عەبدولخالق یەعقووبی
ڕۆلان بارت لە کتێبێکی دا بە ناوی s/z کە ڕەخنەیەکی پێکھاتەخوازانەیە (structuralistic) لە سەر چیرۆکی (سارازین)ی باڵزاک باسی دژوازیی نێوان دوو جۆر ڕۆمان دەکا: ڕۆمانی کلاسیک و ڕۆمانی نوێ. بە بڕوای بارت دەقی ڕۆمانی ڕیالیستی کلاسیک دەقێکی خوێنەرانەیە (Readerly Text). لە دەقی خوێنەرانە دا بنەمای پرۆسەی خوڵقانی مانا لە سەر زەینییەتی خوێنەر دانامەزرێت، چونکه نووسەر پێشەکی لە ڕێگای دەسەڵاتی خۆی بە سەر دەق دا و ھەر وەھا لە ڕێی بەکارھێنانی ھەندێک زەمینە و پێش فەرزی زەینییەتی خۆی، ھەر لە سەرەتاوە، مانای دەقەکە و ئەرکی خوێنەری – کە پەسەندکردنی ئەو مانایە بێت – ڕوون کردووەتەوە.
لە دەقی خوێنەرانە دا، خوێنەر مافی داھێنانی مانایی لێ زەوت دەکرێت و تەنیا وەزیفەی ئەوەیە، دەقەکە بەو شێوەیە بخوێنێتەوە، کە نووسەر مەبەستییەتی.
بەڵام لە دەقی نووسەرانە دا (Writerly Text) پرۆسەی خوێندنەوە لە سەر بناغەی توانستی داھێنانی ماناییی خوێنەر داڕێژراوە. لە مجۆرە دەقانە دا خوێنەر لە ڕێگای ئافراندنی مانایەکی تایبەت بە زەینییەتی خۆی سەرلەنوێ دەقەکە دەنووسێتەوە، ڕەنگە دەقێکیتر و دنیایەکی تر. بارت نووسەرانەبوونی دەق بە تایبەتمەندیی بەرچاوی دەقی نوێ دەزانێت.
بە مجۆرە لە کتێبی s/z دا بارت ئەدەب دەکاتە دوو بەش: لە دەستەی یەکەم دا خوێنەر دەورێکی ئەوتۆ ناگێڕێت، ئەگەریش ئەرکێک ھەبێت تەنیا سەلماندن یان نەسەلماندنی دەقەکەیە، واتە خوێنەر تەنیا کاوێژکەرەوەی ئەو شتەیە، کە نووسەر دەرخواردی داوە. ئەمجۆرە ئەدەبە ئەدەبێکی خوێنەرانەیە، ئەدەبێک کە ئەگەر بخوازی بیخوێنیتەوە، پێویستە پێشەکی تەسلیمی ویست و خواستەکانی بیت. لەم چەشنە ئەدەبە دا بە ساکاری لە دالەوە دەگەی بە مەدلوول بە بێ ھیچ تێڕامان و لێوردبوونەوەیەکی ئەوتۆ.
بەڵام لە ئەدەبی دەستەی دووھەم دا ئەرکێکی تایبەت دەکەوێتە ئەستۆی خوێنەر. خوێنەر دەبێتە پاژێک لە پاژەکانی دەق، بە وتەیەکی تر خوێنەرێک بوونی نییە لە دەرەوەی دەق. لەم چەشنە ئەدەبە دا نووسین پرۆسەیەکی خاوەن سەرەتا و کۆتایی نییە، یەک جار دەستی پێ بکەی و یەک جاریش کۆتایی پێ بێنیت، بەڵکوو دەروازەیەکی ھەمیشە لە سەر پشتە بە ڕووی خوێنەر دا، تاکوو بێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان دەوری نووسەر بگێڕێت. لە دەقی نووسەرانە دا دال ڕاستەوخۆ ئاماژە بە مەدلوولەکەی ناکا، مەودای نێوان دال و مەدلوول پێچوپەنا و کەندولەندی زۆرە.
