حه‌مه که‌ریم عارف
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک بگرى، دیارده‌یه‌کى سیاسى – کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌زارسه‌ر و سه‌ودایه، هه‌زار و یه‌ک رووى ئاشکرا و نادیارى هه‌یه. به‌ڵام ره‌نگه هه‌ر هه‌موو ئه‌م سه‌ر‌وسه‌ودا و رووانه له سایه‌ى دوو ڕووى سه‌ره‌کى و بنه‌ڕه‌تی دا کۆببنه‌وه، یه‌که‌میان ئاشکرایه و له ئایدۆلۆجیا و ئایدۆلۆجیابازی دا خۆى ده‌نوێنێ و به‌رجه‌سته ده‌بێت، دووه‌میان نادیار و شاراوه‌یه، که له سایکۆلۆجیه‌تى ده‌سه‌ڵات دا خۆى ده‌نوێنێ.. هه‌ڵبه‌ته هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه، زاده و هه‌ڵقوڵاوى هه‌لومه‌رجى کۆمه‌ڵایه‌تى- سیاسى و قۆناغى مێژوویى خۆیه‌تى. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ، که جیاوازى له نێو ده‌سه‌ڵاته‌کان دا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له هێڵه گشتى و شته رواڵتییه‌کانیش دا جیاواز بن، ئه‌وا له ورده‌کارییه پراکتیکییه‌کان دا خاڵى هاوبه‌شیان فره‌یه.
«1»
ده‌سه‌ڵات به‌و حه‌سا‌وه، که ده‌کاته چۆنییە‌تى موماره‌سه‌ى سیاسه‌ت و سیاسه‌تیش له هه‌ردوو رووى شێوه و نێوه‌رۆکه‌وه، پرۆسه‌یه‌کى ده‌سته‌جه‌مى و به کۆمه‌ڵه، بۆیه پێویسته بۆ موماره‌سه‌کردنى سیاسه‌ت (ده‌سه‌ڵات) گه‌لێک یان ده‌سته و تاقمێک یان چینێکى کۆمه‌ڵایه‌تى دیاریکراو هه‌بێ. یانى هه‌ر کار و کرده‌وه‌یه‌کى سیاسى به‌نده به بوونێکى کۆمه‌ڵایه‌تى و له ده‌رێى کۆمه‌ڵ دا به‌رجه‌سته نابێت، خۆ ئه‌گه‌ر به زه‌برى گریمانه‌یه‌کى مه‌حاڵ ئه‌م حاڵه‌ته در‌وست بکرێ، ئه‌وا هه‌نگێ سیاسه‌ت ده‌گۆڕێ و ده‌بێت به کرده‌وه‌یه‌کى رۆمانسیانه‌ى تاکڕه‌وانه‌ى دۆنکیشۆتى.. بۆیه هیچ سه‌یر نییه ده‌سه‌ڵات هه‌موو هه‌وڵێکى خۆى بخاته گه‌ڕ و خۆى به هه‌موو مه‌یدانه‌کانى ژیان دا بکات و بیانخاته خزمه‌تى ئاڕمانجه نزیک و دووره‌کانى خۆیه‌وه. جا که سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات ئه‌و په‌یوه‌ندییه راسته‌وخۆیه‌ى به جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکه‌وه هه‌یه، که‌ره‌سته و ئامرازێکى ئه‌وتۆى هه‌یه، که کار له هه‌موو لایه‌ن و مه‌یدانه سایکۆلۆجییه‌کانى دى بکات و بیخاته ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵى خۆیه‌وه و به گوێره‌ى پێوه‌ر و مه‌به‌سته‌کانى خۆى ئاراسته و رابه‌رایه‌تى بکات، پێویسته جه‌ماوه‌ریش ئه‌وه‌نده‌ى هۆشمه‌ندى و ڕۆشنبیریى و ڕۆشنبینى سیاسى هه‌بێ، که بتوانێ به‌رگرى له خۆى و مافه‌کانى خۆى بکات، لایه‌نى که‌مى ئاراسته سیاسییه‌کان بخوێنێته‌وه و بزانێت، که ده‌سه‌ڵات چى له خه‌لکى ده‌وێت، ده‌توانێت چى بۆ بکات، تا به قه‌ناعه‌ته‌وه فه‌رمانى به جێبێنێ یان فه‌رمانى له عاردى بدات و به گژیا بچێته‌وه.. ده‌بێ له ئاستێکى هۆشمه‌ندى ئه‌وتۆ دا بێ، که سه‌رچاوه‌ى هه‌ندێ له هه‌ڵوێسته‌کانى، هه‌ندێ له بڕیار و هه‌ندێک له ره‌فتاره‌کانى بزانێت و له هوشیارییه‌وه ئه‌و هه‌ڵوێست و بڕیار و ره‌فتارانه هه‌ڵسه‌نگێنێ و ره‌فز یان قبوڵیان بکات.. واته جه‌ماوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى کڵاوى ده‌سه‌ڵاتى له‌سه‌ر نه‌کرێ، ده‌بێ رۆشنبینى و جیهانبینییه‌کى سیاسى ئه‌وتۆى هه‌بێ، که په‌ى به لایه‌نى که‌مى سایکۆلۆجیه‌تى ده‌سه‌ڵات ببات، چونکه هیچ ده‌سه‌ڵاتێک له بنه‌ماى سایکۆلۆجى ئه‌قڵى به‌ده‌ر نییە، هه‌میشه ئایدۆلۆجیا ده‌کات به ده‌مامک و رووه سایکۆلۆژییه‌که‌ى خۆى پێ ده‌شارێته‌وه، که سه‌رچاوه‌ى راسته‌قینه‌ى ده‌سه‌ڵاته و وه‌کو ئامرازێکى کاریگه‌ر له کاتى پێویست دا، ئه‌وه‌نده‌ى بار‌ودۆخى ده‌ستورى و بونیاى رۆشنبیرى کۆمه‌ڵایه‌تى باو ڕێگه بدات و چه‌ند ئه‌م بونیاده ڕێگه‌ى به‌کارهێنانى ئه‌و شێوازه بدات، که ده‌سه‌ڵات بۆ به‌ڕێوه‌بردن و رابه‌رایه‌تى کۆمه‌ڵگه و سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه دا، به‌کارى دێنێ.
