لاوکى موسۆ (جەزیرەى بوهتان: سەدەى 11 و 18ز)

د. زرار صدیق تۆفیق

وەک خویایە ئەدەبی فۆلکلۆریی کوردى، هەتا بێژین دەوڵەمەندە و گەنجینەیەکى لەبن نەهاتووە و لە رووى جۆر و ناوەڕۆکەوە، فرەچەشن و هەمەڕەنگە و چەندین ژانر و رەگەزى ئەدەبی میللى لەخۆ دەگرێت و پێکدێت لە دەهان گۆرانی و حەیرانى ئەڤینداری، لاوک و بەیتى تراجیدی دەربارەى شەڕ و کوشتارى خۆکوژیى کورد، داستانى جوامێرى و پاڵەوانێتى، سترانى لاواندنەوە، چیرۆکى ئایینى، بەسەرهاتى ئەفسوناوى…هتد کە زۆرینەیان لەسەر بناخەى روداوێکى دیرۆکى یان کارەساتێکى دڵتەزێن بنیات نراون و هەر یەکەیان ئاوێنەئاسا، بە شێوەیەکى رۆشن و بێگەرد، سوچێکى ژیانى جڤاکى کوردەواریمان پیشان دەدەن و گۆشەیەکى بەسەرهات و سەربوردەى لەمێژینەى گەلەکەمان بۆ دەگێڕنەوە.

پێشەکى:

دیارە سەردەمى پێکەوەنان و ئەفراندنى بڕێک لەم بەرهەمە فۆلکلۆریانە دەگەڕێتەوە بۆ سەتان ساڵ لەمەوبەر و بەردەوام لاوکبێژان و شایەرانى نەخوێندەوار لەبەریان دەکرد و دەماودەم وەچە بۆ وەچەى دەگێڕایەوە.

ئەم گۆتارە بە پشتبەستن بە هەواڵێکى مێژوویی، کۆششێکە بۆ دیاریکردنى دەم و جێگا و ناوەڕۆکى ئەو روداوەى کە بۆتە مایەى دانانى یەکێک لە گەنجینەکانى فۆلکلۆریی کوردی، ئەویش (لاوکى موسۆ)یە و هەوڵدانێکە بۆ هەڤبەرکردنی نێوان هەواڵەکان و دەقى لاوکەکە و دەرخستنى لێکچوون و جیاوازییەکانى نێوانیان.

پوختەى لاوکى موسۆ- موسەک:

وریایى و بوێرى و چاونەترسیی موسەک- موسۆى جوانەمەرگ و دواتریش کەتنى کوشتنى بەو تەڵەکەبازى و بەو شێوە هۆڤانە و نامەردانەیە، لە وڵاتى جەزیرەى بوهتان دەنگى دایەوە و کاریگەریی کویرى بەجێ هێشت، سەرئەنجام بووە هەوێنى لاوکێکى غەمگین و هۆزانان و دەنگبێژانى خۆشخوان لە جڤات و شەوبێریەکاندا دەیان چڕی و گوهداران پێی کاریگەر و داخبار دەبوون و تراجیدیى ناوەڕۆکەی بووە پاساوى مانەوەى بە درێژیی نزیکەى هەزار سال.

 لاوکەکە نەدرێژە و ئاخافتنى زیادەى تێ نەئاخێنراوە و وەک ستران سەروادارە و بەچڕی بەسەرهاتەکە دەخاتەڕوو و بە بۆنەى لاواندنەى میر موسۆ- موسەکى بوختیى بەناهەق کوژراو داهێنراوە کە بە شێوەیەکى دڕندانە لە لایەن میرى جەزیرەى بوتان و دارودەستەکەیەوە جوانەمەرگ کرا، هەرچەند ئەویش درێغیی نەکرد و تا دوا هەناسەى جەنگا و جەربەزیی و مێرخاسیی کەموێنەى خۆیى نواند، بۆیە لاوکەکە بە ناوى ئەوەوە ناونراوە.

میر موسۆ گەنجێکى بەجەرگ و چاونەترس بوو و گوێ بە فرمانى کاربەدەستانى ناوچەکە نادا، محەمەد بەگی فەرمانڕەواى جەزیرە، کینى لێ هەڵگرتبوو و نەدەشیا بە شەڕ بەسەریدا زاڵ بێت و بیکوژێت و دەیویست بە تەڵەکە نابووتى بکات، بۆیە ناردى بە شوێنیدا تا بە فێڵ یان بەخورتى بهێنرێت بۆ جەزیرە، هاوژینی موسۆ کە هەر خوشکى محەمەد بەگ بوو وا دیارە بە مەرامى براکەى نەزانیوە، پێی گۆت: گازى کردووى بچیتە جەزیرە، کەچى خوشکێکى موسۆ هەستى بە نیزاى خراپی پشت ئەم بانگهێشتە کرد و پێشبینیی کارەساتێکى نەخوازراوى کرد و تکاى لە موسۆى براى کرد بەدەنگ ئەم بانگهێشتەوە نەچێت و خۆى رادەست ئەم دوژمنەى نەکات، دیارە موسۆش بە بەدنیازیی خاوەندى جەزیرەى دەزانى و گومانى لەم بانگهێشتنە دەکرد، بۆیە خۆى سازدا و خەنجەرەکەى کردە بەرپشتی و یەکێکى دیکەى وەک یەدەک لە پشت خۆى شاردەوە و گۆتیە خوشکى: ئەگەر نەچم محەمەد بەگ دەڵێت موسۆ ترسنۆکە و لە ترسى من ناوێڕێت بهێت و بێ دوودڵی روویکردە جەزیرە.

