بابەت

خوێندنەوەیەکی بوونخوازی لە مەڕ بەشێک لە شێعرەکانی هێمنی مووکریانی دا

چنوور سەعیدی – ماستەری فەلسەفە لە زانکۆی علووم و تەحقیقاتی تاران

لــەم وتــــارەدا خـــــوێندنەوەیەکی بــــــوونخـــوازی (ئێگزیستانسیالیزمی) دەکرێ لە سەر هەندێ لە شێعرەکانی مامۆستا هێمن، هەروەها بە تیشک  خستنە سەر چەمکی ئیرادە و ئازادی، بەرپرسایەتی و بەڵیندارێتی، ژن، رەنج و تەنیای و مانا و رەهەندەکانی، بەرهەمەکانی مامۆستا لە سونگەی ئەم قوتابخانەیە دا تاوتوێ دەکرێ.

کورتە باس:

  گرینگی ئەم باسە لەوە دایە کە سەرەڕای خوێندنەوەی ئەدەبی و زمانناسەنە، پێویستە هەندێ خوێندنەوەی فەلسەفی- ئەقڵانی بکرێ لە شاعێرە مەزنەکان بە تایبەت مامۆستا هێمن کەوا کاریگەری بەرچاوی هەبووە  لە پێش بردنی رەوتی زمانی یەکگرتوو و رەوتی ئەدەبی کوردی دا. لەم وتارە لە شێوازی شیکاری- لێکدانەوەیی کەڵک وەرگیراوە، یەک لە دەرەنجامەکانی ئەم بابەتە ئەوەیە کە مامۆستا هێمن وەک شاعێرێکی بوونگەرایی سیاسی کورد شیکاری لە سەر کراوە چونکە دەورێکی بەرچاوی هەبووە لە بیچم گرتنی چەمکی «خەباتی بەرپرسانە» و داڕشتنی وێژەی بەڵێندارێتی و بەرخۆدان  لە بەستێنی ئەدەبی و رۆشنبیری رۆژهەڵاتی کوردستان دا. هەر لەو بوارەشەوە دەکرێ هەست و ئەندێشەی مامۆستا هێمن و رەنگ دانەوەی لە ژیانی سیاسی و وێژەییدا وەک دەق و بەرهەمێکی تۆکمە و بە پێز لە ئاستی وێژەی کەمایەتییەکان ئەژمار بکرێ.

وشە سەرەکییەکان: ئازادی، وێژەی بەڵێندار ، رەنج، ژن، شۆڕش.

پێشەکی

  لەم بابەتە هەوڵ دەدرێ چەمکە گرینگەکانی ئێگزیستانسیالیسم و بوونگەرایی

و بوونخوازی یان هەمان رەسەنایەتی مرۆڤ شی بکرێتەوە، وەکوو هەڵبژاردنی ئازاد و بێ دەربەست، ئازادی، شۆڕش، بەرپرس بوون لە بەرامبەر خود و ئەوی دی و جەماوەرەوە.

  مامۆستا هێمن شاعرێکی نەتەوەیی و مرۆڤ دۆستی کورد بووە و هەوێنی ئەندێشەکانی خەون و ئازارەکانی مرۆڤ بووە، هەروەها لە بەر ئەوەی کەرەستە شێعرییەکانی ئەو شاعرە پایە بەرزە سووژەگەلی بەرهەست و بەرجەستە بووە و بەردەوام لە هەوڵی گۆڕانکاری و چاکخوازی کۆمەڵگەکەیدا بووە وە خەونی ئازادی و سەربەست بوونی نەخشاندووە، دەتوانین بە شاعری گەل، شاعیری خەونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ، شاعری بواری کرداری بیناسین، هەر لەو رەهەندەشەوە دەلوێت ئەم گریمانەیە بێنینە ئاراوە کە» رەگە گەلێکی بوونگەرایی لە شێعرەکانی هێمن دا خۆ دەنوێنن، هەر بەو پییەش دەکرێ بە پشت بەستن بە چەمک گەلی ئازادی، بەڵێندارێتی، بەرپرسایەتی، هەڵبژاردن و چێ کردنی چییەتی و چارەنووسی خۆ، وەک شاعری ئیگزیستانسیالیستی کوردی پێناسە و خوێندنەوەی بۆ بکرێ».

 1 – ئێگزیستانسیالیزم یان بوونخوازی چییە؟

 کرداری (Existo) یا ( Existare) لە زمانی لاتینی دا بە مانای « چوونە دەرەوە»، «خوویا بوون» و «دەرکەوتن»ە، کە هاوتایە لە گەڵ «بوون و هەستی» دا، ئەم وشەیە بە جۆری تایبەتی مرۆڤ کە ، بوونەوەرێکی وشیار و بە ئیرادەیە ئاماژە دەکا.

  (ex) یەعنی دەرەوە، لە کرداری (Stare)ی لاتینەوە وەرگیراوە بە مانای وەستانە و پێکەوە دەبێتە لە دەرەوە وەستان، واتا لە دەرەوەی  بوونەوە راوەستان، سەرتر لە بوون.

لەم مانایەدا، وجوودی حصولی لە بەرامبەری، وجوودی حضوری دا رادەوەستێ، لە راستیدا ئەم جۆرە لە بنچینە ناسییە پێمان دەڵێ کە مرۆڤ خۆی لە ( bing)کە تایبەت بە هەموو جۆرە بوونەوەرێکی گیاندار و بێگیانە یە رزگار دەکا و بە رەوە(Become) هەنگاو دەنێ، واتا لە بوونەوەرەوە بۆ مرۆڤ دەچێ (نوالی، ١٣٧٢: ١٧).

بوونخوازی یا رەسەنایەتی مرۆڤ زۆرتر بە سارترەوە ناسراوە، کەچی لە دەقەکانی ئاگۆستین و کتێبی عەهدی کۆن دا رەگەگەلێکی بوونخوازیش بە دی دەکرێ بەڵام کیەرکێگاردیان بە  باوکی ئەم قوتابخانە فەلسەفییەیە ناوزەد کردووە، هەموو بوونخوازەکان خۆیان سەر بە ئەم قوتابخانەیە نازانن و لە هەر حاڵ دا

دابەش دەکرێن بە دوو لقەوە، لقی ئێلحادی یان خودا ناباوەڕ کە سارتر و هایدگەر و نیچە و کامۆ نوێنەرین، لقی دووهەم خودا باوەڕەکانن کە دەتوانین لە مارسێل و کیەرکێگارد و یاسپێرس ناو بەرین .

