەتخوانان و چیرۆکبێژان پێى داخبار و کاریگەر بون و کردیانە بەیتێکى دڵگیر و خەمگین و بەیتبێژانیش بە دەنگە بەسۆز و خۆشەکەیان بە نەمرى هێشتیانەوە.   هەرچەند مەیدانى قەومانى ئەو روداوە بنەڕەتیەى بۆتە هەوێنى بەیتەکە، جێگایەکى ژێر قەڵمەڕەوى شێخ عەدیی کوڕى مسافرى هەکارى بوە، بەڵام سەیر لەوەدایە کە نە لە خەرمانى ئەدەبیاتى ئێزیدیایەتى(3)و نە لە گەنجینەى دەوڵەمەندى بەهدینان کە هەردوکیان تەژین لە کەرەستە و بابەتى باڵکێش و بەپێزى فۆلکلۆرى، ئەو روداوە رەنگێکى واى نەداوەتەوە و نەبۆتە ژانرێکى ئەدەبی میللى، یان بوە وەلێ ئەوەندە بڕى نەکردوە و بەرەبەرە لەبیر چۆتەوە تا بەیەکجارى فەوتاوە و نەگەهیشتوەتە دەستمان. کەچى دەڤەرى موکریانى لانکەى ئەدەبى زارەکى کوردەوارى، ئەم روداوە جەرگبڕەى لە هەمبێز گرتوە و هەواڵزانان و حیکایەتخوانان ئەم گەنجینەیەیان لەسەر هەڵچنیوە و چەند بەیتبێژێکى دەنگخۆش زاراوزار چڕیویانە، لەوانە محەمەد ئەحمەد زادە(١٩٢٧- ٢٠٠٥) ناودار بە خاڵە سورە و سورەى عەزیز ئامان کە بۆ رێزدار قادرى فەتاحی قاضى( ١٩٣٥- ) خوێندویەتییەوە، ئەویش بۆ یەکەم جار بە لێکدانەوە و وەرگێڕانى فارسییەوە لە بەڵاڤۆکى کۆلێژى ئەدەبیات و زانستە مرۆڤایەتییەکانى زانکۆى تەوریز، ژمارە(٧١)ى ساڵى شانزدەهەمی- ١٣٤٢ش، ل٣٠٧- ٣٢٠ بڵاوى کردۆتەوە(4)، هاوکات بە دەنگى محەمەدى غەزالێ- حەمەدى بەیتان(١٩٢١- ١٩٨٥) تۆمار کراوە(5). هەروەها سەلیم خان عەبدوڵا نەبی دەروێشی دۆڵەمەڕى بارزانى (١٩٤٢- ؟) کاتى خۆى گوێبیستى ئەم بەیتە بوە و هەڵساوە بە زارى ناوچەکەى خۆى دایڕشتۆتەوە و کەشوهەوا و بەرگێکى لۆکاڵیی دەڤەرى بارزان و حەریرى بەبەردا کردوە(6).

سێهەم: ناسینەوەى پاڵەوانەکان:

أ- شیخ مەند:

مەند پەیڤێکى رەسەنى کوردییە بە واتاى مرۆڤى گران، سەنگین، کەمدو، ئەگەر بۆ ناونان بەکار بهێت ئەوا زیاتر بە شێوەى (مەندۆ) دێت کە بەزۆرى بەکار دەهێنرا و چەند کەسى مەندۆ ناومان هەن، وەک: مەندۆى هەدبانى- دەڤەرى ئاکرێ و بەردەڕەش(سەدەى٦ک/١٢ز)(7)، مەندوە- مەندۆى کورد، لەشکرییەکى کورد لە قاهیرە (سەدەى ٧ک /١٣ز)(8)، مەندوە- مەندۆى کورد، بەرپرسێکى کورد لە مەڵاتیە(ساڵى٧١٥ک/١٣١٥ز(9)، کە رەنگە هەمان شێخمەندۆى خاوەندى قەڵاى ئەرقین بێت لە چارەکى یەکەمى سەدەى ٨ک/١٤ز(10)و دامەزرێنەرى میرنشینى مەنتشا- مەنتەشاهى بوو کە هەر بە ناوى ئەوەوە ناونرا.

ئەوەى زانراوە، مەند وەک لە بەیتەکە و لە دەقێکیش هاتوە کە پاشان دێینەوە سەرى، نە لە بنەڕەتدا خەڵکى گوندەوارى شێخان و لالش و نە یەکێکیش بوە لە موریدان و یاوەرانى شێخ عەدیی کوڕى مسافر(م: ٥٥٧ک/١١٦١ز)ى شێخ و پێشڕەوى کوردانى ئێزیدى(11)، بەڵام پاش ئەوەى بەناهەق کوژراو و شێخ عەدییش لە شێخ رەشى بکوژى کە موریدى خۆى بو، نەبورى و رازی بو بکوژرێتەوە، بۆیە لەنێو ئێزیدییان زێدە پایەدار و رێزلێگیراوە و بە شێخمەند و شێخمەند پاشا ناوى دەبەن و دەیکەنە کوڕى شێخ فەخر- فەخرەدین لە ماڵبابى شێخانى شەمسانى و کردویانە بە بابچاک و بە هێمایەکى ناودار و پیرۆزیان و کۆڵەگەیەکى بنەرەتیی ئایینەکەیان، ئەگەر بچیتە هەر ئاوەدانییەکى وڵاتى ئێزیدیایەتى، دەبینیت مەزارێکى بۆ بنیاد نراوە و رۆژ و هەڵکەفتى تایبەتى بۆ تەرخان کراوە و ئاهەنگ و طەوافى تێدا دەگێڕدرێت و گۆڕەکەشى لە بەرزاییەکى تەنیشت باژێڕى شێخان نێژراوە و پاشتر دەوروپشتى بۆتە گۆڕستان و ئێستا کەوتۆتە ناو باژێڕەوە و رۆژى ٢٤- ٨- ٢٠٢٣ سەرم لە گۆڕەکەى دا.

