رەوشی پرۆسەی وەرگێڕان لە کوردستان

باهۆز مستەفا

 

ئەگەر لە ئێستا دا، سەیری پرۆسەی وەرگێڕان لە هەرێمی کوردستان بکەین، دەبینین گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەم گەشەکردنە لە هەردوو بواری زانستی و ئەدەبی گرتۆتەوە، بابەتە زانستییەکان و بابەتی ئەدەبی و مرۆڤاتییەکان، کۆمەڵێک بەرهەمی جۆراوجۆر کراونەتە کوردی. ئەم کارانەش پرۆژەی تاکەکەسی و دەزگایی سەربەخۆن، کەمتر حکومی و دامودەزگا فەرمییەکانن، ئەمەش لەبەر دوو هۆکارە؛ یەکەم: چونکە وەرگێران هونەرە لە هەمان کاتیش دا زانستە، واتە وەرگێڕان کارێکی تا ڕادەیەک پەیوەندی بە چێژی تایبەتی و گشتی و مۆرالی سەردەمەکەوە هەیە. دووەم: وەرگێڕان بۆتە بابەتێکی پێویستە و ناتوانرێت دوابخرێت، ئەمەش بۆ هەردوو بواری زانستی و ئەدەبی وەک یەک پێویستە. بۆیە ئەگەر بەرنامەیەکی ڕێکوپێکی دیاریکراویش نەبێ و حکومەت بودجەشی بۆ تەرخان نەکات. ئەوە کەرتی تایبەت و دەزگاکانی دیکە پێویستییەکە پڕ دەکاتەوە، چونکە بازاڕەکەی داوای لێ دەکات. ئەمەش کارێکی باشە سەرەڕای نەبوونی فلتەر و لێژنەی بەدواداچوون.

خۆزگە ئەو شەپۆڵە هەر زوو، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وە دەستی پێدەکرد، چونکە ئەو کات کەشوهەوایەکی تازە دروست ببوو، دیموکراتی جێگەی دیکتاتۆریەتی گرتببووە، جەوێکی تەواو ئازاد هاتبووە ئاراوە، چاپکردن و بڵاوکردنەوە سانسۆری لەسەر نەمابوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی عەقليەتی خۆدروستکردنەوە، خۆپەروەردەکردن لەڕێگای وەرگێڕان و ئەزموونی سەرکەوتووی میللەتانەوە، نەبوونی کەسانی شارەزا (بە ماناتەواوەکەی) لەو سەردەمە دا نەتوانرا ئەو کارە بکرێت، هەرچەندە کاری وەرگێڕان کراوە، وانەبێ نەکرابێ، کە دواتر دێمە سەری، بەڵام وەک دوای دوو هەزارەکان نەبووە، هەروەها هۆکاری شەڕی نەگریسی ناوەخۆ دووبارە تاریکی و نەزانی باڵی بەسەر ئەدەب بەگشتی و وەرگێڕان بەتایبەتی کێشایەوە.  

لەم قۆناغە دا لە کوردستان وەک کورد لە ڕوانگەی پێگەیشتن و پەرەسەندنی کۆمەڵی کوردەواری، پرۆسەی وەرگێڕان زۆر بە گرنگ و باش دەبینم، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی جیهانییەوە سەیری بکەیت و لە گەڵ میللەتان بەراوریدی بکەیت، ئەوە زۆر لە دواوەین، چونکە هیچ بەرنامە و سیستمێکی ڕێکوپێک نییە بۆ ئەم پرۆسەیە، چونکە هیچ لیژنە و فیلتەرێک نییە بۆ چاودێریکردنی بەرهەمی وەرگێڕدراو، کە ئایا ئەو بەرهەمە لەڕووی زمانەوەنییەوە، لەڕووی فکر و فەلسەفەوە…. هتد، چەند لە گەڵ ئاسایشی نەتەوەیی یەکدەگرێتەوە، ئەمە لە ناو هەموو وڵات و نەتەوەکانی دیکە دا هەیە، پەیوەندی بە سنووردارکردنی ئازادییەوە نییە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا هەر نووسراو و کتێبێک بۆنی (نازی)ەتی لێ بێت قەدەغەیە و سزای خۆی هەیە. هیچ کتێبێک بەبێ ئیدیتەر تێناپەڕێت، دەبێ لەڕووی ڕێنوس و زمانەوایەوە پاراو، بێ هەڵە و ئەو ستاندەرەبێ، کە دەوڵەت پەسندیکردووە.