  محەمەد بەگیش پێشوەخت بە نامە ناردبووی بە شوێن میر و سەرۆکهۆزەکانى شرناخ و جەزیرە و هەکارى و ئەوانیش لەکنى ئامادە بوون، ئەوجا گازى مۆسۆى کردە دیوان و پێى گۆت زانیومانە خەنجەرێکت کڕیوە، پیشانماندە با بزانین چ جۆرێکە و گرانبەهایە یان نا، ئەویش پێی دان و یەکە یەکە لێیان روانى و گوایا کەسیان نەیاندەزانى لە چ جۆرە کانزایەکە تا گەهیشتە دەست میر محەمەد، ئەویش توڕە بوو و گۆتى خەنجەرى ‹›تەرەس باڤ- باب کرمانییە» و کە زانى یەکێکى دیشى پێیە ویستى ئەوەیشى لێ بستێنێت و پێی گۆت: دەمهەوێت لاى خۆم گلت بدەمەوە و بتکەمە ستونى ئەم خێڤەتە- واتا بەندت بکەم، موسۆش خۆى نەدا بەدەستەوە و گۆتى: ‹›میرم، تو دزانی خه‌وا موسۆ تو دیوانا نایێ››، ئەوانیش بە گەلەکۆمە دەمودەست بەربوونە گیانى و هەریەکەو خەنجەرێکى لێدا، ئەویش نەیکردە نامەردى و بە بریندارى لێیان هاتەدەست و حەوت کەسى لێ کەلوپاچە کردن، ئەوجا بە جەستەى پڕ زامەوە لە دیوان هەڵهات و لە کولەکێک خۆى شاردەوە و دەمێک دێتە دەرەوە ژنێک دەیبینێت و ئەویش دەگەڕێتەوە سەر دەرەنجى- دەرگاى قەڵا- و دەکەوێتە خوارێ و دەمرێت.

شەڕى خۆبەخۆی کورد و رەنگدانەوەى لە فۆلکلۆری کوردیدا:

لاى گشتمان ئاشکرایە کە رکابەرایەتى و دوژمنایەتیی رەگداکوتاوى نێوان میر و سەرۆکهۆز و کوێخا و سەرجەم توێژى دەسەڵاتدارى کورد، دیاردەیەکى کۆن و باوە و زۆر جاریش پەرەى دەسەند و سەرى دەکێشا بۆ شەڕ و لێکدانى چەکدارى کە وەک ئاشکرایە، هەردەم خوێنڕشتن و کارەساتى جەرگبڕ و تاڵانى و ماڵوێرانیی لێ دەکەوتەوە و دەبووە مایەى مەینەتی و ناسۆری و دەردەسەرى بۆ گەلى خێر لەخۆنەدیوى کورد، دیارە لە ئاکامى شەڕوشۆڕ و جەنگانى بەردەوام و نەبڕاوەیان، چ خۆبەخۆ و چ دەگەڵ هێزە بیانییەکان، میرانى کورد ئەزمونێکى چاکیان لە ئۆینبازی و فڕوفێڵ پەیدا کردبوو و هەرگاڤ بەکاریان دەهێنا بۆ کوشتن و لەناوبردنى یەکدی، بۆیە بەشێکى زۆرى ئەدەبی فۆلکلۆریی کوردی وەک خۆدیک و هاوشێوەى (أیام العرب)ى عەرەبى رۆژگارى نەفامى– جاهیلی، ئەم لایەنە تاڵ و پڕ بەدبەختییەى باوباپیرانمان بۆ دەگێڕنەوە، لەوانەش ئەم لاوکەیە کە یادەوریی یەکێک لەم مەرگەساتانەیە و هەرچەند مەیدانەکەى جەزیرەى بوهتانە، وەلێ لە سەرانسەرى کوردستانى باکور تەشەنەى کردوە و بڵاو بۆتەوە و ئەو دەقەى وا ماوەتەوە لە نێو ئەرمەن و کوردانى یەزیدیی ئەرمەنستان پارێزراوە و بەیتبێژى ئەرمەنى مانووک هاروتونیان ساڵی ١٩٣٣ێ بۆ حەجیێ جندی (١٩٠٨- ١٩٩٠) و ئه‌مینێ عه‌ڤداڵ (١٩٠٦- ١٩٦٤) چڕیویەتى و ئەوانیش دەقەکەیان تۆمار کردوە(1)، دواتر محەمەد تۆفیق وەردی (١٩٢٣- ١٩٧٥) وەری گێڕاوەتە سەر عەرەبی(2).