ئەمە سەربارى مەزارێکى لە خانکێ و دوى دیکەى لە شنگار، یەکێکیان لە گوندى جەدالە و ئەوەى دییان لە ناوچەى حەلیقى لە بەشى باکورى رۆژئاواى چیاى شنگار(12)، لە دەروەى بازنەى ئێزیدیایەتیش زیاد لە شوێنەوارێکى دیکەى هەیە و ناودارتریان مەزارەکەیەتى لە ئاوایی جاشێرانى نێوان نەغەدە و شنۆ لە موکریان(13)و گوندى شێخمەندى ناحیەى بازیان و گوندى باوەمەندى دۆڵى ئاکۆیانى رواندز.

   دیارە شێخمەند کور و وەچەى خستۆتەوە و ماڵباتى شێخمەند نەوەى ئەون یان شوێنکەوتە و میراتگراى رێچکەکەیین، هەروەسا وا دیارە بەهرەى نوژدارییشی هەبوە و بە کۆشش و هەوڵدان و ئەزمون شیاوە جۆرە دەرمانێکى دژە ژەهرەمار دابهێنێت، ئەمەش بۆى وەک پەرجو و کەرامات هەژمار کرا و پلەوپایەیی پێ هەڵکشێنرا و نەدورە پاش خۆى، ئەم بەهرەیەى بۆ کوڕ و نەوەکانى مابێتەوە تا بە میراتى مەعنەوى بۆ میر و شێخ عیزەدينى کوڕى يوسفى عەدەوى(؟- 948ک/١٥٤٢ز) مایەوە کە وەک نوژدارێکى کاراماى چارەسەرى مارپێوەدان ناسرا و لە شیوەى پرتکە نان نوشتەیەکى چێ دەکرد و دوعاى بەسەردا دەخوێند و فووى پێدا دەکرد و دەرخواردى کەسانى مارانگازى دەدا و چاکى دەکردنەوە، بە گوتەى دیرۆکنوسێک کە زیادڕۆیی بە ئاخافتنیەوە دیارە، کوردانى یەزیدى شێخ عیزەدینیان دەپەرست و ئەگەر لە یەکێکیانت بپرسیایە تۆ کوردانى سەر بە خودای یان سەر بە شێخەکەت؟ ئەوا دەیگوت من هیی شێخەکەمم(14).

   لە بەیتەکەشدا، زانیمان رەشمارەکە نەیدا بە شێخمەندەوە، پێموایە ئەمەیە رازى یەکەم و راستەقینەى پەیوەستکرنى شێخمەند بە مارەوە نەک ئەوەى هەڤاڵ حەسۆ هورمى و هەڤاڵانى دیکەى توێژەر دەیڵێن(15)، ئەوەتا لاى تیرەى سمۆقییان و هەوێرییان شێخمەند گەهیشتۆتە ئاستى نیوچە خوداوەندێک و وەک خوداوەندى مارى ڕەش وێنا کراوە و دەروازەى مەزارەکەى لە شێخان بە نیگارى رەشمارێکى راکشاو نەخشێنراوە و ئەم بەهرە و کارامەییە وا لێکدراوەتەوە کە گوایا ئەم جۆرە مارەى دەستەمۆ کردوە و وای لێکردوە بەئازار و زیانبەخش نەبێت و ببێتە دۆست و هۆگرى مرۆڤ، ئەمەش بۆتە مایەى ئەوەى رەشمار لاى ئێزیدییان پیرۆز بێت و کوشتن و ئێشاندنى حەرام بکرێت، تەنانەت ئەگەر مارانگازێک خۆڵى مەزارەکەى لەخۆى بسوێت، ئەوا دەمودەست ئازارى دەشکێت.

ب – شێخڕەش:

 شێخڕەش دوهەم پاڵەوانى بەیتەکەیە و لە دارودەستە و یارانى نزیکى شێخ عەدییە و دەبێت هاوزێدیشى بوبێت و خەڵکى دێیەکى ئەو ناوانە بێت و هەندەى لەمەڕ ئاشکرایە ناوى هەر رەش بوە و لە سەرچاوەیەکدا بە (الرس- الرش) هاتوە و لە دەقێکى داستانى دمدمدا کە ئۆسکارمان (١٨٦٧- ١٩١٧) ساڵى ١٩٠٣ تۆماری کردوە و دەقێکى دیدا، بە شێخ رەشى گەرگەرۆیی ناو براوە(16). وەلێ دڵنیاین کە لە رۆژگاری خۆیدا، پیاوچاکێکى زێدە ناودار و پایەبەرز بوە و ناوودەنگی بڵاو بۆتەوە و یادگاریی مادیی لە شوێنگەلێکى کوردستاندا ماوە، وێڕاى چەند گوند و چیا و گۆڕێک لە ناوچەکانى سیدەکان و سنە و کامیاران و بازیان و شارەزور(17)و خەڵکى بە هیواى گەهیشتن بە خەون و ئاواتەکانیان، دەچونە سەر گڵکۆکەی و دەپاڕانەوە:

وە بارگەى شێخ ڕەش پیر خەرقە شڕ

وە سەیید خەلیل وە باوا گوڕگوڕ(18).

