پێشەکی:
ئاشکرایە دەڤەرى بەهدینان بە چەشنى زۆربەى کوردستان لەمێژە و بە هەزاران ساڵ لەمەوبەر ئاوەدان بوو و دەهان و سەدان گوند و گەورەدێ و باژێڕى تێدا ئاوەدان کراوەتەوە و زۆربەیان هەتا نوکەش ئاوەدانن، بەشێکى ئەم ئاوەدانییانە نەخاسمە باژێڕ و شارە مەزن و ناودارەکان، دووڤچوون و لێکۆڵینەوەى زانستییان لەبارە ئەنجام دراوە و دیرۆک و سەربوردەیان تا رادەیەکى باش خراوەتە ڕوو، ئێمە لێرە باسى باژێر و گوند و کەلهە ناودارەکانى وەک: ئامێدى، ماڵتا- مەعلتایا، داسن، دهۆک، ئاکرێ، شوش، حەسەنیە- زاخۆ، ئەردەمشت و کواشێ، هرور، باجلایا- باجلێ … هتد ناکەین و لەو دێهات و گوند و کەلهانەش نادوێین کە لە (معجم البلدان)ى یاقوتى حەمەوى (م: 626ک/1229ز) و هەواڵ و دەنگوباسە زانراوەکان هاتوون، ئەمانە گشتیان ناسراون و زۆریان لەبارەوە گوتراوە و ڤەکۆلەرانی دی وتار و لێکۆڵینەوە و کتێبیان لەبارەوە داناون(1).
پێشەکی
بەخۆیشم بيست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەمبارەیەوە وتارێکم بە عەرەبی بڵاو کردەوە(2). بەڵکو لە هەندێکى دی دەئاخڤم کە پێشتر هەندە نەناسێنراون و شتێکى ئەوتۆیان لەبارەوە نازانرێت، ئەوانەى زووتریش لەسەریان ئاخفتم، هەوڵم داوە لێرە زانیاریی نوێیان لەسەر بەدەستەوە بدەم یان لێکدانەوەى وردتریان لەبارەوە بکەم، پێشتر لە کتێبى (لەبارەى مێژوو و کەلتوورى کوردییەوە) سەبارەت بە دێهات و گوندەکانى هەولێر لێکۆڵینەوەم ئەنجام داوە، لەم وتارەش بە گوێرەى کەرەستەى بەردەست، بڕیک گوندێکى نوێ بەهدینان دەناسێنم.
دیارە سەدان گوند و دێهات و ئاوەدانى لە کوردستان هەبوون و بەردەوام هیی دی دەهاتنە ئاواکردن و بە ئەگەر و هۆکارى هەمەجۆریش، ژمارەیەکیان چۆل دەکران و بەرەبەرە کاول دەبوون، ئێمە تەنها بە هەبوونى ئەو گوندانە دەزانین کە لە ئەنجامى چێبوونى روداوێک بە رێککەوت ناویان براوە، یان کەسایەتیەکى سیاسى، زانستى، روشنبیری تێدا پەیدا بووە و بە هۆیەوە لە سەرچاوەکان باسیان کراوە، لە کتێب و نوسراوەکانى کەڵتە مەسیحییەکانی سریانى و کلدانی و نەستورییەکانیش، تەنها ناوى ئەو شوێن و گوندانە تۆمار دەکران کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە دێر و کەنیسە و پیاوانى ئایینى کریستیانییەوە هەیە و ئەگەر لەم سەرچاوانە و یاداشتى پیاوانى کەنیسەکانى کوردستان بگەڕێین، زانیاریى نوێ و وردمان سەبارەت بە ئاڤایی و دێهات و گوندەوارەکانى بەهدینان دەست دەکەوێت، هەڤال وەصفی حەسەن ردێنى وتارێکى لەبارەى ئەو گواندانەى بەهدینان بڵاو کردەوە کە لە کتێبى (الرؤساء)ی تۆماى مەرگەیی (توما المرجي) ناویان هاتووە. (3) ئەم تۆمایە لە نیوەى یەکەمى سەدەى 3ک/9ز لە دێرێکى دەڤەرى مێرگ (المرج) واتە ناوچەکانى ئاکرێ و بەردەڕەش ژیاوە.