ئێمە لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر بۆچوونەکانی سارتر و کامۆ لە دوای شەڕی جیهانی دووهەمدا و هەروەها کیەرکێگارد.

1-1 – هەندێ لە بنەماکانی ئێگزیستانسیالیزم

1-1-1 – بوون لە پێشەوەی چییەتییە

واتا مرۆڤ سەرەتا هەر وەک تەختەیەکی سپییە کە وا هیچی لە سەر نەنووسراوە، بۆیە هەڵگری هیچ جۆرە پێش گریمانە و پێش پێناسەیەک نیە، مرۆڤ بوونی هەیە و سەرنجی بوونی خۆی دەدا و ئینجا خۆی دەناسێ، بوونخوازی یان رەسەنایەتی مرۆڤ، فەلسەفەی کار و هەرمانە، فەلسەفەی خەبات و گۆڕانە و مرۆڤ بەو هەڵبژاردنانە وا دەیکا چییەتی خۆی چێ دەکا. تەنیا لە رێگەی  هەڵبژاردنی ئازادانە و کردارەوە دەتوانێ بیچم و رێباز ببەخشێ بە زەینی گەڕۆکی و ببێ بە بکەرێکی ئاگا و نەهێڵێ هیچ جۆرە پێکهاتەیەکی زانستی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی ورامیاری، لە پێشدا پێناسەی بە سەر دا بسەپێنن (لاوین، ١٣٧٨: ٤١٦).

 2-1-1 – بەڵێن و بەرپرسایەتی و ئازادی

گەر بە راستی بوون لە پێشەوەی چییەتی بێ، کەواتە مرۆڤ بەرپرسی خۆیەتی، خۆی و هەموو هەڵبژاردەکانی، خۆی و چارەنووسی، ئەم فەلسەفەیە هەوڵ دەدا مرۆڤ بکاتە خاوەنی بوونی خۆی، ئەم بەرپرسایەتییە نەک هەر تاکە کەسی بەڵکوو کۆمەڵایەتیشە، سارتر دەڵێ: ئەم دنیایە «نامۆییە»، باروودۆخ و هەل ومەرجە، دەبێ بیستێنمەوە و بەرپرسایەتیی قەبووڵ بکەم، دەبێ بیشیگۆرم هەم بۆ خۆم و هەم بۆ خەڵک (سارتر، ١٣٤٠: ١٠٦).

1-1-3- مرۆڤ باوەڕی

ئێگزیستانسیالیزم، فەلسەفەی مرۆڤ تەوەرە، تیشک دەخاتە سەر ئیرادە و ئیختیاری مرۆڤ بۆ گۆڕانکاری و درووست کردنی کەسایەتی خۆی، فەلسەفەی گەڕان بە دوای مانایە(فلین، ١٣٩٠ :٢٣).

1-1- 4 – پووچی، دڵەڕاوکە

ئەم دلەڕاوکەیە لە بەرامبەری دوو بابەت دا خۆی دەنوێنێ: مەرگ و نەبوون، بەڵێن و بەرپرسایەتی بوونگەرایی.

بە رای هایدگەر، ئێمە بە بێ ئەوەی گەرەکمان بێ «فڕێ دراوین» بە سەر ئەم جیهانە دا و لە گەڵ ئەم فڕێ دراوییە و هاوکات پێشبینی نەکراوەییە، مردن و ئاوا بوونیش هەیە کە هەڵاتن لێێ نەلواوە، وێنا کردنی ئەم راستییە کە بە مەرگەوە مرۆڤ چیدی تەواو دەبێ ترسێنەر و پڕ دڵەڕاوکەیە.

بەڵام ئەم دڵەڕاوکەیە لە روانگەی سارترەوە مانایەکی جوانتر دەگرێتە خۆی چونکە گرێ دەدرێتە چەمکی کردارەوە، بە رای سارتر مرۆڤ هەمان دڵەڕاوکەیە، کاتێ مەجبوورە بە بێ هیچ جۆرە پاڵپشتیەیەکی مێتافیزیکییەوە چارەنووسی خۆی و جەماوەرێک هەڵبژێرێ و بەرپرسی ژیانی هەمووانە، ئەم دڵەڕاوکەیە بەردەوام لە هەڵبژاردنەکانیدا رەنگ دەداتەوە وتا کاتی مردن لە کۆڵی نابێتەوە.

2 – سارترو وێژەی بەڵیندار

ئاگری شەڕی جیهانی دووهەم کە لە ساڵی ١٩٤٥ دا کوژایەوە، بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە بۆچوونەکانی سارتردا، ئەو کاتە سارتر لەو شەڕە دا بەشداری کرد و یەخسیر کرا و  فەڕەنسە بە دەستی نازییەکان داگیر کرا، سارتر کە پێشتر بڕوای بە نیهلیزم و تاکخوازی بوو و چەمکی ئازادی لای ئەو لە بازنەیەکی بەرتەسکی تاک دا دەسووڕایەوە، کە بینی وڵاتەکەی بە دەستی دوژمن سووکایەتی پێ دەکرێ، پیاچونەوە لە ئەندێشەی کرد و کتێبی « ئێگزیستانسیالیزم و رەسەنایەتی مرۆڤ» و  «وێژە چییە؟»ی نووسێ.

ئەو هەمیشە حاشای لە کۆمۆنیست بوونی کردووە چونکە هێشتا بڕوای بە تاکخوازی بوو بەڵام لە بەر هەڵوێستە دژە بورژوازییەکانی هەمیشە هۆگری سووسیالیزمی رادیکاڵ بوو(استراترن،١٣٨٢ : ٥٦ تا ٦٥ ).

سارتر لە پەڕتووکی «وێژە چییە؟» دا مانیفێستی ئەدەبی خۆی دەردەبڕێ، ئەو کاتەی کە هۆگری مارکسیسیت بوو و لە ژێر ئەم وتە بە ناو بانگەی مارکسدا کە دەڵێ: «فیلسەفووف بە درێژایی مێژووەوە پێناسەی جیهانی کردووە و ئێستا کاتی گۆڕانیەتی»، ئەویش لە ژێر کاریگەری ئەم پەیڤەدا دبێژێ: «نووسەر دەبێ بە نووسینەکانی کاریگەری لە سەر دنیای دەورووبەری دابنێ و بیگۆڕێ».