یەکێک لە بارەگا و مەکۆ سەرەکییەکانى شێخڕەش لە باشورى شنۆیە لەسەر جادەى بەرەو جلدیان و لە نێوان گوندەکانى صۆفییان و چەپەراوێ(19) کە لەسەر چەم و کانیەکى پڕئاوە و بۆ چارەسەرى بادارى و رەقیتە، ئاوەکەى دەسوێنرێت بە جەستەدا. پێدەچێت ئەم پیاوچاکە بە پیرڕەشیش ناو برابێت، ئەوەتا لە ئاواهیەکى بۆکان چاکى پیرڕەش هەیە و دەبێت مریشکێکى رەش بکوژیتەوە و بیکەیتە دیاریی دەستت بۆ خەڵکى ئاواییەکە، ئەوجا دەشێیت سەردانیی بکەیت(20). سەرەڕاى بۆکان، گۆڕستانى پیرڕەش هەیە لە شارەدێی ئەتروش و گوندى پیرڕەشیش دەکەوێتە باکورى هەولێر و رۆئاواى کەسنەزانەوە ئێستا کەوتۆتە ناو سنورى باژێڕڤانیی هەولێرەوە.

بەهەر حاڵ، ئەم دوو شێخە و رەشمارەکەیان، تا هەنوکە گەلێک باندۆریان بەسەر خەڵکى دیهاتى شنۆ و سەرانسەرى موکریانەوە ماوەتەوە و لە دابونەریتە میللیەکانیان رەنگى داوەتەوە.

ئەگەر واى دابنێن گشت ئەم شوێنانە، پاشماوە و یادگاریی شێخى رەشن، دەشێن بڵێین ئەمە نیشانەى ئەوەیە کە ئەم شێخە رەشتاڵەیە سنورى ناوچەیی بڕیوە و لەسەر ئاستى سەرتاپاى کوردستانى باشور و رۆژهەڵاتدا ناودار بوە. و ئەمەش بەڵگەیەکى سەلمێنەرى ئەو راستیەیە کە ئەو دەمانە کورد خودان یەک چاند و فەرهەنگ بوە و چ سنور و ئاستەنگێک پێشی بە تەشەنەکردنى نەدەکرد.

پیرڕەش کوڕیکى هەبوە بە ناوى محەمەد و لە هەواڵێکدا بە محەمەدى کوڕى رەشا ناوى براوە(21) و نەدورە هەر ئەو پیرە بێت کە بە (محمد الأسود) ناوى هاتوە(22)و هاوشێوەى باوکى، هەڤاڵ و یاوەرێکى بەرچاو و نزیکى شێخ عەدیی كوڕى موسافر بوە و تا ئێستاش کەسایەتیەکى پیرۆزە لاى كوردى ئێزیدى و عەشیرەتەکانى گۆران و مەزارەکەى لە دامێنى چیاى مەقلوبە و یەكێكە لە مەزارە هەرە ئاوەدان و پیرۆزەكان و وەک خوداوەندی بەرپرسى باران خۆی دەنوێنێت و لە دەمانى وشەکەساڵیدا هاوارى بۆ دەبرێت(23)، ئەو گوندەش کە لە تەنیشتى ئاوەدان کراوەتەوە هەر بەناوى ئەوەوە کراوە(24). وەلێ جێگاى داخە بڕێک لە توێژەرانى مەسیحى دەیانهەوێت هەرچى شوێنەوارى پیرۆزى کوردستان هەیە بیکەنە هى خۆیان و یەک دووانێکیان محەمەد ڕەشانیان کردووە بە دێرنشینێکى مەسیحى و ناويان بە محەمەد ڕیشان خوێندۆتەوە واتا محەمەد ڕەئیسان.

ج- شێخ براهیم- براهیمى لەک:

شێخ براهیم لە بەیتەکەدا خاڵى مەندە و لە کۆتاهییدا پەیدا دەبێت و لە تۆڵەى ئەم خوشکەزایەى، وەخۆ دەکەوێت و شێخڕەش دەکوژێت، بێگومان ئەم شێخ براهیمە هەر شێخ ئیبراهیم سەمینى لەکە کە صۆفییەکى پایەبەرز و ناودارە و لە یاران و شاگردانى شێخ ئەبولوەفا محەمەدى حلوانیی کورد- پیر شالیارە و گۆڕەکەى لە نزیک قەرەتەپەیە لە خواروى کفری و کراواتە مەزارێکى مەزن و لەبارەیەوە تۆژینەوەیەکى تێروتەسەلم بڵاو کردۆتەوە(25).

