نووری بێخاڵی
دەسپێک…
ڕەنگە زۆربەی نووسەر و ئەدیبانی کرمانجیی خواروو (سۆرانی!) ئاخێو، شەهید (مەحموود هالۆ) تەنیا وەک کەسایەتییەکی سیاسی و کارگێڕی بناسن، کە ڕۆژگارێک بریکاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ئاگاداری ئەوە نەبن کە لە دەرەوەی ژیانی سیاسی و کارگێڕیدا، (هالۆ) نووسەر و شاعیرێکی دیاری نەوەی حەفتا و هەشتاکانی دەڤەری بادینان بووە.
ئەو جگە لەوەی خاوەنی دیوانێکی شیعرییە و ژمارەیەک وتار و نووسینی سیاسی و ئەدەبیشی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی شاخ بڵاوکراونەتەوە، هاوکات خزمەتێکی گەورەیشی بە هەموو ئەو خوێنەرە کوردانە کردووە، کە ناتوانن کوردی بە ڕێنووسی لاتینی بخوێننەوە، بەوەی کە سەرجەمی بەرهەمە شیعرییەکانی (جگەرخوێن)شاعیر و دیوانی (خەلات)ی هۆزانڤان (سەیدایێ تیرێژ)ی لە پیتی لاتینییەوە گواستووەتەوە بۆ پیتی ئارامی (ئەوەی زۆربە ناومان ناوە عەرەبی!).
ئەگەرچی ئامانجی ئەم نووسینە لاکردنەوەیە لە ژمارەیەک شیعری بڵاونەکراوەی ئەم شاعیرە و تایبەت نییە بە خوێندنەوەی دیوانە شیعرییەکەی و قسەکردن لەسەر کۆبەرهەمەکەی شاعیر (حگەر خوێن)، بەڵام هەر وەک بەرچاوڕوونیی بۆ خوێنەر، هەوڵ دەدەم بە کورتی لەسەر ژیاننامەکەی و بە خێراییش لەسەر کارە ئەدەبییەکانیشی بوەستم.
(مەحموود هالۆ) کێیە؟
مەحموود عوسمان هالۆ، ناسراو بە (مەحموود هالۆ) ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی (بۆسەلێ)ی دەڤەری (سندی)ی سەر بە زاخۆ لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی و قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیشی لە (زاخۆ) تەواو کردووە و ساڵی ١٩٧٧ لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریی زانکۆی مووسڵ وەرگیراوە. دوای ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە پلەی نایاب وەردەگرێت، لە ڕیزبەندی یەکەمی پاڵێوراوان بۆ قۆناغی ماستەر، دەبێتە بەربژێر، بەڵام بە هۆی ئەوەی نەبووەتە ئەندامی حیزبی بەعس و پێشتریش لەسەر کاری سیاسی دەستگیر کراوە، لەو مافە بێبەش دەکرێت.
(هالۆ) ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی (پارتیی دیموکراتی کوردستان) کردووە، لەپای تێکۆشانیشی لە ڕێزەکانی ئەو حیزبەدا، لە لایەن ڕژێمی بەعس دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەی گرتووخانەی کەرکووک دەکرێت، دوای مانەوەی چوار مانگ لەژێر ئەشکەنجە و ئازار، ئازاد دەکرێت. پاش تەواوکردنی قۆناغی زانکۆ، پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پێشمەرگە و شۆڕشی (گۆڵان)ەوە دەکات. لەبەر لێهاتوویی خۆی، سەرەتا دەکرێتە ئەندامی کۆمیتەی پەناهەندەکان لە شاری ورمێ، دواتر بە بڕیاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەبێتە ئەندامی مەکتەبی داراییی ئەو حیزبە.
(مەحموود هالۆ) کە لە تەمەنی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی چەندین شەڕ و داستانی بەرگری کردووە (لەوانە داستانی خواکوڕک – ١٩٨٨)، دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ گەڕاوەتەوە باوەشی وڵات و تا ڕۆژی شەهیدبوونی لە کردەوە تیرۆریستییەکەی جەژنی قوربان لە (١ی شوباتی ٢٠٠٤)، چەندین بەپرسیاریەتیی حکوومی وەرگرتووە، کە دواترینیان، بریکاری وەزارەتی دارایی بوو.