بوختی- بوهتانى- بۆتانى هۆزێکى دێرین و مەزنى کوردە و لە سەردەمى بوەيهییەوە (٣٣٤- ٤٤٧ک/٩٤٦- ١٠٥٥ز)، کەلهگەلێکی هەڵکەوتوو لە رۆژهەلاتى باژێرى جەزیرەی بەدەستەوە بوو، هۆزى بەژنۆ- بەژنەوی (البشنویة)یش هاوتا و هاوشانى بوختى بوو و کەلهى کەڤنارى فەنەکى باکورى جەزیرەى بەڕێوە دەبرد، بەپێى گێڕانەوەیەک کە بەر گوێی شەرەفخانى بەدلیسى کەوتووە، بوختۆ و بەژنۆ دوو برا بوون و گەلی کورد لەوان کەوتۆتەوە(3). لەگەڵ ئەمەشدا، مێژووى بنەماڵەى میرانى ئازیزان- عەزیزانى بوهتانی، بەدەر نەبوو لە ناپاکى و ناکۆکیى ناوخۆیی و کوشتوبڕى یەکدى لەسەر کورسیی دەسەڵات، سەربارى شەڕ و کوشتار لەگەڵ هۆز و میرنشینەکانى دەرهاوسێیان، لێرە لە دوو روداو دەدوێن کە پەیوەندیی راستەوخۆى بە لاوکى موسۆوە هەیە:

– میر موجەللا (المجلى) هەرچەند ‹›رێبەرى کوردانى بوختى›› بوو، وەلێ چیی لەبارەوە نازانرێت و موسەکى کوڕی موجەللا یەکەم میرى ناسراوى بوختییە و پێدەچێت لاوچاکێكی ئازا و كەڵەمێرد بووبێت و لە سەردەمى ئەودا، میر (نصر الدولة) ئەحمەدى کوڕى مەروانى کوڕى کەک (٤٠١- ٤٥٣ک/١٠١٠- ١٠٦١ز)، ئەبوحەرب سلێمانی كوڕیی کردبووە جێگر و نوێنەرى خۆى بەسەر جەزیرەى بوهتانەوە، سلێمان خۆشیی بەچارەی موسەکدا ناهات و بە ركابەری خۆیی دادەنا و دەیخواست بە چ رێگا و شێوازێك بـێت داوێکى بۆ بنێتەوە و دەستبەسەرى بکات، ئەوەبوو داوى لە میر ئەبوتاهری بەژنەویی (البشنوي)ى خاوەندى قەڵاى فەنەک کرد کە پورزای خۆیشى بوو، كچێکى خۆی بداتە موسەک و ئەویش رازی بوو، موسەکیش بەم هەڵوێستەى سلێمان هێور و دڵنیا بووەوە و چووە خزمەتى لە جەزیرە، کەچى یەکسەر گرتى خستیە زیندانەوە، کاتێک سوڵتان توغرول بەگى سەلجوقی ساڵى ٤٤٦ک/١٠٥٤ز گەهیشتە ناوچەکە، پیاوانى بوختى خۆیان گەیاندێ و تکایان لێکرد داوا لە میر (نصر الدولة) بکات موسەکى رێبەریان ئازاد بکات، کەچى پێی راگەهێنرا کە لە زینداندا مردووە، پرسیار لێرە ئەوەیە دەبێت موسەک چ ئازارێکى چێشتبێت و چ جۆرە ئەشکەنجەیەک درابێت تا گیانى لەدەست داوە؟.

ئەم پێشهاتە، میر ئەبوتاهیری خەزورى موسەکى نیگەران و توڕە کرد و لە نامەیەکدا بۆ (نصر الدولة)ى خاڵى و سلێمانى خاڵۆزاى، ناڕەزایی خۆى بۆ دەربڕین و سەرکۆنەی ئەم رەفتارە ناجوامێرانەیانى کرد و پێی گۆتن: ئەگەر هەر دەتانویست موسەکى بوختى بکوژن، ئەدى بۆچى کچى منتان کردە بەردەبازى جێبەجێکردنى ئەم پیلانە نامرۆڤانەیە؟ بەم کارەتان شەرمەزارتان کردم. سلێمان ئەم گازندە و گەڤەى میرى فەنەکى بەهەند وەرگرت و ترسى لێ نیشت، رابوو پیلانێکى دیى گێڕا و یەکێکى راسپارد بیکوژێت و سەرئەنجام بە ژەهرخواردکردن ئەویشى لەناو برد، پاش ماوەیەک عوبیدوڵاى کوڕى ئەبوتاهیر تۆڵەى بابى کردەوە و ساڵی 447ك /1055ز سلێمانى کوشتەوە، دواتر رەوشەکە پەرەى سەند و دۆخى دەڤەرەکە ئاڵۆزتر بوو و شەڕى گەورەى لێکەوتەوە لە نێوان سەرانى بوختى و بەژنەوى و میرنشینى عوقەیلیی عەرب لە ئالییەک و میرى مەروانیى کورد لە ئالییەکى دیکەوە(4).

