سمکۆ محەمەد
بە ئینگلیزی Stayle و شێواز بە کوردی و أسلوب بە عەرەبی، بابەتێکە بۆ ھەموو ژانرە ئەدەبی و ھونەرییەکان بەکاردێت، ئەم تێرمە بۆ ئەدەب لەلایەن فێردینان دی سۆسێر Ferdinand de Saussure و شارلس بالی Charles Bally و داھێنراوە و تیۆریزە کراوە، دواتر بۆفۆنیش Georges-Louis de Buffon (١٧٠٧_١٧٨٨) لەپێناسەیەکی کورتدا دەقی وەکو مرۆڤ تەماشا کردوو و دەڵێ (شێواز بریتیە لەخودی مرۆڤ).واتە وەکو چۆن ئینسان بریتییە لەیەک پێکھاتە و موفرەدەی دەموچاو، بەڵام لەھەمان کاتدا بریتییە لەکۆمەڵێک فەیسی جیاواز کە ھیچ کامیان لەوی تر ناچێ، مەگەر بەسوتفە چەند فەیسێک لەیەکتر بچن، یان بەحوکمی کەش و ھەواو و جوگرافیا مرۆڤەکان سیمایان لەیەکتر بچێت، وەکو ئەوەی لەئاسیا و ئافریقیا بەزۆری فەیسەکان لەیەکتر دەچن، ئەم بابەتە بۆ ئەدەب و نووسینی ژانرە ئەدەبیەکان مانایەکی دیکەی ھەیە، ئەویش بریتیە لەھونەری نووسین.
شێواز یان ستایل، تێرمێکە کۆمەڵێک ئاراستەی جیاوازی ھەیە لەنووسیندا کە ھەریەکەیان مۆدێکی تایبەتە و لەھەمووشیان گرینگتر لێکۆڵینەوەی زمانەوانییە، جگە لەسەردەمی کلاسیک کە یان عەروز یان کێش و سەروا بۆ شیعر، ریالیزم و ریالیزمی ئەفسوناوی و ھتد بۆ رۆمان و چیرۆک بوو، شیعری لیریکی و گۆرانی و ئیپیکی واتە وشە و داستانی و درامی و فێرکاری، ھەریەک لەمانە ستایلێکی جیاوازی ژانرە ئەدەبیەکان بوون و ھەر نووسەرێک و ھونەرمەندێکیش بەستایلی خۆی ناسراوە.
کلاسیک سەردەمێک بوو پارێزگاری لەجیاکردنەوە ئەدەبیەکان دەکرد، بەڵام تێرمەکە لەرووی تیۆرییەوە بەرھەم و دەرھاویشتەی مۆدێرنەیە، یەکێک لەوانە پەیوەندی زمانە بە ئەدەبەوە، زمانناسیش لەچوارچێوەی سیستمی گوتار و دابەشکاری سەر پرنسیپەکانی شوناسی ژانرەکانی ئەدەب، ئاستە جیاوازەکان دیاری دەکات، دووھەم خەیاڵ و بیرکردنەوە و بەرھەمھێنانی مانایە، سێھەم دەربڕین و بەکارھێنانی فۆڕمە، لەھەمووشی گرینگتر ئامانجی دەقی ئەدەبییە.
شێواز مەودایەکی نوێی تێگەیشتنە لەئەدەب، یان درێژەپێدەری رەوانبێژی سەردەمی کلاسیکە، «ھەموو ئەو شیکاریانەی بۆ گوتاری ئەدەبی دەکرێت، لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای زمانەوانی دەستپێدەکات، رەنگە پلەبەندی ھەبێت بۆ ژانرە ئەدەبیەکان، بەڵام ھەموو لێکۆڵینەوەکان بۆ شیکردنەوەی زمانی دەقە»(١).