دیوانی شیعریی
(دیوانا مەحموود هالۆ) کە (د. فاخیر حەسەن گولی) گردوکۆ و ساغی کردووەتەوە، (١٥٤) تێکستی شیعریی بە هەردوو فۆڕمی (کێش و سەروا) و شیعری ئازاد، لەخۆ دەگرێت. دیوانەکە بە شیعری (ڕوی سۆرگول) دەست پێ دەکات، کە یەکەم ئەزموونی شاعیرە و لە شوباتی ساڵی ١٩٧٤دا نوسیوویەتی و بە تێکستی (هەوارەک بۆ خانی) و پاشبەندێکی تێکستەکان بە دەستوخەتی شاعیر خۆی، کۆتایی دێت.
شیعرەکانی دیوانەکە کە بابەتی (نیشتمانی، نەتەوەیی، سروشت و ئەوینداریین)، بە گوێرەی مێژووی نووسینیان ڕیزبەند و پۆلێن کراون و ئەوانەیشی کە مێژووی نووسینیان دیار نییە، خراونەتە دوای ڕیزبەندییەکە. خاڵێک کە لەو نێوەدا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، کە شاعیر چەند تێکستیکیشی بە دیالێکتی کرمانجیی خواروو (سۆرانی) هۆنیونەتەوە و لە دیوانەکەدا جێگەیان کراوەتەوە.
دەمینێتەوە بڵێین: (دیوانا مەحموود هالۆ) ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن (سەنتەرێ زاخۆ بۆ ڤەکۆلینین کوردی) بۆ جاری یەکەم، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
گوڵبژێری (پەیڤێن شەهید)
(پەیڤێن شەهید) کە هەندێک کەس پێیانوایە بەرهەمێکی دیکەی جیاوازی شاعیری شەهیدە، ڕاستییەکەی هەڵبژاردەی ژمارەیەک تێکستی ناو دیوانەکە خۆیەتی، ساڵی ٢٠٠٦ نووسەر و شاعیر و ئەندامی لقی دهۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد (دلبرین هالۆ) گوڵبژێری کردوون و هەر بۆ خۆیشی ئەو ناوونیشانەی بۆ بژاردە شیعرییەکە داناوە و لە بەرگێکی قەشەنگدا چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە.
دیوانا جەگەرخوین
دیوانی جگەرخوێن، کە لە دوازدە بەرگ پێکهاتووە (بەرگی دوازدەهەم تەرخانە بۆ فەرهەنگۆکێکی لێکدانەوەی واتای وشە نامۆ و بێگانەکانی ناو دیوانەکە و ناساندنی ئەو کەسایەتییانەی لەناو تێکستەکاندا ناویان هاتووە)، یەکێکە لە کارە پڕ سەلیقە و وردەکانی شاعیری شەهید، کە تەمەنێکی بەدیار تەواوکردنیەوە بەسەر بردووە و ئەوپەڕی ماندووبوون و شەونخوونیی بۆی کێشاوە.
ئەم کارە دانسقەیەی (هالۆ) کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ – ١٩٨٨) بە سەرکەوتوویی تەواوی کردووە، پڕۆژەیەکی ئەدەبیی جێی ستایش و دەستخۆشی و پێزانینە. ئاخر بۆ کەسێکی پێشمەرگە و ئاوارە، سەرەڕای سەختییەکانی ژیانی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و ناسۆرییەکانی ئاوارەیی و دەربەدەری، هەروا ئاسان نییە شان بداتە بەر کارێکی وا مەزن، چ کارێکیش؟
دانیشتن بەدیار گواستنەوەی یازدە دیوانی شیعریی (٨٨١ تێکست) لە پیت و ڕێنووسی لاتینی بۆسەر پیت و رێنووسی ئارامی، ئینجا نووسینەوەیان بە دەستوخەتی خۆت (ئەگەر من بوایەم ڕەشنووسی ئەو دەستوخەتە هونەرییە جوان و سەرنجڕاکێشەیشم دەکردە پاشبەند و بەشێک لە بەرگی دوازدەی فەرهەنگۆکەکە، بۆ ئەوەی خوێنەر زیاتر ئاشنای سەلیقە و توانا، خەمخۆری و ماندوویینەناسیی شاعیری شەهید ببوایە، بەتایبەتی کە بەدەستوخەتەکەیدا دیارە، ئاشنایەتییەکی زۆری بە جۆر و هونەرەکانی جواننووسیی هەبووە) کارێکە هەر بە دەم خۆشە!