– محەمەد بەگى کوڕی شەرەف بەگى بوهتانی (١١٨١- ١٢٠٦ک/١٧٦٧- ١٧٩٢ز) میرى جەزیرە، کەسێکى زۆردار و ستەمکار بوو و دڵڕەقانە رەفتاری دەکرد و وڵات و دەسەڵاتى خۆى دەپاراست و بە توندى سزاى نەیاران و سەرپێچیکەرانى دەدا و وەک یاسینى عومەری(م: ١٨٢١ز) دەڵێت لەسەر دانە قەسپێک خەڵکى دەکوشت و پاش لەونابردنى هەوڵێکى ناوخۆیی بۆ کوشتنى، خەڵکێکى زۆرى جەزیرەى کوشت و بە دوو کەڤر سەرى موفتیی جەزیرەى پان کردەوە و سەرى ژنەکەى و کچەکانى تاشى و ئەوجا ژنەکەى فڕێدایە ناو روبارى دیجلەوە(5).

عەبدولسەلامی فندکی لە دیدارێکى سەرەتاى ساڵى ٢٠١٧ دا دەربارەى عەشیرەتى مەمان، باس لە موسۆ مەلەکاى میرى مەمانێ دەکات کە لە گوندى کوڤەخی نزیک باژێڕى هەزەخێ پەیدا بووە و ئەم گوندە لەمێژە وێرانەیە، بۆیە بە موسۆیێ کوڤەخى ناو دەبرێت، ناوبراو دەگێڕێتەوە کە: « ژ موسۆ مەلەکا (موسوی کوڤەخی) پرسین تە مێرانیا خوە ژ چ گرتیە گۆت من ژ سەیەکی گرتیە کو جارەک من دیت چەند سەیەک دچن سەیەکی لێ ئەو سەیە دوێڤێ خو دانی بو سە ملێ خوە و ب رێڤە دچوو و تەماشێ وان سەیان نەدکر و ژوان نە دترسا. من ژی گۆت ئەگەر مروڤ مێر بێ و پاکی ژ کەسی نەکر کەس نەوێرێ ب سەریدا بچێ، موسۆ گۆت ئەژ کێرقوشکەکێ ژی عەلمیمە مێرانیێ و گۆت جارەک ب شەڤ ئەز رێڤە دچوم و پێ من کەتە کێرڤوشکەک و قیری کر لێ من پێ خوە ژ سەر وێ رانەکر و من پتر پێ خۆ پێدادا و ئەز نەترسام یانی ئەوە ل جار نەزانی کێرڤوشکە دژێرپێ ویدا و قیری دکە، موسۆ گۆت من مێرانیا خوە ژ کێرڤوشکێ و ژ سەیی گرتیە››(6).

سەیدا عەبدولڕەقیب یوسف کە ئەم دیدارەى ساز داوە، لەمبارەیەوە دەڵێت: ‹›موسۆێ کوڤەخی مێرخاسێ مەزنێ بۆتان د سەدێ هەژدێ دا، موسو هەتا نهو مێرانیا وی بناڤودەنگە و ئاغاێ عەشیرەتا مەمان بو ل جزیر و هەزەخێ، کوڤەخ نێزیک باژارێ هەزاخێ یە ژ رۆژهەلات ڤە و ژ مێژڤە خرابەیە. عەشیرەتا مەمان پێکهاتیە ژ موسلمان و فەلەهێن باژار و گوندێن هەزاخێ. پاشی کو مەحمەد بەگی میرێ بوتان موسۆ کوشت، (ئیشوێ حەنا کەڤرێ) ژ فەلەهێن هەزەخ بویە ئاغایێ مەمان››(7). واتا ل گۆر زانیاریی سەیدا دەبێت ئەم موسۆیە پاڵەوانى لاوکەکە بێت، منیش پێم وایە ئەم بۆچوونە نەدورە لە راستییەوە و رەنگە بەشێکى لاوکەکە لەسەر جوامێری موسۆى مەلەکا یان موسۆى کوڤەخى و بەناهەق کوشتنى پێکەوەنرابێت و لە لاوکەکەش بکوژى موسۆ، محەمەد بەگى میرى جەزیرەیە، بەڵام کێشە لەوەدایە نە صالح بەگى کوڕی بوداق بەگی شێروانى (م: پاش ساڵى ١٨٢٥) کە دۆستى هەرە نزیکى محەمەد بەگ بوو و زیاد لە جارێک سەردانیی کردوە لە جەزیرە و زۆربەى ناوەڕۆکى کتێبەکەشى لەبارەى شەڕ و هەڤڕکی و کوشتارى خۆبەخۆى ئەو و میرانى دیکەى کوردە(8) و نە سەرچاوەکانى دى کە لەبارەیەوە ئاخافتوون، باسى ئەم تاوان و کوشتارەیان نەکردوە کە لاوکەکە دەیگێڕێتەوە، یاسینى عومەرى کە هاودەمى ئەم میرەى جەزیرە بووە و چەند جارێک ناوى دێنێت و باسى مردنى دەکات، ئاماژەى بەم کەتنەى نەداوە(9)، نەشم زانیوە بەڵگەنامەکانى دەوڵەتى عوثمانى لەمبارەوە زانیاری لەخۆ بگرن، هەروەها لە سەردەمی محەمەد بەگدا، وەک صاڵح بەگ دەگێڕێتەوە بۆ یەکەم جار تفەنگى شەشخانە گەهیشتە جەزیرە و میرى ناوبراو  بۆ نێچیرڤانى و بۆ شەڕى نەیارانى بەکارى دەهێنا و چوارسەت شەشخانەهەڵگرى لە خزمەت بوو(10)، کەچى لە لاوکەکە باس لە شەڕە خەنجەر دەکرێت واتا لە دەمى تاوانەکەدا، چەکى تەقلیدى نەک چەکى ئاگرین باو بووە، ئەمە جگە لەوەى موسۆى مەمان- کوڤەخى کەسێکى نەناسراوە و لە چ سەرچاوەیەک و بەڵگەنامەیەک وەک میرێکى دەسەڵاتدار ناوى نەبراوە.