دەقی خوێنەرانە دەقێکی ڕاوەستاوە و لە جیھان وەک سیمایەکی نەگۆڕ دەدوێت. بەڵام دەقی نووسەرانە ناخوازێت ئێمە لە دەلاقەی زمانەوە بڕوانینە جیھانی کەتوار (واقیع)، بەڵکوو ھانمان دەدات لە گەوھەر و سروشتی زمان ورد ببینەوە. کەواتە، لە دەقی نووسەرانە دا ئەگەر بڕیار بێت جیھانێک ھەبێت، ئەوە تەنیا ئەو جیھانەیە، کە خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوە دا دەیخوڵقێنێت.
لە ژانری چیرۆک دا سێ جۆر گۆتار دەبینرێت: گۆتاری واقیع، گۆتاری مرۆڤ، و گۆتاری دەق. لە چۆنێتی و چەندێتیی گرنگیپێدان بەم گۆتارانەشەوە، سێ جۆر ڕەسەنایەتی لەدایک دەبن: ڕەسەنایەتیی ئۆبژە (بابەت)، ڕەسەنایەتیی سووژە (زەین) و ڕەسەنایەتیی دەق.
لە ڕەسەنایەتیی ئۆبژە دا ئەوەی گرنگی پێ بدرێت کەتوار و جیھانی کەتوارە. ئەمجۆرە ڕەسەنایەتییە پێی وایە، نووسین واتە خوڵقاندنەوەی واقیعی دەوروبەرمان. تۆ کە لە چیرۆک دا دەنووسی “پشیلە”، بە قەولی نۆرترۆپ فرای، واتە ھەر ئەو گیانلەبەرەی کە دەمیاوێنێت. زۆرینەی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی – بە تایبەتی پێش نەوەدەکانی سەدەی پێشوو – دەچنە ئەم خانەیەوە. بۆ نموونە، (غەوارە)ی (عەزیزی مەلا رەش) دەقاودەق ڕەسەنایەتی دەدات بە کەتوار. نووسەر ھیچ دەستێک لە کەتوار وەرنادات و گێڕانەوەی کەتواری بێ ڕوتووش دەکاتە ھەوێنی ڕۆمانەکەی. گریمانە و فەڕزی سەرەکی و ھەمیشەییی نووسەری لەم دەستە ئەوەیە، کە ئەو شتەی بە واژەی (پشیلە) ناوی دێت، دەبێت ھەمان پشیلەکەی کەتوار بێت، کە لەنێو زەینی خوێنەریش دا دەمیاوێنێت.
لە ڕەسەنایەتیی سووژە دا ئەوەی سەرنجێکی شایانی پێ بدرێت، لایەنی خودئاگاییی گێڕەڕەوە و خودی توێژەکانی زەینە لە خودئاگاییەوە، تا ڕەھەندە پڕپێچوپەناکانی ناخودئاگایی. لە ئەدەبی ڕۆژاوا دا، نموونەیەکی بەرچاو کارەکانی (جیمز جۆیس)ە و ھەڵبەت ڤیرجینیا ئۆڵفیش. لە چیرۆکی کوردی دا، ئەگەر بمانەوێت نموونەیەکی کەموزۆر سەرکەوتوو بۆ ئەم خانەیە بدۆزینەوە، دەبێت ئاماژە بە کورتەچیرۆکەکانی (شێرزاد حەسەن) بکەین، بۆ وێنە لە “من و قالە و سەگەکەی پاڤلۆڤ” دا.