بە گشتی ئەدەب لای سارتر لە پێش شەڕی جیهانی دا کە لە رۆمانی «تهوع» باسی دەکا، تەنیا چەمکێکە وا مرۆڤ لە پووچی و بێ مانایی ژیان رزگار دەکا، لە دوای شەڕیش پێی وایە کە نەک هەر رزگار کەری تاکە بەڵکوو هی کۆمەڵگەشە، راستە کە لەم کتێبە ئەو ئەرکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسایەتی هونەرمەند سنوور دار دەکاتە رۆمان و پەخشان و شانۆ نامەوە و شێعر بە هەڵگری ئەم ئەرکە نازانێ بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە دژایەتی لە گەڵ شێعر کردووە، دوایی بارەقەڵایی شێعری شاعێرانی رەش پێستی فەڕەنسی دەداتەوە و باسی بەڵێندار بوون و بە ئەمەگ بووی ئەو شاعێرانە دەکا لە بەرامبەر رەنج و نابەرابەرییەکانی گەلەکەیانەوە.

لە روانگەی سارترەوە نێوان ئازادی و کردار، پێوەندی راستەوخۆ هەیە، ئازادی هەمان کردارە و ئەو فەزیلەتە دەروونی نیە کە هۆگری بە هەل و مەرجەکانمان لێ بستێنێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، هێزی دەرگیر بوونە لە گەڵ کرداردا لە پێناوی ساز کردنی داهاتوو، چونکە مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکە وا ناتوانێ بێ هەڵوێست بێ، واتا کە بخرێتە ناو هەل و مەرجی نابەدڵخوازەوە، ئەوا بێ گومان دەیگۆڕێ.

یەک لە پاڵەوانەکانی سارتر دەڵێ: ئێمە دەمێکە مردووین، لەوەتەی کە چیدی ناتوانین بە سوود بین (سارتر، ١٩ و ٢٩: ١٣٤٠ ).

3 – مامۆستا هێمن و چەمکی بەڵێنداری

لەم وتارەدا دا ناپەرژێمە سەر ژیان نامەی مامۆستا هێمن، بەڵکوو هەوڵ دەدەم  ئەو چەمکە بوونگەراییانە وا لە سەرەوە باسیان لێ کرا لە شێعرەکانیدا بخەمە بەر چاو.

هێمن شاعرێکی خەباتکارە، خەبات دژی سیسیتەمی ئاغاواتی و کۆنە پەرستی و دژە ژن و هەروەها داگیرکاری کوردستان. هێمن ناتوانێ لە بەرامبەری هەژاری و بێ بەشێ گەلەکەی بێدەنگ بێ، هێمن دەنگی رەسەنی هەژارانە، لە شێعری «ئارەق و تین»دا بە زمانێکی ساکاری جووتیارانەوە باسی نرخی جووتیار بۆ کۆمەڵ دەکا و هاواری چەوسانەوەی جووتیار دەکا، بۆ هێمن، مرۆڤی زەحمەتکێش، خۆشەویستە:

من جوتیارم، من جوتیارم

من له‌گه‌ڵ هه‌تاو هاوکارم

من به‌ ئاره‌ق و ئه‌و به‌ تین

دامان ڕشتووه‌ بناغه‌ی ژین

باسکی من و تیشکی ئه‌وی

دەستێنین بژیو لە زەوی

گه‌ر جوتیار ئاره‌ق نه‌ڕێژێ

گه‌ر هه‌تاو تیشک ناوێژێ

دانیشتووی ناو کۆشک و قه‌ڵا

ده‌خۆن نانی گه‌ڵا گه‌ڵا؟

(هێمن، ٢٠١٢: ١٢ ).

هێمن هەروەها بڕوای بە « وێژەی بەڵیندار» هەیە و قبووڵی کردووە کە ئەرکی شێعری شاعری گەلی چەوساوە، تەنیا لێکدانەوە و خستنە ناو هۆنراوەی سرۆشت و جوانی نیە، شاعر لە پێشدا مرۆڤە، مرۆڤێکی هەست ناسک بەڵام بیر تێژ و بە ئیرادە، مرۆڤێک کە توانای گۆڕانی کۆمەڵگەی هەیە، بۆیە بۆ خۆیشی سەرەڕای شاعیر، خەباتکارێکی کارایە، هێمن لە شێعرەکانیدا ستایشی ئازادی دەکا، خەونە مەزنەکانی گەلەکەی دەنەخشێنێ، پێناسەی جۆری ژیانی ئازادانە و دڵخوازێک دەکا کە هەم بۆ خۆی دەیهەوێ و هەم بۆ ئەوانی دی.

لە «پەری شێعر»دا باسی ئەوە دەکا کە گویا کچێک داوای شێعرێکی لێ دەکا کە هەڵگری هەندێ تایبەتمەندی بێ، ئەو تایبەتمەندیانە رێک لە هەموو شێعرێکی مامۆستا دا هەیە و زۆربەشیان دەچنە خانەی شێعری بەڵێندار و کارکردییەوە:

شێعرێک سروودی شادی بێ

شێعرێک دەنگی ئازادی بێ

شێعرێک رەق بێ، رق بێ، قین بێ

گڕ بێ، بڵێسە بێ، تین بێ

شێعرێک سەنگچنی سەنگەر بێ

شێعرێک بریقەی خەنجەر بێ

(هێمن، ٢٠١٢: ٢٠٧ ).

یان لە «بەهار هەر دێ» دا ستایشی ئازادی دەکا:

دەزانن زامی دیلی چەند بە ئێش و چەند بە ئازارە؟

دەبێ رابێین هەتا ئێمەش دەگەینە رێزی سەربەستان

خەتای خۆمانە تا ئێستا کە هەروا کۆیلە و دیلین

ئەوانەی شاد و ئازادن، کەمێ زووتر لە خەو هەستان

نەتاندیوە کە رووباری خوڕێن بەردی دەقەڵشێنێ؟

وەهاشە هەر کە زۆرداری دەسووتێنێ گڕی هەستان

 سەهۆڵبەندانی بێدادی ئەگەرچی تووش و دژوارە

بەڵام لێم سوورە وەک رۆژێ بەهار هەر دێ لە دووی زستان

(هێمن،٢٠١٢:  ٣٤٧ ).

لە شێعری « شەپۆلی تۆڵە» باسی مانای چەوسانەوە دەکا و خەڵک هان دەدا کە لە بەرامبەری ستەم و زۆرداری و داگیرکەر دا راوەستن و بە هەڵبژاردنی ژیانی سەربەستانە و دڵخواز، ببن بە سووژەی کارا:

کوردە ئەی کوردی لە خۆشی بێبەش!