هەروەها زۆرجار بەرهەمێک دووجار و سێجار دەکرێتە کوردی، ئەگەر سیاسەتێکی دیاریکراو بۆ پڕۆسەی وەرگێڕان هەبووایە یان هەبێ، ئەو کات ئامارێک لە بەردەست دا دەبوو، بۆ ئەو بەرهەم و کتێبانەی کراونەتە کوردی، پێویستی نەدەکرد چەندان جار یەک بەرهەم بکرێتە کوردی، جگە لە مە دەکرا لیستێک دروست بکرێ، لەو کتێبانەی، کە زۆر پێویستن بۆ وەرگێڕان بۆ هەر بوارێک، بۆ نموونە ئەگەر باسی بەشی ئەدەبی بکەین، دەبێ لە کتێبە تیۆری و میتۆدە ڕەخنەییەکانەوە دەست پێبکەین، چونکە بەبێ تێگەیشتن لە بنەما تیۆرییەکان، داهێنان ناکرێت و نابینە خاوەن ڕوئیا و تێڕواننی خۆمان. 

زۆری بەرهەمە تیۆرییەکان، کە کراونەتە کوردی کەمێکیان لێوەرگیراوە، واتە تەواوی بەرهەمەکە وەرنەگێڕدراوە، ئەویش لە زمانی دووەمەوە، ئێمە نازانین لە زمانە ڕەسەنەکە بە تەواوەتی چۆنە و چی لێوەرگیراوە. زۆرجار ئەوانەی دەچنەوە سەر زمانە ڕەسەنەکە و بەراوردی دەکەن، جیاوازی زۆر زەق و هەڵەی گەورە بەدی دەکەن. چونکە عەرەب و فارس؛ کە زۆربەی وەرگێڕدراوەکانمان لەو دوو زمانەن، ئەوانەش بەوە ناسراون، کە دەستکاری ناوەڕۆکی بەرهەمە ئەوروپی و ڕۆژئاواییەکان دەکەن و لە گەڵ فکر و بیروباوەڕی خۆیان دەیگونجێنن. هەروەها زۆر لە بابەتە مێژووییەکان بە زمانی سەردەمەکەی خۆیان نووسراون، زمانیش گۆڕانی بەسەردادێ و هێما و دەڵالەت و نیشانەکانیش دەگۆڕێن، وەک زانای زمان (دێ سوسێر ١٨٥٧-١٩١٣) لە تێڕوانینەکانی (سایکرینی و دیاکرۆنی) باسی کردووە. هەروەها شارەزایی لە زار و بن زارە جۆراوجۆرەکان کارێکی زۆر پێویستە و دەبێ وەرگێڕ ئاگاداریبێ.

وەرگێڕان، هەر لە زووەوە گرنگی پێدراوە، مێژووی وەرگێڕان زۆر کۆنە و مرۆڤ لە سەرەتای گەشەکردنی پێویستی پێ بووە، یەکەم وەرگێڕان لە مێژوو دا تەوڕات یان کتێبی کۆنی یەهوودیی بووە، كە لە عیبرییەوە بۆ زمانی گریکی – هێلینی ٢٤٧ ساڵ پێش زایین وەرگێڕدراوە و ٧٢ وەرگێڕ لە ماوەی ٧٢ ڕۆژ تەواویان کردووە، کە لە ساڵی ١٩٦ی پێش زایین دا لەسەر بەردی ڕۆزێتا (حجر الرشید)، بە دوو زمان و سێ ڕێنووس نووسرایەوە: میسری (ئیگیپت)، هیرۆگلۆفین، گریک. ئەو دۆکیومێنتە بووە هۆی ئەوەی ڕێنووسی هیرۆگلۆفین ئاشکرا بکرێت. بەڵام پێش ئەمەش سۆمەرییەکانن، کە لە سەر پارچە قوڕ وشەکانیان بە سۆمەری نووسیوە و بەرانبەریشی بە زمانی ئەکەدی نووسراوە، ئینجا ئاشووری و بابلییەکان.