جا ده‌سه‌ڵات به گوێره‌ى هۆشمه‌ندى و که‌م هۆشى کۆمه‌ڵگه یان ده‌بێ ببێت به ئیداره‌یه‌ک و له سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وله‌ت دا به گوێره‌ى ده‌ستور و یاسا دام و ده‌زگاکانى کۆمه‌ڵگه به رێوه ببات یان لایه‌نه سایکۆڵۆجیه‌که‌ى، واته دیوه شاراوه‌که‌ى زاڵ ده‌بێت و ئایدۆلۆجیا، دیوه ئاشکراکه‌ى وه‌لاوه ده‌نێت و ده‌سه‌ڵات ده‌بێت به هه‌موو شت، به هه‌موو ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌ت ده‌کاته ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵات ده‌کاته ده‌وڵه‌ت، هه‌موو شتێکى وڵات به به‌شه‌ر و هه‌موو سه‌رچاوه‌کانى ژیانه‌وه ده‌خرێته خزمه‌تى ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه.. به‌ڵام هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌گه‌ر له ترۆپکى هێز و پته‌ویش دا بێت هه‌میشه جۆره گومانێکى لایه، گومانێکى ترسامێز، ترس له ئاسایش و ته‌ناهى، ده‌خوازێت نه‌زم و نیزام، وه‌کو سه‌عاتى میقات کراو بێت، هه‌میشه خۆى به هه‌ق ده‌زانێت، ده‌یه‌وێ به هه‌ر شێوازێک بێ هه‌قانییە‌تى خۆى له هزر و ده‌روونى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکی دا ڕیشاژۆ بکات، زۆرجار منه‌تى به‌لاش به‌سه‌ر جه‌ماوه‌رى خه‌ڵک و هاووڵاتیان دا ده‌کات، زوڵم و زۆرى رژێمى پێش خۆى به چاوى خه‌ڵکی دا ده‌داته‌وه، غافڵه له‌وه‌ى هه‌ر قۆناغێک پێداویستى خۆى هه‌یه و په‌یوه‌ندییه جۆرا‌وجۆره‌کانى خۆى به‌رهه‌م دێنێ.. بۆیه له بچووکترین سه‌نگه‌لایى په‌یوه‌ندییه باوه‌کان ده‌ترسێت و هه‌ر ده‌نگێکى ناڕازى کپ ده‌کاته‌وه.. واته هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک، ئۆپۆزیسیۆن ره‌فز ده‌کاته‌وه، با خۆیشى له رێگه‌ى شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنکارییه‌وه جڵه‌وى ده‌سه‌ڵاتى گرتبێته ده‌ست، زۆر به ئاسانى خیانه‌ت له رابردووى خۆى ده‌کات، ئه‌وه بیرى خۆى ده‌باته‌وه، که غیابى ئۆپۆزیسیۆن نیشانه‌ى دکتاتۆریه‌ته.. ڕه‌نگه زۆرى نه‌هه‌ق نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ره‌چاو بکرێ، که ئه‌م ره‌فز و ره‌فزکارییه له خوێنى ده‌سه‌ڵاتدایه، به‌شێکى له جیابوونه‌وه نه‌هاتووى ته‌بیعه‌ت و سر‌وشتى ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانرێ، که ئۆپۆزیسیۆنکاریش زاده و به‌ره‌نجامى ده‌سه‌ڵاته، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک ماکى ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ خۆی دا هه‌ڵده‌گرێت و به دژه‌که‌ى خۆى، که ئۆپۆزیسیۆنه ئاوسه، بۆیه ئۆپۆزیسیۆن به‌شێکه له واقیعى ده‌سه‌ڵات، له واقیعى سه‌رکوتکارى‌و ملکه‌چاندنى خه‌ڵک. چونکه مرۆڤ به ته‌بیعه‌ت دژى ملکه‌چییه، دژى هه‌ر جۆره فه‌رمانبه‌ردارى و گوێرایه‌ڵى و ملکه‌چییه‌که ئه‌گه‌ر له بارى ده‌روونى و ئه‌قڵییه‌وه بڕوا و قه‌ناعه‌تى به ڕه‌وایى ده‌سه‌ڵات، وه‌کو هه‌قێکى شه‌رعى ده‌سه‌ڵاتدار و به ڕه‌وایى گوێڕایه‌ڵى خۆى وه‌کو ئه‌رکێک بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌م هه‌قه نه‌بێت.. بۆیه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک له جه‌ماوه‌ر، له یه‌کگرتنى جه‌ماه‌ر، له جم و جوڵى جه‌ماوه‌ر، وه‌کو هێزێکى شاراوه، که له‌گینه له هه‌ر ساتێکا له ده‌سه‌ڵات راپه‌ڕێ و به‌ڕه‌ى له ژێر پێیان ده‌ربێنێ، ده‌ترسێت.. بۆیه هیچ ده‌سه‌ڵاتێک نه‌ک هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌کان ناخاته به‌رده‌ستى جه‌ماوه‌ر، به‌ڵکو حه‌قیقه‌ته‌کانى به نیوه‌چڵى و شێواوى ده‌خاته به‌رده‌ست، به‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر چه‌واشه‌ى ده‌کات، به‌ڵکو مه‌سخ و دێوانگۆڕیده‌ى ده‌کات و به ئاراسته‌یه‌کی دا ده‌بات، که دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى جه‌ماوه‌ر بێت و به قازانجى ده‌سه‌ڵات بشکێته‌وه.. هه‌ڵبه‌ته جه‌ماوه‌ر له سا‌وپه‌ناى ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته دا، ناتوانێ به ئیمکاناتى ئاسایى خۆى هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌کان به‌ده‌ست بێنێ، بۆیه زۆرجار له رووى نه‌زانینه‌وه دژى به‌ژه‌وه‌ندى خۆى ده‌وه‌ستێته‌وه و هه‌ندێ در‌وشمى بریقه‌دار و رواڵه‌تى له خشته‌ى ده‌بات و سوکناییه‌کى کاتى به ناخى ناڕازیى ده‌به‌خشێت. به ناوى ئۆپۆزیسیۆنه‌وه به‌گه‌ڵ ره‌وتێک ده‌که‌وێت، که نه‌ک بنه‌ماکانى ئۆپۆزیسیۆنى تیا نییه، به‌ڵکو ته‌بیعه‌تى پێکهاته‌که‌ى، ته‌بیعه‌تێکى سازشچییه، ئیدى کاتێ جه‌ماوه‌ر به خۆى ده‌زانێ له قه‌ل و کۆتران بووه، ئیدى ئاسته‌نگ و قه‌یرانى دیموکراتیه‌ت سه‌رهه‌ڵده‌دات و جه‌ماوه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى زه‌حمه‌ته هه‌ست به‌وه بکات خه‌ڵه‌تێنراوه، ئیدى به هیچ ڕاناوه‌ستێ و قۆناغى ک‌ش شا‌و شا مات ده‌ست پێده‌کات…
«2»
هه‌ڵبه‌ته سیاسه‌ت رێگه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات. یه‌کێک له ته‌بیعه‌ته‌کانى سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه، که هه‌ر هه‌موو کایه ئاینى و دنیاییه‌کان به‌ناوى هاوکارى و هاوئامانجى و یه‌کێتیى نه‌ته‌وه‌یى و چینایه‌تى و پیشه‌یى بخاته خزمه‌تى خۆیه‌وه، تا ده‌گاته ده‌سه‌ڵات، هه‌رکه ده‌گاته ده‌سه‌ڵات، ئیدى حه‌زى به هیچ جۆره شه‌ریکایه‌تییه‌ک نامێنێ و شه‌ریکه‌کانى دوێنێى لێده‌بێت به هه‌ڤڕک و داواى جیابوونه‌وه‌یان لێده‌کات. ئیدى له پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سه‌ڵات، هه‌زار و یه‌ک رێگه‌ى پڕپێچ و په‌نا ده‌گرێته به‌ر و هه‌زار و یه‌ک پاکانه بۆ هه‌قانییە‌تى داواکانى خۆى داده‌تاشێت و له راى به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سه‌ڵات دا له هیچ جۆره درۆ‌و ده‌له‌سه و په‌یمانشکێنى و بێ به‌ڵێنییه‌ک ناپرینگێته‌وه و وته هه‌ره به نێوبانگه‌که‌ى میکاڤیللى (1469- 1532) «له راى مه‌به‌ست گشت ناره‌وایه‌ک ڕه‌وایه« به ئاشکرا و به نهێنى ده‌کات به در‌وشم و رێنوێنى خۆى.. دیاره به پێى ئه‌م پره‌نسیپه‌ى میکاڤیللى سیاسه‌ت ملکه‌چ و پابه‌ندى هیچ یاسا‌و رێسایه‌کى ئه‌خلاقى نابێت، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان له نێوان دا نابینێ. ئیدى لێره‌وه ده‌که‌وینه نێو ئه‌و زنجیره گێژه‌نگ و گێژاوه هه‌ڤدژه سایکۆلۆجیه‌وه، که میکاڤیللى به زه‌برى واقیعبینى خۆى پێى گه‌یى.. به‌مه‌ش ده‌کرێ میکاڤیللى به یه‌کێک له پێشه‌نگه‌کانى بانگه‌وازى جیاکردنه‌وه‌ى ئاین له سیاسه‌ت له لایه‌ک و سیاسه‌ت له ئه‌خلاق له لایه‌کى تره‌وه دابنرێت.. ئه‌وه‌بوو هزرڤانانى رۆژاوایى به پێى زه‌روره‌تى سیاسى و مێژوویى و هه‌لومه‌رجى کۆمه‌ڵایه‌تى خۆیان که‌وتنه په‌یره‌ویکردنى پره‌نسیپى عه‌لمانییە‌ت.. ئه‌مه‌ش خۆى له خۆی دا په‌رچه‌کردارێکى توندبوو له هه‌نبه‌ر گوشارى کڵێسا و ده‌ستوه‌ردانى ئاشکرا و نهێنى له سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و ئابورى و ته‌نانه‌ت ئه‌م ده‌ستوه‌ردانه گه‌ییه بواره زانستییه رووت و چالاکییه ئه‌زموونگه‌رییه‌کانیش.
بۆیه جیاکردنه‌وه‌ى سیاسه‌ت له ئه‌خلاق و وه‌سیله له ئامانج و مه‌به‌ست بوو به ئاواتى شاراوه‌ى هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک، ئیدى ئه‌و باوه‌ڕه چه‌سپى، که ده‌سه‌ڵات نه پابه‌ندى ئه‌خلاقه و نه له راى ئه‌خلاق، به مانا باوه مه‌عنه‌وییه‌که‌ى ئه‌خلاق، تێده‌کۆشێت، به‌ڵکو پابه‌ندى به‌رژه‌وه‌ندییە چ گشتى بێ چ تایبه‌تى.. بۆیه سیاسه‌ت وه‌سیله و حه‌رامى و حه‌ڵاڵى، ئه‌خلاقدارى و بێ ئه‌خلاقى وه‌سیله‌ى به‌لاوه گرینگ نییە، به‌ڵکو ئه‌و مه‌به‌ست و ئامانج و قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ى به‌لاوه گرینگه، که به زه‌برى ئه‌و وه‌سیله‌یه دێته دى. چونکه سیاسه‌ت له مه‌یدانى پراکتیک دا ئه‌خلاقیاتى خۆى به‌رهه‌م دێنێ و زۆرجاریش گه‌ر بۆى بلوێ ده‌یگشتێنێ..