– هەڤبەرکردن لە نێوان هەواڵەکە و دەقى لاوکەکە:

سەبارەت بە روداوى یەکەم، هەرچەند (ابن الأثیر: ٥٥٥- ٦٣٠ک/١١٦٠- ١٢٣٣ز) دووسەت ساڵێک پاش ئەم روداوە خوێناویە لە گوندێکى نزیک جەزیرەى بۆتان لەدایک بووە، تاکە سەرچاوەیە ئەم بەسەرهاتەی بۆ گێڕاوینەتەوە، ئەوجا نازانرێت ئەرێ دەماودەم گوهدارى بووە یان لە سەرچاوەیەکى نادیارەوە وەریگرتووە، وەلێ ئەگەر ئاخافتنی لەمەڕ روداوەکە لەگەڵ دەقی لاوکەکە- بەیتەکە هەڤبەر بکەین، دەشێت بێژین لاوکبێژانى نەخوێندەوار کە لە ماوەى سەتان ساڵدا ئەم لاوکەیان لەبەر کردبوو و دەیانگۆتەوە، هەندە دەستکاریی ناوەڕۆکى بەسەرهاتەکەیان نەکردووە و تا رادەیەکى باش کڕۆکەکەیی و ناوى موسۆ- موسەکى پاڵەوانیان پاراستوە کە شێوەى کوردیی ناوى موسا (موسى)یە کە پێدەچێت مەبەست هەر موسا- موسەکى کۆڕى موجەللایە و دەزانین بە درێژایی سەردەمانى عەباسى و مەغۆلى و جەلائیرى و تورکمانى و عوسمانى، چ میرێکى پایەدارى بوختی- بوهتانی ناوى (موسى) نەبووە ئەم نەبێت، بەڵام موسۆ لێرە خودانى کەلهى فەنەکە، هەرچەند باوەڕناکرێت ئەمە وابێت و راستەکەى ئەو دەمانە فەنەک بارەگاى میراى هۆزى بەژنۆیی بوو و موسەک کچى میرى فەنەکى خواستبوو، بەڵام هاوکات ناوهاتنى ئەم کەلهە لەخۆڕا نەهاتووە و سەرەداوێکى گرنگە بۆ ئاشنابوون بە دەمی بەسەرهاتەکە و بەڵگەیەکى بەهێزە بۆ سەلماندنى ئەوەى کە ئەم لاوکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانى ٥- ٦ک/١١-١٢ز، ئەو دەمانەى کەلهى فەنەک لە کەلهە ناودار و ئاوەدانەکانى کوردستان بوو(11).

هەروەها ناوى فەرمانڕەوای جەزیرە و بکوژى موسەک، لە هەواڵەکە سلێمانە و لە تێکستى لاوکەکە وەک پێشتر گۆتمان محەمەد بەگە، ئەمەش تاکە جیاوازیی بنەڕەتییە لە نێوانیاندا، جگە لەمە ژنەکەى موسۆ، خوشکى میر عوبێدوڵاى بەژنەویی بکوژى فەرمانڕەواى جەزیرەیە نەک خوشکى خودى خۆى و (نصر الدولة) خاڵی میر ئەبوتاهیرى بەژنەوییە نەک خاڵی موسۆ- موسەک. واتا لێرە ئاڵۆزى و تێکەڵاویەک چێ بووە لە نێوان موسۆى بوختى و میرانى بەژنەوەى و پێم وایە شتێکى ئاسایى و چاوەڕوانکراوە ئەم چەشنە گۆڕین و تێکەڵکردنە بهێنە کایەوە.