 بۆیە وەرگێڕان ڕۆڵێکی گرنگی لە گواستنەوەی زانست و کولتوور لە نێوان نەتەوە جیاوازەکان دا بینیوە. ئەدەبی نووسراو هەر لە سەردەمی ڕۆمەکانەوە گرنگی زۆری پێ دراوە، لە گواستنەوەی ئەدەبی گریکییەوە بۆ لاتینی. بەناوبانگترین وەرگێڕی مێژوو: سۆفرۆنیۆس یوسبیۆس جیرۆم (٣٤٧ – ٣٠ی سپتێبەری ٤٢٠ لە بێت لەحمی فەڵەستین کۆچی دوایی کردووە)، کە ئێستا بووەتە ڕۆژی وەرگێڕانی جیهانی. ئەو لە سەر داواکاریی پاپا داماسوس ئینجلی لە گریکی و تەوراتی لە عیبرییەوە کردووەتە لاتینی. 

دووبارەی دەکەمەوە، وەرگێڕان وەک بوارێک یان ژانرێکی دیکە پێویست و گرنگە، لە هەموو ڕۆژگارەکان، وەرگێڕان پێوستییەکی سەردەمەکەبووە، ڕۆمەکان تەواوی بەرهەمە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی گریکییان وەرگێڕایە سەر زمانی لاتینی، لە ناو عەرەب لە سەردەمی (خالد بن یزید بن معاویە) بووە، چەند کتێبێکی کیمیاوی و پزیشکی و فەلەکناسیان لە گریکی کرانە عەرەبی، عەباسییەکانیش لە سەردەمی خەلیفە (مەنسور) دەستی پێکرد لەسەردەمی خەلیفە (مائموون) گەیشتە لوتکە، بە وەرگێڕان بەغدایان کردە ناوەندێکی گرنگی ڕۆشنبیری، لە گەڵ دامەزراندنی (بیت الحکمە) دا، بەغدا بووە سەنتەری وەرگێڕان و زۆربەی کارە زانستییەکان لە گریکییەوە کرانە عەرەبی، دواتر جارێکیتر، لە سەدەی ١٢ و ١٣ لە عەرەبییەوە بۆ لاتینی و ئیسپانی وەرگێڕدرانەوە. 

 

مێژووی وەرگێران بۆ سەر زمانی کوردی دابەش دەبێتە سەر چوار قۆناغ:

قۆناغی یەکەم: لە (خانەی قوبادی ١٧٠٤-١٧٧٤)وە دەستپێدەکات، کە بە یەکەم وەرگێڕی کورد دادەنرێت، بەرهەمەکانی نزامی (ئەسکەندەر نامە و لەیلە و مەجنون)ی کردووەتە کوردی، ئینجا داهێنانی خۆی کردووە بە زمانی کوردی، کە ئەو کات باوی زمانی کوردی نەبووە، زۆرتر بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی ئەدەبی کوردی دەنووسرا، بۆیە خانای قوبادی شانازی بە خۆی کردووە دەڵێ:

 راستەن مواچان فارسی شەکەرەن، کوردی جەفارسی بەڵ شیرینتەرەن

بە لەفز کوردی کورستان تەمام، پێشبوان مەحضوض، باقی (والسلام)

 

