گوتاری سیاسی و ڕەهەندەکانی

نـووری بێخاڵی

گوتار بریتییە لە کۆمەڵێک بەرهەمی فیکری، کە ئامانج لێی گەیاندنیەتی بە وەرگر لە میانی گوڵبژێری تایبەتی وشە و دەربڕین. بە واتایەکی تر، گوتار بریتییە لە خستنەڕووی فیکرێکی تایبەت بە تێڕوانین و تێگەیەک بۆ بابەتێکی دیاریکراو. بەمەش دەتوانین بڵێین گوتار واتە کۆمەڵێک دەق کە هەماهەنگی و ڕایەڵێک لەنێوان خۆیان و بوارێکی دیاریکراوی مەعریفیدا هەیە و نوێنەرایەتیی جیهانێکی بەرفراوانتر لە جیهانی دەق دەکات. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە گوتار لە بنەڕەتی خۆیدا بریتییە لە دەق لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا، بەڵام لە سرووشتە زارەکییەکەیدا وەک چوارچێوە چەمگەراکەی، زۆر لە دەق فراوانترە. بۆیە هەر شیتاڵکردنێکی ڕووکەشیانەی تەونە چنراوەکەی دەق، هەروەها هەر هەڵێنجانێکی ڕەمەکی بۆ چەمک و دەستەواژەکانی ناوی لە میانی پرۆسەی شیکردنەوەی دەقدا (گوتار) تووشی هەڵە و سەرچیخچوونمان دەکات.

بەرچەنە:

پێویستیی هەڵاوێرکردنی چەند توخم و ڕەگەزێکی تیۆری، کە وێدەچێت لە چوارچێوەی شیکردنەوەی گوتاری سیاسیدا سوودێکیان لێ وەربگیرێت، بۆ خۆی بووەتە هۆی دروستکردنی جیاوازی و وای کردووە مامەڵەکردن لەگەڵ شیکردنەوەی گوتاردا، کارێک بێت بە ئاسانی ڕەت بکرێتەوە. بۆیە ئەگەر ئەم هەڵوێستە هەمەگیرانە، بەرەو گرتنەبەری ڕێکاری تایبەت بە شیکردنەوەی زمانەوانیی تێپەڕێنین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە هەر یەکێک لەو تیۆرانە تیشک دەخاتە سەر دیاردەیەکی زمانەوانیی، دواجار هەموویان یەکتری تەواو بکەن، نەک دژ و پێچەوانەی یەکتری بکەونەوە. ئەمەش ڕێگا لەبەردەم توێژەردا دەکاتەوە، کە دوای لەبێژنگدان و پاککردنەوە، یەکە و بەشە بچووکەکان، توخم و ڕەگەزە وێکچوو و جیاوازەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و ببنە بناغەی تیۆرێک بۆ شیکردنەوەی گوتارێکی دیاریکراو.

چییەتیی گوتار

گوتار هاوواتای قسەکردنە، واتە جێبەجێکردنی زارەکییانەی زمان، ئەویش لە میانی کارکردن، یان ئەو زمانەی کەسێکی دیاریکراو بەکاری دەهێنێت. هاوکات گوتار لە زنجیرەیەکی بەدوایەکداهاتوو پێکدێت، کە سەرەتا و کۆتایی هەیە. کەواتە گوتار بەم تێگەیشتنە، بریتییە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەزموونێکی دینامیکی، کە چەندین ڕەگەز و توخمی هەمەجۆر لە ڕێگای ئاوێتەبوون و لەپێناو دەستنیشانکردنی ڕۆڵ و کاراکتەرەکاندا (گوتاربێژ، گوتار، وەرگر)، تیایدا بەشداریی دەکەن. لەو نێوەدا سێیەمیان، واتە وەرگر، بەردەوام و تا ئەوپەڕی توانا، هەوڵی شیکردنەوەی لۆژیکیانەی گوتار دەدات، ئەویش بە ڕاوەستان و جەختکردنەوە لەسەر ڕوانگە و ئەو بونیادانەی ڕۆڵ و بەشدارییان لەو بەرهەمەدا هەبووە.