کەواتە شێوازی ئەدەبی فۆرمی ھەموو نووسینێکی تایبەتی تاکەکەسە و وەکو ویستی خۆی دایڕشتووە، بەو مانایەی کە نووسینەوەی تێڕوان و قسەکردنە.ھەر ئەمەشە کە بەھۆی بەکارھێنانی زمانەوە، تایبەتمەندی درووست دەبێت و دەقێک لەگەڵ دەقێکی تر جودا دەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە دەقێک بەزمانێکی لۆکاڵی نووسرابێت، مانای وایە شێواز یان ستایلی دەقەکە جیاوازە، چونکە دەق بەھەر زمانێک بنووسرێت دەبێ زمان یان شێوەزارێکی یەکگرتووی ئەو نەتەوەیە بێت کە ئاخافتنی پێدەکات و ھەموو خوێنەرێکی خاوەن ئەو زمانە، بتوانێ بیخوێنێتەوە، لەم میتۆدەشەوە کە بۆ شێوازگەرایی دەکرێت و گرینگی بەزمان دەدات، دەتوانین بگەینە خوێندنەوەیەکی بونیادگەراییانە بۆ زمانی دەق، بەو سیفەتەی کە فینۆمینۆلۆژیایەکی تایبەتە.ھیچ شاعیرێک کە خاوەنی شوناسێکی دیاریکراو بێت، رێگەپێدراو نییە شیعرێک دەربارەی ھەمان بابەتی شاعیرێکی دیکە بنووسێت، ئەمە مانای تایبەتمەندییە و ستایلەکە دیاریدەکات، ئەگەر گریمان بەھەمان ستایل نووسراوە، کەواتە دەچێتە خانەی لاسایی یان کاریگەری ئەویترەوە.
بەڵام ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ دەق لەچوارچێوەی سنووری بنچینەی زمانەکەیە بەپلەی یەکەم، چونکە ھەندێکجار شاعیر یان نووسەری ھەر ژانرێکی ئەدەبی، دەتوانێ بەگەمەکردن لەنێو زمانی بەکارھاتوودا، فەزا و بیرۆکەی دەقێکی تر وەربگرێت و بیشارێتەوە و نەناسرێتەوە، وەکو ئەوەی تیۆری بەراوردکاری ئەدەبی ئاشکرای دەکات و تائێستا زۆر دەقیش ئاشکرا کراوە کە لەدەقێکی تر وەرگیراوە و ناوی نراوە ستایل.
تیۆری شێوازگەرایی، دەق دابەشی سەر سێ ئاراستە دەکات، ئاراستەی یەکەمیان زمانە کە وێڵە بەدوای گۆڕینی زمانەوە، واتە لەژێر عینوانی دەوڵەمەندکردنی زمان، موفرەدەی دیکە بەکاردێت و ھەمان مانای ھەیە، یان زیندووکردنەوەی موفردەی کۆن.
ئاراستەی دووھەمیان پراکتیکی و بەردەوامبوونە کە گرینگی بەدامەزراندنی گوتاری رەگەزکان دەدات، واتە نووسەر و وەرگر و سیاقی مێژوویی دەق، مەبەست لەو سێ مەرجە، دانەر و بیرۆکەکەی و وەرگر و ئیلتزامەکەی و ھەلومەرجی مێژوویی دەقەکەیە.
ئاراستەی سێھەم گرینگیدانە بەئیستاتیکا کە کاریگەری لەسەر تێگەیشتن و تێڕوانینی خوێنەر ھەیە بۆ دەقەکە یان بۆ تابلۆ یان بۆ کاری ھونەری شانۆیی.
بەئامادەبوونی ھەر سێ ئاراستە و مەرجەکە لەدەقدا، خوێنەری جددی و شارەزا لەستایل، تێدەگات کە ئەو دەقە ستایلی تایبەتی خۆی ھەیە یان نا، کەوابوو دەقی ئەدەبی لەشێوازەکەیدا ئیمزای دەقنووسەکە قەبوڵ دەکات، ئەگەرنا کەسێک خاوەنی شێوازی تایبەت بەخۆی نەبێت، ناتوانێ ئیمزا لەسەر دەقێک بکات کە زمان و خەیاڵ و فۆرمە ئیستاتیکیەکەی باوە و موڵکی خۆی نییە و وەرگیراوە لەدەقێکی تر، بەتایبەتی ئەو دەقانەی کە رۆمانسیەتیان تێنەپەڕاندووە و سادەن و ھیچ قوڵاییەکی فکریان تێدانیە، وەکو ئەو شەپۆلە بەناو شیعری و رۆمانەی ئێستا ھەیە تەواوی فەزای ئەدەبی داگیرکردووە.