«3»
هه‌ڵبه‌ته ڕیشاژۆبوونى ده‌سه‌ڵات، خه تاى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکیشى تێدایه، زۆرجار جه‌ماوه‌رى خه‌ڵک دۆست و دژمنى خۆى ناناسێت، ئه‌قڵى به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆی دا ناشکێت، نوێنه‌رى راسته‌قینه‌ى خۆى ناناسێت، بۆیه کاتێ که ده‌جمێ و ده‌یه‌وێت گوزارشت له ناره‌زایى خۆى بکات، به ناو به‌رگرى له خۆى و مافه‌کانى خۆى بکات، جڵه‌وى خۆى ده‌داته ده‌ست سۆز و گودازان و دوور له هه‌ر هزرینێکى ئه‌قڵانى لۆژیکى، وه‌کو خێڵى قه‌له‌موون خڕ ده‌بێته‌وه و بێهوده به یه‌ک دا دێ.. دیاره هه‌ر جه‌ماوه‌رێک نه‌توانێ و هه‌وڵنه‌دات فێرى ئه‌وه بێت به‌رگرى له خۆى بکات، هه‌ر بۆ ئه‌وه باشه، وه‌کو کۆیله ره‌فتارى ده‌گه‌ڵ بکرێت، به درێژایى مێژوویش هه‌ر واکراوه یان زۆرجار جه‌ماوه‌رى ناهوشیار و خێڵه‌کى ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریى و هاندانى به ناو پێشڕه‌وانێکه‌وه، که به قازانج و به‌رژه‌وه‌ندى خۆى و تاقمێکى خۆى ئاڕاسته‌ى ده‌کات، دیاره ئه‌و به‌ناو پێشره‌وانه، ئه‌م سۆز و گودازه‌ى جه‌ماوه‌رى ناهوشیار ده‌خوێننه‌وه و ده‌زانن، که جه‌ماوه‌رى کاڵفام و ناهوشیار ناتوانن بیربکه‌نه‌وه و رازین به‌وه‌ى یه‌کێک یان تاقمێک هه‌بێ رێبه‌رایه‌تیان بکات و له جیاتى ئه‌وان گوایه بیر بکاته‌وه!- ئه‌مه ده‌رهاویشته‌ى کۆمه‌ڵگه‌ى خێڵه‌کى و پاشکه‌وتووه- بۆیه ئه‌و به‌ناو پێشڕه‌وه که له ناخدا که‌سێکى ده‌سه‌ڵاتخوازه، له جیاتى هزر و هزرینى لۆژیکى و واقیعى بگشتێنێ و بکات به چراى بیرکرده‌وه‌ى خه‌ڵکى، له رێگه‌ى در‌وشم و ئارمى بریقه‌داره‌وه ڕۆحى فه‌تح ده‌کات و خۆى له لاى ده‌پیرۆزێنێ و به‌مجۆره له سه‌رلێشێوان و گومڕاییه‌کى ئه‌وتۆوه‌ى ده‌گلێنێ، که به ئاسانى و زوو به زوو لێى ده‌رنه‌چێت، تا درێژه به ته‌مه‌نى ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارى خۆى بدات. دیاره گێلیه‌تى و سه‌رلێشێواوى جه‌ماوه‌ریش دیارده‌یه‌کى بۆماوه‌یى و هه‌میشه‌یى نییە، په‌یوه‌ندى به ژینگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و قۆناغى مێژوویى خۆیه‌وه هه‌یه، به گوێره‌ى گۆڕ‌انى ژینگه و قۆناغ ده‌گۆڕێت، ده‌سه‌ڵاتبازان ناتوانن هه‌تا سه‌ر چه‌واشه‌ى بکه‌ن و به قازانجى خۆیان ئاراسته‌ى بکه‌ن.. بۆ نموونه له رۆژگارى ئه‌مرۆ دا، له زۆر وڵاتێن جیهان دا جه‌ماوه‌ر ده‌نگ و سه‌نگ و هێزى خۆى هه‌یه و چاودێرێکى کاریگه‌ره به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و چۆنییە‌تى به‌رێوه‌برنى ده‌سه‌ڵات و به تۆبزى خۆى ده‌کات به شه‌ریکى به‌رێوه‌برنى ده‌سه‌ڵات.. به‌ڵام وێراى ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر به وردى زه‌ینى بارى ده‌روونى و سایکۆلۆژى جه‌ماوه‌ر بده‌ین، به تایبه‌تى کاتێ که ده‌جمێ و کۆده‌بێته‌وه، ده‌بینین هاروژان و یه‌کێتییه‌که‌یان زیاتر سۆزداى و کاتییه، زۆربه‌ى کات، که تاک به گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر ده‌که‌وێ، جڵه‌وى هۆشمه‌ندى شه‌خسى له ده‌ست به‌ر ده‌بێت، خۆى له بیر ده‌کات و گیانى سه‌رکێش و تۆسنى جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ خۆی دا رایده‌ماڵێ. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییە، که جه‌ماوه‌ر هێز نییه، با، هێزه و هێزێکى خه‌ته‌ریشه؛ چونکه یه‌جگار ساز و ئاماده‌یه بۆ هه‌ر موماره‌سه‌یه‌کى پراکتیکى، که دوور نییە ته‌خت و به‌ختى ده‌سه‌ڵاتى رۆژ وه‌ربگێڕێ و وه‌رچه‌رخانێکى گه‌وره، چ باش چ خراپ له مێژوو دا در‌وست بکات.
بۆیه ده‌بینین تا رۆژگارى ئه‌مرۆکه له زۆر شوێنى دنیا دا ده‌سه‌ڵاته دکتاتۆرى و سه‌رکوتکارییه‌کان، ئه‌گه‌رچى له دڵى خۆ دا هه‌ڵوێستى جه‌ماوه‌ر به نا ئه‌قڵانى ده‌زانن، به‌ڵام که رووبه‌رووى غه‌زه‌ب و خرۆشانى جه‌ماوه‌ر ده‌بنه‌وه، پشى پشییه‌کى فره‌ى بۆ ده‌که‌ن و به رواڵه‌ت دان به هه‌قانییە‌ت و ره‌وایى داوا و هه‌ڵوێستیان دا ده‌نه‌ن و به قسه‌ى لوس دایان ده‌مرکێننه‌وه و به در‌وشمى پوچه‌ڵ به ئه‌قڵیان پێده‌که‌ن، غافڵن له‌وه‌ى به‌م کاره‌یان درێژه به ته‌مه‌نى ده‌سه‌ڵاتى پڕ شه‌رمه‌زارى خۆیان ده‌ده‌ن، جا ئه‌مه دیارده‌یه‌که له ته‌بع و ته‌بیعه‌ت و سایکۆلۆجیه‌ت و رفتارى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکى سه‌رکوتکارى و دکتاتۆری دا هه‌یه و له ڕاى مه‌به‌ست دا گشت ناڕه‌وایه‌کى پێ ڕه‌وایه.