چوارەم: ناسینەوەى دەم و شوێنى:

   رەنگە کەسانێک هەبن بێژن سەرلەبەرى خەرمانى ئەدەبی زارەکیی کوردى هەندە کۆن نین و ئەو سەدان چیرۆک و هۆرە و داستان و بەیت و لاوکانەى نەنوسراونەتەوە و تەنها دەماودەم باس دەکرێن و دەگوترێنەوە، نەکۆنن و رەگ و ریشاڵى دیرۆکییان هەندە دور نیە و سەروبنى زادەى خەیاڵى حیکایەتخوانان و دەنگبێژانە و ناکرێت بە قۆناغێکى مێژوى ئەدەبى کوردى دابنرێن و بەم پێودانگە سەرەدەرییان دەگەڵ بکرێت، کارى ئێمە لێرە ئەوەیە ئەم دەنگۆیە و ئەم چەواشەکاریە بەدرۆ بخەینەوە و بە بەڵگەى گومانبڕ کەوناریی ئەم ئەدەبە دەوڵەمەند و فرەجۆرە بخەینەڕو و بیسەلمێنن کە هیچ کامێکیان هەروا لەخۆڕا پێکەوە نەنراون و زادەى خەیاڵدانى کەسانیک نین، بەڵکو هەر یەکەیان لەسەر بناخەى روداوێکى راستەقینە بنیادنراوە و بە شێوازێکى ئەدەبیى ئاوێتە بە کار و رەفتارى ئەفسوناوى، بە سەرهاتێکى مێژوکردت بۆ دەگێڕێتەوە و وات لێ دەکەن چێژى لێوەربگریت و هى وایان تێدایە میژویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر.

بەیتى(شێخمەند و شێخ رەش)یش یەکێکە لەم گەنجینە فۆلکلۆرییانەى کە بەپێزى و چێژبەخشیەکەیان، بۆتە مایەى ئەوەى نەمری بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و لە ماوەى ئەم هەشتسەد ساڵەدا بمێنێتەوە و دەماودەم یاد بکرێتەوە. شەهابەدینى ئەحمەدى کوڕى عەبدولمونعیمى واسطی (الواسطي: م پاش٧٧٧ك/١٣٧٥ز) کە خۆى باب و باپیرانى  شوێنکەوتەى رێبازى کەڵە صۆفیی کورد ئەبولوەفا محەمەدى کوڕى محەمەدى نێرگس حلوانى- پیر شالیار (م:٥٠١ک/١١٠٧ز) بون، کتێبى(تذکرة المقتفین) لەبارەى ژیان و مەناقبى شێخى پێشەواى داناوە و گەلێک زانیارى نوێ و گرانبەهاى دەربارەى رەوتى صۆفیگەریی لە کوردستان بەدەستەوە داوە(26)و ئەو روداوە دەگێڕێتەوە کە بۆتە ناوەڕۆکى بەیتەکەمان:

   شێخ جەعفەر، پیاوێکى ژێهاتو و شکۆمەند و پایەبەرز بو و بە حەلیلان دەناسرا، لە یاران و هەوادارانى (تاج العارفین) ئەبولوەفاى کورد بو، ئەحمەدى کوڕیشى خۆى ئاسا، لە گەورە شێخانى شوێنکەوتوى هەمان رێباز بو و لە گەشت و رایەڵەى بانگخوازییدا، بە رێککەوت رێگاى کەوتە وڵاتى هەکاریى ژێر هەژمونى شێخ عەدی، کابرایەک لە دارودەستە و شوێنکەوتوانى شێخ عەدی، بە ناوى (الرش- رەش)، بەمەى زانى و شێخى لەم زێدەگاڤى و سنوربەزاندنە ئاگادار کردەوە، شێخیش فەرموى چ نیە باوکى لە یارانى ئەبولوەفا و وڵاتیش گشتى هی ئەوە، کەچى رەش گوێی بەمە نەدا و لەپڕیکدا هەڵی کوتایە سەر شێخ ئەحمەد و کوشتى. شێخ دەمێک بەم کەتنەى زانى، دڵگران بو و هەڵسا رەشى بردە خزمەت ئەبولوەفا و داواى لێبوردنى کرد و لە جەعفەریشى خواست لە بکوژى کوڕەکەى خۆش بێت، بەڵام ئەو رەتى کردەوە و سوور بو لەسەر کوشتنەوەى، ئەوجا ئەبولوەفا بڕیارى کوشتنى دا و ئیبراهیم سەمینى لەکى بۆ ئەم کارە راسپارد، ئەویش دەمودەست شێخ رەشى کوشت(27).