لەبارەی شیکردنەوەی گوتار

بە بۆچوونی (لیڤنسۆن) شیکردنەوەی گوتار خوێندنەوەیە بۆ زمان لە ڕوانگەیەکی وەزیفی، ئەویش لە میانی خوێندنەوەی پێکهاتەی زمانەوانیی و بە ئاماژەکردن بۆ هۆکارە نا زمانییانەکان (زمانی جەستە)، لە نموونەی جووڵەی هەردوو دەست و بەشەکان و پێچاوپێچیی دەموچاو و ڕووخسار.

بە لای هەندێکی ترەوە شیکردنەوەی گوتار بریتییە لە پەیامێک، کە نێرەر دەینێرێت و وەرگر بە گوێرەی جۆری گوتارەکە وەری دەگرێت. لە دیارترینیشیان ئەو گوتارە عەقڵیەیە کە لە ڕێگای کۆکردنەوەی بەڵگە و ئەرگیۆمێنت، پایەکانی لەسەر باوەڕ پێهێنان بەندە. بەتایبەتی ئەو گوتارە باشانەی کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەها مرۆییەکان داڕێژراون و بەجێهێشتنی بۆ وەرگر و پێدانی دەرفەتێک پێی، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ناوەڕۆکەکانیان بدات. بەشێک لەو جۆرە گوتارە باوانەش، گوتارە سۆزدارییەکانن، ئیدی چ کاراکتەری سیاسی، یان ئەدەبی، یاخود هەر کەسێکی دیکە بەکاریان دەهێنن. بەوپێیەی لەو گوتارانەدا ڕێگایەکی نەرێنی کە پشت بە فریوادن و خەڵەتاندن دەبەستێت، بەکار دەهێندرێن. بەجۆرێک کە بوار نادەنە وەرگر لە میانی کاریگەریی لەسەر هەست و سۆزی، بڕیار لەسەر شتەکان بدات. بەو واتایەی کە نێرەر بۆ خۆی لە یەک کاتدا قسەکەر و خاوەنی بڕیارە. لە نموونەی ئەم جۆرەش، ئەو گوتارانەن کە بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ پڕۆژەکانیان، کار لەسەر وروژاندنی هەست و سۆزی وەرگر دەکەن و بە قووڵی پشت بە شێواز و میکانیزمەکانی ختووکەدانی کەفوکوڵ و هەڵچوونەکانی دەکەنەوە.

چییەتیی شیکردنەوەی گوتاری سیاسی

شیکردنەوەی گوتاری سیاسی پێگەیەکی گرنگی لەناو لێکۆڵینەوە هاوچەرخەکانی بواری سیاسەت لە جیهاندا هەیە. گرنگیی و بایەخی ئەمەش بۆ ئەو پێگەیە دەگەڕێتەوە، کە کەسی سیاسی تێیدایە و لە ڕێگای ئەو گوتارەوە دەیەوێ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکیی وڵاتەکەی ئاشکرا بکات و بخاتە ڕوو، ئیدی گرنگ نییە سیستەمە سیاسییەکە پاشایەتییە یان کۆماری، عەلمانییە یان ئایینی، دیموکراسییە یان تۆتالیتار.

هەرچی پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەکییەوە هەیە، گوتارەکان زۆربەی جار پەیوەستن بە باس و خواسی ئاشتی و شەڕ، هاوکاری و ململانێ، جۆر و سروشتی پەیوەندیی وڵاتەکە بە دونیای دەرەوەی خۆی. بۆیەش سەرکردە، یان سەرۆکی وڵات وەک باڵاترین پلەی بەرپرسیارێتیی و خاوەنی بڕیار، گوزارشت لەو سیاسەتە دەکات. واتە لەبەر ڕۆشنایی شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ورد لە گوتاری سەرکردە و سەرۆکەکان، ئیتر هەر کێ بن، دەستەبژێری سیاسیی دەسەڵاتدار بڕیارەکانیان دادەڕێژن، کە هەندێک جار وەک جۆرێک لە پەرچەکردار، ڕەنگە ئەو بڕیارانە ببنە هۆی هەڵایسانی جەنگ (وەک ئەوەی ١٩٦٧) لەکاتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل – میسر، کە بەهۆی هەڵچوونی کێرڤی لێدوانە سیاسییە توندەکان، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر میسر و ئەو وڵاتە عەرەبییە شکستی خوارد.