«4»
ده‌سه‌ڵات هه‌رچییه‌ک و هه‌ر چۆنێک بێ، له ئه‌فلاتونه‌وه بیگره تا ده‌گاته میکاڤیللى، له ئه‌سیناوه بۆ ڕۆما، له نازیه‌ته‌وه بۆ فاشیه‌ت، له لیبرالیه‌ته‌وه تا کۆمۆنیزم، له ده‌سه‌ڵاتى ئاینییە‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى، له وابه‌سته‌گى ئاینییه‌وه بۆ وابه‌سته‌گى ئه‌تنى، له رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ رۆژاوا، له‌و خاڵه دا له‌یه‌کدى ده‌چن یان لێکدى نزیک ده‌بنه‌وه، که له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کى ده‌روونى ئه‌قڵى رۆنراون و ئه‌و بنه‌ما و بناغه‌یه ئاراسته و سه‌مته هزریه‌سیاسیه‌که‌یان و سیسته‌مى کارکردنه‌که‌یان و جۆر و چۆنییە‌تى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌که دیارى ده‌کات، له‌بارترین رێگه بۆ وه‌دیهاتنى چۆنییە‌تى ده‌سه‌ڵاته‌که دیارى ده‌کات. دیاره ده‌سه‌ڵات هه‌ندێک له‌م لایه‌نانه ده‌خاته روو و ئه‌وجا دێت له چوارچێوه‌یه‌کى ئایدۆلۆجى سیاسى ئابورى کۆمه‌ڵایه‌تی دا دایده‌رێژێته‌وه و کارى له‌سه‌ر ده‌کات و زۆر شتیش ده‌شارێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ناوبه‌ناو به گوێره‌ى قۆناغى پێویستیه‌کانى خۆى وه‌کو هه‌ڵوێست و بڕیار و پرۆژه به‌ره‌به‌ره ده‌ریان بخات، تا له لایه‌که‌وه رووى خۆى پێ بڕازێنێه‌وه و له لایه‌کى تره‌وه بیکات به دێوجامه‌ى ڕاوه جه‌ماوه‌ر و ڕه‌واندنه‌وه‌ى توڕه‌یى و غه‌زه‌بى خه‌ڵکى، زه‌مینه بۆ قه‌بوڵکردنى سیاسه‌تى ده‌سه‌ڵات خۆشبکات، ژینگه‌یه‌کى سایکۆلۆژى ئه‌وتۆ بۆ خۆى بخوڵقێنێ، که له‌وێنده‌ره‌وه تێهه‌ڵچێ و هزر و مه‌رامه تایبه‌تیه‌کانى خۆى له قاڵبى واقیع و په‌یوه‌ندیان و دام و ده‌زگایان دا دابڕێژێ و ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ى پێ به‌رێوه‌به‌رێ، که گه‌ره‌کیه حوکمى بکات. ئیدى ده‌سه‌ڵات- به‌گوێره‌ى ئه‌وه و له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌وه- سیسته‌مى سیاسى و ئابورى و هه‌روه‌ها ئایدۆلۆجیاى خۆى هه‌ڵده‌بژێرێ و له‌سه‌ر جۆره حوکمێک ده‌گیرسێته‌وه، که بشێت به گوێره‌ى ئه‌و سیسته‌مه و به‌پێى ئه‌و ئایدۆلۆجیایه‌ى هه‌ڵیبژاردووه موماره‌سه‌ى بکات و کۆمه‌ڵگه‌ى پێ به‌رێوه‌به‌رێ و کۆنترۆڵى بکات.. ئیدى حه‌قیقه‌ت و ماهیه‌تى ده‌سه‌ڵات له میانه‌ى ئه‌و سیسته‌مه‌وه، که هه‌ڵیبژاردووه، له میانه‌ى جۆرى حوکمکردنه‌که‌یه‌وه به دیار ده‌که‌وێ، که ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتێکى باشه یان خراپه، دادپه‌روه‌ره یان زاڵم، هه‌روه‌ها ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییە سایکۆلۆجى و ئه‌قڵیه‌ش به دیارده‌که‌وێ، که له پشتیه‌وه وه‌ستاوه و ئاراسته و ڕێبه‌رایه‌تى ده‌کات.
ڕاسته هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکى سیاسى یان ئابورى یان کۆمه‌ڵایه‌تى، سایکۆلۆجیه‌تى تایبه‌تى خۆى هه‌یه، کایه‌یه‌کى ده‌روونى ئه‌قڵى تایبه‌تى هه‌یه، که له سایکۆلۆجیه‌ته‌کانى تر‌ى جیا ده‌کاته‌وه، هه‌ریه‌کێکیان له مه‌دارێکى ده‌روونى کۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌رجه‌سته ده‌بێت و ده‌رده‌که‌وێ، ده‌یه‌وێ له‌وێوه خۆى به‌سه‌ر مه‌ودا و کایه ده‌روونییە کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانى دیکه و ده‌وروبه‌ریا بسه‌پێنێ، به تایبه‌تى ئه‌و مه‌ودا و کایانه‌ى که له خۆى که‌م ده‌سه‌ڵاتترن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شا کۆمه‌ڵێک خه‌سڵه‌ت و سیماى ده‌روونى ئه‌قڵى هاوبه‌ش هه‌یه، ڕه‌نگه له هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان دا و لاى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێک و که‌سێکى ناو ده‌سه‌ڵات دا دووباره ببێته‌وه، ئیدى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌رجۆرێک بێت و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره له هه‌ر پله و پایه‌یه‌ک دا بێ و موماره‌سه‌کردنى ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى هه‌ر چۆنێک بێت.. بۆ نموونه هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێ هه‌وڵ بۆ سه‌قامگیرى و به‌رده‌وامبوون له ده‌سه‌ڵات دا ده‌دات، ده‌یه‌وێ خه‌ڵکى بخاته ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵى خۆیه‌وه و به‌لاى خۆی دا رایان بکێشێت و نه‌یاران و ئۆپۆزیسیۆن و نارازیان له ده‌سه‌ڵات به هێز و فێڵ و به‌هه‌ڕه‌شه و به ده‌م چه‌ورکردن سه‌رکوت بکات، له خشته‌یان به‌رێت، چاوبه‌سته‌کێیان لێبکات و بێده‌نگیان بکات. هه‌روه‌ها به‌رگرى له ئاسایشى ده‌سه‌ڵات و داکۆکى له به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵدان له پێناوى وه‌دیهاتنى ئامانج و مه‌رامه‌کانى ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌ى ئه‌و واقیعه دا، که حوکمى ده‌کات، له خه‌سڵه‌ته هاوبه‌شه‌کانى هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانه.
دیاره له کۆى ئه‌م خه‌سڵه‌ت و سیما سایکۆلۆجى ئه‌قڵیه هاوبه‌شه و له کۆى ئه‌و ئه‌نگێزه و هانده‌ر و ئه‌زموونه ده‌روونى ئه‌قڵانیانه‌ى یه‌ک ده‌سه‌ڵاته‌وه ئه‌و شته در‌وست ده‌بێت، که پێى ده‌گوترێت سایکۆلۆجیه‌تى ده‌سه‌ڵات..
«5»
هه‌ڵبه‌ته جڵه‌وى هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک له دوائه‌نجاما ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تاک.. واته بۆ سه‌رکرده، بۆ پێشه‌وا، بۆ سه‌رۆک یان بۆ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن، ئه‌ندامانى لیژنه یان بۆ ده‌سته‌یه‌ک، وه‌ک: حیزب، چین، تایفه، تیره. واته هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک به شێوه‌یه‌کى راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى سایکۆلۆجیه‌تى ئه‌و تاک یان دسته و ئه‌نجومه‌ن و لیژنانه‌یه، که موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌که ده‌که‌ن، واته سایکۆلۆجیه‌تى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکى دیاریکراو له راستی دا ده‌کاته سایکۆلۆجیه‌تى ئه‌و تاک و ئه‌نجومه‌ن و لیژنانه‌ى، که له ده‌سه‌ڵاتدان.. ده‌سه‌ڵات ده‌کاته چۆنییە‌تى به‌کارهێنانى سیاسه‌ت به‌و شێوه و شێوازه‌ى، که ده‌سه‌ڵاته‌که ڕه‌نگى ده‌رێژێ و ده‌یه‌وێ، بۆیه هه‌ر هه‌موو سیما بنه‌ڕه‌تى و خه‌سڵه‌ته تایبه‌تیه‌کانى ده‌سه‌ڵات، له بڕیار و هه‌ڵوێسته‌کانیا ڕه‌نگده‌داته‌وه، له ره‌نگڕشتنى سیاسه‌تى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی دا ره‌نگده‌داته‌وه، جۆرى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڵ هاووڵاتیان دا چ ئه‌وانه‌ى ده‌گه‌ڵین و چ ئه‌وانه‌ى دژین، دیارى ده‌کات وهه‌موو دام وده‌زگاکانى جێبه‌جێکردنى ئه‌و سیاسه‌ته شه‌قڵ و مۆرکه سایکۆلۆژى ئه‌قڵیه‌که‌ى ده‌سه‌ڵاتى ناڤبرى وه‌رده‌گرن. ده‌سه‌ڵات هه‌وڵده دا سه‌راپاى ژیان له‌و ده‌ڤه‌ره دا، که حوکمى ده‌کات، به‌بیر و بۆچوون و خولیا و خۆزیا و وێنا و ته‌سه‌ورات و پێداویستییه مه‌تریالى و ئایدیالیه‌کانه‌وه له قاڵبى ڕه‌هه‌نده سایکۆلۆژى ئه‌قڵیه‌که‌ى خۆى بدات، تا سه‌قامگیریه‌کى نه‌گۆڕ، گوێڕایه‌ڵى و ملکه‌چیه‌کى ئه‌وتۆ مسۆگه‌ر بکات، که ئاوات و ئامانجه‌کانى بۆ بێننه دى، هه‌ر شه‌به‌نگ و تاپۆیه‌کى ئۆپۆزیسیۆن و یاخیبوون و راپه‌ڕینى لێ دوور بخه‌نه‌وه. جا بۆ لێکدانه‌وه و له بنج و بناوانکردنى ئه‌نگێزه و هۆکار و ڕایه‌ڵه نادیاره‌کانى هه‌ر هه‌ڵوێست و بڕیارێکى ده‌سه‌ڵات ده‌کرێت، په‌نا وه‌به‌ر ره‌هه‌ند و مه‌وداى سایکۆلۆژى ئه‌قڵى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ببرێ.. خۆ زۆر جاریش ده‌شێت گرینگ‌ترین خه‌سڵه‌ت و سیماى سایکۆلۆژى ده‌سه‌ڵات له که‌سایه‌تى یه‌ک که‌س دا به‌رجه‌سته ببێ، هه‌ڵبه‌ته نموونه‌ى ئه‌مه له مێژوو دا به زه‌قى و روونى له هه‌ڵس و که‌وت و ره‌فتار و کار و کرده‌وه‌ى گه‌لێک له‌و که‌سایه‌تیانه‌ى که گه‌ییونه‌ته ده‌سه‌ڵات ره‌نگى داوه‌ته‌وه و شه‌قڵى سایکۆلۆژى ئه‌قڵى خۆیان به ده‌سه‌ڵاتى قۆناغى خۆ به‌خشیوه، له‌وانه: مۆسۆلینى له ئیتالیا،هیتله‌ر له ئه‌ڵمانیا، ستالین له یه‌کێتیى سۆڤیه‌ت، فرانکۆ له ئه‌سپانیا و سالازار له پرتوگال و زۆرى دى له رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا و هه‌رچوار نکالى ئه‌م دنیایه.
