زاراوەی بونیادگەری (structuralism) لە سەرەتای سەدەی بیست لە ئەوروپا پەیدا بوو. زمانناسی سویسری، (فێردیناند سۆسێر)، بۆ یەکەم جار لە زانستی زمانەوانی بەکاری هێنا. دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، پسپۆڕانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان پەرەیان بە چەمکەکەی سۆسێر دا. لە هەموویان پتر، مرۆڤناسی فەڕەنسی (کلاود لیڤی سترۆس) خۆی پێوە خەریک کرد (مامبرۆل، 2016). پاشان لە بوارەیلی وەک دەروونناسی، ئابووری، تەلارسازی، مرۆڤناسی و ڕەخنەی ئەدەبی هاتە بەکاربردن.
تیۆری ڕەخنەییی بونیادگەری چییە؟
لە ئەدەبدا، ڕەخنەی بونیادگەری، دەق دەخاتە نێو بازنەیەکی فراوانتر، شەن و کەوی دەکات بەهۆی پێوەندیی لەگەڵ دەقەیی تر، بەپێی پێکهاتەی یونیڤێرسالی گێڕانەوە (بار، ٢٠٠٢). تیۆرە ڕەخنەییەکە باسی مانای دەق ناکات، بگرە باسی چۆنێتیی مانای دەق دەکات (تایسۆن، ٢٠١٥). بۆ نموونە، ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان باسی خۆکوشتن و بەڕەلابوونی نەفس دەکات، تیۆری بونیادگەری دێ بزانی چۆن و بە چ شێوەیەک باسی ئەو بابەتە دەکات. بۆیە ئەم تیۆرە نێزیکە لە تیۆری ڕەخنەیی (وەڵامی خوێنەر) (تایسۆن، ٢٠١٥).
تیۆرەکە هەوڵێکە بۆ تێگەیین لە بونیادی ئەزموون، بەرهەم، ڕەفتار و ئاگاییی مرۆڤ لە نێو دەقێکی ئەدەبی (تایسۆن، ٢٠١٥). لە هێماناسیدا (semiotics)، هەموو دەقێک دەبێ پێکهاتەیەکی هەبێت، ئەمەش یارمەتی خوێنەری بە ئەزموون دەدات باشتر دەقەکە شی بکاتەوە (نۆس، ١٩٩٥). بەپێی تیۆرە ڕەخنەییەکە تامی دەقێکی ئەدەبی لە پێکهاتە نوێیەکەیدایە.
نۆرسرۆپ فرای و تیۆری ژانڕەکان
نۆرسرۆپ فرای، تیۆریست و ڕەخنەگەری ئەدەبیی، پێی وایە مرۆڤ بە دوو ڕێگە خەیاڵی خۆی دەگێڕێتەوە: جیهانی واقیعی و جیهانی میسالی (تایسۆن، ٢٠١٥). جیهانە میسالییەکە (باشترە لە جیهانە واقیعییەکە) جیهانی بەڕائەت و خۆشی و ڕازیبوونە. جیهانە واقیعییەکە جیهانی ئەزموون و دڵەڕاوکە و شکستە.
تیۆری ژانرەکان (یان تیۆری ئەفسانەکان)ی فرای بنەما سەرەکییەکانی ئەم ژانڕانە ئاشکرا دەکەن: کۆمیدی، تراژیدیا، ڕۆمانس و ئایڕۆنی/ساتیر (تایسۆن، ٢٠١٥). فرای پێی وایە هەر ژانڕێک ڕووداو، تێما، کارەکتەر و پڵۆتی تایبەت بە خۆی هەس. ئەم ژانڕانە پێکەوە وامان لێ دەکەن لە گێڕانەوە بگەین. فرای پێی وایە چوار بنەمای بونیادگەری هەن: ململانە، کارەسات، ئاژاوە و شێوان و سەرکەوتن. ململانە بناخەی ڕۆمانسە؛ کارەسات هیی تراژیدیایە؛ ئاژاوە و شێوان هیی ئایڕۆنی و ساتیرە؛ سەرکەوتن هیی کۆمیدیایە. فرای ناو لەمانە دەنێت: «ئەفسانەی گشتگیر». کەواتە لای فرای، هەموو گێڕانەوەیەک ڕەگێکی لە نێو گێڕانەوەیەکی تردا هەیە.