(شارل بالی) (١٨٦٥_١٩٤٧). تیۆریستینێکی زمانەوانی سویسرییە و بەدامەزرێنەری شێوازناسی چەرخی نوێ ھەژمار دەکرێ، ئەو پێیوایە ئەرکی شێواز کە دەرھاویشتەی سیستمی مۆدێرنەیە، خراپ کەڵک لەگۆڕانی فۆرمی دەق وەرگیراوە، مۆدێرنە وەھمێکی نوێگەری لەھەموو کایەکاندا درووست کرد کە پێچەوانەکەی راست بوو، کەواتە نابێ بەسەرھەڵدانی مۆدێرنە و دابڕانی لەستایلی کلاسیکی، ھێڵی راست و چەپ بەسەر رابردوودا بدات و کلاسیکیزم بە مۆدێرنە بگۆڕێتەوە، بۆیە شێوازی بەسەر چەند یەکەیەکدا دابەش کردووە.
یەکێک لەوانە دەربڕینی زمانەوانی و بیرکردنەوە بوو، بەوپێیەی کە زمانی رابردوو زمانی چەرخەکەی خۆی بووە، زمانی ھاوچەرخ و مۆدێرنیش کە گەشەی کردووە، زمانی گەشەسەندنی فینۆمینۆلۆژیایە، بۆ نموونە دەقی ئەدەبی کلاسیکی بایەخی بە رێسای پەیوەندیەکانی نێوان سەرد و گوتار و زمان دەدا، بەڵام دەقی ھاوچەرخ ئەو پەیوەندیەی پچڕاندووە و تەنھا گرینگی بەتەکنیکی وێنەکێشان داوە، بۆیە کەمترین گوتاری ئەدەبی زمانەوانی و ئامانجی دەق یان تابلۆ یان شانۆ، لەئەدەبی نوێدا دەبینرێت، ئەمەش یەکێکی ترە لەکێشەکانی ئەدەب و ھونەر.
ت.س.ئیلیوت بەستایلی خۆی لەشیعردا، ئاماژە و تێکەڵکێشی رەواندەوە، بۆ ئەوەی لەناو ئەرکەکانیدا پەیوەندی نێوان ئەدەب بەگشتی و شیعری ھاوچەرخ و کۆن بەتایبەتی، توندتر بکات و پابەندبوونیش دووپات بکاتەوە، کەچی ئەوانەی کە لاساییان کردووە، یان کاریگەری ئیلیۆتیان بەسەرەوە بوو، ئەو پەیوەندییەیان بڕی و کەمترین بایەخیان بۆ ئەو پابەندبوونە ھێشتەوە کە یەکێکە لەئەرکە سەرەکیەکانی ئەدەب.
عەرەبەکان بەھۆی کۆڵۆنیالیزە کردنیان لەلایەن فەرانسە و ئینگلیزەوە، بەتێگەیشتنێکی عەرەبیانەوە کاریان لەسەر مۆدێرنە و کاریگەرییەکانی کرد.تاکە شتێک کەڵکیان لێوەرنەگرت، چەمکی رەخنە بوو، چونکە نەیانتوانی لەو تەنگەنەفەسیەی گوتاری ئاینی رزگاربن کە رەخنەی وەکو یاساغ و کوفر تەماشا کردووە، بۆیە رەخنە لەدونیای ئەدەب و نووسینی عەرەبیدا نەبوو بەتیۆر.»لەدونیای ئەدەبی عەرەبیدا و لەکۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، تیمێک لەرەخنەگران کە بۆ بەرگریکردن لە میتۆدی رەخنەیی، بۆ ناوھێنانی رەخنەی ھاوچەرخ ھاتنە مەیدان، بۆ ئەوەی ئەدەب و رەخنەی ئەدەبی ئەرکێکی دیکە دەربخات و مانای شاراوەی دەقی ئەدەبی ئاشکرا بکات، لەسەرووی ھەموویانەوە ئەدۆنیس و سەلیم بەرەکات و فازڵ عەزاوی و جەلیل قەیسی و یوسف سایغ و ھتد بوون»(٢). ئەوان گرینگیان بە دەربڕینی زمانی دەق دەدا و باسیان لەسیستمی زمانەوانی دەق دەکرد، لەدونیای رۆژئاواییشدا جاکۆبسن تێبینی لەسەر زمانی شیعردا ھەبوو کە ریتم و مۆزیک بەشێکی بنەماکانیەتی، «بۆیە ئەو پارچانەی دووبارە دەکرێنەوە کە پێشتر ھەبوون، باسی ئسلوبیەت دەھاتەوە گۆڕێ، چونکە ئاڵوگۆڕی خودی لە شیکاری بابەتی ئەدەبی، بەشێواز دادەنرێت».(٣) بەڵام دەرکەوت ئەو کاریگەرییەی کە نەوەی کۆن ھەیەتی لەسەر نەوەی نوێ، ھەم سزایەکی ئەدەبیە کە مەست بوون بە ئەدیبی نوێ کە سنوور نەبەزێنن و لەو چوارچێوەیەدا بمێننەوە و ھەر لەپەراوێزی ئەوان شیعر و چیرۆک و رۆمان بنووس و نەبن بەناو، ھەم ریکلامچی نەوەی کلاسیک یان بەر لەخۆیان بن.