«6»
دیاره ئه‌م دیارده‌یه هێشتاش له‌و وه‌ڵات و کۆمه‌ڵگانه دا، که په‌یوه‌ندى خێڵه‌کى تیایان دا زاڵه، بره‌و و باوى خۆى هه‌یه. چونکه خه‌ڵکانى ساده و ئه‌قڵیه‌ت ده‌شته‌کى ده‌سه‌ڵاتداران زۆر له‌وه زیاتر ده‌بینن، که هه‌ن، به تایبه‌تى، که که‌ناڵى راگه‌یاندنیش به ناوى بانگه‌شه‌وه و له ژێر په‌رده‌ى بانگه‌شه‌وه زیاد له پێویست ده‌یانرازێننه‌وه و مکیاجیان ده‌که‌ن و له ئه‌فسوون و خه‌رمانه‌ى وایان ده‌گرن، که وه‌کو ره‌مز و فریاڕه‌س بێنه به‌رچاو و بێ هیچ لێکدانه‌وه و دوودڵییه‌ک تێکڕاى کاروبارى وڵاتى بده‌نه ده‌ست و ببێ به هه‌مه‌کاره و هه‌موو دام و ده‌زگاکانى ده‌وڵه‌ت بخاته ژێر ڕکێفى خۆى و به‌ره به‌ره ره‌مزیه‌ت په‌یدا بکات، نه‌ک هه‌ر ببێ به ره‌مزى که‌سایه‌تى ده‌سه‌ڵات، به‌ڵکو ببێت به خود و جه‌وهه‌رى ده‌سه‌ڵات، هه‌موو تایبه‌تمه‌ندى و خه‌سڵه‌ته سایکۆلۆجیه‌کانى ده‌سه‌ڵات له‌م که‌سایه‌تییه دا کۆببێته‌وه و وێڕاى به‌شدارى رواڵه‌تى گه‌ل له دام و ده‌زگا ده‌ستوریه‌کان له حوکم دا، هه‌ر خۆى قه‌رارسازبێ و رابه‌رایه‌تى و رێنوێنى کۆمه‌ڵگه بکات و فه‌رمانى ئه‌و فه‌رمانى ده‌سه‌ڵات بێ و به هیچ هه‌نجه‌ت و بیانوویه‌ک له عاردى نه‌درێت.. دیاره له‌م حاڵه دا هه‌ڵوێستى ده‌سه‌ڵات له کاریگه‌ریه سایکۆلۆجیه‌کانى ئه‌م که‌سایهتییە به‌ده‌ر نابێت، به تایبه‌تى له مه‌یدانه هزرى و رامیاری و راگه‌یاندنه‌وانییە‌کان دا، بۆیه ئه‌و هه‌ڵوێست و بریارانه‌ى به ناوى ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌رده‌گیرێن و ده‌درێن له زاتیه‌ت و تاکڕه‌وى و خۆپه‌رستى به‌ده‌رنابن و ده‌شێ له‌به‌ر رۆشنایى باره ده‌روونییە‌کانى ده‌سه‌ڵاتدارا وردبکرێنه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته ده‌شێت سایکۆلۆجیه‌تى ده‌سه‌ڵاتێکى دیاریکراو له چه‌ند که‌سێک دا، میناکى: ئه‌نجومه‌نى سه‌رۆکایه‌تى، ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى، لیژنه و کۆمیته‌ى حیزب یان له دام و ده‌زگاى ده‌ستورى قانوونى کارگێڕی دا به‌رجه‌سته ببێت، که خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه پێکهێنه‌ره‌کانى سایکۆلۆجیه‌تى ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر تێکڕاى ئه‌م ده‌زگا ده‌ستوریانه دا دابه‌ش ده‌بێت و شه‌قڵى یه‌ک که‌س یان یه‌ک که‌سایه‌تى وه‌رناگرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سایەتییە خودى سه‌رۆکیش بێت. ئه‌مه زیاتر له‌و رژێم و ده‌سه‌ڵاتانه دا ده‌رده‌که‌وێ، که به‌ڕاستى له‌سه‌ر هێم و بناغه‌یه‌کى ده‌ستورى یاسایى واقیعى پراکتیکى هاتبێته دامه‌زراندن، له‌م حاڵه دا ده‌سه‌ڵات بۆ خۆى ده‌گۆڕێت و ده‌بێت به یاسا و ئیداره و که‌سایه‌تى ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستبه‌ردارى ده‌ورى مێژوویى خۆى له‌سه‌ر شانۆى رووداوه‌کان ده‌بێت. واته خودى ده‌سه‌ڵاتدار له پرۆسه ده‌ستوریه قانونییە ئیداریه‌که، وه‌کو سیسته‌م ره‌نگ ناداته‌وه. یانى لێره دا سایکۆلۆجیه‌تى ده‌سه‌ڵات، سایکۆلۆجیه‌تى ئه‌و که‌س و که‌سایه‌تى و تاکانه نییە، که له ده‌سه‌ڵاته‌که دا کارده‌که‌ن. چونکه ئه‌و که‌سه‌ى که فه‌رمان و ئه‌مرى ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێ ده‌کات، هه‌رکه به پراکتیکى داخڵى پرۆسه‌ى جێبه‌جێ کردن بوو، ئیدى بیروبۆچوونى خۆى فه‌رامۆش ده‌کات، قه‌ناعه‌ته شه‌خسیه‌کانى وه‌لاوه ده‌نێت و بارى ده‌روونى خۆى له‌بیر ده‌باته‌وه، وه‌ک بڵێى ده‌چێته پێست و قاڵبى که‌سایه‌تیه‌کى تره‌وه و تا له کاره‌که‌ى نه‌بێته‌وه ناگه‌ڕێته‌وه دۆخى ئاسایى خۆى. بۆیه زۆرجار دواى ئه‌وه‌ى کارێک ده‌کات، که لێى رازى نییە یان به هه‌ڵه و خه‌تایه‌که‌وه ده‌گلێ، به‌وه به‌رگرى له خۆى ده‌کات، که ئه‌وه‌ى کردوویه‌تى به ئه‌مرى ده‌سه‌ڵات و بۆ ده‌سه‌ڵاتى کردووه و ته‌نیا بابایه‌کى جێبه‌جێکار و مامور بووه. بۆیه هه‌ندێک له‌سه‌رانى ده‌سه‌ڵات ئه‌و خه‌ڵکه دوودڵ و ڕاڕایانه، ئه‌وانه‌ى گومان له گوێڕایه‌ڵى و دڵسۆزیان ده‌که‌ن، له خۆ نزیک ده‌که‌نه‌وه، ته‌ماحیان ده‌خه‌نه به‌ر، پۆست و پله و پایه‌ى گه‌وره‌ى به‌ڕه‌ونه‌قیان ده‌ده‌نێ، تا لێیانه‌وه نزیک بن و هه‌میشه له‌به‌ر چاو بن و پاشان له کارى ئه‌وتۆیانه‌وه بگلێنن، که ببن به به‌شێک له ده‌سه‌ڵات. وه‌ک ئه‌وه‌ى کارى نائاساییان بۆ ده‌سه‌ڵات پێبکه‌ن، کارى ناقانونیان دژ به خه‌ڵکانى ده‌رێى ده‌سه‌ڵات یان نارازى له ده‌سه‌ڵات پێبکه‌ن، یانى به‌جۆرێک تێوه‌یان بگلێنن، که نه‌توانن ده‌ستبه‌ردارى ده‌سه‌ڵات بن، نه‌توانن دواى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات داده‌دۆشن، وه‌کو به‌رزه‌کى بانان بۆى ده‌ربچن و هه‌رچى خراپه‌کارى نایاسایى و نا ئاسایى و خه‌تا و تاوان هه‌یه بیده‌نه پاڵ ده‌سه‌ڵات و بکه‌ونه هه‌ڵویستفرۆشى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى.. به‌ڵێ به جۆرێکیان به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، که هه‌رگیز نه‌توانن ده‌ستبه‌ردارى ببن، هیچ چارێکیان نه‌مێنێ ته‌نیا به‌رده‌وامبوون ده‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و ڕه‌وتى ده‌سه‌ڵات دا نه‌بێت، ته‌نیا گوێڕایه‌ڵى و ملکه‌چیان بۆ بمێنێته‌وه، چونکه ده‌بن به به‌شێک له ده‌سه‌ڵات و زه‌ره‌ر و قازانجى ده‌سه‌ڵات به هى خۆیان ده‌زانن.. بگره هه‌ندێجار ئه‌و تاکانه، هه‌رکه به‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات که‌وتن، ئیدى له خۆیان ده‌گۆڕێن و ده‌چنه پێستى که‌سایه‌تیه‌کى تازه‌وه و جلى ده‌سه‌ڵات ده‌پۆشن.. خۆ ئه‌گه‌ر به‌خۆشى نه‌یه‌وێ ئه‌و دۆخه‌گۆڕکێیه بکات، خه‌ڵکى بۆ ئه‌وه‌ى هانده‌ده‌ن و داواى لێده‌کرێ، که به گوێره‌ى پێویستیه‌کانى پۆست و پایه‌ى تازه ره‌فتار بکات و واى ده‌به‌نه مێشکه‌وه، که به هه‌قى خۆى و به تواناى خۆى گه‌ییوه‌ته ئه‌و ئاسته، هه‌رچه‌ند هاوار بکات لاله حه‌مه نییە، هه‌ر لاله حه‌مه‌یه و کاتێ به خۆى ده‌زانێ به جۆرێ ئاوێته‌ى ده‌سه‌ڵات بووه، که ناتوانێت به خه‌یاڵیش لێى جیا بێته‌وه. ئیدى هه‌موو خه‌مێکى ده‌بێت به‌وه‌ى، که سه‌رووى خۆى لێى ڕ‌ازى بێت و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رچى خه‌ڵک و خوا پێیان ناخۆش بێت ده‌یکات.