لە ڕەسەنایەتیی دەق دا ئاشکرایە، ئەوەی دەکەوێتە ناوەندی سەرنجەوە دەقە و ھەر وەتر پێوەندیی دەق بە دەقەکانی پێشووەوە. لەمجۆرە ڕوانینە بۆ چیرۆک لە نێوان نووسەر و خوێنەر و دەق دا گەمەیەکی ھاریکارانەی سێ قۆڵی بۆ نووسین و خوێندنەوەی دەق دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت. لێرەدایە، کە دەڵێین دەق بەردەوام لە حاڵی نووسینەوەدایە. لە ھەمان کات دا بەردەوام لەحاڵی خوێندنەوەشدایە. نە نووسەر دوابڕیاری خۆی لە سەر نووسینی دەق دەردەکات، نە خوێنەر لە سەر خوێندنەوەکەی. وەک (ھۆشەنگ گوڵشیری)، چیرۆکنووسی ناسراوی فارس، دەڵێت، ئەگەر لە ڕابردوو دا دەقێکمان ھەبوو بە ناوی کەڵەدەق، کە بەر لە ئێمە نووسراوە، ئێستا وردەدەقگەلێکمان ھەیە، کە لە سەر دەستی ئێمەی خوێنەر دەنووسرێنەوە.
چیرۆکی کوردی زۆر بەدەگمەن لەم بوارە دا ھەوڵی جیدیی داوە. چیرۆکی (مەبال)ی (یۆنس ڕەزایی) لەم ھەوڵە دەگمەنانەیە. لەم چیرۆکە دا دەبینین نووسەر لە زمانی ڕەخنەکارێکی فەڕزییەوە ڕێگا بە خوێنەر دەدات، لە ھەڵوەشاندنەوە و نووسینەوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی ھەموو چیرۆکەکە دا بەشداری بکات. لە “مەبال” دا نووسەر خۆی بە ئەنقەست لە ڕێگای دابەشکردنی دەقی چیرۆکەکەی بە سەر چەند وردە دەق دا، دەسەڵاتی خۆی دەدا بە جۆری خوێندنەوەی خوێنەر.
لە ئەدەبی ڕۆژاوا دا کاری پۆست مۆدێرنیستەکان دەکەوێتە ئەم خانەیەوە. ئەسڵی (نەبوونی قەتعییەت)ی باوەڕی پۆست مۆدێرنیستی لە گەڵ ئەم چەشنە ڕوانینە بۆ چیرۆکنووسی یەکدەگرێتەوە.
ئێستا پرسیارێک، کە دەتوانێت سەرەداوی باسی یەکەم و دووھەممان بە یەکەوە گرێ بدات ئەوەیە، کە ڕۆحی دەقی نووسەرانە نیزیکتر لە کام یەک لەم سێ جۆر ڕەسەنایەتییانەیە، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان؟ بە وتەیەکی تر، ئایا وا ھەیە بڵێین ئەگەر ھات و دەق بکەوێتە یەکێک لەم سێ خانەی ڕەسەنایەتییەوە، ھەر بەو نیسبەتەش ڕێژەی خوێنەرانەبوون یان نووسەرانەبوونی بگۆڕدرێت؟
بێ گومان لە ڕەسەنایەتیی کەتوار دا دواجار دەقێک بەرھەم دێت، کە خۆی بە ڕیالیزمێکی ڕووتەوە خەریک دەکات. کەوایە، بێ سێ و دوولێکردن دەتوانین بڵێین ئەمجۆرە ڕەسەنایەتییە دەقی خوێنەرانە بەرھەم دەھێنێت. ئەگەر زۆرینەی چیرۆکی کوردی دەقی خوێنەرانەن، ئەوە بێ شک ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر جۆری ھەڵبژاردنی ڕەسەنایەتییەکەی، کە بەردەوام لە سەر خوڵقاندنەوە و نواندنی کەتوار پێدادەگرێت. لە مجۆرە چیرۆکانە دا، دەبینی لە ئاکام دا پەیامێکت پێ دەگات، بەڵام شانبەشانی ئەم پەیامە ھیچ چەشنە جوانکارییەکی ھونەریی چیرۆک وەرناگریت. بە تەعبیرێکیتر، لەو چیرۆکانەی کە ڕەسەنایەتیی کەتوار دەکەن بە ڕەسەنایەتیی باڵادەست، ئایدۆلۆژیا، کە دواجار لە قەوارەی پەیام دا خۆی دەردەخات، دەنگی زاڵی دەقە. ئەو شەپۆلە چیرۆکەی کە لە سەر دەستی گەڕیانی (ڕیالیزمی سوسیالیزم) لە دەوروبەری شەستەکان و حەفتاکان و زیاتر لە کوردستانی باشوور دەنووسران، نموونەی ھەرەئاشکرای ئەمجۆرە ئایدۆلۆژیاخوازییەن. لە چیرۆکی کوردستانی ڕۆژھەڵات دا، ئەگەر پێمان وایە زمانی کۆمەڵەچیرۆکی (پێکەنینی گەدا)ی حەسەنی قزڵجی زمانێکی پتر وەسفی و کەمتر گێڕانەوەییە، بێ شک ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕەسەنایەتییەی کە ئەم کۆمەڵەچیرۆکە دەیخوازێت، واتە ڕەسەنایەتیی کەتوار یان واقیع.