خاڵێکی سەرەکی کە لێرەدا پێویستە بیوروژێنین، ئەو میتۆدەیە کە لە لەسەر بنەمای ئەودا، لێکۆڵەرە سیاسییەکان لە سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، یان لە سەنتەرەکانی دروستکردنی بڕیاردا، گوتاری سیاسیی سەرکردەکان شی دەکەنەوە.

لێرەوە دەتوانین جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، کە ئەو میتۆدە تا ساڵانێکی زۆر، پشتی بە شیکردنەوەی ناوەڕۆکی گوتارەکە دەبەست. ئەو میتۆدەی کە (برلسۆن) وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی بە  “شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئاشکرای پەیوەندیکردن”  پێناسەی دەکات. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەو یەکە و بڕگانە چین و کامانەن کە شێوازی شیکردنەوەی ناوەڕۆکی گوتار پشتیان پێ دەبەستێت؟

ڕاستییەکەی ئەوان بریتین لە دوو یەکە، یان دوو بڕگەی سەرەکی، کە هەر یەکێکیانیش چەندین لق و پۆپی لێ دەبێتەوە. یەکەی یەکەم ئەوەیە کە چی گوتراوە؟ بڕگەی دووەمیش بریتییە لەوەی کە چۆن گوتراوە؟

لە پەیوەست بە یەکەی یەکەم، لێکۆڵەر، یان توێژەر جەخت لەسەر شیکردنەوەی وردی ئەو بابەتانە دەکاتەوە کە لە توێی گوتارەکەدا هاتوون. بۆ ئەمەش پەنا بۆ چەند وشە و چەمک و دەستەواژەیەکی سەرەکی دەبات، کە لە گوتارەکەدا بەکارهاتوون و دووبارە و چەندبارە بوونەتەوە.

هەرچی یەکەی دووەمە، کە بریتییە لە “چۆنییەتی گوتن”، ئەوا توێژەر کار لەسەر ڕوانگە و دونیابینیی خاوەنی گوتارەکە دەکات، ئەمیش لە میانی هەر بیرۆکەیەک کە لە توێی گوتارەکەیدا هاتوون و زۆرتر بایەخی پێ داون، بەوەی ئاخۆ ئەو بیرۆکانە ئەرێنی، یان نەرێنین.

ڕەنگە لێرە بوار و کاتی ئەوەمان نەبێت بە شێوەیەکی هەمەگیر و فراوان، قسە لەسەر شێوازە هونەرییەکانی بابەتەکە بکەین. بۆیە تەنیا سەرنجی خوێنەر بۆ بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیار ڕادەکێشین، کە ئەویش بریتییە لەو قەڵەمباز و وەرچەرخانە گرنگەی لە میتۆدی شیکردنەوەی گوتاری سیاسیدا ڕووی دا، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی میتۆدێکی نوی بە ناوی “میتۆدی شیکردنەوەی گوتار”. بەوپێیەی ئەو میتۆدە سەلماندی کە زۆر کارا و کاریگەرە لە گەیشتن بە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی گوتاری سیاسی، ئەویش بە توانای ڕۆچوون بە قووڵایی گوتار لەبری ڕاوەستان لەسەر ڕووخساری گوتارەکە و لایەنە کڵێشەییەکانی.

لەم ڕوانگەیەوە و بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیێکی ئەگەر بچووکیش بێت لەبارەی ئەو میتۆدە نوێیە بدەینە خوێنەر، هەوڵ دەدەین بە کورتی سەرنجی بۆ چەند خاڵێک ڕابکێشین.