بەردەوامبوونی ئەم دیاردە ئەدەبیە، فەزایەکی وەھای خوڵقاند کە دۆخەکەی لەململانێی ئەدەبەوە گواستەوە بۆ ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەم دیاردەیە بەتایبەتی لەرۆژھەڵات دەبینرێت، وەختێک ئەدیبە عەرەبەکان بەوەھمی مۆدێرنەوە لاسایی مۆدێرنیستەکانی رۆژئاوایان کردووە، نموونەش مەحمود دەرویش و محمەمەد ماغوت و ئەدۆنیس و ھتد.دواتر ئیدوارد سەعید لەکتێبی رۆژھەڵاتناسی رەخنەی لەو ستایلە گرت، ئیدی ململانێکە نەیتوانی سنوور ببڕێت بۆ ئەوروپا و رووبەڕووی ئەدیبە رۆژئاواییەکان ببنەوە، بۆیە بوو بەململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سنووری نەبڕی، بەتایبەتی دوای ئەوەی تێگەیشتن کە مۆدێرنە ستایلێکی دیکەی کۆڵۆنیالیزمی ئەدەبی و کولتووریە، بەڵام کۆڵۆنیالیزمی زمان، ئەم حاڵەتەی لەسەردەمی داگیرکاری ئیمبراتۆریەتی رۆمانییەوە بۆ سەر ئەسینا، بۆتە باو، وەختێک کە ئەسینا دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئیدی ھەرچی فەلسەفە و رۆشنبیری یاسایی ھەیە بوو بەموڵکی شیشرۆن و ھاوڕێکانی، چونکە پێشتر نەخشەی بۆ کێشرابوو کە ئەوان تەنھا ئەسینا وەکو جوگرافیا داگیر ناکەن، بەڵکو فەلسەفە و مەعریفە و ئەدەب و فەلسەفەی یاساکەشیان داگیر دەکەن.
گرێی سەربەخۆیی
بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بدەین بەکیانی ھەریەکێک لەو سەردەمانەی کە ئەدەب سەنتەری بیرکردنەوە بووە، دەبێ لەبەکارھێنانی شێوازەوە تەماشای سەربەخۆیی دەق بکەین، «چونکە شێواز تاکە رێگەیەکە بۆ دوورکەوتنەوە لەجیاوازی نێوان گوتاری سەردی و ئەو جیھانەی کە دەق بانگەشەی بۆ دەکات، بەپێچەوانەوە ئەگەر وشەکان ھاو مانا و ھاودەنگیان بەرھەم نەھێنا، ئەوا ئاشکرایە کە بونیادی ئەو دەقە ھەمان ئەو بونیادەیە کە لەسێبەری دەقێکی دیکەدا لەدایک بووە، بەو مانایەی کە دووبارەبوونەوەی مەبەست و شاردنەوەشی لەرێگەی حەشووەوە، لێڵ کردنی رابردوو و ئێستایە لەسیاقێک کە پێشتر بەو شێوازە نووسراوەتەوە، ھەروەک ئەوەی تەزفیتان تۆدۆرۆف دەڵێ «شیعر بەھەموو شێوازەکانییەوە ھیچ ناڵێت، ئاماژەش نادات بەھیچ رووداوێک، بەڵکو لەھەموو دۆخێکدا ئیکتیفا بەھونەرکاری خۆی دەکات و لەرێگەی ھێرمۆنتیکاوە مانا بەخۆی دەدات».(٤) ھەموو ماناکەش بریتییە لەھونەری نووسین، چونکە شێواز ھونەرە.