فرای دەسەڵاتی پڕۆتاگۆنیست و مۆدی فیکشن و جۆری کارەکتەر بەپێی تیۆری مۆدەکان (theory of modes) دیاری دەکات. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە، خشتەکەکەی تایسۆن (٢٠١٥) بەکار دەبەم:
دەسەڵاتی پڕۆتاگۆنیست، مۆدی فیکشن، جۆری کارەکتەر.
لە سەرووی مرۆڤ و دەوروبەر، ئەفسانە، ئیلاهی.
تا ڕادەیەک لە سەرووی مرۆڤ و دەوروبەر، ڕۆمانس، پاڵەوان.
تا ڕادەیەک لە سەرووی مرۆڤ، لاسایی (داستان و تراژیدی)، سەرکردە.
لە سەرووی مرۆڤ و دەوروبەر نییە، لاسایی (کۆمیدی و واقیعی)، خەڵکی ئاسایی.
لە خوار هەموو شتێک، ئایڕۆنی، ئەنتاگۆنیست (دژە پاڵەوان).
ڕۆبەرت شۆلز پۆلێنێکی کەمێک جیاوازتر دەکات لەوەی فرای (تایسۆن، 2015):
دەسەڵاتی پڕۆتاگۆنیست، مۆدی فیکشن، جۆری کارەکتەر.
لە سەرووی مرۆڤ و دەوروبەر، ڕۆمانس، پاڵەوان.
یەکسان بە مرۆڤ و دەوروبەر، لاسایی وەک ژیانی واقیعی، خەڵكی ئاسایی.
تا ڕادەیەک لە سەرووی مرۆڤ، لاسایی (داستان و تراژیدی)، سەرکردە.
لە خوار مرۆڤ و دەوروبەر، لاسایی (کۆمیدی و واقیعی)، کۆمیدی و خەڵكی بەدحاڵ.
لە خوار هەموو شتێک، ئایڕۆنی، ئەنتاگۆنیست (دژە پاڵەوان).
بونیادی گێڕانەوە
ڕاڤەی بونیادی گێڕانەوە دەنۆڕێتە ناواخنی دەقی ئەدەبی بۆ کەشفکردنی یەکەکانی بونیادی دەق، وەک پێشڤەچوونی گێڕانەوە، ئەرکەیلی کارەکتەر (تایسۆن، ٢٠١٥). بۆ تێگەیین لە بونیادگەریی گێڕانەوە، کاری ئەی جەی گریماس، تزڤیتان تۆدۆرۆڤ و گێرارد گینێت دەدەینە بەرباس.
گریماس پێی وایە مرۆڤ بە دوو شێوە دەگاتە مانا. یەک، سین پێچەوانەی شینە؛ دوو، نەفی سین واتە نەفی شین. بۆ نموونە، پێچەوانەی خۆشەویستی ڕکە، نەفی خۆشەویستی غیابی خۆشەویستییە (تایسۆن، ٢٠١٥). ئەمە لە پڵۆتدا هەیە: ململانە و چارە، شەڕ و ئاشتبوونەوە، جیابوونەوە و پێکشادبوونەوە. ئەم هاوکێشانەی پڵۆت دێنە جێبەجێکرن لەلایەن کارەکتەرانەوە.
گریماس سێ پۆلێنی پڵۆت دیاری دەکات بەهۆی جۆرەکانی ئەرکی کارەکتەر و جۆرەکانی پڵۆت.