بەس نیە کۆیلەتی دێوزمەی رەش؟

باژوێ ئەسپی هەوەسی خۆی هەروا؟

بتگرێ، بتکوژێ وا بێ پەروا؟

زەجر و ئازار و شکەنجە تا چەند؟

وەختی وەی هاتووە خۆت راپسێنی

تۆڵە وەرگرییەوە، هەق بستێنی

تاکو شۆڕش نەکرێ توند و تیژ

تاکوو سەنگەر نەگرێ لاو و کیژ

نادرێ مافی گەلی کوردی دلێر

هەر دەبێ وا لە قەفەز دا بێ شێر

(هێمن، ٢٠١٢: ٢٢٢ تا ٢٢٤ ).

لە کۆتایی ئەم باسە دا با ئاماژە بکەین بەو خەونە جوانانە وا لە شێعری « ئاواتی بەرز» دا بۆ گەلی کورد دەینەخشێنێ، ئەم شێعرە پەسندی ژیانە، «پەسندی ژیان» تاقە یاسای ئاکاریی بەرزە مرۆڤی نیچە، فیلەسووفی بوونخوازە، پەسندی ژیانیش هەڵگری ئەم چەمکانەیە: بەهێز، ئەرێ بێژ بە ژیان، داهێنەر، شاد و ئازاد (لاوین، ١٣٧٨: ٤١٣). ئەم شێعرە ئەو وەسفە وە بیر دێنێتەوە وا لە دوای ئازادی فەڕەنسە، هەندێ لە رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە فەلسەفەی بوونخوازیان ناو نایە « ئومێدی» نائومێدان.

هەر کە کەوتە دەستی کورد چارەنووس و کاری کورد

مەدرەسە و دانیشکەدە بۆ شار و لادێ دادەنێن

خەستە خانەشمان دەبێ، دوکتور و دەرمانیش فرە

ناکەوێ تازە لە کووچان خەستە و بیماری کورد

ئەو زمانە شیرنەی ئێمە پەرەی دەگرێتەوە

نادڕێ چیدی کتێب و دەفتەر و ئەشعاری کورد

رەونەقێ پەیدا دەکا ئەو جارەکە بازاڕی کورد

دادەمەزرێنن لە گشت شاری وڵات کارخانەیەک

دەست لە ئەستۆی یەک دەکەن ئازاد و شاد و بەختەوەر

کیژ و کوڕ، لاو و گراوی دڵبەر و دڵداری کورد

( هێمن، ٢٠١٢: ١٧١ تا ١٧٣ ).

 4 – رەچەڵەک ناسی چەمکی رەنج لە شێعری هێمن دا

چەمکگەلی وەکوو رەنج و حەسرەت و دەربەدەری و تەنیایی و ماندوویی لە شێعری هێمن دا دەورێکی کاریگەر و سەرەکیان هەیە کە پێویستە خوێندنەوەیەکی بوونخوازانەی لە مەڕ بکرێ.

 کیەرکێگۆرکە بە باوکی ئێگزیستانسیالیزم دەیناسن، بەم پەیڤەوە لە بیری زۆربەماندا ماوەتەوە کە دبێژێ: «بە دوای راستیەک دام کە تەنیا بۆ من راستی بێ، بۆ ئەو راستییە بژیم و لە پێناویشیدا بمرم».

  باوکی بوونخوازی لە کتێبی «ترس و لرز»دا کە لە راستیدا پەسن نامەیەکە بۆ ئیبراهیمی نەبی، باسی جۆرە تەنیایی و نامۆیی و هەڵبژاردن و ئیمانێک دەکا کە لە ئازارەکانی مامۆستا هێمنەوە زۆر نزیکە. لە روانگەی ئەم قوتابخانەیە ئەوەی وا مرۆڤ لە ئاژەڵ و شت و مەک و گژوگیا  وسرۆشت جیا دەکاتەوە، دۆزینەوەی خۆی وەک تاک، وەک سووژەی شناسا و پەیڕەوی لە یاسای خود موختاری عەقڵانییە، دڵەڕاوکەش بەرهەمی  ئازاری زانینی ئەم راستیەیە کە هەموو شتێ لە ئەستۆی خۆمانە و کەس نیە بەرپرسی کردەوەکانمان بێ (وارنۆک، ١٣٨٦: ٦٠ ). بە وتەی هایدگەر مرۆڤ بوونەوەرێکی تەنیا و فڕێدراوە بە سەر جیهاندا و بە بێ یارمەتی خواستن لە هێزە مێتافیزیکییەکان دەبێ چارەنووسی خۆی دابین بکات.

1-4- ئیبراهیمی نەبی و هێمنی شاعێر، هەردوو شاسواری ئیمانن

  بە هۆی تاقیکارییەکی ئیلاهییەوە دەستوور بە ئیبراهیم دەدرێ کە چەقۆ لە ملی تاقە کوڕەکەی بنێ و بیکات بە قوربانی ئەمری خودا. ئەو بە بێ دڕدۆنگی فەرمانبەرداری ئەم ئەمرە دەبێ و لە دواییدا بە هاتنە خوارەوەی مەڕێک بە جێی کوڕەکەی لەم تاقیکارییە سەردەکەوێ.

کیەرکێگارد لە «ترس و لرز» دا باسی جۆرە ئیمانێک دەکا کە کۆڵەکە و هەوێنی کەسایەتی و خەباتی ئیبراهیمە، «بە هۆی ئیمانە وا ئیبراهیم لە نیشتمانی خۆی وەدەرکەوت و بوو بە رێبواری نامۆی عەرزی مەوعوود، لە غوربەت و مەینەتیدا هیچ دڵخۆشییەکی نەبوو وە هەموو شتێ بە لایەوە دڵتەنگ بوو، بەم حاڵەوە ئەو هەڵبژاردەی خۆدا بوو و خوا لێی رازی بوو(کیەرکێگۆر، ١٣٩٠ :٤٢)! یان دواتر دەڵێ: شاسواری راستەقینەی ئیمان، هەمیشە لە تەنیایی رەها دایە، تاکە، رەنج دەستەبەری دەکا بۆ درووست بوونی رێگاکەی (هەمان: ١٠٧ و ١٠٨ ).