دولپێ، بەدریکێ، ئالوكه، روبارى دهۆک:
پێشتر لە کتێبێکم کۆنترین دوو ناوهێنانى دهۆکم ئاشکرا کرد کە دەگەڕینەوە بۆ سەدەى 9ک/15ز و دەری دەخەن شارۆچکەکە بە دەستى میرانى کوردەوە بووە. (4) روونە لەم سەدەیە و دواتر گوندی دهۆک بەرەبەرە مەزن و بەرفرەهـ دەبێت و زیاتر ناو دەر دەکات و دەبێتە شارەدێ و دانیشتوانەکەیشى لە کورد و کریستیان پێک دێت و میرانی هۆزى داسنی دەیکەنە بارەگاى خۆیان.
هەر لەم سەدەیە کەسایەتیەکى ئایینى لە دهۆک دەرکەوت و ناوبانگى پەیدا کرد و پۆستى بڵندى لە کەنیسەى رۆژهەلات وەرگرت، ئەویش مار شەمعونى باصیدییە کە لە ماڵباتێکی ئایینیە و کوڕى شەماس فەرەجى کوڕی قەشە دەنخا ئیسحاقى کوڕی قەشە حەناى باصیدییە و لەدایکبووى دهۆکە و بە (الجاثلیق الدهوکي) دەناسرا، دواتر چووتە هەولێر و لە گوندى باصیداى زێدى باب و باپیرانى ماوەتەوە، بۆیە پتر بە مار شەمعونى باصیدی ناودار بوو و ساڵى 902ک/ 1497ز مرد و لە دێرى رەبان هورمز نێژرا.
مار شەمعون کەسێکى زۆرزان و هوشیار بوو و دەلیڤەى لە پۆستە ئایینیەکەى وەرگرت و خۆى پێ زەنگین کرد و وەک ملکدارێکى گەورە لێهات و دەهان عەقار و ئاش و رەزوباخى بەراوى لە گوندەکانى هەولێر و بەهدینان و جەزیرەى بۆتان کڕی و گەلێکى دیشى لە باوانییەوە بە میرات لەبۆى مابووە و گشتى لە چەند قەوالەیەک تۆمار کردوە، لە یەکێکیان ئاماژە بەوە دراوە کە پشکێک لە زەوییەکانى لە بانوهەدرا- دهۆک لە لایەن کوردانەوە داگیر کراون. بێگومان ئەم جۆرە قەبالانە زانیاریی گرنگ و دەگمەن لەخۆ دەگرن سەبارەت بە سیستەمى زەویدارى و کڕین و فرۆشتنى ملک و عەقارات و سەوداى بازرگانی لە کوردستان.
ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە و تێکەڵیی بە بابەتەکەمانەوە هەیە، ناوی چەند گوندێکى دەوربەرى دهۆک لەم قەبالانە هاتوون کە تا نوکەش ئاوەدانن، لەوانە: دولپێ (أدلب، دُلب) لە دەڤەرى بانوهەدرا کە ئەوەى راستى بێت گوندێکى هەرە دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانى پێش ئیسلام، شاعیر و لاهوتیی سریانى مار نرساى (م: 492ز) کە یەکێ بوو لە رێبەرانى بزاڤی دێرنشینى (الحرکة الدیریة)، خەلکى دولپێیە کە ناوى بە (عین الدالبة) هاتووە. (5)
لە سەدەى 9ک/15ز باوانى مار شەمعون گوندى دولپێ (دلب) یان لە میر بهاء الدین عومەرى کوڕی حاجى شمس الدین ئیبراهیمى داسنی کڕیبوو و لە قەبالەکەیدا، توخیبەکەى بە وردی دیار کراوە و ناوی چەند چەم و شوێنێکى دی براوە:
لە لاى قیبلەوە تا باخى کیکان واتە عەشیرەتى کیکانی- کیکی کە لە نێوانیان رێڕەوێک هەیە، لە لایەکەى دیکەوە تا گردى بانوهدرا- گردی مالتا و نەهالى بازلانە درێژ دەبێتەوە و لە رۆژهەڵاتەوە تا گوندى (بیت علوک) واتە ئالوكە دەڕوات و چەمى بازلانه لێکیان جیا دەکاتەوە و تا قطر(؟) کە رەنگە راستەکەى قەصر- قەصارى بێت دەگرێتەوە کە دەڕوانێت بەسەر روبارى دهۆک دا، لە باکورەوەش تا چەلم- کە نەدورە مەبەست چەم بێت- و گوندی باعلیاتی(؟) دەڕوات و لە چەلم- چەمەکە ئەشکەوتێک هەیە و تا نەهالى (الفیض)- لێرە مەبەستى ئەو نەهالەیە کەوا لەهیانى لێ رادەبێت. (6)