«7»
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک بگرى هه‌وڵى ئه‌وه ده‌دات وێنا و ته‌سه‌ور و بۆچوونه سیاسى و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى خۆى له قاڵب و چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌یه‌کى دیاریکراو دا بخاته ڕوو، به‌شێوازى تایبه‌تى خۆى کار بۆ وه‌دیهاتنیان بکات. کۆى ئه‌و ته‌سه‌ور و بۆچوونانه‌ش ده‌کاته ئایدۆلۆجیا، ئایدۆلۆجیاش یان به‌رهه‌مى ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه یان وه‌رگیراوه و له قاڵبى داموده‌زگا و ئۆرگانه ده‌وڵه‌تى و حکومه‌تیه‌کان دراوه و ده‌سه‌ڵات به گوێره‌ى نۆڕین و به‌رژه‌وه‌ندى و شرۆڤه و لێکدانه‌وه و بنجۆڕى خۆى یاسا و رێسا و فرمانى بۆ داده‌ڕێژێ و کار بۆ جێبه‌جێکردنى ده‌کات و ده‌یه‌وێ ئایدۆلۆجیاى خۆى به‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه دا بسه‌پێنێ، که حوکمى ده‌کات و وابنوێنێ، که ئه‌مه ئایدۆلۆجیاى زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکیه.. واته ده‌سه‌ڵات له رێگه‌ى داموده‌زگا و ئۆرگانه حکومه‌تى و ده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه ده‌یه‌وێ شه‌رعیه‌ت به‌و ئایدۆلۆجیایه بدات و مورید و ده‌روێشێکى ئه‌وه‌نده زۆرى بۆ په‌یدا بکات، وابێته به‌رچاو، که ئایدۆلۆجیاى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکه.. به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵات ده‌کاته نوێنه‌رى ڕاسه‌قینه و شه‌رعى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵک. به پێیه ئایدۆلۆجیا ده‌کاته رووه ئاشکراکه‌ى ده‌سه‌ڵات و هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌کانى ده‌سه‌ڵات نانوێنێ.. جا وه‌کو چۆن هه‌موو سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێک به ئایدۆلۆجیا ئاوس و بارگاویه، هه‌موو ئایدۆلۆجیایه‌کیش مه‌یل و نۆڕینێکى سیاسى هه‌یه و چاوى له‌وه‌یه له ئه‌نجام دا بگاته ده‌سه‌ڵات، هه‌ر هیچ نه‌بێت له پێناوى جێبه‌جێکردن و پراکتیزه کردنى مه‌یل و نۆڕین و بۆچوونه سیاسیه‌کانى خۆی دا.. دیاره هه‌ر ئایدۆلۆجیایه‌ک بڵێ چاوى له ده‌سه‌ڵات نییه و هه‌وڵ بۆ ده‌سه‌ڵات نادات، ئه‌مه جۆره چاووڕاو و خۆشاردنه‌وه‌یه‌که بۆ غافڵگیرکردنى هه‌ڤڕکه‌کانى خۆى، چونکه هیچ ئایدۆلۆجیایه‌ک نییە خه‌ڵکى له پێناوى هیچ دا به‌سیج بکات و سازبدات یان جێگه‌ى بنکه‌یه‌کى رۆشنبیریى رووت بگرێته‌وه و کار بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ى رشنبیریى و مه‌عریفه‌ت بکات. چونکه ئایدلۆجیا له کرۆک و جه‌وهه‌ر دا هزرێکى پراکتیکى به‌سیجکارییه(تعبئوى)، خه‌ڵکانێک ئاماده و سازده‌کات بۆ پاراستنى ئه‌و واقیعه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى که هه‌یه یان گۆڕینى بۆ باشتر..
دیاره ده‌سه‌ڵات به زه‌برى ئه‌م رووه دیاره، واته به زه‌برى ئه‌م ئایدۆلۆژیایه پاکانه بۆ موماره‌سه سیاسى و ئابورى و رۆشنبیریى و ته‌ناهییه‌کانى خۆى ده‌کات و به‌گوێره‌ى توانا له نێو خه‌ڵکی دا ڕیشاژۆى (ئایدۆلۆژیا) ده‌کات و ده‌یکات به چه‌کێک بۆ به‌رگرى له قه‌واره و مان و به‌رده‌وامبوونى خۆى له ده‌سه‌ڵات دا.. هه‌ڵبه‌ته ده‌سه‌ڵات ئه‌م ئایدۆلۆژیایه ده‌کات به‌ره‌مز و سومبلێکى خۆى وه‌کو ده‌سه‌ڵاتێکى خودان ئایدۆلۆژیا، خودان هزروبیر، خۆى پێوه باده‌دات.. شه‌رعیه‌ى خۆى پێ ریشاژۆده‌کات، تا خه‌ڵکى زیاتر له ده‌ورى ئه‌م ئایدۆلۆژیایه خڕببنه‌وه، گێچى شه‌رعیه‌تى ده‌سه‌ڵات به‌رزتر و زیاتر ده‌بێت. شه‌رعیه‌ت په‌یداکردن یه‌کێکه له که‌ڵکه‌ڵه‌و خه‌مه سه‌ره‌کییه‌کانى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک.چونکه هه‌رده‌سه‌ڵاتێک به نیازى به‌رده‌وامبوون بێت، خۆبه‌خۆ هه‌ست به‌وه ده‌کات، ناتوانێت به بێ بناغه‌یه‌کى بته‌و به‌رده‌وام بێت و یه‌کێک له مه‌رجه‌کانى به‌رده‌وامى ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه، که ته‌نیا پشت به‌هێز و زه‌بر و زه‌نگ و خۆسه‌پاندن نه‌به‌ستێت، به‌ڵکو کارێک بکات، که خه‌ڵک و قه‌واره سیاسیه‌کان خۆبه‌خۆ قه‌بوڵى بکه‌ن. بیسه‌لمێنێ که داموده‌زگایه‌که شه‌رعیه‌ت و ڕه‌وایى خۆى له ڕه‌زامه‌ندى خه‌ڵکیه‌وه وه‌رگرتووه.