وابزانم ئەم دەقە کە تا رادەیەک بەوردى، دەم و شوێنى هەڤڕیکی و بەرهەنگاربونەوەى دوو شێخ و دواتریش کوژرانیان دەگێڕێتەوە، هیچ گومانێک ناهێلیتەوە کە ئەم روداوە سەرەداوى بەیتەکەیە. نەک وەک ئەوەى بەڕێز تاهیر قاسمى بۆی چوە و لە تۆژینەوەیەکى درێژیدا لەبارەى ئەم بەیتەوە، کردویەتى بە بەرهەمێکى بێگەرد و عەیار بیست و چوارى میترائی و چ رەفتار و کردار و ناسنامەیەکى پاڵەوانەکانى هەیە، بە ئارەزوى خۆى لێکى داونەتەوە و گرێیداون بە هێما و راز و رەگەزەکانى ئایینى میتراییەوە و شیرازەى روداوەکانى بەیتەکەى بەگوێرەى قۆناغەکانى میترایی پلەبەندی کردوە و بەگەڕی خەستون تا ببنە سەلمێنەرى بۆچونەکەى و خوێنەران وا تێبگەهێنێت کە ئەم بەرهەمە خۆماڵێیە، زادەى بێخەوشى رۆژگارى هەژمونى میترائییە لە کوردستان، تەنانەت دەستى لە ناوەکانیش نەپارستوە کە پتر ناوى عەرەبى ئیسلامیین و چۆنى ویستوە، وا شیی کردونەتەوە، جافەر- جەعفەرى گەڕاندۆتەوە بۆ زاڤر- زاڤ گوایە ئەمە ناوى مانگى تیرە لە کوردیدا و بەم پێیە شێخ جافەر نوێنەرایەتیی یەکەم پلەى ئایینى میترایی دەکا و ژنەکەشى گرێدراوى ئەستێرەى ناهید- ڤینۆسە و ئەو گریمانەشى داناوە کە ئادى- عەدییش بە ئاگر و رەش بە رۆژ و مەند بە مانگەوە پەیوەستن(28).

سەبارەت بە کاتى روداوەکە، ئەوەى زانراوە شێخ عەدی بەمەزندە لە نێوان ٥٢٥- ٥٣٠ک/١١٣٠- ١١٣٥ز هاتۆتە هەکارى و گەلیی لالشى کردۆتە بنە و بارەگا خۆى و چ نەبێت دە ساڵێکى پێویسبو تا بکارێت شوێنپێی خۆى قایم و پتەو بکات و جەماوەرێک بڕوادارى لەدەور گرد ببنەوە تا لە سەرەتاى ساڵى ٥٥٧ک/ ١١٦٢ز مرد. واتا دەبێت شێخمەند لە ماوەى نێوان ٥٤٠- ٥٥٧ک/١١٤٥- ١١٦١ز کوژرابێت.

هەرچى مەیدانى شەڕەکەشە، دەکرێت تەنگترى بکەینەوە و دەڵێین لە سەردەمى شێخ عودەیدا، رێبازى صۆفیگەریی عەدەوی هێشتا بەو رادەیە پێی دانەکوتابو و هەندە تەشەنەى نەکردبو، سەرتاسەرى وڵاتى فراوانى هەکارى بگرێتەوە، بەڵکو تەنها گوندەوارەکانى شێخان و باعەدرا و قەڵاى جەڕاحیە و ئەتروشى گرتبوەوە کە وەک بازنەیەک دەکەوتنە دەوروبەرى لالشى بارەگاوە و تەواو لەژێر رکێفى شێخى رێبەر بون، بۆیە ئەو شوێنەى وا شێخمەند روی تێکرد و هێڵى سورى بەزاند و سەرئەنجام توشى ئەو چارەنوسە بو و بە هەکار- هەکارى ناوبراوە، رێی تێ ناچێت ئەوەندە لە لالشەوە دور بوبێت و من گومانێکى وام نیە لەوەى مەبەست لە هەکاریى لەمەڕ شەڕەکە، لەم بازنەیە دەرناچێت و پێویستە ئاگامان لەوەش بێت کە ئەو دەمانە وڵاتى هەکارى فراوانتر بو و تا نزیک موصڵ دادەکشا و لالش و شێخانیشی دەگرتەوە و(عین سفنة)- عەینسفنى- شێخان، بە گوندێکى هەکارى هەژمار کراوە(29)و شیخ عەدیى چونکە لە گەلیی لالش گیرسایەوە و کردیە دوا مەنزڵگاى خۆی، بۆیە دەبردرایەوە سەر هەکارى(عدي بن مسافر الهكاري). بەڵکو نەدورە هەر لە خودى شێخان کوژرابێت و نێژرابێت، پاشان دەوروپشتى گۆرەکەى کراوە بە گۆڕستان و هەر بە ناوى ئەوەوە ناونراوە (گۆڕستانى شێخمەند).

 سەبارەت بە ناوى شەیخان- شێخان، هەرچەند لەگەڵ دەستپێکى سەردەمى عوسمانیدا بەرچاو دەکەوێت و لە بەڵگەنامەیەکى ساڵى ٩٢٦ک/١٥٢٠ز باسى میرانى شێخان کراوە(30)، وەلێ پێم وایە گەلێک زوتر هەبوە و فەرمانبەرانى دەوڵەت راستەوخۆ لە زارى خەڵکەکەوە وەریان گرتوە، زیاد لەمە دەشێم بڵێم رەنگە ناوەکەى لە بەسەرهاتى ئەم جووت شێخەوە سەرچاوەى گرتبێت(31).