لە قەبالەیکى دیدا، ئەویش سەبارەت بە کڕینى گوندی بهندوایا- بندوایایە لە میرى بهاء الدین عومەرى داسنى، ئاماژە بە بەدریە- بەدریکێ و قەسرۆکا و چەند جێگایەکى دى دراوە. (7) بهندوایا تا نوکە ئاوەدانە و دەکەوێتە گەلییەکەى رۆژئاواى شارۆچکەى ئەلقوش. ئەم قەبالانە بەڵگەى گرنگ و جێگاى باوەڕن سەبارەت بەوەى کە ئەم گوندانە بەم دواییانە ئاڤا نەکراون و بەڵکو لەمێژە و زیاتر لە پێنجسەد ساڵە ئاڤان.
باوەردا- باوەردێ:
بە گوێرەى هەواڵەکان دوو گوند بەم ناوە هەبوون، یەکێکیان دەکەوتە لاى چیاى مەقلوب و دەڤەرى مێرگ (بلاد المرج)ى رۆژهەلاتى موصل و دوهەمیان سەر بە دەڤەرى زەعفەران (بلد الزعفران) بوو کە مەبەست دەشتى سلێڤانەییا و سنورى قەزاى سێمێلی ئێستایە و بە هۆى هەبوونى دێرى زەعفەران لە دامێنى چیاى بێخێر لە دەستەچەپی گەلیی زاخۆ، ئەم دەشتە بەم ناوە دەناسرا و ئەم باوەردێیە تا ئێستا ئاوەدانە و سەربە ناحیەی باتێلە.
باوەردێی دەڤەرى مێرگ کە بۆم ساخ نەبووە ئەرێ ماوە و ئاوەدانە یان نا، وەک دەهان دێهات و گوندەوارى دیکەی کوردستان لە لایەن سەرۆک هۆزە عەرەبەکان و سەرکردە لەشکرییەکان و ماڵباتە دەستڕۆیشتوەکانى سەربە خیلافەى ئیسلامی داگیر کران و تا ساڵى 135ک/752- 753ز مولكى كابرايەكى عەرەب بوو بە ناوى یەحیاى کوڕى حەڕى کوڕی یوسف کە لەم ساڵەدا بە فیتى ئیسماعیلی کوڕى عەلیی کوڕى عەبدوڵاى عەباسی کوژرا و چ کۆیلە و کۆشک و عەقار و سامانى هەبوو تالان کرا. (8) و باوەردێ بووە مولکى ئیسماعیلى عەباسى و تا مردنى لە ساڵى 146ک/763ز بە دەستى ماویەوە و ئەوجا بۆ کوڕ و نەوەکانى مایەوە. (9)
هەرچى باوەردێی دەشتى سلێفانەییە، ئەمیش کۆنە و لایەنى کەم لە سەدەى 6ک/12ز ئاوەدان بووە و شاعیر ئیبراهیمى کوڕی حەسەنى کوڕى عەلی ساڵى 560ک/1165ز لەوێ هاتۆتە دنیاوە. (10)
مانغیس- مانگێش:
مانگێش یەکێکە لە ئاوەدانییە دێرینەکانى بەهدینان و سەرجەم کوردستان، بەلێ ناوى لە دەقەکان دا شێوێنراوە، لە مێژووى موصل (تاریخ الموصل)ى یەزیدى کوڕى محەمەدی ئەزدی (م: 334ك/946ز) بە (بایعیش) هاتووە و ساخکەرەوەى مێژووەکە عەلی حەبیبە زیاتر شێواندویەتى و بە (بابغیش) خوێندویەتیەوە. (11) و لە کتێبى (الکامل في التأريخ) دا بە (مانغیس) تۆمار کراوە و شوێنراوە بۆ (ماتعیس)، واتە (گ)ەکە کراوە بە (غ) و ئەوجا بە (ع) خوێندراوەتەوە و خاڵەکەى خراوەتە سەر (ن) ەکە و کراوە بە (ت) و ئەگەر کەسیک بە دیرۆکى ناوچەکە ئاشنا نەبێت و ئاگای لە دیاردەى شێواندن و بە شاشى خوێندنەوە (التحریف والتصحیف) لە دەستنوسە عەرەبی و فارسییەکان و بەڵگەنامەکانى ئەرشیفى دەوڵەتى عوسمانی نەبێت، پەى بەم پرسە گرنگە نابات.