لە لایەکى دیکەوە، هەواڵەکە باسى وردەکاری و چۆنییەتى کوشتنى موسەک ناکات و تەنها ئاماژە بە مردنى لە زیندان و ئەو شەڕ و هەرایە دەکات کە لە ئاکامى ئەم تاوانە بەرپا بوون، هاوکات لاوکەکەش باسى ئەوە ناکات کە میرى جەزیرە بە فێل کچى میر فەنەکى داوە بە موسۆ و بە کوژرانى پاڵەوان کۆتاهی دێت و نایهەوێت بێژێت کوژراوە، بەڵکو لە «سه‌رێ ده‌ره‌نجێ كه‌تییه» و مردووە‌.

پێم وایە بنەماى یەکەم و سەرەداوى لاوکەکە دەگەڕێتەوە بۆ کەتنى کوشتنى موسەکى بوختى بە دەستى میرى جەزیرە لە ساڵانى ناوەڕاستى سەدەى ٥ک/١١ز، چونکە نزیکی و لێکچوونێکى زۆر لەنێوان لاوکەکە و هەواڵەکە هەیە و باوەڕ ناکرێت ئەمە بە رێککەوت هاتبێت، پاشان هۆزان و لاوکبێژان ئەم تاوانەیان ئیسقات کردوە بەسەر محەمەد بەگدا، بەو پێیەى ئەمیش هەم میرى جەزیرەیە و هەم بە زۆردارى و زەبروزەنگیی ناوى دەرکردبوو و بیست و پێنج ساڵى فەرمانڕەوایی بە شەڕ و رکەبەرایەتیی میرانى کوردى دەرهاوسێی بەسەر برد و رەنگە موسۆ ناوێکیشى کوشتبێت، بۆیە لە لاوکەکە کراوەتە بکوژى موسۆ. بە هەرحاڵ ئەو نامەردییەی میری جەزیرە دەرهەق رێبەری تۆلاز و چەلەنگى بوختییان، لە كوردستان دەنگی دایەوە و خەڵكیی داخبار و سەرسام كرد و لە كەلتوری میللی رەنگی دایەوە و لاوکبێژان موسۆ- موسەكیان كردە پاڵەوانی گەنجینەیەکى میللیی كاریگەر و بە نەمری هێشتیانەوە.

دەقى لاوکى موسۆ

مه‌حمه‌د به‌گ گۆ: بشینن موسۆ بینن،

هه‌رن، بێژن، هه‌ركه‌بێ، به‌ خاتربێ،

هه‌كه‌ر، نایێ، بخاپینن، هه‌كه‌ر نه‌یێ، بێژن: موسۆ،

میر ته‌را ته‌گلیف كرییه‌، وه‌ره‌ لها، ئه‌مێ سالها

خوه‌ بكن ب جامێرییه‌

خولامێ وی چوونه‌ كه‌لها فنكێ، بال موسۆ، گۆ:

-خانییێ موسۆ ڤی ئه‌رڤازی،

قاسدێ مه‌حمه‌دبه‌گێ لێكری گازی،

گۆ: موسۆ، وه‌ره‌ بچنه‌ جزیرێ، مه‌حمه‌د ته‌ دخوه‌زی.

موسۆ ژ تامارا خوه‌ نڤستییه‌، خوها مه‌حمه‌د كره‌ گازی،

 گۆ: موسۆ، ڕابه‌، مه‌حمه‌د ته‌ دخوه‌زه‌.

موسۆ ڕابوویه‌، چه‌كێ خه‌زه‌بێ ل خوه‌ كرییه‌،

سبێ كارێ خوه‌ كر، بچه‌ گه‌ل وان.

خوها موسۆ گۆ: سبه‌یه‌، مه‌ نه‌زانی، ڕۆژ غه‌ییری ل ئه‌سمانی،

موسۆ تو نه‌چه‌ جزیرێ، تو پۆشمانی.

موسۆ گۆ: ئه‌ی هێری، سه‌دجار هێری،

خانییێ موسۆ تاخا ژێری، موسۆ دبێژە‌ خوها خوه‌،

وێ مه‌حمه‌د بێژهە و موسا ترسییا من نه‌وێری.

موسۆ ئه‌نرییه‌، چه‌ك و سیلحێ خوه‌ ئاڤیتییه‌.

دو خه‌نجه‌ر خوه‌ ڕا هلانییه‌.

یه‌ك پشتا خوه‌ ڤه‌شارت، یه‌ک بێشییێ،

خه‌ستا خوه‌ جزیرێ كرنه‌.

ده‌ما پێشخانێ میر ده‌ركه‌تییه‌،

میر گوله‌كێ دا فكرییه‌،

گۆ بنهێر وی گه‌ماری، چ مێره‌كی عه‌شیرییه‌.

موسۆ قه‌ستا ده‌رگه‌ھ كرییه‌:

میر مه‌حمه‌د به‌گ ژی چقا مه‌زنێ بۆتا به‌ره‌ڤ كرییه‌،

كاخازه‌كێ شاندییه‌ په‌ی عوسمان ئاغایێ جزیریه‌.

