فەرمانبەرانی بادینان لە ئەرشیفی عوسمانیدا.. مستەفا نەجاتی ئەفەندی (1909/9/30-1844)قائیمقامی ئامێدی (5)

دۆزینەوە و وەرگێڕانی لە عوسمانییەوە: هێمن عومەر خۆشناو

ئەرشیفی عوســـمانی لە هــــەموو ڕووێكــــەوە ســـــەرچاوەیەكی گــــــرنگی مــێژووی گەلەكەمانە، دوای ڕووخانی ئەمارەتە كوردییەكان، دەوڵەتی عوسمانی ڕاستەوخۆ بە لایەنی كارگێڕیی ناوچەكانی سەر بەو ئەمارەتانە پەیوەندیدار بووە. لەو سۆنگەیەوە بەشێك لە كاربەدەستانی دەوڵەت لەو ناوچانە و ناوچەكانی تری سەر بە دەوڵەتی عوسمانی؛ كورد بوونە، بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەین لەبەر ڕۆشنایی تۆماری فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی هەر جارە و ژیاننامەی یەكێك لەو فەرمانبەرانەی كە خەڵكی دەڤەری بادینانن لەنێو ئەرشیفخانەی عوسمانی بدۆزینەوە و بە زمانی كوردی بیخەینە بەر چاوی خوێنەران، بێگومان وردەكاریی ژیانی ئەو فەرمانبەرانە بۆ یەكەم جارە لەنێو مێژووی نووسراوی كوردیدا دەخرێنە ڕوو، هیوادارین كەلێنێك لە مێژووی كەسایەتییەكانی كورد پڕبكاتەوە.

فەرمانبەر و كاربەدەستی ئەمجارەمان، ئەگەر چی لە بنەڕەتەوە خەڵكی بادینان نەبووە، بەڵام لە سەردەمێكدا قائیمقامی ڕواندز و ئامێدی بووە و تەنانەت هەر لە ئامێدیش لەو كاتەی قائیمقام بووە كۆچی دوایی كردووە.

مستەفا ئەفەندی كوڕی یوسف ئاغایە، ساڵی 1844ز لە (یۆزغاد)ی نزیك ئەنقەرە لەدایك بووە. هەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی و ڕوشدییەی خوێندووە و دواتر خوێندنی تەواو كردووە و زمانی توركی زانیوە و ئاشنای عەرەبیش بووە. لە ساڵی 1285ی كۆچی (1868ز)  بۆتە قائیمقامی شاری (المرج) لە بەنغازی لیبیا و لە ساڵی 1288 دا هەر لە هەمان لیوادا بۆتە قائیمقامی (اجدابیا). لە ساڵی 1289 دەستی لە كاركێشاوەتەوە و لە هەمان ساڵدا لە ویلایەتی تەرابلوسی ڕۆژئاوا بۆتە قائیمقامی شاری (اورفلە) سرت ی لیببا. ساڵی 1291 لە ترهونەی لیبیا و ساڵی دواتر لە چال-ی قەرەحصار بۆتە قائیمقام.

دوای ئەمە چەند مانگێك دەستی لە كاركێشاوەتەوە و هەر لەو ساڵەدا بە مووچەی 3500 قڕووش لە لحیە و ساڵی 1295 لە قەزای نحا بۆتە قائمقام و دوای ئەم فەرمانبەرێتییە بە فەرمانی بابی عالییەوە بۆتە فەرمانبەری هەمیشەیی. دواتر لە چەند قەزایەكی تری لیبیا و تونسی ئێستا بۆتە قائیمقام.

ساڵی 1325 لەبەر ئەوەی (عومەر ئاصەف ئەفەندی)ی قائیمقامی ڕواندز نەیتوانیوە لەسەر كارەكەی خۆی بەردەوام بێت، گوایە كەیفی بە هەوای ڕواندز نایەت، ئیتر بە فەرمانێك مستەفا نەجاتی ئەفەندی بە مووچەی مانگانەی 2250 قڕووش لە 2/4/1907 لە ڕواندز دەبێتە قائیمقام(1). پاشان لە 22/3/1908 لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق ئەفەندیی قائیمقامی ئامێدی گۆڕینەوەیان پێ دەكرێت و ناوبراو دەبێتە قائیمقامی ئامێدی(2).

وەك لە بەڵگەنامەكاندا دەردەكەوێت، قائیمقامی ناوبراو دوای دوو ساڵ نەخۆش دەكەوێت و لە 20/9/1909 دا وەسیەتنامەیەك بە ئامادەبوونی محەمەد شوكری موفتیی ئامێدی دەنووسێ و دوای دە ڕۆژ لە نووسینی وەسیەتنامەكە، ناوبراو كۆچی دوایی دەكات و لە گۆڕستانی ناو ئامێدیدا بەخاك دەسپێردرێت.