ئەوەى لەبارەی ئەم گوندە لە سەرچاوە ئیسلامییەکان دا دەزانرێت، دەقێکى یەکانەی گرنگە و سەلمێنەرى ئەوەیە کە چەند ئاوەدانییەکى کەڤنارە و نەدورە لە سەرچاوە سریانییەکانیش دەنگۆباسى هاتبێت، ساڵى 225ک/840ز جەعفەرى کوڕى میرخۆشى کورد بە بزاڤێکى چەکدارى لە دژى دەسەڵاتدارانى عەباسى راپەڕى و دەستی کرد بەسەر ماتعیس واتە مانگێش دا. (12) ئەگەر ئەم شۆڕشگێرە کوردە لەم ناوچەیە دەرنەکەوتایە، ئەوا کێ باوەڕى دەکرد مانگێش هەندە دێرێنە و بەر لە دازدە سەدە لەمەوبەر هەبووە.
شمرخ:
شمرخ- شمرخێ، نها وێرانەیە و پاشماوى کەلاوەکانى ماوە و دەکەوێتە کەنار چەمێک لە دامێنى گوندی دێراگژنیکی سەربە ناحیەى مانگێش و رۆژى 23/2/2022 لەگەڵ خوێندکاری ماستەر وەلید محەمەد نەجمان سەردانیمان کرد، ئەم گوندە یەکێکە لە گوندە هەرە دێرینەکانى بەهدینان و لە سەرچاوە عەرەبی و سریانییەکان ناوی براوە و ئەوەى بۆ ئێمە ئاشکرایە بەلاى کەمەوە لە سەدەى سێهەمى کۆچى/ نۆهەمى زایینى ئاڤا بووە. (13) و ساڵى 267ک/881ز شەڕێکى خوێناوى لە نێوان هەردوو رێبەرى خەواریج محەمەدى کوڕی خۆرزادی شارەزورى و هارونى کوڕی عەبدوڵاى لە نزیک شمرخ بەرپابوو و نزیکە دووسەد کەس لە لایەنگرانى هارون هاتنە کوشتن. (14)
هەرماشی- ئەرماشێ و بیث بوزى- بێبوزێ:
ئەم دوو گوندە دڵگیرە لەناو چەمێکى ئاودار و قوولن و لە رووى کارگێڕییەوە سەربە ناحیەى ئەتروشن و لە گوندە دێرینەکانى ناوچەکەن و پێشتر دانیشتوانى هەردووکیان زیاتر کریستیان بوون و لەو کتێبانەى وا تایبەتن بە دیرۆکى بڵاوبونەوەى مەسیحیەت و بزاڤی دێرنشینى، ناویان هاتووە. (15) و دێری مار ئەفرام لە نزیک هەرماشى بنیاد نراوە. (16)
هەروەها بەپێى قەبالەیەک کە لە دوا رۆژى مانگى (جمادی الآخر)ى ساڵى 965ک/1558ز یاداشت کراوە، کەسێکى موسلمان ئاشێک و کانی و بەرئاوەکانى لە گوندی بێبوزێ فرۆشتوە بە کەسێکى مەسیحى بە ناوى عیساى کوڕى مرخایل کە وەکیلى مار شەمعون مامو ناوێک بووە. (17)
دارەش- دێرەش:
دێرەش گوندێکى ناسراوى دەڤەرى بەرێگارەیە و تا ئێستاش ئاوەدانە و ناوى بە دارەش (دارش) هاتووە. (18) و لە دەقێکى دیدا شێوێنراوە بۆ (دارس) (19) و نەدورە لە دارەڕەشەوە هاتبێت و ئێستاش ناوى دێرەشە و ئاشکرایە زۆر جار لە کوردی دا و نەخاسمە زارى کرمانجی، لە ناوەکاندا، دەنگى (ئا) دەگۆڕدرێت بۆ(ێ)، وەک: بازلی- بێزلێ، رادکانى- رێدکانى- رێکانى، داسن- دێسن، کتاب- کتێب… هتد.