کە رەخنەش لەو ستایلە دەگیرێت، لەوێوەیە کە «زاراوەی تەمومژاوی و نا ھاڕمۆنی بەکار دەھێنێت لەگرینگیدان بە بونیاد و فۆرمی کاری ئەدەبی، ئەمەش وادەکات کە لایەنە سۆسیۆلۆژیەکەی ئەدەب پشتگوێ بخات، لەکاتێکدا ئەمە دەورێکی گرینگی ھەیە لەئەدەبی فانتازی، چونکە ئەدەبی فانتازی شێوازێکی تایبەتە و مێژووییەکی ھەیە زیاتر لەسەدەیەک کاری پێکرا».(٥) بەڵام قورسترین کاری ئەدەبیە بەتایبەتی لەرۆماندا، یان لەو شیعرانەی کە بینای درامیان تێدایە.
مۆدێرنە و شێوازەکانی
مۆدێرنە بەدەر لەوەی بیرۆکەی رۆژئاواییە و دابڕان بوو لەگەڵ سیستمی کلاسیکی لەھەموو کایەکانی سیاسەت و مەعریفە بەگشتی و ئابوری و تەلارسازیدا، نموونەی خۆشی پێشکەش کردوو کاریگەرییەکی لەرادەبەری بەسەر رۆژھەڵاتەوە جێھێشت، تائێستاش ئەو کاریگەرییە ھەرماوە و دەردەشەی لەسەر دەکرێت، بەڵام لە ئەدەبدا زیاتر ئەو دەردەشانە کران، لەگەڵ ئەوەشدا ئەدیب و ھونەرمەندانی دابەشی سەر دوو بەرەی دژ بەیەکتر کرد، بەرەیەک پاڵپشتی دەکرد و بەرەیەکیش دژ، لەھەردو حاڵەتەکەدا مۆدێرنە لایەنێکی گرینگی بۆ تاککەرایی و خودێتی کردە باو کە رۆژھەڵاتیەکان لەو چەمکە حاڵی نەبوون، بۆیە تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت، مۆدێرنە جگە لەفۆرمەکەی، لەپراکتیکدا جیکەوتە نەبوو.
زۆربەی ئەو ئەدیبانەی کە بەتەواوی بڕواوە دووچاری ھەڵخەڵەتانی ئەدەبی مۆدێرنەبوون و بڕوایان وایە خاوەنی ستایلی سەربەخۆن، بەھۆی لاوازی دەق و زمانی لۆکاڵی و بێ ئەزموونی لە میتۆد و لاساییکردنەوەی دەقی نەوەی کۆنەوە، نەبوون بەخاوەنی شێوازی خۆیان، نەتوانیان سەربەخۆیی بدەن بەدەقەکانیان، تەنھا ئەوەنەبێت کە لەرێگەی لاساییکردنەوە بەزمانێکی سادە و بێ قوڵبوونەوە لەئیدیۆم و دۆزینەوەی مانای جیاواز نووسینیان بڵاوکردەوە، کەوابوو بەسەنتەرکردنی ئەدەب لەچوارچێوەیەکی تەسکی لۆکاڵیدا بۆ پێناسەکردنی دەقی مردوو لەژێر ناونیشانی جوان، یان لەژێر وەھمی لایک و کۆمێنتی شەفەھی و سەرزارەکی، نەک ھەر کۆمەکی بەو ئەدەبە نەکردووە کە وەکو پارچەیەکی نامۆیە لەنێو جیھانێکی وێناکراوی ئەدەبی کراوە، بەڵکو جۆرێکە لەخۆپەراوێزخستن، بەڵام بەشێوازی جیاواز، چونکە تاکە شتێک کە ئەدەبی نوێ لەئەدەبی کلاسیک و رابردوو جودا دەکاتەوە، تەنھا ستایل یان ئسلوبی نووسینە کە ئەم دیاردەیە لەنێو ئەدەیبی پلەیەکەکانیش مەحاڵە، تەنھا ئەوەنەبێت لاساییەکی جوانی ئەدەبی رۆژئاوایی کردە باو.