محەمەد شوكری ئامێدی دەقی وەسیەتنامەكەی قائیمقام بۆ عەلی بەگی كوڕی نەجاتی ئەفەندی دەنێرێ و تەواوی وردەكارییەكانی مردنی باوكی تێدا ڕوون دەكاتەوە. لە نووسراوەكەدا هاتووە؛ كە ئەو كاتەی نەخۆش كەوتووە، ڕۆژانە یەك دوو جار سەرم لێی دەدا و ئەو كاتەی لە گیانەڵادا بوو سێ جار سووڕەی یاسینی شەریفم بەسەردا خوێند و ئەنجا بەرەو بارەگای باری تەعالا چوو. لەنێو خەڵكێكی زۆردا جەنازەكەمان هەڵگرت و زۆر بە شێوەیەكی ڕێك و پێك ئەسپەردەی خاكمان كرد(3).

دیارە لە وێنەی وەسیەتنامەكەیشدا هاتووە كە؛ هەر شتێكی هەمە بۆ نەعیمە خانی حەرەمم بێت و پێنج لیرەی عوسمانیم بۆ بكرێتە ئیسقات و دە لیرەیش بە هۆی شوكری ئەفەندی موفتییەوە بەسەر هەژار و نەداران دابەش بكرێت. دە لیرەیش لە بەغدا و لە مەقامی حەزرەتی عەبدولقادری گەیلانی بمۆ بكرێتە خەتم و مەولیدی نەبەوی. شەست لیرەیش بۆ نەعیمە خانی خێزانم. كە خێزانم لە ئەستەنبوڵەوە هاتە موسڵ لە بانكی موسڵدا 140 لیرەی عوسمانیم هەیە. با چل لیرەی بۆ عەلی بەگی كوڕم و شەست لیرە بۆ حەرەمم حاجی خانم و بیست لیرە بۆ نەوەم ئەمینە خانم و بیست لیرەیش بۆ یوسف زیابەگی نەوەم بێت. عەلی بەگی كوڕم لە ئەستەنبوڵ باش چاوشی جاندرمەیە و با ئەو ئاگادار بكرێتەوە و سوپاس بۆ خوا هیچ قەرزاری هیچ كەس نیم.

دیارە لەو وەسیەتنامەدا وێڕای موفتی شوكری ئەفەندی، هەر یەك لە محەمەد خالید باباحاجیزادەی ئامێدی كە كاتبی تەحریر بووە و خەلیل مەحموودزادەی كەركووكی كاتبی تاپۆ و شێخ ئەحمەد عەبدولحەلیم زادە شاهێد بوونە.

موفتیی محەمەد شوكری لە نامەكەیدا بۆ عەلی بەگی كوڕی قائیمقام تەواوی وردەكارییەكانی خستۆتە ڕوو و ئاماژەی بەوە داوە كە؛ سعاتەكەی دەستی و چی كەلوپەلی تایبەتی باوكت هەبووە وەك یادگار ناردوومانەتە لای حاجی محەمەد پاشا لە موسڵ و هیچ شتێكی لای ئێمە نەماوە. ئەو دە لیرەیشی ئاماژەی پێدابوو لێرە بەسەر هەژارانمان دابەش كرد و خوالێخۆشبووشمان لەناو قەڵای ئامێدی لە گۆڕستانی ئەولیایانی خودا لە تەنیشت گۆڕی سەید محەمەد ڕەشید ئەسپەردەی خاك كرد(4).

لەم بەڵگەنامانە دەردەكەوێت كە ناوبراو ساڵێك و شەش مانگ، واتە لە نێوان 22/3/1908ز- 30:9/1909ز قائیمقامی ئامێدی بووە و وا دیارە خێزان و مناڵەكانی لای خۆی نەبوونە و بەهۆی نەخۆشییەوە هەر ئەو كاتەی قائیمقام بووە كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی ئامێدی ئەسپەردەی خاك كراوە.

بەهیوای ئەوەی مێژووی قەزایەكانی سەردەمی عوسمانی بنووسرێتەوە و بە دیاریكراوی ساڵی دەستبەكاربوون و دەستلەكارهەڵگرتنیان تۆماربكرێن.

پەراوێز و ژێدەر:

İ..DH..01454

BEO. 003276.245654

DH.MUİ..00114.00063.002

DH.MUİ..00114.00063.002

 ئەرشیڤی عوسمانی، كۆدی بەڵگەنامەكان:

İ..DH..01454

BEO. 003276.245654

DH.MUİ..00114.00063.002

Check Also

تزبی.. دیرۆک و پەیدابوون

محسن عەبدلڕەحمان تزبی ئەو ئالاڤێ‌ بیرئانین و پەرستنێ (ذكر و عبادة) یا سنوور و دین …