بە ئاگاداری ئێمە چ زانیارییەک سەبارەت بەم گوندە نییە ئەوە نەبێت کە زانا و خوداناس عەلیی کوڕى ئەحمەدى کوڕى یوسف لە نەوەى عوتبەى کوڕى ئەبوسفیانى ئومەویى قورەیشى و ناودار بە (شیخ الإسلام الهكاري). (20) پاش گەشت و گەڕانێکى درێژ، بە یەکجارى لەم گوندە گیرسایەوە و كردى بە دوا خانە و خەلوەتگاى خۆیی و تا مردنى لە یەکەم رۆژى ساڵى486ک بەرانبەر 1/2/1093ز، هەر خۆى بە عیبادەت و گۆشەگیرییەوە خەریک کرد و ژمارەیەک تەکیە و ریباتى ئاوا کرد بۆ مانەوەى هەژاران و پیاوچاکان و دەروێشانى رێگاى خوداپەرستى. (21) تا ئێستاش گۆڕ و گڵکۆکەى ماوە و چەند ساڵێک لەمەوبەر سەردانییم کرد.
ئەسپیندار- سپیندار:
چەند گوندێک لە بەهدینان بەم ناوە هەن و یەکێکیان لە دەڤەرى بەرواری ژێرییە و یەکێکى دییان لە دەڤەرى گولی و سندییە و بە واتاى داری سپیین لە شێوەى زێڕین، زیوین، تێلین، خۆیایە لە ناوى چنارى سپی- سپی دارەوە داڕیژراوە کە لە شوێنەکە هەبووە، ئەوەى لێرە مەبەستمانە یەکێک لەم سپیندارانە لەمێژە ئاڤا بووە و لە گوندە کۆنەکانە و پیربیال- پیربالى سپیندارى یەکێک بوو لە چل موریدەکانى شێخ حەسەنى کوڕى شێخ عەدیی دوهەمى کوڕى ئەبولبەرەکات صەخەرى کوڕی موسافرى هەکارى (م: 644ک/1246ز ) وەک لە مشور- مەنشورى پیر موساى دونبولى باس کراوە کە ساڵى 921ک/1515- 1516ز نوسراوەتەوە و رۆجیه لیسکۆ (1914-1975) بڵاوى کردۆتەوە. (22) هەروەها مەلا حوسەینى ئەسپیندارى. (23) کە خەڵکى گوندێکە بە ناوى ئەسپیندار و بۆ ئەم گوندە گەڕێنراوەتەوە، چیى دى لەبارەوە نازانین هەندە نەبێت کە سەیید موحیەدینى کوڕى ئەحمەدى جەزەری (م: پاش 1057ک/1647ز) بە شێخ و مامۆستای خۆى دایناوە و لە یاداشتەکانیدا ناوى هێناوە.