شێخ جەعفەرى باوکى مەند لە بەیتەکە و دەقەکەدا، نە خەڵکى هەکارییە و نە لە هاوبیرانى شێخ عەدییە، بەڵکو مەندى کوڕى، سەرەڕۆیی نواندوە و توخنى هەرێمێکى پاوانکراو کەوتوە، ئەمەش بۆتە ئەگەرى بەکوشتچونى، لە دەقەکەدا بە شێخ جەعفەرى حەلیلان دەناسرا و بە یەکێک لە یارانى ئەبولوەفا دانراوە، رەنگە حەلیلان هەر دەڤەرى هەلیلان بێت کە ئێستا گوندەوارێکە سەر بە ئوستانى ئیلام و دانیشتوانەکەى کوردى لەکن، بۆیە بە جەعفەرى حەلیلان ناسراوە و دەزانین ئەبولوەفا بەخۆیشى خەڵکى وڵاتى کەلهوڕ و حلوان بو و بڕێکى زۆرى هاوبیران و هەڤاڵانى خەڵکى دەشتاییەکانى کەرکوک و گەرمیان و شارەزور و کرماشان بون، ئەوەى زیاتر ئەم گریمانە بەهێزتر دەکات ئەوەیە کە شیخ براهیمى بکوژى شێخڕەشیش هەر لەک بو و لە سەرچاوەکاندا بە ئیبراهیم سەمینى لەک (ابراهیم اللک) ناودارە و لە بەیتەکەشدا خاڵى مەندە و دیارە خزمایەتیى دەگەڵ شێخ جەعفەر، خاڵێکى سەربار بوە بۆ ئەوەى لە تۆڵەى خوشکەزاکەیدا، شێخڕەش بکوژێتەوە. بەڵام ناکرێت بڕوا بەوە بکەین ئەم کارەى بە رەزامەندی و فرمانى ئەبولوەفاى شێخى کردبێت، چونکە یەکلا بۆتەوە کە ئەو پێشتر و ساڵى٥٠١ک/ ١١٠٧ز مردوە. نهێنیی ئەم ئاڵۆزیە لەوەوە هاتوە کە (الواسطی)گشت توانایەکى خستۆتە گەڕ تا بیسەلمێنێت کە شێخ عەدی گوێڕایەڵ و شاگردى ئەبولوەفا بوە و کار و کۆششى شێخانى دیکەى بۆ ئەو گەڕاندۆتەوە.

تاکە جوداوازیی نێوان دەقەکە و بەیتەکە، ئەوەیە ناوى مەند بۆتە ئەحمەد، پاساوى ئەم گۆڕینەیش ئەوەیە، مێژونوسى ناوبراو زیاد لە جارێک ناو دەگۆڕێت یان لەخۆیەوە ناو بۆکەسەکان دادەنێت، ئەوەتا ناوى دایکى ئەبولوەفا- پیر شالیارى کردوە بە (فاطمة وکلثوم وأم کلثوم )و ناوى ژنە کوردەکەشى کردوە بە(حُسنیة)(32) تا قەناعەتمان پێبێنێت کە بنەماڵەى ئەبولوەفا سەییدن و لە ئەهلی بەیتن، رەنگە ئاوەهاش مەندی کردبێت بە ئەحمەد.

لە کۆتاهیدا دەڵێین ئەگەر زانیاریی نێوان تێکستەکەى موکریان و ئەوەى ناو کتێبى(تذکرة المقتفین) هەڤبەر بکرێن، چ گومانێک نامێنێتەوە کە بەیتى شێخمەند و شێخڕەش گەنجینەیەکى چاند و فەرهەنگى کوردییەوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى ٦ک/١٢ز و بەڵگەیەکە، کەوناری و رەسەنیی ئەدەبى زاردەڤیی کوردى دەردخات و ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە ئەوەى توێژى خوێندەوار و روناکبیرى کورد پیتەى پێ نەداوە و پشتگوێی خستوە، ئەو بۆى پاراستوین:

بەیتەکە دەقەکە
شوێن: قەڵەمڕەوى شێخ عەدەى وڵاتى هەکار- هەکارى
دەم: رۆژگارى شێخ ئەدى سەدەى ٦ک/ ١٢ز
پاڵەوانیەکەم: شێخمەند شێخ ئەحمەد
باوکى شێخمەند: شێخ جەعفەر الشیخ جعفر حلیلان
پاڵەوان دوهەم: شێخڕەش  الرس- الرش
بکوژى شێخڕەش: شێخ برایم الشیخ ابراهیم السمین.
شێخى سەروەرى ناوچەکە: شێخ ئەدیا- شێخ ئەدى شێخ عەدەیى کوڕى موسافر

پاشکۆ

دەقى ئەو روداوەى بەیتى شێخمەند و شێخ رەشى لەسەر بنیاد نراوە

قالوا: وكان من اصحاب السيد تاج العارفين – قدس الله سره- رجل عظيم القدر، شيخ مَسلَك، جليل المقدار، يُسمى جعفر، ويُعرف بحليلان، وكان له ولدٌ اسمه أحمد، وكان من كبار المشايخ المُسلكين، على طريقة السيد أبي الوفا تاج العارفين قدس الله سره، فاتفق لولده هذا أن سافر إلى هكار، يريد دعوة الخلق إلى الله تعالى، فأحس به رجل عظيم من المشايخ المُسلكين على طريقة الشيخ عدي بن مسافر اسمه الرس. فذكر أمره للشيخ عدي، وأنه دخل بلاد هكار بغير إذن، فقال الشيخ عدي: أن أباه من أصحاب السيد تاج العارفين، وأن البلاد كلها لتاج العارفين، فخطر للرس التعرُّض إلى الشيخ أحمد المذكور، وقصده على حين غفلة منه فقتل الشيخ احمد المذكور..