یەکێک لەو بنەما و ڕێسا گەورە و گرنگانەی ئەو میتۆدە نوێیە، کە چەندین قوتابخانەی زانستی و تیۆریسێنی جیاوازی هەن بایەخی پێ دەدات، نەگوتراوی ناو گوتارەکەیە. بە واتایەکی تر، ئەو میتۆدە پێیوایە زۆر جار نەگوتراوی ناو گوتار، زۆر گرنگترە لەوەی کە گوتراوە، یان ئەوەی پێی دەڵێین نێوانی دێڕەکان، یاخود نەگوتراوی پشتی گوتراوەکان. بۆیە هەر ئەمەش بوو سەرچاوەی دەرکەوتنی بیرۆکەی “نەگوتراوی ناو گوتار”. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بابەت و پرسانەی کە خاونی گوتار خۆی لە باسکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان پارستووە و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، کە نەیویستووە، یان نایەوێت خۆی لە قەرەیان بدات، چونکە دوور نییە تووشی لەڕوودامانی بکەن. بەتایبەتی ئەگەر سیستەمەکە تۆتالیتار و دەسەڵاتگەرا بوو . بەتایبەتی لە پەیوەست بە خۆدزینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، کە وای دەبینێت بە باسکردنیان بەهەر شێوەیەک بێت، ڕووبەڕووی ڕەخنە و سەرکۆنەکردن دەبێتەوە. بەپێچەوانەوە، بە خۆبواردن لە باسکردنی ئەم پرس و بابەتانە، خۆی لە تیری ڕەخنە دەپارێزێت.

بنەما و ڕێسای دووەمی میتۆدی نوێی شیکردنەوەی گوتار، بریتییە لە چاودێریکردنی “ئەو شتەی گوتار بیری لێ نەکردووەتەوە”. بە واتایەکی تر، توێژینەوە لە جوگرافیای گوتار و چەمکەکانی، کە ئەوە ئاشکرا دەکات خاوەنی گوتار چۆن و بە تەواوی خۆی لەو بابەتە گرنگانە بواردووە کە ڕای گشتی و شەقام پێیانەوە سەرقاڵە، ئیتر چ لەناوخۆی وڵاتەکەی بێت، یان لەسەر ئاستی جیهان.

لەبەر ڕۆشنایی ئەمەدا دەتوانین بڵێین، لە بواری شیکردنەوەی گوتاری سەرکردەکاندا، پێویستیمان بەوەیە جیاوازیێکی زۆر لە نێوان نوێگەری وەک پڕۆژەیەکی شارستانی، هەروەها نوێبوونەوە وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیدا بکەین. چونکە لە واقیعدا ئەمە جیاوازیێکی گرنگ و جەوهەرییە.

نوێگەری ئەو پڕۆژە شارستانییەیە، کە کۆمەڵگا ئەوڕوپپییەکان لەسەر بنەماکەیدا بەشێوەیەکی بەرچاو و بە ئاراستەی جۆر و چۆنیێتیدا، کۆمەڵگاکانی خۆیان گۆڕی. ئەو نوێگەرییەش لەسەر کۆمەڵێک بنەما وەستاوە، یەکێکیان تاکگەراییە، بە واتای جیاکردنەوەی تاک لەو مێگەلەی بەرهەمی کۆمەڵگا فیوداڵییەکان بوو، بەوەی تەواوی مافە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانی پێ بدرێت.

لێرەوە دەتوانین بڵێین، نوێگەریی سیاسیی بە دیوەکەی تردا واتای دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ دەگەیەنێت. نوێگەریی ئابووریش بە واتای پیشەسازی بە کۆی خەسڵەتە ئەرێنییەکان، نوێگەریی فیکریش بەو واتایەی کە عەقڵ سەنگی مەحەکی حوکمدانە لەسەر دیاردە و دەرکەوتە و شتەکان، نەک دەقی ئایینی. ئەو نوێگەرییەی کە ئێمەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتییەکان و لەناویاندا کۆمەڵگای ئیسلامی لە بەدیهێنان و چەسپاندنیدا دەستەپاچە بووین. ئەم دەستەپاچەییەشمان یەکێکە لەو هۆیانەی کە بواری بۆ دەرکەوتن و گەشەکردن و تەشەنەسەندنی بزووتنەوە توندڕۆ و پەڕگیر و تەکفیری و تیرۆریستییەکان ڕەخساند و دەرگای بۆ کردەوە.