قۆناغی دووەم: لە گۆڤاری (هاوار-١٩٣٢)، کە جەلادەت عالی بەدرخان دایمەزراند و رەوشەن بەدرخان، دکتۆر کامەران بەدرخان، ئەحمەد نامی، حەسەن هشیار، نورەدین زازا نووسەر و هاوکاریان دەکرد و کۆمەڵێک نووسەری باشیان لە دەوری ئەو گۆڤارە کۆکردبووەوە. گۆڤاری (گەلاوەژ ١٩٣٩- ١٩٤٩)، کە کۆمەڵێک بابەتی وەرگێڕدراویان تێدا بڵاوکردەوە، لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی، ئەم دوو گۆڤارە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە بڵاوکردنەوەی دەقی وەرگێڕدراو، بێگومان بڵاوکراوەی دیکەش هەبوون، بەڵام وەک ئەو دوو گۆڤارە کاریگەر نەبوون. 

 

قۆناغی سێیەم: لە دوای بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ وە بوو، دوای دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا. نووسەر و ئەوانەی زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزییان دەزانی، زۆر بە ڕژدی کەوتنە کارکردن و دەستیان بە وەرگێڕان کرد، بە بابەتی جۆراوجۆر زمانی کوردیان لە باشووە گەشاندەوە. 

 

قۆناغی چوارەم: دوای ڕاپەڕینی سالی ١٩٩١ وە دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە. بەڵام وەک باسمکرد پێویستمان بە (بیت الحکمة) هەیە، تا باشترین و زۆرترین بەرهەم بکرێتە کوردی، ئەوەش بەوە دەکرێت، پشتگیری وەرگێڕە شارەزا و بە تواناکان بکرێت و بە دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان، تا ئەوانیش بتوانن تەواوی کاتەکانیان بۆ وەرگێڕان تەرخان بکەن، نەک دوای تەواوبوونی کاری سەرەکیان یان هەر بۆ خۆشی حەزیان لە چی بێ و کەی ئارەزوویان لێیبوو دەست بکەن بە وەرگێڕان، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەبێ وەرگێڕان کاری سەرەکیان بێ و داهاتێکی باشایان دەست بکەوێت، بۆ ئەوەی بە سەلیقە و چێژەوە کار بکەن، ئەگینا وەکوو ئێستا دەبێ، لە بیست کتێبخانە پرسیاری کتێبێک بکەیت کەس نازانێت لە کوێ هەیە و کێ کردوویەتی بە کوردی، کەچی لە وڵاتان هەموو کتێبخانەیەک داتایی تایبەتی هەیە و دەزانێ کتێبەکە لە کوێ هەیە و بەردەستە، ئەمە سەرەڕایی ئەوەی ئێستا هەموو ناونیشانێک لە ئینتەرنێت هەیە، جا بە پارەبێ یان بە خۆڕایی. 

باشترین ڕێگا بۆ بەسیستمکردنی وەرگێڕان ئەوەیە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ چەند دەزگایەک گرێبەست بکات و پاڵپشتی داراییان بکات، ئەوانیش لە گەڵ وەرگێڕ و نووسەرەکان گرێبەست بکەن، تاوەکوو مافی نووسەر و وەرگێڕ مسۆگەر بکرێت، هەروەها بابەتەکان لە ڕووی ڕێنووس و هەڵەگرییەوە ئیدیت بکرێت، لەم حاڵەتە دا حکومەت بەبێ هیچ کێشەیەک دەتوانێ وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی بکات، هەروەها بەرهەمە کوردییەکان بە هەمان ڕێوشوێن وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی دیکە، هەموو بەرپرسیارەتییەکیش، لەڕووی کوالیتی و گەیاندنەوە دەکەوێتە سەر ئەو دەزگایەی بەرهەمەکەی بڵاوکردۆتەوە. 