دیوانی جگەرخوێن، کە کۆشیعرەکانی (جگەرخوێن)ی شاعیرە و سەرجەمی دیوانەکانی (ئاگر و برووسک، سەورا ئازادی، کیمە ئەز، ڕۆناک، زەند – ئاڤستا، شەفەق، هێڤی، ئاشتی، سالار و میدیا، شەرەفنامەیا مەنزووم و خۆشخوان)ی لەخۆ گرتووە و چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن (سەنتەرێ زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردی) چاپ و بڵاو کراوەتەوە، (د. فاخیر حەسەن گولی) دوای بەراوردکردنی کۆی بەرهەمەکەی دەستوخەتی شەهید بە چاپی ستۆکهۆڵمی دیوانی جگەرخوێن و تەواوی ئەو چاپانەی دیکەی دیوانەکە، کە لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی باکووری کوردستان، بڵاو کراونەتەوە، ئامادەی کردووە و پێیدا چووەتەوە، دواتریش هەر مامۆستا (گولی) خۆی، فەرهەنگۆکێکی تایبەتی بۆ لێکدانەوەی واتای وشە نامۆ و بێگانەکانی ناو دیوانەکە و ناساندنی ئەو کەسایەتییانەی ناویان لەناو تێکستەکاندا هاتووە، داناوە.
ڕاستییەکەی، ئەم کارەی شەهید، بۆ شەیدا و سەروداسەرانی شیعرەکانی (جگەرخوێن)ی مەزن، بەتایبەتی ئەوانەی کە توانای خوێندنەوەی تیپی لاتینیان نییە، هەروەها بۆ توێژەر و لێکۆڵەرەوانی ئەدەب، یەکێکە لە ناوازەترین و پڕ بایەخترینی کارە ئەدەبییەکانی، کە بۆ هەمیشە وەک گەنجینەیەک و سەرچاوەیەکی گرنگ، لەناو پەرتووکخانەی کوردیدا دەمێنێتەوە.
(هالۆ)ی دلۆڤان!
شەهید (مەحموود) کە لە نێوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستاندا بە (مەحموود هالۆ) ناسرا بوو، وەک هەر نووسەر و شاعیرێکی دیکە، پاشناو و نازناوی ئەدەبیی خۆی هەبوو، بەڵام بە هەر هۆیەکەوە بووبێت (کە تا ئێستا نەزانراوە)، ئەم نازناوەی لە هەندێک وێستگەکانی ژیان و نووسینیدا گۆڕیوە. لە هەندێ شوێندا بە (دلۆڤان)، لە هەندێکی دیکەدا بە (دلۆڤان سندی) و تەنیا لە یەک تێکستی ئەوینداریشدا بە (سندی) خۆی ناساندووە، بەڵام لەنێو هەموو ئەوانەدا، (دلۆڤان) نازناوە دڵخوازەکەی بووە.
ڕاستییەکەی، هەموو ئەوانەیش کە لە نزیکەوە ناسیوویانە و ئاشنای بوون و کاریان لەگەڵیدا کردووە، گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن، کە کەسێکی (دلۆڤان) و دڵاوا و لە خزمەتی چاکەی گشتیدا بووە. بۆیەش ئەو ڕۆژەی لەگەڵ پۆلێک سەرکردە و هاووڵاتیی کوردستان بووە ئامانجی دەستی ڕەشی تیرۆریستان و شەهید کرا، خەڵکی کوردستان بە جیاوازیی ئینتما و بیروبۆچوونیان، بۆی ماتەمبار و خەمگین بوون.
شیعرە بڵاونەکراوەکان
زۆرێک لە شیعرەکانی (هالۆ) لە لایەن ژمارەیەک هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری کورد، کراونەتە گۆرانی، کە هەیانە تا ئێستاش لە یادەوەریی زۆربەماندا زیندووە و ڕەنگە هەر نەشمانزانیبێت تێکستەکەی هی ئەم شاعیرەیە.
بۆ نموونە، زۆربەمان سروودە ناودارەکەی (دایێ ئەڤرۆ پێشمەرگەمە)ان، بە دەنگی زوڵاڵی هونەرمەندی ناودار و پێشمەرگەی گۆڕغەریب (ئەردەوان زاخۆیی) ژنەوتووە و بە تاسەوە گوێمان بۆی هەڵخستووە، بەڵام ڕەنگە کەم کەس لە ئێمە ئەوە بزانن، کە دەقی ئەم سروودە، هی شەهید (مەحموود هالۆ)یە و یەکێکە لەو دەقانەی هێشتا ڕۆشنایی چاپ و بڵاوکردنەوەی نەبینیوە.