ئامانجەکانی گوتاری سیاسی

ئامانجی گوتاری سیاسی بەوە جیا دەکرێتەوە، کە گوتارێکە لەسەر بنەمای باوەڕپێهێنانی ئەو لایەنە وەستاوە، کە گوتارەکەی ئاراستە کراوە. ئەمەو وێڕای کاردانەوەی قەبووڵکردن و باوەڕکردن بە ڕاستگۆییەکەی، ئەویش لە میانی چەندین ڕێگا و ئامرازی پشت ئەستوور بە بەڵگە و ئەرگیۆمێنت، لەگەڵ ئەو ئامرازنەی گوتارەکەیان لە خۆیان گرتووە و ڕوانگە و چاوەڕوانییەکانی پێک دەهێنن. ئەمەش پێویستی بە دەربڕینی ڕستە و دەستەواژەی وا هەیە کە لەگەڵ شێوازی پەیوەندیگرتن لەگەڵ کەسەکان بگونجێت، هەروەها ڕەچاوکردنی گونجانی لەگەڵ هەڵوێست و ئەو شوێنکاتەدا، کە بەرمەبنای ئەوان گوتارە سیاسییەکەی تێدا دەدرێت.

هەواڵ، یان دروستتر بڵێین گەیاندنی هەواڵ، یەکێکە لە ئەرکە دیارەکانی گوتاری سیاسی. لەو نێوەدا بە قەد بایەخی هەواڵەکە خۆی، چۆنیەتی گەیاندنی هەواڵەکەیە بە وەرگر، گەیاندنێکی دروست، بە جۆرێک کە خەڵک باوەڕی پێ بکات، چونکە شاردنەوەی ڕاستی، تەمەن کورتە و لە ئاییندەدا زیان بە خاوەنی گوتارەکە دەگەیەنێت.

ئینجا ئەگەر ئەمە بۆ گوتاری دەسەڵاتدار ڕاست بێت، ئەوا بۆ گوتاری ئۆپۆزسیۆن دە جار ڕاستترە. چونکە ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەکی سەرەکی کار لەسەر وروژاندن و دنەدانی ڕای گشتی دەکات، بۆ ئەمەش ناڕەزاییە جەماوەری و سیاسییەکان بە قازانجی ئامانج و دروشمەکانی خۆی دەقۆزێتەوە، کە گۆڕینی دەسەڵاتە. بۆیە هەر چەندە لە گوتارەکانیدا دروشمی شیرین و باق و بریق ببەشێتەوە و بەڵێنی شیرین و موژدەی خۆش بدات، بەڵام کاتێک لەگەڵ دروشم و ئامانجەکانی خۆیدا ڕاستگۆ نابێت و لە وێستگەیەکدا خۆی و خەلکی بیر دەچێتەوە و دەبێتەوە بورغوویەکی ناو ئەو سیستەم و دەسەڵاتەی کە بانگەشەی گۆڕینی دەکرد، هەزاران بڕ و بیانووش بێنێتەوە، ئیدی ناتوانێ پاساوی درۆزنیی خۆی بداتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی، هونەری داڕشتن، ڕەوانبێژیی زمان، جادووی وشە و دەنگی نەڕ، بە تەنیا بەس نین بۆ ئەوەی هێزی گوتار نیشان بدەن، بەڵکوو بنەماکانی ڕاستگۆیی، نەشاردنەوەی ڕاستییەکان، خۆنەدزینەوە لە بەرپرسیارێتی، خستنەڕووی چارەسەری گونجاو و لۆژیکی بۆ کێشەکان و دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤی باشتر بۆ ئەو شتانەی ڕەخنەی لێ دەگرێت. هەموو ئەمانە و زۆر خەسڵەت و تایبەتمەندیی دیکە، لە بونیادی گوتاردا زۆر گرنگن.

بە تەنیا ڕەخنەگرتن و تۆمەت بەشینەوە تا ئاستی بەکاربردنی زمانی زبر و ناوزڕاندن و لەکەدارکردن، کە ئامانج لێی ناشیرینکردنی بەرامبەر و شاردنەوەی دیوە تاریک و ڕەشەکانی خۆتە، فریای خاوەنی گوتار ناکەون، ئەگەر گوتارەکەی بڕێکی زۆر لە عەقڵانیەت، لۆژیک، بەڵگە، ئاماژەکانی خودڕەخنەیی، هێشتنەوەی بوار بۆ گفتوگۆی تێدا نەبێت.