بۆ ئەوەی دەقێک بخوێنینەوە و لەرووی شێوازەوە لەگەڵ دەقەکانی رابردوودا جودای بکەینەوە، دەبێ لەو خەیاڵەوە دەستپێبکەین کە ئایا لەدەقەکە ھەست بەفکر و بیرکردنەوەی دەقنووسەکە دەکەین، واتە بیردەکاتەوە لەو ئامانجەی کە دەقەکە مەبەستییەتی؟، ئەگەر فکری ھەیە، بیرکردنەوەکەی سەربەخۆیە و نەبیستراوە، یان قوڵتر بیری کردۆتەوە؟، ئایا ھێزی بەسەر ئەو دەقەدا شکاوە کە خوێنەر بیر لەموفرەدەکانی و فەزای تێکستەکە بکاتەوە؟، ئایا توانیویەتی گەمەی زمانەوانی بەوشەکان بکات و لە کۆنتێکستێکی جیاوازدا مانایەکی دیکە بەوشەکان بدات؟.
لەدوای ھەموو ئەو پرسیارانەوە، «پێویستە لەحزەی خوێندنەوە بکرێت بە کەرەستەی پەیوەندی نێوان فکر و حدس کە ئیمتیحان کردنی نووسەرە لەلایەن خوێنەرەوە، واتە خوێنەر پێش ھەستکردن بەجەوھەر و مەبەستی دەق، دەبێت بیر لە سەرەبەخۆیی دەق بکاتەوە، وەختێک دەقێک دەمانبات بۆ وەسفکردنی جیھانێک لەبەرامبەر جیھانێکی دیکەی گۆڕاو کە لەرێگەی مەبەستی پشتی دەق تێدەگەین»(٦)، بەڵام ئەگەر ھیچ مانایەکی بەدەستەوە نەدات، مانای ئەوەیە کە نووسەرەکە سەربەخۆ نیە، تەنھا مەبەستی شوھرەتە و ھیچی تر.
شێوازی جیاواز بۆ دەقی مۆدێرن، لەئەدەبی کۆنەوە سەرچاوەی گرتووە، لێرەوە دەتوانین ئەو قۆناغانەی نووسین جیابکەینەوە، چونکە دەقی نووسەر و دەقی خوێنەر، ھەریەکەیان لەگەڵ ئەویتردا دوو دونیای جیاوازن، دەقی نووسەر خەیاڵێکە نووسەر دەورووژێنێ، دەقی خوێنەریش ئەو خەیاڵەیە کە خوێنەر دەیورووژێنێت، ئەوەی کە ئێستا بانگەشەی شێوازی تایبەت دەکات و ھیچ مەرجێک لەدەقەکەیدا نیە، ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کە لەدونیای ئەدەبدا، زۆر پاڵەوانی کارتۆنی درووست بوون کە روون و ئاشکران و تەنھا گڵۆپی پشتگیریی گروپچێتی و شارچێتی و سیاسەت چێتیان لەپشتەوەیە، چونکە دیارن کە درووستکراوی دەقێکی دیکە و ئەدیبێکی دیکەن، سابا بەئارەزووی خۆیان بێت یان لەبێ ئاگاییی بێت، لەھەردوو حاڵەتەکەدا ئامانجی درووستکردنی ئەو بوکەڵە ئەدەبیانەش، بۆ ئەوەیە ئەو بوکەڵانە ئسلوبی ئەدیبی نوێ بەکاریھێنن، یان لاسایی کەرەوەی ھەمان شێوازی رابردوو بن، بوونی ئەم جۆرە لەبەناو ئەدیبە لەدونیای ئەدەبی کوردیدا واقیعیین و زۆر ھەن، تەنھا نەخوێنەوار و نەشارەزا لەئەدەب سەرسامن بەوانەی کە نەوەی پێشوو وەکو ئەدیبی کاغەز لەسەر حیسابی خاوەن تواناکان درووستیان کردن، ئەمە تاوانێکی ئەدەبی بوو تائێستاش بەردەوامە.
ئەگەر بێتوو شێواز بە خوڵقاندنی شکلێکی تایبەت بزانین، دیسان ئەگەر بێتوو شێواز سیستمێک بێت لەئەدەب و ھونەر، کەواتە ئەو سیستمە لەچوارچێوەی زماندا دەرناچێت، ئەمە لەکاتێکدا نووسەر ھەیە لەزمانەکەیدا ھەستی پێناکرێت، بەڵکو لەخوێندنەوە بۆ پەیوەندی شکڵی لەگەڵ بیرکردنەوە بەگشتی دەردەکەوێت کە لەگەڵ رابردوودا خاڵی ھاوبەشیان ھەیە، ھەروەھا ئەو بونیادەی کە لەنێو سیستمی زمانەوانی وەسفکرندا ھەیە، یان ئەو پردەی لەنێوان مێژووی ئەدەب و زمانەوانیدا ھەیە، گۆشەی یەکەمی ئەم شێوازە خوێندنەوەی دەربڕینە لەدەقدا، گۆشەی دووھەم توێژینەوەیە لە ھۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی شێواز، بەشی زۆری ئەوانەی لەژێر عینوانی ئیسلوبگەرایی نوێ دەنووسن، نەدەخوێننەوە نە شارەزاییان ھەیە، بەنووسین و بیرکردنەوەیاندا دیارە.