بەڵام لە ڕەسەنایەتیی سووژە دا ئایدۆلۆژیا دەورێکی ئەوتۆ ناگێڕێت، بەڵکوو ئەوە زەینییەتی بگۆڕی کەسایەتییەکانە، کە دەسەڵاتی سەرەکیی جیھانی چیرۆکیان بەدەستەوە دەبێت. لە ڕەسەنایەتیی سووژە دا وردەوردە ڕێگا بەرەو گەیشتن بە دەقی نووسەرانە خۆش دەبێت. سووژە دونیایەکی فرەبوار و فرەلایەنە، دونیایەک کە ئاڵۆزی یەکەمین و گرنگترین نیشانەیەتی، دونیایەک، کە تەنانەت کەتواریش لە کەتواربوونی خۆی دادەماڵێت و ڕۆحی کەتوارێکی ھونەریی بە بەردا دەکات. بە وتەیەکی وردتر، لە ڕەسەنایەتیی سووژە دا کەتوار لە بێژنگی زەینییەتی کەسایەتییەکانی دەدرێت، ئەو زەینییەتە جۆراوجۆرانەی، کە دەکرێت ھەر کامیان لە گۆشەنیگایەکەوە لە جیھان بڕوانن و ڕاڤەی بکەن، بەو نیسبەتەش دەنگی جۆراوجۆر بخوڵقێنن و دواجار ئەو ھەلە بۆ خوێنەر بڕەخسێنن، کە لە نووسینەوەی دەق دا بەشدار بێت.
بەڵام لە ڕەسەنایەتیی دەق دا سەرلەبەری پێکھاتەی دەق لەپێناوی ئاواڵەھێشتنی دەستی خوێنەرە بۆ پەسندکردنی ھەرچەشنە ڕاڤە و ڕوانینێک، کە دەکرێت بەپێی ڕەگەزەکانی دەق لە دەقی ھەڵێنجێت. لە مجۆرە ڕەسەنایەتییە دا، دەق خۆی دەکاتە ناوەندی سەرنجی خوێنەر. واتە ئەوەی دەق بوونی کەتوار و بوونی سووژە لە نێو بوونی خۆی دا دەتوێنێتەوە و ئینجا خۆی وەک بابەتی خوێندنەوە و نووسین دەخاتە بەر دەستی خوێنەر. کاتێک لە چیرۆکێکی پۆستمۆدێرن دا نووسەر لە ڕێگای ھێندێک تەکنیکی گێڕانەوەییەوە، بەردەوام باسی دەقی چیرۆکەکەی دەکات، دەخوازێت ئەو ڕاستییە وەبیر خوێنەر بێنێتەوە، کە ئەو دونیایەی ئێستا بۆت دەگێڕمەوە دونیای ئەو چیرۆکەیە، کە لە سەر دەستی منی نووسەر خوڵقاوە؛ کەوایە، تۆ ئێستا لە گشت جیھانی کەتوار دابڕاوی و لەنێو جیھانی دەقی من دا دەژیت. لێرەدایە، کە خوێنەر ناڕاستەوخۆ دەکێشرێتە نێو ژیانەوە و نووسینەوەی دەقی چیرۆک. بە وتەیەکی تر، لە ڕەسەنایەتیی دەق دا خوێنەر ناچارە، لەوەی لە گەڵ دەق بژیت، چونکی گشت جیھان لە نێو دەق دا کۆدەبێتەوە، لە ئۆبژەوە بگرە تا سووژە، تەنانەت خودی دەقیش؛ کەوایە، لە دەرەوەی دەق جیھانێک بەدی ناکرێت، ھەتا بیھەوێت بێ ئەو دەقە بژییت. ئەوە ھەستێکە، کە لە کاتی خوێندنەوەی، بۆ نموونە، ڕۆمانی “بەفر”ی “ئۆرھان پاموک” دا خوێنەر دادەگرێت.