گاخه‌زه‌كێ ڤه‌ڕێكن په‌ی شێرێ د شنه‌ره‌خییه‌،

كاخه‌زه‌كێ ڤه‌رێكن په‌ی باوكێ سانۆیه‌،

كاخه‌زه‌كێ ڤه‌رێكن په‌ی عوسمان به‌گێ هه‌كارییه‌،

ئه‌و هه‌موو به‌ره‌ڤ بوونه‌ هۆدێ.

گۆ:گازی كن، موسۆ بلا بێ دیوانێ

مه‌حمه‌د گۆ: موسۆ مه‌ سه‌ح كرییه‌،

ته‌ خه‌نجه‌ره‌كێ كرییه‌،

ئه‌م نزانن پۆلێ خه‌نجه‌را ته‌چییه‌؟

تو خه‌نجه‌رێ خوه‌ بده‌، ئه‌م ته‌ماشا كن.

خالێ موسۆ ل وێ بوو،

ئه‌وی گۆ موسۆ، خه‌نجه‌را خوه‌ بده‌.

خه‌نجه‌ر دانى ده‌ستێ باوكێ سانۆیه‌،

گۆ: وه‌ڵه‌، مه‌ نه‌زانی، پۆلا هه‌سنێ ڤی چییه‌؟

خه‌نجه‌ر دانه‌ ده‌ستێ ئۆسمان ئاخایێ جزیرییه‌،

گۆ: وه‌ڵه‌، مه‌ نه‌زانی، پۆلێ هه‌سنێ ته‌ چییه‌؟

خه‌نجه‌ر دانه‌ده‌ستێ شێرێ د شنه‌رخێیه‌؟

خه‌نجه‌ر دانه‌ ده‌ستێ ئۆسمان به‌گێ هه‌كارییه‌،

گۆ، وه‌له‌، مه‌ نه‌زانی، پۆلێ هه‌سنێ ته‌ چییه‌؟

خه‌نجه‌ر چوویه‌ ده‌ستێ مه‌حمه‌د به‌گێ گرتییه‌،

مه‌حمه‌د به‌گێ گۆ: خه‌نجه‌رێ ته‌ره‌س باڤێ كه‌رمانییه‌.

مه‌حمه‌د گۆ: موسۆ، دلێ من تكه‌- تكه‌،

تو خه‌نجه‌ران ژ خوه‌ ڤه‌كه‌، تو ڕۆژێ پرێ بیرا خوه‌ بكه‌.

مه‌حمه‌د گۆ: موسۆ، به‌ به‌ختێ ڤی حوكومه‌تێ،

به‌ژنا موسۆ دمینه‌ ستونا ڤێ خێڤه‌تێ.

موسۆ گۆ: هایێ، سه‌د جار هایێ،

فندا من به‌رده‌ ڤی چرایێ،

میرم، تو دزانی خه‌وا موسۆ تو دیوانا نایێ

خه‌نجه‌ر دانه‌ ده‌ستێ عۆسمان ئاغایێ جزیرییه‌،

خه‌نجه‌ره‌كێ پشتا موسۆ خستییه‌.

خه‌نجه‌ر دانه‌ ده‌ستێ شێرۆیێ شنه‌رخییه‌،

ئه‌و ژی خه‌نجه‌ره‌كێ پشتا موسۆ زه‌ر كرییه‌.

خه‌نجه‌ر دانه‌ ده‌ستێ باوكێ سانۆیه‌،

مۆسۆ گۆ: ژ خوولا من حه‌نه‌ك و لاقردییه‌.

مه‌حمه‌د گۆ: موسۆ، تو موسۆیێ كورێ دایێ،

ته‌ خه‌نجه‌ر گرێ دایه‌ بن عه‌بایێ،

تو گه‌فان ددی، لێ تو ژ ته‌ نایێ.

موسۆ گۆ: ئه‌ز موسۆمه‌، موسۆ دینم،

خوه‌یێ خه‌نجه‌را قه‌ڤد هێشینم،

ناڤا دیوانێ دا ئه‌زێ خوونێ بره‌شینم.

موسۆ گۆ: ئه‌ز موسۆمه‌، باڤێ خه‌له‌فم،

خوه‌یێ خه‌نجه‌را قه‌ڤد سه‌ده‌فم،

ناڤا دیوانێ گور و گه‌فم.

مه‌حمه‌د گۆ: موسۆ، تو موسۆیی، موسۆیێ دینی،

تو دو خه‌نجه‌را خوه‌ را دگه‌رینی،

نێتا نه‌ ئه‌وه‌، تو ناڤا دیوانێ خوونێ بره‌شینی.

موسۆ ده‌ستێ خوه‌ ئاڤیته‌ عۆسمان،

عۆسمان ئاغایێ جزیرییه‌، جه‌م خوه‌ كشاندییه‌،

خه‌نجه‌ره‌كێ ناڤملێ خستییه‌.

ده‌ستێ خوه‌ ئاڤیت پێ شێرۆیێ شنه‌رخییه‌،

خه‌نجه‌ره‌كێ ناڤا سینگێ دا داخستییه‌.