فلما بلغ الشيخ عدي بن مسافر قتل الشيخ أحمد شَقَّ عليه، فأخذ الرس وتوجه به إلى السيد أبي الوفا معتذراً عن نفسه، سائلاً جعفر، أبا الشيخ أحمد المقتول العفو عن القاتل، فأبا جعفر إلا القَود، وحكم له السيد أبو الوفا بذلك، وأمر إبراهيم اللك هذا بقتله بالحال، فقتله في الحال، ثم توارد على اللك الفتح من كل الجهات، حتى بلغ مبلغاً

قصر عن وصفه حصر الاوراق، وكلَّ عن إدراكه الذهن وإن راق(33).

 

سەرچاوە:

أ- بە کوردی:

– ئوسکار مان، توحفەى موزەفەرییە، دەزگاى ئاراس(هەولێر: ٢٠٠٦).

– ئەحمەد بەحرى، گەنجى سەر بە مۆر، ئەکادیمیاى کوردی(هەولێر: ٢٠١٣).

– گۆڤاری لالش، ژمارە(١٢) (دهۆک: کانونى دوهەم: ٢٠٠٠)، ژمارە(13) (دهۆک: ئاب: ٢٠٠٠).

– تاهیر قاسمى، میترائیسم لە بەیتى شێخ مەند وشێخ رەشدا لە کوردۆپیدیا ساڵی 2017.

 – سەپان، عەبدولحەمید حوسەینى، دمدم و حەماسەى خانى لەپزێڕن، ئینستیتیۆتى کوردى(سلێمانى: ٢٠١٧).

 – میرزا عەبدولقادرى پاوەیى(م: ١٩٠٨)، دیوانى میرزا عەبدولقادر، إنتشارات كردستان (سنندج: ١٣٩٦ش).

ب- بە عەرەبی:

– أبن حجر العسقلاني، الدرر الكامنة في أعيان المائة الثامنة (حيدر آباد: ١٩٧٢).

– الذهبی، شمس الدين محمد بن أحمد بن عثمان (ت: 748هـ/1347م).

– تاريخ الإسلام ووفيات المشاهير والأعلام، دار الكتاب العربي (بيروت: 1993).

– روجیه لیسکو، الیزیدیة فی سوریة وجبل سنجار، ت: أحمد حسن، دار المدى (دمشق: ٢٠٠٧).

– ابن شداد، عز الدین تاریخ الملک الظاهر(بـيروت: 1983).

– العباسي، الحسن بن ابي عبدالله(ت: بعد717ه/1317م)، نزهة المالك والمملوك، المكتبة العصرية (بيروت: 2003). – العسقلاني، نصر بن عبدالله بن نصر(ت: بعد٥٧٤هـ/١١٧٩م)، النور السافر في مناقب سیدي عدي بن مسافر، دار الکتب العلمیة (بیروت: ٢٠٠٨).

– ابن الفوطي، عبدالرزاق بن أحمد(ت: ٧٢٣هـ/١٣٢٣م)، مجمع الآداب في معجم الألقاب،(طهران: ١٤١٦هـ).

-محمد راغب الطباخ الحلبي (ت 1370هـ)، إعلام النبلاء بتاريخ حلب الشهباء، دار القلم العربي (حلب: 1988).

 – الواسطي، شهاب الدین أحمد بن عبد المنعم (ت: بعد٧٧٧ هـ /١٣٧٥م)، ذكرة المقتفین فی مناقب تاج العارفین، الأكادیمیة الكردیة (أربیل: ٢٠١٦).

– یاسين العمري، منية الأدباء في تأريخ الموصل الحدباء، مطبعة الهدف (الموصل: 1955).

 

پەراوێز:

(1) العسقلاني، النور السافر في مناقب سیدي عدي بن مسافر (بیروت: ٢٠٠٨)، ص١٢٣.

(2) توێژەرى چالاک و بەبڕشتى بوارى فۆلکلۆر ئەحمەد بەحرى ئەم بەیتەى لە کتێبە  هەشت بەرگییەکەى( گەنجى سەر بە مۆر) بڵاو کردۆتەوە کە بەرگى یەکەمى نەبێت، هێشا نەگەهیشتۆتە ئەم دیو و هاوڕێمان م. محەمەد عەبدولى دەقەکەى لێ خواستبو و بۆى ناردم و پێشتر تاهیر قاسمى دوو دەقى بەیتەکەى لە پاشکۆى بابەتەکەى: (میترائیسم لە بەیتى شێخ مەند وشێخ رەشدا لە کوردۆپیدیا ساڵی ٢٠١٧)، هێناوەتەوە و من تەنها ئەم دەقانەم بینیوە.

(3) چامەى شێخ مەند و ئامەژە بە قەولی پیرڕەش هەن، بەڵام چ پەیوەندیییان بەم بەیتەوە نیە. بڕوانە: د. خەلیل جندى رەشۆ، پەڕن ژ ئەدەبێ دینێ ئێزدیان، دەزگەها سپیڕێز(دهۆک: ٢٠٠٤)، ل١٩٠، ٦٨١- ٦٨٢.