ئەو چیرۆکەی کە خاوەنی ڕەسەنایەتیی دەق بێت دەقێکی نووسەرانەیە، دەقێک کە دواجار خوێنەر و نووسەر و جیھان لە نێو پێکھاتەی خۆی دا کۆدەکاتەوە و دەرفەتی پێکەوەژیان و یەکترنووسینەوەیان پێ دەدات. لە دوابەشی نۆڤێلێتی “خەونی جاڵجاڵۆکەکان”ی “شێرزاد حەسەن” دا، ئەو خەونەی کە گێڕەڕەوەی چیرۆکەکە بۆ “پاکیز”ی خێزانی دەگێڕێتەوە تێکەڵ بە کەتوار دەبێت. کەتوار یان واقیع، کە ئەو بەشە لە چیرۆکەکەیە کە گێڕەڕەوە و خێزانی خەریکی دەمەتەقە لە سەر خەونەکەن لە نێو خەونەکە دا دەتوێتەوە. خوێنەر کە سەرەتا بیسەری خەونەکەیە، لە نێوەڕاستی چیرۆکەکە دا دەبێتە بینەری ئەو خەونە و دواجار دەبێتە بەشێک لەو خەونە. ئەم چیرۆکە نموونەی ھەرەباشی چیرۆکێکی کوردییە، کە ڕەسەنایەتی داوە بە دەق.
لە دواسیکانسی فیلمی (گومانلێکراوە ھەمیشەییەکان) دا، (شۆزێ)، قارەمانی سەرەکی، کە پیاوکوژێکی ونی بەناوبانگە، لە دایرەی پۆلیس و لە ژووری لێپرسینەوە دا سەرۆک پۆلیس ھەڵدەخەڵەتێنێت و خۆی بە بێتاوان دەسەلمێنێت و دەڵێت: “گەورەترین فێڵی شەیتان ئەوە بوو؛ کە ئەم باوەڕەی خستە نێو دڵمانەوە، کە بوونی نییە”؛ منیش دەڵێم گەورەترین فێڵی چیرۆک لەوەدایە، کە قەناعەتمان پی دەھێنێت کە بوونی ھەیە.
پەراوێز و سەرچاوە :
١. مقدادی، بھرام، فرھنگ نقد ادبی، تھران ١٣٧٨، لل ٤٤١-٤٤٢
٢. ئێمبێرتۆ ئیکۆ لە بری دەستەواژەی دەقی نووسەرانە لە دەقی کراوە و لە بری دەقی خوێنەرانە لە دەقی داخراو کەڵکی وەرگرتووە.
٣. گلشیری، ھوشنگ، کارنامە، شمارە ١٠، ل ٥
٤. مەبال، یۆنس رەزایی، رامان، ژومارە ٦١، لل ١٤٩-١٥١
٥. خەونی جاڵجاڵۆکەکان، شێرزاد حەسەن، رامان، ژومارە ٦١، لل ١٦٢-١٧٦