کەلهی (الجراحیة) و تاخی شێخ جەڕاح لە قودس:
جەڕاحی (الجراحیة) کەلهێکى کۆنى دەڤەرى باعەدرا و شێخانى بەهدینانە و ئێستاش گوندێکى ئاوەدانى یەزیدخانە. (24) و دەکەوێتە نزیک گوندی نوصەیرییە (النصیریة) لە دەستە راستى جادەى باعەدرا بۆ بیبان و ئەلقوش و دانیشتوانەکەى کوردی ئێزیدین و نازانرێت ئەم دوو گوندە چما بەم چەشنە ناوانە ناوزەد کراون و روونە پەیوەندیی بە رۆژگارى هەژموون و باڵادەستیی عەرەبەوە هەیە. کەلهی جەڕاحیە لە سەدەى پێنجەمى کۆچى/ یازدەهەمى زایینیەوە کرایە بارەگایەکى لقێکى میرنشینى میهرانی و میر ئیبراهیمى یەکەم میرى ناسراوى کەلهى جەڕاحیە بە کۆمەڵێک صۆفیی رووت و رەجالەوە چووە خزمەت شێخ عەدیی یەکەم- گەورە (م: 557ک/1162ز). (25)
میرانى ئەم کەلهە لەپاڵ میهرانی، بە جەڕاحییش ناو دەبران و رۆلێکى مەزن و بەرچاویان گێڕا لە لەشکرى ئەیوبى و لە جیهاد دژى خاچییەکان و ژمارەیەكيان شەهيد بوون و بڕیکیشیان لایەنى دیندارى و دورەپەرێزییان هەڵبژارد و لە خانەقا و ریباتەکانى وڵاتى شام دا گۆشەگیر بوون و لە کتێبەکانم دا لەسەریان ئاخفتم. (26) یەکێک لەوانە میر حسام الدین حوسەینى کوڕی شرف الدین عیسای جەڕاحییە کە تا مردنى لە مانگى صەفەرى سنة 598ک/نۆڤەمبەرى 1201ز، لە زاوییەێک لە تەنیشت قودس لە باکورەوە گۆشەگیر بوو و جیهادى خەڵوەتنشینى (المرابطة) دەکرد، پاشان گڵکۆ لەبان گۆڕەکەى ئاوا کرا و ئیدى خەلوەتگاکەى بە (الزاوية الجراحية) ناسرا و دواتر ژمارەیەک لە جەنگاوەرانى جەڕاحی هەر لەوێ نێژراون.(27) ئەوجا خەڵکى خانوویان لە دەوروپشتى گڵکۆکە بنیاد نا و شوێنەکە ئاوەدان کرایەوە و بووە تاخێکى شارى قودس بە ناوی (الشیخ جراح).
تا ئەمڕۆش شێخ جەڕاح لە گەڕەكە ناودارەکانە و ناوەناوە بە هۆی موڵكیەتی چەند خانویەكی ئەم گەڕەكەوە، شەڕ و لێکدانى خوێناوى لە نێوان ئیسرائیل و خەڵکى گەڕەکەکە بەرپا دەبێت و باسوخواسی شێح جەڕاح گەرم دەبێتەوە، ئەوەی جێگای داخە لە ویکیپیدیا و چەندین وتار و پۆستى ناو ماڵپەڕ و پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە نەزانی و نەشارەزاییەوە، وا دەزانرێت و وا بڵاو دەكرێتەوە کە ئەم میرە كوردەى سوپاى صەلاحەدینى ئەیوبى بە شێخ جەڕاح ناسراوە، چۆنكە جەڕاج واتە نوژداری سوڵتان صەلاحەدین بووە.