بۆ ئێمەی کورد وەرگێڕان کارێکی زۆر گرنگ و پێویستە، چونکە ئێستاش و پێشتریش ساڵانە هەزاران کتێب وەردەگێڕدرێن، زمانە زیندووەکان، نەتەوە پێشکەوتووەکان بەردەوام بەرهەمی نووسەرانی دیکە وەردەگێڕنە سەر زمانی خۆیان، ئەگەر نموونەیەکی ئاسان وەربگرین، زۆرجار ڕۆمانێک لە ڕۆمانەکان دەبینین، لە سەری نووسراوە بۆ سەد و پەنجا زمان وەرگێڕدراوە. ئەگەر بتەوێت داهێنان بکەیت، دەبێ ئاگاداری کولتوری نەتەوەکانی دیکە بیت و فکر و شێواز و ترادسۆنیان بناسیت. 

کاری وەرگێڕان لە هەموو بەش و کایەکانی دیکە دا دەکرێت، بە تایبەتی زانست. بەڵام چۆن؟

وەرگێڕان کارێک نییە، تۆ لە شەو و ڕۆژێک دا بڵێیت دەی با خۆم بکەم بە وەرگێڕ یان بڵێت ئەو ماوەیە بێ کارم، با تۆزێ وەرگێڕان بکەم. وەرگێڕان وەک هەر زانستێکی دیکە پێویستی بە زانیاری و ڕۆشنبیری هەیە و هەروەها پێویستی بە زانینی زمان هەیە، جا هەر زمانێک بێت، جگە لە زمانی دایک، کە دەبێ بە شێوەیەکی ئەکادیمی فێری بووبێ، بۆ ئەوەی زمانێکی دیکە واتە بیانی بە باشی فێربیت، ئەوە دەبێ ماوەیەکی باش خەریکی ئەو زمانە بیت، کە ڕەنگە پێچ بۆ دە ساڵی زیاتریشی پێویست بێت، تا بتوانێ خۆت لە قەرەی وەرگێڕانی بابەتی ئەدەبی، بە تایبەتی تیۆری ئەدەبی و شیعر بدەیت. هەر وەرگێڕێک چەندین ساڵ لە نێو زمان کاری کردووە، ئینجا گەیشتۆتە ئەوەی بوێرێ خۆی لە قەرەی وەرگێڕان بدات، واتە وەرگێڕ پێشوەختە هێزێکی ئەدەبی و زمانەوانی تێدایە ئەو کاتە دێتە مەیدانەکە. 

وەرگێڕان لە دەرەوە بۆتە پیشە وەک هەر پیشەیەکیتر، وەرگێڕی زارەکی و ڕاستەخۆ هەیە لە گەڵ وەرگێڕی تێکست، ئەوەش بۆ هەموو بەش و زانستەکان وەک یەکە. دروست بوونی وەرگێڕی باش لە هەموو شوێن و وڵاتێک پەیوەندی بە خودی قوتابییەکە یان ئەو کەسەوە هەیە، کە لەو بەشە دەخوێنێت، چەندە هەوڵی بۆ دەدات و خۆی بۆ ئامادە دەکات، هەروەتر لە کامە بوار دەیەوێت کاری وەرگێڕان بکات، دەبێ فەرهەنگێکی دەوڵەمەند لەو بوارە و بوارەکانی پەیوەست بەوە لە مێشکی دا دروست بکات.

 لە وڵاتان بە تایبەتی ڕۆژئاوا، وەرگێڕان کارێکە، زۆر گرنگی پێدەدرێت، هەرکەسێک وەرگێڕان بکات پاداشتێکی باشی هەیە، بۆ هەر جۆرە وەرگێڕانێک بێ زارەکی یان تێکست و دۆبلاژ بۆ ناو زمانەکە یان بە پێچەوانەوە، گرنگییەکەی بۆ خودی وەرگێڕەکە و بۆ دەزگاکەشە، کە دواجار بە قازانجی نەتەوەکە دەشکێتەوە و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە. 