سروودی (دایێ ئەڤرۆ پێشمەرگەمە) کە یەکێکە لەو پێنج دەقە شیعرییە چاپ و بڵاونەکراوانەی شاعیری شەهید، بەناوی (دایک)ە و مانگی حوزەیرانی ١٩٨٣ لە ڕاژان نووسیوەتی (نموونەی دەستنووسی شیعرە بڵاو نەکراوەکانی شاعیر، لەگەڵ ئەم نووسینەدا هاوپێچ کراون). هاوکات هونەرمەندی ناوبراو شیعرێکی دیکەی شاعیری بە ناوی (سالا زارۆکێن جیهانێ) کە لە دیوانەکەیدا هەیە، کردووەتە گۆرانی.
ئەو پێنج دەقە شیعرییەی شەهید، کە تا ئێستا لە هیچ شوێنێک چاپ و بڵاو نەکراونەتەوە و لە دیوانەکەشدا نین و بۆ یەکەم جارە لێرە، لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری (مەتین) ڕۆشنایی چاپ و بڵاوکردنەوە دەبینن، بریتین لە (یارێ – ڕاژان، کانوونی دووەمی ١٩٨٣/ ئەڤین – ورمێ، شوباتی ١٩٨٣/ دایک – ڕاژان، حوزەیرانی ١٩٨٣/ شەهید – ڕاژان، حوزەیرانی ١٩٨٣/ بریندارم – ورمێ، تەممووزی ١٩٨٣).
خاڵی سەرنجڕاکێش لەم تێکستە بڵاو نەکراوانەی شاعیردا ئەوەیە، کە لەسەر ڕەشنووسی شیعرەکە، جگە لە دیارکردنی شوێن و مێژووی نووسینیان، ناوی ئەو هونەرمەندانەیشی لەسەر نووسیوە، کە بۆی ناردوون، یان بە نیاز بووە بۆیان بنێرێت، تا بیانکەنە گۆرانی. بۆ نموونە، لە کۆی ئەم پێنج دەقە بڵاو نەکراوەیە، چواریانی بۆ هونەرمەند (ئەردەوان زاخۆیی) و یەکێکیشیانی بۆ (سەڵاح ئاکرەیی – کە ئەوە بۆ من، وەک هونەرمەند ناوێکی نوێیە!) ناردووە، تا بیانکەنە گۆرانی.
ئەگەرچی دیار نییە ئاخۆ ئەو هونەرمەندانە کاریان لە دەقەکاندا کردووە و کردوونیانەتە گۆرانی یان نا، بەڵام بە قسەی مامۆستا (هێدی)ی کوڕی شەهید مەحموود هالۆ بێت، لە سۆراخی وەڵامی ئەو پرسیارەدا، ئەوان لە هونەرمەند (حاجی ئاکرەیی)ان پرسیوە و ئەویش گوتوویەتی: «من دڵنیام تەواوی ئەو شیعرانەی کە شەهید مەحموود هالۆ بۆ ئەردەوان زاخۆیی ناردوونی، هەموویانی کردوون بە گۆرانی، بەڵام ئەردەوان بە سروشتی خۆی وابوو، هەندێک جار دەقێکی تەواوی نەدەکردە گۆرانی، بەڵکوو هەر چەند کۆپلەیەکی لە شیعری جیاواز تێکهەڵکێش دەکردن و دەیکردنە گۆرانییەک.»
سەرچاوەکان:
– دیوانا مەحموود هالۆ، ڤەوژارتن و بەرهەڤکرن: د. فاخر حەسەن گولی، چاپا ئێکێ ٢٠٢٢، سەنتەرێ زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردی.
– جەگەرخوین، ڤەگۆهاستن ژ لاتینی: مەحموود ئوسمان هالۆ، ئامادەکرن و پیداچوون: د. فاخر حەسەن گولی، چاپا ئێکێ ٢٠٢١، سەنتەرێ زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردی.
*سوپاس بۆ مامۆستا (هێدی مەحموود هالۆ) کە وێنەی دەسنووسی دەقە بڵاو نەکراوەکانی خستنە بەردەستم و هاوکارم بوو.