ئیبراهیم بە هۆی  تەحەمولی رەنج و سەرکەوتن لەو دۆخە نالەبارە دەبێتە شاسواری ئیمان، چونکە خودا گەورەترین پاڵپشتی ئەو بوو، بەڵام مام هێمن بە بێ یارمەتی خودا و بێ چاوەڕوانی پێزانین و پشتگیری و بارەقەڵایی خەڵک و کەس و کار و بنەماڵە و خزم و کەس و کار یان سیستەمی دەسەڵات، بەڵام بە هۆی ئەو ئیمانە پتەو و رەسەن وا بە خەبات هەیبوو، تووشی ئەو ئاوارەیی و نامۆییە بوو وا بەردەوام لە شێعرەکانیدا هاواری دەکا، تەنانەت غوربەتی هێمن گەلێک تراژیکترە لە غوربەتی ئیبراهیمی پشت قورس بە خودا یا کوردێک ئەوڕۆیی وا لە ئەورووپایە و لە هەموو دەرفەتە ئابووری و باژێڕڤانییەکانی ئەو وڵاتانە کەڵک وەردەگرێ و خەباتی خۆی سنووردار کردووە بە تۆڕە مەجازییەکان، غوربەتی مام هێمن لە راستیدا رۆیشتن لە باروودۆخێکی نالەبار بۆ باروودۆخێکی نالەبارتر بوو، ئیمانی ئیبراهیم ئاسمانییە و ئیمانی هێمن زەوینی، ئیمانی ئیبراهیم هەڵگری پاداشێکی گەورەیە و ئیمانی هێمن دیسانەوە تەنیایی و رەنجەڕۆیی و خەفەتە، هێمن بە هۆی ئیمان بە گۆڕانکاری، خەبات، کرداری سیاسی، هەڵبژاردن، بەرپرس بوون لە بەرامبەر چارەنووسی خەڵکە وا دەبێت بە شاسواری وێژە و خەباتی کوردی و دەتوانین وەک  شاعێرێکی خەباتکار و بوونخوازی سیاسی ناوزەدی بکەین.

 چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ هەستی من؟

چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟

چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟

بەرد لە بەردی بێتەوە دەگی هەیە

ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە

هەرچێ خۆشم ویستووە جێم هێشتووە

هەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین

دەرکراوم من لە خاکی دڵ نشین

بوومە ئاوارە و پەڕیوەی دوور وڵات

کەوتمە نێو وردە داوی رێی نەجات.

(هەمان: ٢٨٣ ).

 2- 4-  ئیمان و هەڵبژاردنی «یا ئەم/ یا ئەو»

ناوی یەک لە کتێبەکانی باوکی ئەم قوتابخانەیە، بەرهەمی «یا ئەم/یا ئەو»ە کە باسی دوو قۆناغ لە بوونی تاک دەکا کە دەبێ یەکیان هەڵبژێرێ، بوونێکی ئەقڵانی و بوونێکی هەستیاری و ئێستەتیک. ئێگزیستانسیالیزم لەم ئەندێشەوە چەکەرە دەدا، مرۆڤ ئازادە لە هەڵبژاردنی ئەم دوو جۆرە ژیانە، ئەوەی کە شێوازی ئێستەتیک هەڵدەبژێرێ، بە دوای رەزامەندی جەستەیی و جیسمانی و تێر کردنی حەز و چێژە تاکەکەسیەکانیەتی، ئەم جۆرە لە بوون ناپایەدار و خۆ وێرانگەرە، کە چی لەم سەردەمە دا و لە ژێر کاریگەرییەکانی نێئۆلیبرالیسم و دەرووناسی نوێ، کەم کەسێ هەیە ئەم جۆرە لە بوونەی هەڵنەبژاردبێ! بەڵام لە ژیانی ئەقڵانی و ئاکاریدا، مرۆڤ چیدی  لەم قۆناغە تێدەپەڕی و بە دوای ئافراندنی «خودی ئارمانی» دایە (استراترن، ١٣٧٨: ٣٢ تا  ٣٧ ).

مامۆستا هێمنیش دەیتوانی بە بێ هەست بە بەرپرسایەتی لە بەرابەری خود و ئارمانجەکان و گەل و نیشتمانی، مرۆڤێکی ئاسایی بێ و بە پێی ماڵ و سامانێ کە بۆی بەجێما بوو ژیانی ئێستەتیک هەڵبژێرێ، بەڵام ئەو بە پێی ئیرادە و ئیختیاری خۆی شێوازە بەرپرسانە و ئاکارییەکەی هەڵبژارد و لە پێناوی ئازادی دا هەنگاوی هەڵێنا، ئەو شاسواری خەبات بوو، ئیمانی بە شۆڕش و ئازادی کورد بوو، لە شێعری «ئامێزی ژن»دا بە جوانی ئەم هەڵبژاردە وشیارانە خۆی دەنوێنێ:

جاران پەناگەی شەوانم

ئامێزی ئاوەڵای ژن بوو

گەرمی و نەرمی ئەو ئامێزە

مایەی حەسانەوەی من بوو

دەردی ژیان، رەنجی خەبات

ماندوو بوونی رۆژی ناخۆش

بە شەو لە ئامێزی ئەودا

هەمووم دەکردن فەرامۆش

بەڵێ سەختە، یەکجار سەختە

دووری لە ژن، نامرادی

بەڵام لە ژن خۆشەویست تر

لە لای من ئەتۆی، ئازادی!

(هەمان: ٢٢١ ).

5 – چەمکی شۆڕش لە لای مامۆستا هێمن و کامۆدا

«من شۆڕش دەکەم، کەواتە ئێمە هەین.» ئەمە وتەیەکی بە ناو بانگی کامۆیە و لە ساڵی ١٩٥١ دا کتێبێکی لە چاپ درا بە ناوی « مرۆڤی شۆڕش گێڕ».

بە رای کامۆ، مرۆڤ لە رێگای «شۆڕش» دایە کە دەگاتە ئازادی و ئاگایی، هەر بۆیە ئیتر مرۆڤی شۆڕش گێڕ نهیلیست نیە، چونکە بەرەنگاری نادادپەروەری دەبێتەوە، شۆڕش پێویستە بۆ دادخوازی، چیتر ئارمانج پاساوی ئامێر ناکات و توند و تێژی لە «شۆڕش»دا تەنیا ئەو کاتە دێتە پەژراندن کە شۆڕش گێڕەکان مەرگی خۆیان بپەژرینن( کامۆ، ١٣٩٤ :٨٨ و ٨٧ ).

گەرچی تووشی رەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن

قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن

گەر لە برسان و لە بەر بێ بەرگی ئیمڕۆ رەق هەڵیم

نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەر هەردم ئەمن

من لە زنجیر و تەناف و دارو بەند باکم نیە

لەت لەتم کەن، بمکوژن، هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن

(هەمان: ٩٥ ).