زۆرجار دەقێک بەرچاو دەکەوێت کە گوایە لەژێر کاریگەری ئیحای دەقێکی دیکە نووسراوەتەوە، لەکاتێکدا ئیحا وەرگرتن بریتیە لە وێنە و دەنگی دەق، نەک ئەو پێدراوە راستەوخۆیەی کە لەوێناکردنەوەی وشەکاندا دەردەکەوێت.
زمان و تێگەیشتن
بەبڕوای (تەزفیتان تۆدۆرۆف) دەقی ئەدەبی بەسەر دوو بەشدا دابەش دەکرێت، بەشی یەکەم تێگەیشتنە و بەشی دووھەم پێکھاتەخوازیە، «ئەو سیستمەی کە دەقی پێ نووسراوەتەوە لەرووی زمانەوانیەوە، نابێ تەنھا ھاوچەشنی سیستمی زمانەوانی بێت، بەڵکو پەیوەندی بە ھاوشانی و ھاوشێوەیی زەمەنی یەکترەوە بن، چونکە ھاوشێوەی زمانەوانی لەنێوان زمانی ماڵ و زمانی ئەدەبدا، لەرێگەی کۆدەوە جودا دەکرێنەوە، بەڵام لەزمانی ماڵ و زمانی قسەکردنی رۆژانەدا، جیاوازیەکەی ئەوەیە کە زمانی ئەدەب چنینێکی تێدایە و پەروەردەیی و نەریتی نییە».(٧) بۆیە ئەو شێوازە جێگیرەی نامێنێتەوە کە لەزمانی خاکی و عەوامدا ھەیە، مەبەستم ئەوەیە شێوازی نوێ لە دەقی ئەدەبیدا خاوەنی زمانی ناڕاستەوخۆ و فکری قوڵ بێت، نەک وەکو بەشێکی زۆر لەو دەقانەی بەناوی ئەدەبەوە بڵاودەبنەوە، نە زمانەکەیان ھارمۆنیای تێدایە لەگەڵ فکردا و نە لەگەڵ سیستمی نووسینی مۆدێرندا کاریگەری بەسەر خوێنەرەوە جێدەھێڵێ.
زۆرێک لە ئەدیبی کوردی وای نیشان دەدەن کە دەقەکانیان بینای درامی تێدایە، یان ئەوەتا لەژێر کاریگەری رەخنەگرێکی لۆکاڵی کە ھەمیشە کڵێشەیەکی حازری ھەیە بۆ ھەموو دەقێک، بەبێ بەڵگەی میتۆدی ئەم جۆرە نووسەرە دەکات بە سەنتەری ئاراستەکردنی ئەو تیۆرانەی کە شمولی دەقە مردووەکە ناکات، چونکە بۆ دەقێکی کراوە و زیندوو بەکارھاتووە، بۆیە ئەو دەقانە بەخوێندنەوەی ساختەکاری نابن بەدەقی کراوە، لەراستیدا ئەو دەقانە نەک ھەر بینای درامیان لەگەڵ خۆیاندا ھەڵنەگرتووە، بەڵکو لاسایکردنەوەی درامیشی تێدانییە، چونکە دەقەکە نە ھەڵگری مەنەلۆگە و نە ھەڵگری دیالۆگێکی ھونەری شیعرییە، نە ھەڵوێستێکی سەربەخۆی بەرامبەر ئەو رووداوانە ھەیە کە نووسەر ناچاری کردبێت بۆئەوەی بینووسێتەوە، ئەمە جگەلەوەی بونیادی ئەو جۆرە دەقانە خاڵین لە تەکنیکی نووسین، تەنھا شتێک کە لەگەڵ قسەی ئاسایی جودایان دەکاتەوە، ئەوەیە کە ھەندێک وشە لەژێر ناونیشانی ھونەری نووسین و دەربڕینی ئەدەبی ریزکراون و ناوی نراوە ژانر، لەکاتێکدا میخاییل باختین پێیوایە «ژانر بیرخەرەوەی داھێنانە لەپرۆسەی گۆڕانی ئەدەبدا، بەوپێیەی کە چوارچێوەی سیستمی کلاسیکی شکێنراوە و وشەی ئازاد کردووە لەدەربڕین و کێش و سەروا».(٨)