(3) بڕوانە گۆڤارى کەشکۆڵ، ژمارە(٨) (مهاباد: تاوستانى ١٣٩٦ش) کە تەرخان کراوە بۆ ژیاننامە و بەرهەمەکانى لێکۆلەرى ناوبراو.

(4) ئەحمەد بەحرى، گەنجى سەر بە مۆر(هەولێر: ٢٠١٣)، ٣٤١- ٣٤٢، ٤٢٤- ٤٢٥، تاهیر قاسمى، میترائیسم لە بەیتى شێخ مەند وشێخ رەشدا، ل٧٥.

(5) تاهیر حاجى میرخان دۆڵەمەڕى، بەیتى شێخ مەند و شێخ رەش لە ناوچەى بارزان، گۆڤاری لالش، ژمارە(١٢) (دهۆک: کانونى دوهەم: ٢٠٠٠)، ل١٩٧- ٢٢٥.

(6) عز الدين ابن شداد، تاریخ الملک الظاهر(بـيروت: 1983)، ص٣٣٢- ٣٣٣.

(7) الذهبي، تاريخ الإسلام(بيروت: 1993)، 52/412.

(8) أبن حجر العسقلاني، الدرر الكامنة في أعيان المائة الثامنة (حيدر آباد: ١٩٧٢)، 6/151.

(9) العباسي، نزهة المالك والمملوك (بيروت: 2003)، 1/237.

(0 ) محمد راغب الطباخ الحلبي، إعلام النبلاء بتاريخ حلب الشهباء (حلب: 1988)، ٤/٤٨٧- ٤٨٨.

(2 ) شيخ حجي سمو شنگاري، مزارات الايزدية في جبل شنگار، گۆڤاری لالش، ژمارە(13) (دهۆک: ئاب: ٢٠٠٠)، ص23- 28.

(3 ) هاوڕێم م. محەمەدى عەبدولى ئەم زانیارییەى پێدام وبڕوانە: سەپان، دمدم و حەماسەی خانی لەپزێڕین، ل١٢٠.

(4 ) إعلام النبلاء بتاريخ حلب الشهباء، ٤/٤٨٧.

(5 ) بڕوانە: حسو هورمي ، الحية في المیثولوجیا القدیمة والیزیدیة، گۆڤاری لالش، ژمارە(١٢) (دهۆک: کانونى دوهەم: ٢٠٠٠)، ص60- 85.

(6 ) توحفەى موزەفەرییە (هەولێر: ٢٠٠٦)، ل١٤٣، ئەحمەد بەحرى، گەنجى سەر بە مۆر(هەولێر: ٢٠١٣)، ل٢٢٢، ٢٣٨.

(17) تاهیر قاسمى، میترائیسم لە بەیتى شێخ مەند وشێخ رەشدا لە کوردۆپیدیا ساڵی ٢٠١٧.

(8 ) ديوانى ميرزا عەبدولقادر، ل١٨٤.

(19) بەم دواییانە بەندواى چەپەراوێ بنیاد نرا و ئەم چاکە کەوتە ژێر ئاوەوە.

(20) مامۆستا محەمەد شەفیعی خزرى، بە سوپاسەوە، لە شنۆوە بە تلیفۆن گشت ئەم زانیارییانەى پێ دام.

(21) العسقلاني، النور السافر، ص254، روجیه لیسکو، الیزیدیة، ص٢٦٥.

(22) الواسطي، تذكرة المقتفين، ص….

(23) ڕۆژى ١-١٢-٢٠١٧ لەگەڵ ژمارەیەك خوێندكارى خۆم سەردانيمان كرد و مانگى دەى ٢٠٢٣ دوبارە سەردانیم کرد.

(24) ياسين العمري، منية الأدباء في تأريخ الموصل الحدباء (الموصل: 1955)، ص165.

(25) بڕوانە کتێبى: لەبارەى مێژوو و کولتورى کوردییەوە( سلێمانى: ٢٠٢١)، ل٢٣٥- ٢٣٨.

(26) تذكرة المقتفین فی مناقب تاج العارفین، الأكادیمیة الكردیة (أربیل: ٢٠١٦).

(27) الواسطي، تذكرة المقتفين، ص٣٧٦.

(28) تاهیر قاسمى، میترائیسم لە بەیتى شێخ مەند وشێخ رەشدا لە کوردۆپیدیا ساڵی ٢٠١٧ .

(29) ابن الفوطي، مجمع الآداب (طهران: ١٤١٦ه)، 4/481. وبڕوانە: الذهبي، تأريخ  الإسلام، 44/157.

(30) هاوڕێم د. نزار ئەیوب گولى بە سوپاسەوە ئەم بەڵگەنامەیەى بۆ ناردم.

(31) ياسين العمري، منية الأدباء، ص٧٤، ١٦٦.

(32) تذكرة المقتفين، ص٤٥، ٧٥، ١٠٩، ٢٠٨- ٢٠٩.

(33) الواسطي، تذكرة المقتفين، ص٣٧٦.

ڤان بابەتان ببینە

سينه‌ما هونه‌رێ حه‌فتێ یە، یێ كو نهێنیيا وێنه‌ی و كويراتییا ڤه‌گێڕانێ پێكڤه‌ گرێداین، ئێكه‌ ژ …