بارستکێ:
گوندێکى کەونارى مزورییە و نزیکى شێخانە و تا ئێستا ئاوەدانە و لە دەقە عەرەبیەکان بە بارستق و بیرستق ناوى دێت، لە کوندا و لە رۆژگارى دەرکەوتنى دیاردەى دێرنشین دا، دێرێکى لە تەنیشت ئاوا کراوە کە بە (دێر صلیبا) ناودارە. (28) و لەپاڵ کریستیان کوردیشى تێدا نیشتەجێ بووە و لەم رووەوە تەنها ئەوەندە دەزانین کە حاجی رەجەبى بارستكی یەکێک بوو لە چل موردیەکەى شێخ عەدیی کوڕى موسافر. (29)
گوندى خلفتێ (خلبتا) و سەعید- سەیداى خەلفتی:
خەلفتێ (خلبتا) گوندێکى کۆنى دەڤەرى ئاکرێیە و تا ئێستا ئاوەدانە و لە یاداشت و نوسراوەکانى پیاوانى کەنیسە ناوی دێت بەو پێیەى لە هەرێمێک بوو بە ناوەندێکی چالاکی مەسیحیەت دادەنرا. (30) وا دیارە دواتریش و لە سەردەمی ئیسلامی دا، مزگەوت و حوجرەی لێ هەبووە و لە سەرچاوە عەرەبییەکان باسکراوە و پیاوچاک و شاعیر و زاناى ئایینى سەعيدى کوڕى سەعدوڵاى کوڕی عیسا، لەدایکبووى ئەم گوندەیە لە نزیکەى ساڵى 545ک/1150ز و بەردەوام هاتوچووى هەولێرى دەکرد و زۆربەى ژیانى و هەتا مردنى لە رۆژى (21 ذي الحجة)ى ساڵى 627ک/ 31/10/1230ز، هەر لە هەولێرى گوزەراندوە.
ئەوەى لێرە بالکێشە، ئەم کەسایەتییە کوردە سەعید ناوە، بە سەيدا دەناسرا (المعروف بسیدا). (31) ئەوجا نازانین لە خەلفتێ یان لە هەولێر یان لە هەردووکیان بە ناوە ناو دەبرا؟ دڵنیاش نین ئەرێ مەبەست لە سەیدا لێرە ئەوەیە کە سەعیدى خەلفتی زانا و خوێندەوار بووە بوویە بەم ناسناوە ناسراوە یا سەیدا هەر سوککراوەى سەعیدە؟.
باتێل:
شاعير صەفيەدينى حيللى (م: 750ک/1349ز) کە دێتە موصل، لە شیعرێک دا ناوى گشت ئەو گوندانە دەهێنێت کە بە (با) دەست پێ دەکەن و پتر مەسیحى- فەلەنشینن و هەندێکیان دەکەونە سنورى بەهدینانەوە، وەک: باعەدرا، باخودێدا، باحزانێ، باتێلێ كە ئەو دەمە ناساو بوونە:
مَن کان من باعشیقا وباخُدیدا تعجبو
یحتاج الى بادُنبى كي تبلغ الآمال
وإن قصد باطنايى أو صوب باتلى (32) طلب
يصبر على بَرطلى ويبذل الأموال
وإن وقع باصيدا وباشبيثا في الهوى
وبات بباحزانى لا يهتم العذال
وإن كان باخبازى أو جهل باقرعى مع
يصبر على باكلبا هي قسمة الجهال
مافي الهوى باعذرا إن كان باعيمر وصل
وإلا يبيت بازوايا ويترك الأقوال (33)
و لە قەصیدەیەکى درێژ دا باسى کورد دەکات و ناوى وڵاتى مێرگ (المرج) و لالش دێنێت:
فسَقَى رُبَى المَرجِ الأنيقِ ولالشٍ
والعينَ صوبَ الوابلِ الوكافِ (34)
ژێدەر:
- وەک نمونە بڕوانە: د. درویش یوسف هروري، بلاد هكاري دار سبیریز (دهوک: 2005)، ولید محمد نجمان، گوندەوارى ل هەرێما جەزیرە و موصل د ناڤبەرا سەدێ (3-8مش/9- 11ز)دا، نامەیا ماستەر، کۆلیژا زانستێن مرۆڤایەتى (زانکویا دهوک: 2022).
- بهدینان فی کتابات الرحالة والبلدانیین المسلمین، مجلة بلدیة دهوک، العدد (3)، کانون الثاني 1998، ص89- 94.
- گۆڤارا نیژەن، ژمارا (5) (زڤستانا 2015)، ل3- 10.
- لەبارەى مێژوو و کلتوورى کوردییەوە (سلێمانى: 2021)، ل348- 350.
- التاريخ السعرتي (تاريخ نسطوري)، معهد التراث الكردي (السليمانية: 2010)، 2/26.