دووبارەکردنەوەی گوتراو، یان وەدەنگهێنانی نەگوتراو؟

شیکردنەوەی ناوەڕۆک، یەکێکە لە گرنگترین شێوازەکانی شیکردنەوەی دەق – گوتار، کە تیایدا توێژەر پشت بە ئامراز و ڕێگای زانستی دەبەستێت. واتە کە باس لە شیکردنەوەی ناوەڕۆکی گوتار دەکەین، مەبەست ئەوە نییە، هەر کەسە بێت و بەر مەبنای میزاجی خۆی و حوکمی پێشوەختە، بەربێتە گیانی گوتار و لەبار یەکی هەڵوەشینێتەوە و بە ویستی خۆی، مانا بە دەربڕینەکانی ناوی بدات. بەپێچەوانەوە، شیکردنەوەی ناوەڕۆک وەک کۆڵەگەی سەرەکیی کردەی شیکردنەوەی گوتار، سیستمێکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە ڕێگایەوە دەق – گوتار – پارچە پارچە دەکات و بەگوێرەی بابەت و تەوەری گوتارەکە، چەمک و وشە و دەستەواژە و دەربڕینەکانی هەریەک لەو بەش و پارچانە جیا دەکاتەوە و بە جیا کار لەسەر یەک بە یەکیان دەکات.

ئەم شێوازەی شیکردنەوەی گوتار سەرەتا و بۆ یەکەم جار، ساڵی ١٩٢٦ لە بواری شیکردنەوەی ناوەڕۆکی هەواڵ و بابەتی ڕۆژنامەنووسی پەیڕەو کرا، دواتر کۆمەڵناسەکان و بەدوایاندا توێژەرەکانی بواری ئەدەب و سیاسەت و پەیوەندییە گشتییەکانیش هەمان ڕێچکەیان گرتەبەر. لەم شێوازەدا توێژەر بە شوێن وەڵامی پرسیارەکانی (کێ؟ چی؟ بۆ کێ؟ چۆن؟ بۆچ و لەپێناو چی؟)دا دەگەڕێت و هەوڵ دەدات بە پشت بەستن بە میتۆدیکی لێکۆڵینەوەی زانستی و لە میانی شیکردنەوەی سەربەخۆی هەر چەمک و دەستەواژەیەک و دواتر بەیەکەوە بەستینەوەیان و دەستنیشانکردنی ئاست و جۆری پەیوەندییان بەیەکەوە، مانایاک، یان چوارچێوەیەکی گشتگیری واتایی بۆ کۆی دەقەکە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو بەرهەم بهێنێت.

لە پرۆسەیەکی وا ئاڵۆز و ورددا، هەر یەکە لە (بابەت، وشە – چەمک، شوێنکات، هەلومەرج، تەنانەت کەسایەتیی خاوەنی گوتاریش) دەبنە ئامانجی شیکردنەوە. بەوپێیەی هەموو ئەمانە پەیوەندیێکی ڕاستەوخۆیان بە زەمینەی بەرهەمهێنانی دەق – گوتار – هەیە. واتە گوتاربێژ لە ئامادەکردنی گوتارەکەیدا ڕەچاوی هەموو ئەو شتانەی کردووە، نە بەبێ هۆ (نەبوونی هەلومەرج) ئەم کارەی کردووە، نە لە بۆشایی و بەبێ بوونی زەمینەی ئاراستەکردن (شوێنکات). تەنانەت هەڵبژاردنی بابەت و جۆر و ژمارەی چەمک و وشە و دەشتەواژە و دەربڕینەکان و تەوزیفکردنەوەیان لەناو ڕستە و دەستەواژەی جیاوازدا، هەموو ئەمانە بەشێکی گرنگن لە بینای گوتار و توێژەر ناتوانێ خۆی لە شیکردنەوەی هیچ کامەیان ببوێرێت. ئینجا مەرج نییە ئەو گوتارە بە نووسراوی لەبەر دەستی توێژەردا بێت، بەڵکوو بۆ توێژەر گوتارەکان لە ئاستی بینین و بیستنیشدا (وتاری تیڤی، ڕادیۆ، کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی گوتاربێژ) کەرەستەی کار لەسەر کردنن و دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت.