به‌ڵام ده‌سه‌ڵات زۆربه‌ى کات ئایدۆلۆژیا وه‌کو په‌رده‌یه‌ک به‌کاردێنێ، بیه‌وێ هه‌رشتێک ده‌ربکه‌وێ په‌رده‌که‌ى له‌سه‌ر لاده‌دات و به پێچه‌وانه‌وه نه‌یه‌وێ شتێک ده‌ربکه‌وێ په‌رده‌پۆشى ده‌کات و ئیدى لێره‌وه نه‌ک هه‌ر دووڕوویى و دووفاقى، بگره هه‌زار ڕوویى ده‌سه‌ڵات ده‌ست پێده‌کات و خه‌ڵکانێکى هوشیارى ده‌وێ، که حه‌قیقه‌ته په‌نهان و نادیاره‌کانى ده‌سه‌ڵات، یانى بارى سایکۆلۆژى ده‌سه‌ڵات بخوێننه‌وه، چونکه بمانه‌وێ و نه‌ماه‌وێ هه‌ردوو بارى ئایدۆلۆژى و سایکۆلۆژى هه‌رده‌سه‌ڵاتێک له کارلێکى به‌رده‌وامدان، ئیدى چ کارلێکى ئه‌رێنى بێ یان نه‌رێنى.. هه‌رکاتێ ئایدۆلۆژیا، واته ڕووه ئاشکراکه‌ى ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڵ سایکۆلۆژیا، واته ڕووه په‌نهانه‌که‌ى ده‌سه‌ڵات، که له بنه‌ڕه‌ت دا بریتییه له هه‌وڵى ده‌سه‌ڵات بۆ خۆسه‌پاندن و ده‌سه‌ڵاتڕانى و سه‌قامگیرى و به‌رده‌وامى له ده‌سه‌ڵات و ره‌فزکردنى هه‌ر به‌رهه‌ڵستکارییه‌ک له هه‌نبه‌ر هه‌ڵوێست و کار و بڕیاره‌کانى خۆی دا، با ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارییه هه‌مان ئایدۆلۆژیاى ده‌سه‌ڵاتیشى هه‌ڵگرتبێ، تێک نه‌کاته‌وه، ئیدى جۆره سه‌نگه‌لاییه‌ک ده‌که‌وێته نێوان سایکۆلۆژیا و ئایدۆلۆژیاى ده‌سه‌ڵاته‌وه، ده‌که‌وێته نێوان لۆژیکى ده‌سه‌ڵات، وه‌کو ده‌سه‌ڵات و لۆژیکى ئایدۆلۆژیا، وه‌کو ئایدۆلۆژیا و ده‌سه‌ڵات تووشى ئینفیسام ده‌بێت، له ڕووى فه‌رمییه‌وه ده‌گه‌ڵ ئایدۆلۆیادایه، له ڕووى سایکۆلۆژی و ده‌روونییە‌وه به‌شه‌رمه‌وه و ژێراوژێر دژى ئایدۆلۆژیا ده‌وه‌ستێ، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر بزانێ ئه‌م دژایەتییە له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدایه و خزمه‌تى مه‌رامه‌کانى ده‌کا و ئامانجه‌کانى دێنێته دى. بۆیه ده‌سه‌ڵات له‌و حاڵه‌تانه دا، که ئایدۆلۆژیا فریاى ناکه‌وێ و ئاوات و ئامانجه‌کانى نایه‌نێته دى، په‌نا وه‌به‌ر هه‌ڵوێست و بڕیار و ئیجرائاتى سیاسى یان ئابورى یان ته‌ناهى یان سوپایى ئه‌وتۆ ده‌بات، که نه‌ک ده‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیا دا تێک ناکاته‌وه، به‌ڵکو هه‌ندێجار دژیشى ده‌وه‌ستێ. بۆیه ده‌سه‌ڵات هه‌ندێجار هه‌مان ئایدۆلۆژیا بۆ خزمه‌تى ئاوات و ئامانجه سایکۆلۆژیه‌کانى خۆى به‌کاردێنێ و به‌جۆرێ ڕاڤه و شرۆڤه‌ى ده‌کات و له مه‌یدانى پراکتیکی دا به‌کارى دێنێ، که پێداویستى و مه‌یل و ئاره‌زووه سایکۆلۆییه‌کانى بێنێته دى و تێر و پاراوى بکات.
«8»
ره‌نگه ئه‌گه‌ر بڵێین چ شتێک له ده‌رێى مێژوو دا نییە نه‌بێت به زێده‌رۆیى، به‌ڵکو ئاماژه‌ش بێت بۆ رۆڵى هه‌ره مه‌زنى مێژوو له پێکهاته‌ى کۆمه‌ڵگه دا. مێژووش ته‌نیا رابردوو نییە، به‌ڵکو ئیستا و داهاتووشه، ئه‌و زه‌مه‌نانه به جۆرێ ئاوێته‌ى یه‌کدى ده‌بن و ده‌که‌ونه حاڵى کارلێک و ته‌ماسه‌وه، ئه‌گه‌ر هاوێرکرنیان مه‌حاڵ نه‌بێت، ئه‌وا گه‌له‌ک ئه‌سته‌مه. چونکه مێژوو پرۆسه‌یه‌کى به‌رده‌وامه و له گه‌شه‌کردن و گۆڕ‌انى به‌رده‌وامدایه و زندوویه‌تى خۆى له رووداو و دیارده زندووه‌کانى شوێنکاته‌وه وه‌رده‌گرێت و تاریخیه‌تیان پێده‌به‌خشێت. هه‌ڵبه‌ته مرۆڤ قاره‌مانى سه‌ره‌کى و کاریگه‌رى ناو داستانى چڕ و چوغوردى مێژووه. ئه‌م قاره‌مانه‌ش به ته‌بیعەت و سر‌وشتى خۆى بوونه‌وه‌رێکى گۆڕانپه‌زێر و گۆڕانخوازه. چونکه خودان هزر و بیره، هه‌میشه عه‌وداڵى زانین و مه‌عریفه‌ته و که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کى هه‌میشه‌یى که‌شفکارى و داهێنانى هه‌یه و سه‌وداسه‌رى ئه‌وه‌یه، هه‌موو شتێ، گشت دیارده و رووداوێک له بنج و بنا‌وان بکات و تاقیبکاته‌وه.. واته به جۆرێک ئاوێته‌ى پرۆسه‌ى گۆران و گۆڕانکارى ده‌بێت، که به‌خۆیشى ده‌بێت به به‌شێک له‌و پرۆسه‌یه و به ئاسانى هیچ قاڵب و سیسته‌م و ئایدۆلۆژیایه‌ک، جگه له گۆڕان قه‌بووڵ ناکات. واته مرۆڤ به ته‌بیعه‌ت بوونه‌وه‌رێکى قاڵبپه‌زێر نییە و به‌شێکه له واقیعى گۆڕان و له‌سه‌رووى پرۆسه‌ى گۆڕانه‌وه نابێت. که‌چى زۆرجار ده‌سه‌ڵات به‌مه‌به‌ستى کۆنترۆڵکردنى کۆمه‌ڵگه به قازانجى خۆى، ده‌یه‌وێ به تۆبزى له هه‌ردوو بارى تێورى و پراکتکییه‌وه کۆمه‌ڵگه له قاڵبى ئایدۆلۆژیایه‌کى نه‌گۆڕ و جێگیر و دیاریکراو بدات و هه‌موو کایه هزرى و سیاسى و ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تى و که‌لتورییه‌کانى به‌و سه‌مته دا ئاراسته بکات و وابنوێنێ هه‌موو رێگا که‌لتوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و ئابوریه‌کانى کۆمه‌ڵگه ده‌چنه‌وه سه‌ر هه‌مان ئایدۆلۆژیا و له‌وێنده‌ره‌وه درێژه به ره‌وتى ئاسایى خۆ ده‌ده‌ن. جا له‌م حاڵه‌ته دا واقیعى کۆمه‌ڵایه‌تى، که به گۆڕان ئاوسه و له زاوزێى به‌رده‌وامدایه، له خۆتازه‌کردنه‌وه و کاژفڕێداندایه، له رێگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى چه‌مک و وێنا و دۆز و پره‌نسیپانى تازه‌وه خۆى وه‌کو واقیعێکى کۆمه‌ڵایه‌تى تازه به‌رهه‌مدێنێته‌وه، سنوورى ئه‌م لۆژیکه ئایدۆلۆژییه سیسته‌ماتیکه نه‌گۆڕ و جێگیره ده‌به‌زێنێ و قاڵبشکێنى و ئۆپۆزیسیۆنکارى ده‌ست پێده‌کات.. ده‌سه‌ڵات له‌م بارودۆخه دا هیچ جۆره گله‌یى و گازانده و ره‌خنه‌یه‌کى بابه‌تى و زانستیش قه‌بووڵ ناکات و ده‌که‌وێته پینه و په‌ڕۆى هه‌ڵه و په‌ڵه‌کانى خۆى، پرۆژه کاڵوکرچ و نیوه‌چڵ و هه‌ندێجار وه‌همیه‌کانى خوى به رووى خه‌ڵکی دا ده‌داته‌وه و له قه‌واره‌ى خۆیان گه‌وره‌تریان نیشان ده‌دات و به ورده ده‌سکه‌وتانى په‌راگه‌نده، داواى ده‌سکه‌وتى ستراتیژى و گه‌وره له بیر خەڵکى ده‌باته‌وه، وایان قه‌رزاربار ده‌کات، ده‌بێ منه‌تبار و شوکرانه‌بژێریشى بن. هه‌ڵبه‌ته هه‌ر به‌وه‌نده‌وه ناوه‌ستێ و به‌گوێره‌ى راده‌ى بارگرژییه‌که راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ ده‌که‌وێته چاوسوورکردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و سه‌رکوتکردن و دوورخستنه‌وه و ته‌نانه‌ت پاکتاوکردنى جه‌سته‌یى موخالیفان و نه‌یارانى رژیمه‌که‌ى.