ده‌ستێ خوه‌ ئاڤیتیه‌ پێ باوكێ سانۆیه‌

خه‌نجه‌ره‌كێ پشتا پۆلێ خستییه‌،

حه‌فت ژ ناڤا دیوانێ ته‌مام كرییه‌.

موسۆ ڕابوویه‌، خوه‌ ل كوله‌كا بخێریێ دا ڤه‌شارتییه‌،

چه‌ڤێ موسۆ خوون كه‌تییه‌، ئه‌و ژی ژ هۆدێ ده‌ركه‌تییه‌.

ده‌ما ده‌ری ڤه‌كرییه‌، خانم هۆدێ دا دیتییه‌،

پاش ڤا زڤرییه‌، حه‌تا سه‌رێ ده‌ره‌نجێ هاتییه‌،

سه‌رێ ده‌ره‌نجێ كه‌تییه‌.

گۆ: ئه‌ز موسۆمه‌، مسۆیێ نیڤ چێ مێران.

خانمێ گۆ: عه‌ورێ موسۆ دمینه‌ عه‌ورێ پلنگ و شێران.

تێ دیوانا مه‌حمه‌د به‌گێ، تێ بقه‌لینم تۆڤێ مێران،

موسۆ ل وێ ته‌مام بوویه(12).

ژێده‌ر:

 (1) حاجى جندى، فۆلكلۆرا كورمانجا، دەزگای ئاراس (هەولێر: ٢٠٠٨)، ل405- 41٠.

(2) قصص شعرية كردية فولكلورية، المجموعة الأولى، مطبعة الإرشاد (بغداد: 1965)، ص18- 24.

(3) شرفنامە، الترجمة العربیة، ط٢، (أربیل: ٢٠٠١)، ص٣٢٠.

(4)   ابن الأثير، الكامل في التأريخ، دار المعرفة (بيروت: 2007)، ٨/١٥٥- ١٥٦.

(5) غاية المرام في تأريخ محاسن بغداد، دار الكتب العلمية (بغداد: 2013)، ص٩٩- ١٠٠.

(6) ئەم ئاخافتنەى موسۆ لە پەیڤێکى شێخ ئەبوبەكر محەمەدى کوڕی حەسەنى بەژنەوی (البشنوي) لە زانايانى وڵاتى جەزیرەى بۆتان لە سەدەى ٥ک/١١ز، دەچێت کە دەیگۆت: «تعلمت أحسن الخلق من أخس الخلق: تعلمت الفتوة من الديك، والوفاء من الكلب، والاحتمال من الحمار، ألا ترى أن الديك إذا قدمت إليه علفا صاح بالديكة ولا يأكل خفية، والكلب إن أطعمته لقمة عرف لك ذلك ما حييت، والحمار إن ضربته ولم تطعمه وركبته صبر على أذاك من غير صياح ولا صراخ». أبن الصابوني، جمال الدين أبي حامد محمد (ت680هـ/1281م)، تكملة اكمال الاكمال، عالم الكتب (بيروت 1986)، ص106-107. رەنگە ئەم ئاخافتنەى موسۆ لەسەر بنەماى پەیڤەکەى شێخ ئەبوبەکرى بەژنەوى پێکەوە نرابێت.

(7) سەیدا عەبدولڕەقیب بە تلیفۆن ئەم زانیارییەى پێدام و گۆتی دەقى دیدارەکەم داوە بە ڕێزدار داود موراد خەتارى، منیش پێوەندییم پێوە کرد و بەڕێزیشیان یەکسەر بۆى ناردم، لێرە سوپاسى هەردوکیان دەکەم بۆ ئەم هاریکارییە.

(8) تأریخ الأنساب، دار المقتبس (بیروت: ٢٠١٤)، ص٩٩- ١٠٦، ١١٢- ١٢٥.

(9) غاية المرام، ص٨٩، ٩٩- ١٠٠، زبدة الآثار الجلیة في الحوداث الأرضية، دار الزمان (أربيل: 2017)، ص120.

(10) تأریخ الأنساب، ص١١٤.

(11) ابن الأثیر، الكامل في التأريخ، 9/31، 305- 306، ياقوت الحموي، معجم البلدان، دار أحياء التراث العربي (بيروت: بلا)، 3/447.

(12) بڕوانە: حه‌جیێ جندی و ئه‌مینێ عه‌ڤداڵ، فولكلۆرا كورمانجا، (هه‌ولێر: 2008)، ل405-41٠. وەرگێڕانى عەرەبی: محمد توفيق وردي، قصص شعرية كردية فولكلورية، مطبعة الإرشاد (بغداد: 1965)، ص18-24.

ڤان بابەتان ببینە

رۆلێ ستراتيژیيەتا زارڤەكرنا رۆلان (شانۆگەرى) د فێركرنێ دا

بێوار ئدريس دەحلێنەوى ب درێژاهیيا سەردەمان، مرۆڤان گرنگى ب بوارێن پەروەردەيى دايە، بەلێ گرنگيپێدانا وان …