وەرگێڕ لە دونیا دا لە باشترین حاڵەتی ئابووریدایە، بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کەمتر توشی بێ کاریی دەبن، کە لای خۆمان بەرچاومان دەکەوێت. پاشان لەوێ بەهۆی زۆری بەشەکان و بوونی کۆمەڵێک دەمەزراوە و کۆمپانیا دەرفەتی کارکردن زۆرە بۆ وەرگێڕی ڕاستەوخۆ و تێکست، بۆ نموونە دونیایەک دامودەزگای ڕاگەیاندنیان و پەخش و چاپ و بڵاوکردنەوە هەیە، چەندان کۆمپانیای جۆراوجۆر هەن، کار لە گەڵ وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەکەن، ئەوە سەرەڕای پۆلیس و بەشی مانەوەی بێگانە و نەخۆشخانە و هوتێل و فڕۆکەخانە و وێستگەی شەمەندەفەر و ناوەندە ئەکادیمی و وەرزشی و شوێنە تایبەتییەکان، کە جیهانی دەرەوە ڕوویان تێدەکات…هتد. بۆیە هەر کەسێک لە هەر بوارێک خاوەن توانابێ، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ شوێنی کار بۆ خۆی بدۆزێتەوە و کاری تێدا بکات. ئەمە بۆ هەموو بوارەکان گونجاوە. 

بۆیە دەبێ پرۆسەی وەرگێڕان کاری لەسەر بکرێ و لیژنەی ئەکادیمی و کەسانی شارەزا و ڕۆشنبیر چاودێری رەوشەکە بکەن، رێگە لە بەرهەمی کرچوکاڵ و بێ بایەخی بگیرێت و پشتگیری بەرهەمی دانسەق و وەرگێڕی خاوەن ئەزموون بکرێت. 

ئەگەر نموونەیەکی سادە وەربگرین، وەک (ئینستوتی گۆتە) لە هەولێر، پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین، ئەو پەیمانگەیە بۆچی هاتووە و کاری چییە؟ ئەی قونسلییەی ئەڵمانی لێرە نییە، ئەوان چی دەکەن؟ وەڵام: وڵاتی ئەڵمانیا بۆ خزمەتکردنی کولتۆری خۆی بە تایبەتی زمان و ئەدەبەکەی، جگە لە بوونی ئینستوتی گۆتە لە ١٢٨ دەوڵەوت، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە سێ پارێزگایە، پێنچ شەش ملیۆن کەس قسەی پێدەکات، زمانێکی جیهانی و زیندوو نییە لە چاو زمانەکانی دیکە، خوێنەری کەمە، خاوەنی شارستانەیەتێکی دیار و سەردەمیانە نییە، لەڕووی بازرگانی و پێشەسازییەوە پێگەیەکی وای نییە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە، کە زمان و ئەدەبیات لە خۆوە پێش ناکەوێت ئەگەر خزمەت نەکرێت، ئەگەر کاری بۆ نەکەیت.  

 

سەرچاوە: 

  1. شیرین و خسرەو، خانای قوبادی، محەمەدی مەلا کەریم.
  2. مێژووی ئەدەبی کوردی بەرگی سێیەم، مارف خەزنەدار.
  3. ئینستیوتی گۆتە، ویکیپێدیا.
  4. گۆڤاری گەڵاوێژ ١٩٣٩ – ١٩٤٩، ئامادەکردنی کۆمەلێک نووسەر، ٢٠١٦.
  5. گۆڤاری هاوار ١٩٣٢ – ١٩٤٣ دیمەشق/ جەلادەت بەدرخان.
  6. de.wikipedia.org/wiki/Übersetzung_(Linguistik)

ڤان بابەتان ببینە

بكارئینانا تەكنەلۆژیا نوی د فێركرنێ دا

بێوار ئدریس دەحلێنەوی هەر ل دوماهیكا سەدێ‌ بیستێ‌ تەكنەلۆژیایێ‌ جهێ‌ خو دگەلەك بوارێن ژیانێدا گرت، …