نەبوونی ئەم مەرجانە بۆ شێواز یان ستایلی نوێی نووسین لەکوێدا دەردەکەوێت، ئەوکاتەی کە دەبینین نووسەر دەبێ خۆی بنووسێتەوە کە بریتیە لەنووسینەوەی یادەوەری بەتەکنین، چونکە نووسەر جگە لەنوسینەوەی خۆی ھیچی تر ناکات، ھەروەک ئەوەی ھۆمیرۆس جیھانی لەناو خۆیدا نووسییەوە، بیرەورییەکانی پیسوای شاعیر، تەنھا بیرەوەری نین، خوێنەر ھەر جارێک کە دەیخوێنیتەوە، ھەستدەکات زیرەکێکی کەم وێنە دیقەتی لێ گرتووە، بەڵام بەشێکی زۆر لەو دەقانەی بەناوی شێوازی نوێوە لەگۆڤار و رۆژنامەکان بڵاو دەبنەوە، تەنھا سێبەرێکی ناشیرینی دەقەکانی رابردوون، بۆیە ئیمزای نووسەر ھیچ بەھایەکی نییە بەسەر ئەو دەقانەوە کە بەلێشاو بڵاو دەبنەوە.
ئەزموون رووبەرێکی فراوان و کۆمەکی ئەدەبی بەلەدایکبوونی ستایل دەکات، واتە بەبێ ئەزموون ھیچ کەسێک ناتوانێ خاوەنداری ستایلێکی تایبەتی بکات، چونکە مێژووی ھەموو دەقە ئەدەبی و ھونەرییەکان، مێژووی ھەوڵە جۆراوجۆرەکانە، کانت ئەم بابەتەی تیۆریزە کردووە و باسی دیاریکردنی زمان و ئەزموون دەکات و دەڵێ «ناتوانین خودی کەتوار ئامادە بکەین، بەڵکو دەتوانین رووتی بکەینەوە و نیشانی بدەین و لێی نزیک بینەوە، دواجار بەیەک واتای تایبەت راڤەی بکەین، راڤەش گەیشتن بە کەتوار نییە، بەڵکو ئەزموونێکە بۆ ھەمیشە دەریدەبڕێت».(٩)
سەرچاوەکان:
١. مجلە مرکز بابل للدراسات الانسانیە.عدد ٣ سنە ٢٠١٨.
٢. موریس ابو ناچر.الالسنە و النقد الادبی. سنە ١٩٧٩_ (محمد عزام).(الاسلوبیە منھجا نقدیا) سنە ١٩٨٩
٣. مندز العیاشی. الاسلوبیە و تحلیل الخطاب.دار النینوی سنە ١٩٨٥
٤. پیتەر ھالبێرگ و دانەرانی تر.تیۆری ئەدەبی و شێواز ناسی.کتێبی کوردۆلۆژی. ئامادەکردن و وەرگێڕانی.ئەنوەر قادر محەمەد.ل٦٧
٥. د.شاکر عبدالحمید. الغرابە المفھوم و تجلیاتە فی الادب.منشورات عالم المعرفە.سنە ٢٠١٢.ێ٧٩
٦. د.جاسم محمد جاسم.مسارات فی النقد الادبی الحدیث.من تاسیس الی التجریب. دار میزوبوتامیا.٢٠١٣.ێ ٢٧.
٧. میخائیل باختین.الفرویدیە.ترجمە.شکیر نێرالدین.دار الرۆیە.سنە ٢٠١٦ ێ٤٩
٨. ربیع الجابر. پارادۆکسی نووسین. وەرگێرانی. شوان ئەحمەد. ناوەندی ئەندێشە. چاپی دووەم ٢٠١٦
٩. بابەک ئەحمەدی. ئەفراندن و ئازادی.باستەوەرەکانی ھێرمێنۆتیک و جوانیناسی. وەرگێڕانی. مەسعود بابایی.دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریان.ساڵی ٢٠١٠.ل٩٢
گۆڤارا مەتین گۆڤارا مەتین