تاکە شتێک کە دەتوانێ مرۆڤ لە پووچی رزگار بکات و مانا ببەخشێ بە ژیان و هاو کات بەو مانایەوە بتوانێ تەحەمولی ژیان بکات و درێژەی پێ بدات، لە روانگەی کامۆدا شۆڕشە، شۆڕش ئەو چەمکەیە وا قورسایی بەردەکەی سەر شانی سیزیف، وا هەموو رۆژێ دەیباتە سەر لووتکەکە و بەردەبێیەوە، سووک دەکاتەوە، شۆڕش ئەو چەمکە مەزنەیە و ا هێمنی مووکریانی مەجبوور دەکا لە نێوان ژیانی ئێستەتیک و عەقڵانی، ژیانە عەقڵانیەکە هەڵبژێرێ و لە پێناویدا نامۆیی و ئاوارەیی و رەنج و کول و ژان وەک چارەنووسی خۆی لە ئامێز بگرێت.

6 –  ژن لە شێعرەکانی مامۆستا هێمن دا

 دەرسی بنەمایی بوونخوازی ئەوەیە کە مرۆڤ، بوونەوەرێکی بکەر و ئازاد و مۆختارە و کەس بۆی نیە بە جیی ئەویدی بڕیار بدا (وارنۆک، ١٣٨٦: ١٠٤) هەروەها ئاکاری بوونخوازی، لایەنگەری لەو قسە بە ناوبانگەی کانت دەکا کە دبێژێ:» بە پێی نەریتێ هەڵسوکەوت بکە کە هاوکات بتهەوێ گشتی بێتەوە» واتا ئەوەی کە بۆ خۆت دەخوازی بۆ خەڵکیش بخوازە.

کاتێ بتوانین خوێندنەوەیەکی بوونخوازانە لە شێعرەکانی هێمن بکەین و بنەمای بوونخوازیش گرینگایەتی مرۆڤ بێ وەک سووژەیەکی وشیار و خاوەن وزە و ئیرادە، خاوەن بوار و دەرەتان ئەوا چەمکی ژن لە شێعرەکانیدا گرینگایەتی تایبەتی هەیە و پێویستە بە چەند خاڵی سەرنج راکێش ئاماژە بکرێ:

پێناسەی جوانی ناسی ژنانە لە  فۆلکلۆر و شێعرە کلاسیکە کوردییەکاندا لە روانگەی پیاوی کوردی لادیێیەوە بووە، ژن ئۆبژەیەکی بەرهەست و بێدەنگ بووە کە لە ژینگە ( زیست- جیهانی) پیاودا بە توخمە سرۆشتییەکانەوە دێتە شوپهاندن، ژن دەشوپهێندرێ بە فریشتە و ئەهریمەن، بە هەموو جۆرە ئاژەڵ و باڵندە و میوەیەک جگە لە ژنی بەرهەست! تەنانەت ژنان گەر بیانەوێ خۆیان وەسف بکەن هەر کەڵک لەو چەمکە پیاو جەمسەرانەیە وەردەگرن و ناتوانن لە بازنەی ئەم ناسنامەیە بێنە دەرێ: مەمکی وەک هەنار، بەی، سێو، لیمۆ، هۆڵوو یان بە وتەی حەسەن زیرەک پەنیری کوردی!، لێوی وەک ئاڵباڵوو، گەردن زەرد، گەردن قاز و هتد.

ژن لە روانگە وژینگە بینی پیاوی کورد دا، نەک بکەر بەڵکوو بەرکارە، پێناسەشی بە پێی جۆری پێوەندییەتی لە گەڵ پیاو دا، نەک کەسایەتییەکی ئازاد و سەربەخۆ، پێناسەگەلێ وەک: دایک، خوشک، بێوەژن، ژن، یار… لە باری خوو و ئاکاریشەوە هەر لە چوارچێوەی حەز و خواستی پیاو دایە و نەک کردارێکی بکەرانە و تایبەت بە جیهان بینی خۆی، بۆ نموونە زۆربەی کەسایەتییەکانی ژن لە شێعر و فۆلکلۆری کوردیدا بەم چەشنەیە:

الف) دایکێکی رەنجەڕۆ و فیداکار و جەرگ سووتاو و بەستەزمان و چەوساوە لە لایەن پیاو، کۆمەڵگە، دەسەڵات و ئایین.

ب) یارێکی کەم تەمەن و جوانکیلە و بەرقەوڵ وەک بەرخ!

ج) کچە عەیارێکی بە فیز و خەمزە و ناز فرۆش کە وردە وردە بە هەڵگوتن و پاڕانەوەی یارەکەی دەستەمۆ دەبێ.

د) یان شاجوانێکی خۆبایی و بە زەبر و قەڵسە و چونکە قەت خۆ بە دەستەوە نادا، وردە وردە دەبێتە  کوژەری یارەکەی.

لە هەندێ شێعری مامۆستا هێمن دا کچی کورد هەڵگری هەمان پێناسەی جوانی ناسانەی ناو شێعرە کوردییەکانە بە تایبەت لە شیعرە عاشقانەکانی وا وەسفی کچی سرۆشتی و لادێی دەکا.

بەڵام ئەو شتەی وا خاڵی گرینگی ئەم باسەیە، جۆرە روانینی تایبەتی هێمنە بۆ ژن کە لە شاعێرانی تر دا، بە تایبەت شاعێرە تازەکان وا لە ئەورووپا و لە شارە گەورەکاندا دەژین و ئەوانەی کە وا وەک قوبادی جەلیلزادە زۆرترین گرینگایەتیان بە چەمکی ژن داوە، بە دی ناکرێ.

ئەوەی کە هێمن جیا دەکاتەوە لە شاعێرانی تر، ئەوەیە کە ژن وەک ئۆبژەیەکی بەرهەست و بێدەنگ، یان گرێ دراوی جۆری حەز و ئاوات و پێوەندی تاکە کەسیی شاعیر لە گەڵیدا نیە، لە زۆربەی شێعرەکانیدا، ژن بوونەوەرێکی خاوەن وزە و توانایە و کە نابێ خۆی بەیدەستی زەبر و چارەنووسی کۆمەڵگە بکات و شاعێر هانی دەدا بەرەو پێشکەوتن و خوێندەواری و زانایی.