بەوپێیەی گوتاری سیاسی جۆرێکە لەو گوتارانەی کاریگەرییان بەسەر بیرکردنەوە، ڕەفتار، هەڵوێست و کاردانەوەی ئەوی دیکە هەیە و ئامانج لەم کارتێکردنەش، هەوڵێکە بۆ جۆرێک لە ناچارکردنی ئەو ئەوەی دیکەیە بۆ ئەوەی کارێک بکات یان نەیکات، هەڵوێستێک بنوێنێت یان ڕەتی بکاتەوە. هەروەها چونکە ئەو گوتارە بنەما و تایبەتمەندی و خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەن، ئەوا بە ئاسانی لە گوتارەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە.

خاڵێکی تری جیاکەرەوەی ئەم جۆرە گوتارە ئەوەیە، کە جگە لەوەی گوتارێکە لە باری ناوەڕۆک و جۆری دەربڕین و ئاراستەکردنی، لەوانی تر جیایە، هاوکات بە ڕێژەیەکی زۆریش کاریگەرییەکەی پەیوەندیی بە پلە و پێگەی کۆمەڵایەتیی خودی گوتاربێژەکەوە هەیە. لەبەر ئەوەی پێگەی گوتاربێژەکە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە ڕاددەی فەرمیبوون و زمانی دامەزراوەیی گوتارەکە و تەنانەت کاردانەوەکانیش هەیە. بۆ نموونە: ئەو گوتارە سیاسییەی کە ڕاستەوخۆ لە دەمی سەرۆکی حزب، یان سەرۆکی دەوڵەت، یاخود سەرۆکی حکوومەت دەردەچێت، لە باری فەرمیبوونەوە زۆر جیاوازە لەو گوتارەی کە ئەندامێکی سەرکردایەتیی هەمان حزبە، یان ڕاوێژکارێکی سەرۆکی دەوڵەت، یاخود وەزیرێکی حکوومەتەکە دەیدات. دواجاریش هەر ئەمەیە وا دەکات کە ئاستی ڕەوایەتی و هێز و متمانەی گوتاری سیاسی لە کاتی ڕێوڕەسمێکی کۆمەڵایەتی، یان ئاهەنگەکان، یاخود لە توێی پرۆتۆکۆڵدا جیاواز بێت.

لێرەوە و بە تێگەیشتن لە بایەخ و گرنگیی پێگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرمیی گوتاربێژ، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی، کە کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێسا و بنەما لە پەیوەست بە ئامانجەکانی گوتاری سیاسی، ڕۆڵیان لە شێوازەکانی بەرهەمهێنانی کولتووری سیاسی و بەکاربردنی میکانیزمەکانی هەژموونگەریدا هەیە. هاوکات بە دیوەکەی تردا هەر یەک لە شوێنکات، هەلومەرج و ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەی گوتارەکەی تیادا ئاراستە دەکرێت، پێوەرێکن بۆ ناسینەوەی هێز و کاریگەری و متمانەی گوتاری سیاسیی فەرمی. ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە ئامانجەکانی گوتاری سیاسی لە دۆخێکەوە بۆ یەکێکی تر، لە شوێنکاتێکەوە بۆ یەکێکی دی جیاوازە. ڕوونتر بڵێین هاوکێشەی پێگەی گوتاربێژ و ئەو هەلومەرج و شوێنکاتەی گوتاری تێدا دەرێت، تەنانەت ئەو زمانەی لە گوتاردا بەکار دەبرێت و ئەو جەماوەرەی ئاراستەی دەکرێت، جۆری ئامانج و مەبەستی گوتار دیار دەکەن، بەوەی ئاخۆ ئامانج لە گوتارەکە باوەڕ پێ هێنان یان بەلاڕێدابردن، بەرچاوڕوونی یان بەلاڕێدابردن، دنەدان یان بێدارکردنەوە، گفتوگۆ یان کۆنتڕۆڵکردنی خەڵکەکەیە.

ڤان بابەتان ببینە

زمان و کەلتۆرێ کوردان

ئەحمەد ئۆنال وەرگێران ژ تورکی: هۆشەنگ تاجر   زمانێ کوردی ئێکە ژ زمانێن هەر کەڤن …