دیاره که ئایدۆلۆژییا نه‌یتوانى به‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى گۆڕان بکه‌وێ و کرا به شتێکى پیرۆزى ئاین ئاسا و خرایه سه‌رووى ره‌خنه‌وه و ویسترا واقیع و کۆمه‌ڵگه که له حاڵى گۆڕ‌انى هه‌میشه‌ییدایه، له قاڵبى ئه‌و بدرێ، نه‌ک ئه‌و به‌گه‌ڵ کاروانى گۆڕان بخرێ، که هه‌وێن و ماکى ژیانه، زه‌ره‌دێکى گه‌له‌ک فره له ئیمکاناته فلیڤانییە‌کانى ئینسان ده‌دات و ره‌وتى گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنى واقیع و کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و باشتر له گرێژە‌نه ده‌بات و ده‌بێت به سه‌رچاوه‌ى هه‌موو سته‌م و زوڵم و زۆر و دکتاتۆریه‌تێک و ئیدى ده‌که‌وێته پاشه‌کشه و هه‌ره‌س دێنێ. هه‌ڵبه‌ته هه‌ندێجار خودى ده‌سه‌ڵات ده‌بێته هۆى پاشه‌کشه و هه‌ره‌سى ئایدۆلۆژیا، دێت له‌به‌ر هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆى، ئیدى چ به‌رژە‌وه‌ندى سیاسى بێ یان ئابورى یان بانگه‌شه‌یى و پرۆپاگه‌نده‌یى، به‌شێوه‌یه‌کى زۆر کاڵوکرچ و نابابه‌تى ئه‌و ئایدۆلۆژیایه له مه‌یدانى پراکتیکی دا پیاده ده‌کات و دووچارى شکست و ناکامى ده‌بێت، ئیدى ئایدۆلۆژیاکه چه‌ند له رووى تێورى و نێوه‌رۆکه‌وه و وه‌کو فیکر در‌وستیش بێت، له‌به‌رچاوى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵک ده‌که‌وێت، چونکه خه‌ڵکى ئه‌وه‌نده‌ى لایه‌نى عه‌مه‌لى ئایدۆلۆژیا یان فیکرێک ده‌بینن و لا گرینگه، در‌وستى لایه‌نه تیوریه‌که‌ى ئه‌و فیکره یان ئایدۆلۆژیایه‌یان لاگرینگ نییە، هه‌موو ناکامى یا سه‌رکه‌وتنێکى عه‌مه‌لى ئایدۆلۆژیاکه‌ش ده‌گێڕنه‌وه بۆ لایه‌نه تیوریه‌که‌ى.
واته ئایدۆلۆژیا له ناو واقیعدا چه‌ند خۆشده‌ست بێ و واقیعیانه‌تر به ده‌نگ پێداویستیه‌کانى ژیانیانه‌وه بێت، ئه‌وه‌نده په‌سندتره، دیاره پێچه‌وانه‌ش پێچه‌وانه‌یه. هه‌ر فیکر و ئایدۆلۆژیایه‌ک لایه‌نى تێورى و پراکتیکى خۆى هه‌یه. پێویسته ئه‌م دوو لایه‌نه له کارلێکى ته‌واو دا بن. فیکر له میانه‌ى پراکتیکه‌وه بوونى خۆى ده‌سه‌لمێنێ، پراکتیک به پشتیوانى فیکره‌وه در‌وستى خۆى ده‌سه‌لمێنێ. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه له یه‌کدى دابڕان، ئه‌وا ئایدۆلۆژیا ده‌بێ به فیکرێکى ئایدیالى خالیسه‌ى دوور له واقیع و رووداوه‌کانى ناو واقیع و ده‌بێت به کاوێژکردنه‌وه و وشکه‌جایه‌کى بێهووده و پراکتیکش سه‌رچاوه‌ى هێزى خۆى له ده‌ست ده‌دات و ده‌بێت به ئامێرێکى رووت. که‌واته ئایدۆلۆژیا؛ وه‌کو دیارده‌یه‌کى هزرى، وه‌کو جۆرێک له هزرینى کۆمه‌ڵایه‌تى له ناو بونیادى کۆمه‌ڵگه دا کار ده‌کات و له هه‌لومه‌رجى کۆمه‌ڵایه‌تى و قۆناغ و سه‌رده‌مى مێژوویى نایه‌ته دابڕان و له سه‌رووى گۆڕان و پرۆسه‌ى گۆڕانه‌وه نییه، به‌مانا ته‌جریبیه‌که‌ى زانیستیش زانست نییە، به دڵنیاییشه‌وه بنکه‌یه‌کى ئه‌بستمۆلۆجى رووتیش نییە کار بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ى رۆشنبیرى و مه‌عریفه‌ت بکات، به‌ڵکو له کرۆک و جه‌وهه‌ر دا هزرێکى پراکتیکى به‌سیجکارییه، خه‌ڵکانێک ئاماده و ساز ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ى به ئاراسته‌یه‌کى دیاریکراو دا واقیعێکى کۆمه‌ڵایه‌تى بپارێزن یا بگۆڕن.. بۆیه ئایدۆلۆژیاش وه‌کو هه‌ر تیورییه‌کى مرۆڤانى سیاسى، ئابورى یان کۆمه‌ڵایه‌تى به گۆڕان و گۆڕانکارى ئاوس و بارگاویه و ژیان و مانى به‌نده به‌وه‌وه، چه‌ند ده‌توانێ به گوێره‌ى قۆناغ و ده‌سکه‌وت و که‌شفکارییه زانستى و مه‌عنه‌وى و واقیعى و پێداویستییه مرۆڤانییە‌کانى کۆمه‌ڵگه خۆى تازه‌بکاته‌وه. چونکه ئایدۆلۆژیا خۆى له خۆیدا چالاکى و چه‌له‌نگى مرۆڤ، کۆمه‌ڵ، کۆمه‌ڵه، گه‌ل، نه‌ته‌وه و ژیار و شارستانییە‌ت به‌رجه‌سته ده‌کات و هه‌موو ئه‌مانه‌ش له حاڵى گۆڕ‌انى هه‌میشه‌ییدان، بۆیه ئایدۆلۆژیاش ده‌بێ بگۆرێت. هه‌ڵبه‌ته تیره‌ى به‌شه‌ریش هه‌رگیز له ئاستێکى نه‌زۆکى فیکرى وه‌ها دا نییه، که ناچاربێ به حه‌پسى ئایدۆلۆژى قاییل بێ، به‌ڵکو ئه‌قڵێکى سر‌وشتى و شارستانى ئه‌وتۆى هه‌یه، که بتوانێ سنوور و بازنه‌ى ئایدۆلۆژى ببه‌زێنێ و به‌و ئاراسته‌یه دا بروات، که به‌تواوه‌تى خۆى بناسێت و له خۆى بگات. بۆیه پابه‌ندى به حه‌رفیه‌تى ئایدۆلۆژیاوه خۆى له خۆیدا به‌دۆگماکردنییە‌تى، دابڕاندنییە‌تى له واقیعى ئاوس و بارگاوى به گۆڕان و ره‌نگه هه‌ندێجار ببێته مایه‌ى دارووخان و هه‌ره‌سهێنانى ته‌واوه‌تى ئه‌و ئایدۆلۆژیایه. بۆیه هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک بیه‌وێ له پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدا و به تۆیزى له هه‌ردوو بارى تیورى و پراکتیکیه‌وه کۆمه‌ڵگه له قاڵبى ئایدۆلۆژیایه‌کى نه‌گۆڕ بدات، ئه‌وا ئاو له دنگا ده‌کوتێ و بیه‌وێ و نه‌یه‌وێ جاڕى مه‌رگى خۆى ده‌دات.
بۆ زانیارى زیاتر بڕوانه:
*-جوستاف لوبون/سیکولوجیه الجماهیر/ت:هاشم سالح/بیروت 1991.
*-بارزان/ژ:161/25/4/2010،حه‌مه که‌ریم عارف.
*-الایدولوجیه/محمد سبیلا/المرکز الثقافى العربی- بیروت/1992
*-گریز از ازادى/اریک فروم/ت:عزت الله فولاد وند/چاپ ششم 1370/انتشارات مروارید.
*-سیکولوجیه السلطه/ط1/1999 سالم القمودی.