کیژی خەڵکی بۆمی ئاتۆمی درووست کرد و ئەتۆش

هەر دەزانی ناوی «ئەستێوڵک و دەرخۆنە و پنە»

فێری زانست و هونەر بوو ئەو لە سایەی خوێندنی

تۆش تەشیمان بۆ دەڕێسی، یادگاری شیرنە.

ئەو بە ئاسمانا فڕی، دنیا گەڕا، چووە بن بەحر

دەک نەمێنم کاری ئێوەش هەر لە ژوور دانیشتنە.

(هێمن:١٢١).

6- 1- دژایەتی هێمن لە گەڵ حیجابی زۆرەملەیی دا

خاڵیکی تر کە شایانی ئاماژە پێکردنە ، بەرەنگار بوونەوەی شاعێرە لە گەڵ حیجابی زۆرەکی ژناندا

بەرەنگار بوونەوەی مامۆستا هێمن لە گەڵ حیجابی زۆرەکی ژنان، لە پێناوی دژایەتی لە گەڵ ئازادی ژنە، دژایەتی لە گەڵ کۆنە پەرستی و بە کۆیلە زانینی ژنە، تێگەیشتن لە چەمکی ئازادی بە هەموو ماناکانیەتی، لە راستی دا بە خاتری خودی راستەقینەی ژنە.

ئەو پەچە و رووبەند و چارشیوەی نەدیوە نەنکی تۆ

ئەو شڕ و شاڵاتە دیاری دوژمنی دڵ چڵکنە

نایەڵێ گۆشەی برۆکەت دەرکەوێ، چارشێوەکەت

ئەی لە دەس ئەو چڵکە هەورە مانعی مانگ گرتنە

داڕزینە، مردنە، ئاخر هەتا کەی پێت بڵێن

نابێ بێیتە دەر لە ماڵ، مافی ژیانی کوا؟ ژنە

لادە چارشێوی رەشت با دەرکەوێ کوڵمەی گەشت

چون لە قەڕنی بیستەما زۆر عەیبە ئەو روو گرتنە

هەرچەند ئەم چەمکە لە شاعێرانی کۆن وتازە بە جۆرگەلێکی جیاواز بە دی دەکرێ، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە کە نەک زۆر جیدی بەڵکوو زیاتر جۆرە گلەییەکە لە دەست پێڕانەگەیشتنی پیاو بە جوانییە رواڵەتییەکانی ژن کە بۆتە کۆسپێک لە بەرامبەر چێژی غەریزی پیاودا! لە زۆر شوێنیشدا داکۆکی لە حیجاب و رووگرتن دەکرێ چونکە نیشانەی ماقوڵی و بە ئەخلاق بوونی ژنە و بگرە مانایەکی جوانی ناسانەشی پێ بەخشیبێ، بە هەر لایەک دا کە تماشای بکەین تەنیا شتێک کە لە بەرچاو ناگیرێ، سوود و زیانی ژنە، بەڵام ژنی ناو شێعرەکانی مامۆستا هێمن، ژنە کوردێکی ئازاد و پێشکەوتووە و کە بناغە دانەری ئازادیی گەلەکەیەتی.

رەزا خان لە سەردەمی مەشرووتەی ئێرانیدا کاتێ ویستی ئێران بەرەو رەوتی مۆدێڕن بوون و پێشکەوتن ببا، سەرەڕای پرۆژە ئاوەدانی و زانستییەکانی، حیجابیشی لە سەر ژنان لابرد، ژنی ئێرانی بۆ ئەوەی وڵاتەکەی مۆدێڕن بکاتەوە لەچک و چارشێوی بە زۆری لە سەر لابرا بەڵام بە جێی جل و بەرگی فارسی، کە یەک لە نیشانەکانی شۆناسی ئەو بوو، جلی بیانی لە بەر کرا و ئێستا دەبینن کە یەکێ لە هۆکارەکانی قەیرانی شۆناسی فارس، نەمانی ئەو مێژوویە و ئەو جل و بەرگە رەسەنە فارسییەیە، بەو چەشنەی کە ئەمڕۆکە « کۆت و داوێن و ماکسی و مینی ژووپ» بە جلی فارسی ناوزەد دەکرێ و ئیتر کەس ئەو جلە رەنگامە و چین چینییەی فارسی بیر نەماوە!

بەڵام ژنی ناو شێعرەکانی هێمن پێویست ناکا بۆ پێشکەوتن و مۆدێڕن بوونەوە خۆی هەڵواسێتە کەرەسە و ئێلێمانی مۆدێڕنی بیانییەوە. مودێڕن بوون لای هێمن بە مەرجە، مەرجی  لە بەر چاو گرتنی نەریت و بەستێنی کوردی هاوکات بە زەینێکی ئازاد و بیرێکی کراوەوە.

لە شیعری «کیژی لادێ»دا دەڵێ:

کیژی لادێی نەشمیلی جوان چاک!

ئەتۆ هەر زگماگ وەها جوانی

«تەوالێت» چییە؟ ناوی نازانی

«پۆدر و کرێم و ماتیکت « نیە

هەر نەتبیستووە» ئۆدی کۆلۆن» چیە!

نەتکرد سووراو و سپیاو چۆن دووری

لە شاری کەچی هەر سپی و سووری

« فێڕ»ت لێ نەدا، بسکەکەت لوولە

رێژیمت نەگرت بەژنت وەک توولە

کوڵمەکەت وەکوو گوڵاڵەی گەشە

بێ سورمەش چاوە مەستەکەت گەشە

(هێمن:١١ و ١١٢).

6-2- مانای پێشکەوتنی ژن لە روانگەی هێمندا

پێشکەوتن لە لای هێمن نەک رواڵەتی و لاوەکی وئاوەکی بەڵکوو بنەمایی و هزری و دەروونییە، لە پێناوی گەشە کردنی کەسایەتی ژنە، لە پێناوی ئازادی ژنە بۆ چێ کردنی کەسایەتی و چییەتییەکی سەربەخۆ کە ببێتە هۆی پچڕانی زنجیرەکانی و هەروەها بەرەو پێش بردنی ئاستی زانیاری گەلەکەی. چونکە شاراوە نیە کە ژن بنەما و پەروەردە گەری کۆمەڵگەیە، بۆ هێمن ، ژن هەر بەو جلە کوردیانەیەوە، هەر ئەو کچە لادێیە توانای جیهانی بوونەوەی هەیە و لە شێعری «کیژی لادێ» دا باسی لە سەر کراوە.