- أرشيف البطريكية الكلدانية، وثائق تأريخية كلدانية، تحقيق الأب بطرس حداد، مطبعة شفيق (بغداد: 2010)، ص33، 44- 47.
- وثائق تأريخية كلدانية، ص39.
- یزید بن محمد الأزدي، تأريخ الموصل (القاهرة: 1967)، ص156-157.
- تأريخ الموصل، ص197.
- كمال الدين المبارك بن الشعار الموصلي (ت: 654هـ/1256م)، قلائد الجمان في فرائد شعراء هذا الزمان، دار الكتب العلمية (بيروت : 2005)،1/81.
- تأريخ الموصل، ص430.
- ابن الأثیر، الكامل في التأريخ، دار المعرفة (بيروت: 2007)، 5/475.
- توما المرجي، كتاب الرؤساء، عربه البير أبونا (الموصل: 1966)، ص270.
- الكامل في التأريخ، 6/68.
- توما المرجي، كتاب الرؤساء، ص127، 196، 257، 270 و بڕوانە: بنیامین حداد، موسوعة الدیارات (دهوک: 2015)، هەشت بەرگ.
- موسوعة الدیارات، 2/566-567.
- وثائق تأريخية كلدانية، ص21.
- ابن النجار، ذيل تأريخ بغداد (بيروت: 1417ه)، 18/119.
- أحمد بن عثمان الذهبي (ت: 748هـ/1347م)، تأريخ الإسلام، دار الكتاب العربي (بيروت: 1994)، 33/184.
- وەک دەزانین دەهان بنەماڵەی دینى و کەسایەتیی زانستى و بەرەبابى دەسەڵاتدارى کورد، خۆیان بە سەیید دەژمێرن و گوایە نەوەى پێغەمبەر و ئالى بەیتن و یان خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ گەڵە ئەصحابان و عەرەبى ئومەوى و عەباسی و عومەری، دیارە ئەمانە هیچیان راست نین و هەڵبەستراون، بەڵام رشتە و شەجەرەى ئەم پیاوچاکە دروستە و بە راستى نەوەى عوتبەیە و سەرچاوەکان ئەمەیان دوپات کردۆتەوە.
- ذيل تأريخ بغداد، 18/119.
- روجيه ليسكو، الیزیدیة فی سوریة وجبل سنجار، ترجمة أحمد حسن، دار المدى (بغداد: 2007)، ص266-267.
- ئەسپیندارى بە شاشى خوێندراوەتەوە و کراوە بە ئەسفیندیارى؟.
- مەلا ئەسعەدى خەیلانی (م: 1930) لە کتێبەکەى (تەئریخى ئیمارەتى سۆران، بنکەى ژین (سلێمانی: 2024)، ل91-100) ناوچە ئێزیدینشینەکان بە یەزیدخانە ناو دەبات.
- نصر بن عبدالله العسقلاني، النور السافر فی مناقب سیدي عدي بن مسافر، دار الكتب العلمية (بيروت: 2008)، ص 247.
- بۆ پتر ئاگاهی، بڕوانە: کاروان عبد العزیز محمد علی، الکرد المهرانیة (دهوک: 2013).
- مجير الدين عبد الرحمن العليمي الحنبلي (ت: 928هـ/١٥٢٢م)، الأنس الجليل بتاريخ القدس والخليل، مكتبة دنديس (عمان: 1420هـ)، 2/101.
- موسوعة الدیارات، 2/430-431، 5/2045 .
- العسقلاني، النور السافر، ص 247، روجیه لیسکو، الیزیدیة فی سوریة وجبل سنجار، ص266.
- توما المرجي، كتاب الرؤساء، ص196.
- ابن الشعار، قلائد الجمان في فرائد شعراء هذا الزمان، 2/41- 42.
- واتا شارەدیی باتێل.
- العاطل الحالي والمرخص الغالي، ت: د.حسين نصار، دار الشؤون الثقافية العامة (بغداد:1990)، ص116- 117.
- ديوان صفي الدين الحلي، الموسوعة الشاملة، ص1050.
گۆڤارا مەتین گۆڤارا مەتین