6 -3-  ژن و شۆڕش و ئازادی لە شیعری هێمندا

هەروا کە ئاماژەمان پێ کرد، روانینی هێمن بۆ ژن ئینسانییە و ژن بە هەموو بوارەکانی وجوودییەوە لای ئەو ژنە و نەک تەنیا جوانی و جەستە، کەواتە لە بە دی هاتنی خەونی رزگاری گەلەکەشی شان بە شان پیاو لە سەنگەری شەڕدا چەک بە دەستەوە دەگرێ و سەرەڕای بیر کردنەوە لە پێشکەوتن و خوێندن و گەشەی لایەنە زانستییەکانی خۆی، دەیهەوێ لە بواری سیاسیشدا خەبات بکا و بکەر بێ.

رەنگە هێمن یەکەم شاعێر بێ وا لە ساڵی ١٣٤٢ دا، کاتێ کە خەباتی سیاسی ژنانی کورد هێشتا کرچ و کاڵ بوو، باسی ژنی شۆڕشگێڕی کرد و ئەو لایەنە وجوودییەی ژن بە جوانترین شێوە لە شێعری « گوڵی هیوا» دەست نیشان کرد.

دەڵێی مام هێمن پێش بینی حیماسەی کۆبانێ کردووە و تەسویری ژنی شەڕڤانی لەم شێعرە دا کێشاوەتەوە.

ئەختەر کچی کوردی چاومەست!

ئیلهام بەخشی شیعری پڕ هەست

ئەی پێشمەرگەی میللەت پەرەست

کە دیتمی تفەنگ بە دەست

زانیم گوڵی هیوا پشکووت

بەیانی ئازادی ئەنگووت

ئەختەر پێشمەرگەی کۆڵنەدەر!

ناڕیژی چاو، سوور ناکەی لێو

شانە ناکەی بسکی پەشێو

یەکجاری فڕیت دا چارشێو

ئەوە رووت کردە چڕ و کێو

دەبڕی جەرگی دوژمنی زۆڵ

بە سەر نەیزە، نەک بە مژۆڵ

(هێمن: ١٩١).

دەرەنجام:

ئیگزیستانسیالیزم و وێژە پێوەندییەکی توند و تۆڵیان پێکەوەیە، فیلەسووفەکانی ئەم قوتابخانەیە لە رێگەی شانۆ نامە و چیرۆک و رۆمانەکانیانەوە توانیان ئەو زمانە سەخت و ساردەی فەلسەفە بکەنە چێژێکی جوانیناسانە و هاوکات هەوێنەکانی ئەو ئەندێشەیەش بنوێننەوە، هەر بەو پێیەش لەم بابەتە دا هەوڵ درا کە لایەنە بوونخوازەکانی بەشێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن وەدیار بخرێت و چەمکگەلی وەکوو ئازادی، ئیختیار، بەڵێندارێتی، هەڵبژاردن، رەنج.

راستە کە لە سەرەتاوە تەنیا لەو شێوازە ئەدەبیانە ، بوونخوازی پەرەی پێدرا بەڵام دوایی لە هەموو شێوازێکی هونەریدا هاتە بەر باس، لە شێعری ئێراندا نموونەی بەرهەستی وێژەی بوونگەرایی لە شێعرەکانی شاملوو و پەرویزی ناتێل خانلەری وە بەرچاو دەکەوێ.

لە شێعری کوردیدا چەمکەکانی بوونخوازی بە روونی لە لای مامۆستا هێمن بە دی دەکرێ، ئەم چەمکانە هێندە بە وزە و کاران، هێندە راستەقینە و گرێدراوی راستییەکانی ژیانی خەڵک و پرسی وجوودی کورد و باروودۆخی کۆمەڵگەی کوردەواریە کە کاتێ لە شێعری مامۆستا هێمن دا کراسێکی جوانیناسانە وە بەر دەکا، کاریگەرییەکانی دوو ئەوەندە دەبێتەوە.

 بەردەنگی شێعرەکانی هێمنی خەباتکار، نە بەردەنگی تایبەتە و نە چینێکی دیاری کراو، تەنیا مرۆڤی چەوساوەیە، زمانی شێعرەکانی، زمانێکی ساکار و دەوڵەمەندە و هەمووان لێی تێدەگەن.

بوونخوازی باسی مرۆڤ دەکا و هەوێنی سەرەکی شێعرەکانی هێمن، مرۆڤە، بۆیە دەتوانین ئەم پیاوە مەزنە کە زمانی ئازارەکانی زەمانە و ئێستاشە، بە شاعێری بوونخوازی سیاسی کورد ناوزەد بکەین.

 

ژێدەر و سەرچاوەکان:

 ١- استراترن، پل، آشنایی با سارتر، ترجمەی زهرا آرین، تهران، نشر مرکز، چاپ دوم، ١٣٨٢

٢- استراترن، پل، آشنایی با کرکگور، ترجمەی علی جواد زادە، تهران، نشر مرکز، چاپ اول، ١٣٧٨

٣- کرکگور، سورن، ترس و لرز، ترجمەی عبدلکریم رشیدیان، تهران، نشر نی، چاپ نهم، ١٣٩٠

٤- دیوانی هێمن، چاپی یەکەم، کوردستانی ئازاد، ٢٠١٢

٥- کامو، آلبر، پرومتە در جهنم- نقد رمان طاعون، ترجمەی کامل روزدار، تهران، نشر اشارە، چاپ اول، ١٣٩٤

٦- وارنوک، مری، اگزیستانسیالیسم و اخلاق، ترجمەی مسعود علیا، تهران، ققنوس، چاپ اول، ١٣٨٦

٧- لاوین، ت.ز، از سقراط تا سارتر، پرویز بابایی، تهران، نشر نگاه، چاپ چهارم، ١٣٧٨

٨- فلین، توماس، اگزیستانسیالیسم، ترجمەی حسین کیانی، تهران، نشر بصیرت، چاپ اول، ١٣٩٠

٩- سارتر، ژان پل، ادبیات چیست؟، ابوالحسن نجفی و مصطفی رحیمی، تهران، کتاب زمان، چاپ اول، ١٣٤٠

١٠- نوالی، محمود، فلسفەهای اگزیستانسیالیسم تطبیقی، تبریز، دانشگاه تبریز، چاپ اول، ١٣٧٢

ڤان بابەتان ببینە

سينه‌ما هونه‌رێ حه‌فتێ یە، یێ كو نهێنیيا وێنه‌ی و كويراتییا ڤه‌گێڕانێ پێكڤه‌ گرێداین، ئێكه‌ ژ …