جۆرەکانی پڵۆت، ئەرکەیلی کارەکتەر
چیرۆکەیلی گەڕان/ئارەزوو (سوژەیەک یان پاڵەوانێک بەدوای ئۆبجێکتێکدا دەگەڕێت، ڕەنگە کەسێک، شتێک، خود، یان شوێنێک بێت. ، سوژە-ئۆبجێکت
چیرۆکەیلی کۆمیونیکەیشن (یەکێک شتێک دەنێرێت و ئەوی تر وەری دەگرێت). ، نێرەر-وەرگر
وردە پڵۆتی چیرۆکەیلی گەڕان/ئارەزوو (ئەوەی بە دوای ئۆبجێکتێکدا دەگەڕێت هاوکارێکی هەیە و دژێکیشی هەیە بەرەنگاری دەبێتەوە. ، هاوکار-دژ
گریماس سێ جۆرە بونیاد دەناسێنێت:
1- بونیادی گرێبەست (contractual structures): مۆرکردن یان شکاندنی پەیمان، دامەزراندن یان تێکدانی کیانێک.
2- بونیادی جێبەجێکاری (Performative structures): ئەنجامدانی ئەرک، هەوڵ و کۆشش.
3- بونیادی لێکترازان (Disjunctive structures).
گریماس سیستمێکی داناوە بۆ ڕاڤەی بونیاد:
ئەزموونی هەنووکەیی، قابیلی گۆڕان، ئیختیاری ئایدیۆلۆژی
خۆشی/ئازار، ڕاستی: یاخیبوون +قەبوڵکردن، ژیان: خۆشی + ناخۆشی
بێزاری/بێز، درۆ: کۆڵدان + ئینکاری، مردن: بێزاری + بێز
بەڵام تۆدۆرۆڤ ئەم سیستمەی هەیە بۆ یەکەکانی بونیادی گێڕانەوە:
یەکەکانی گێڕانەوە، یەکەکانی زمان
کارەکتەر، ناوی دیار
کاری کارەکتەر، فرمان
سیفەتی کارەکتەر، ئاوەڵناو
تێکەڵەی کارەکتەر و کردار، ڕستە
لە تێکەڵەیەک زیاتر، پەرەگراف
بونیادی (لە تێکەڵەیەک زیاتر) بریتییە لە سیفەت، کردار، سیفەت. بۆ نموونە، کارەکتەرێک ئێسک گرانە، دوای کردارێکی باش، ئێسک سووک دەبێت. تۆدۆرۆڤ بونیادی دەق لە کارەکتەر و کرداردا دەبینێتەوە.
بەڵام گینێت سێ ئاست دیاری دەکات بۆ گێڕانەوە: چیرۆک، دەق، گێڕانەوە.
چیرۆک: پێک دێت لە کۆمەڵە ڕووداوێکی گێڕدراوە. دەق واتە وشەکانی نێو کتێبەکە، ئەو وشانەی ڕووداوەکانی پێ دێنە گێڕانەوە، ئاخاوتن و بەرباس. گێڕانەوە واتە گێڕانەوەی چیرۆکەکە بۆ جەماوەر، بۆ کەسێک یان کۆمەڵێک کەس. ئەوەی دەگێڕێتەوە بەرکەوتەی لەگەڵ نووسەرەکەدا نییە، جەماوەر (ئەوەی چیرۆکی بۆ دێتە گێڕانەوە) بەرکەوتەی لەگەڵ خوێنەردا نییە.
گینێس پێی وایە بەپێی سێ شت چیرۆک و دەق و گێڕانەوە تێکەڵ بەیەک دەبن (تایسۆن، ٢٠١٥):
-1 دەم (کات):
ڕێکخستنی ڕووداوەکان بەپێی کات. ئەم ڕێکخستنە پێویستی بە ڕیزکردن و ماوە و چەندجارەبوونەوە هەیە:
– ڕیزکردن: بریتییە لە پێوەندیی نێوان کڕۆنۆلۆژیی ڕووداوەکان و کڕۆنۆلۆژیی گێڕانەوەی ڕووداوەکان. واتە، لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان: شووشە سەقەتە، دێبابی لە دەست دەدات، براکەی لە دەست دەدات، هاوەڵانی لەدەست دەدات، مەیلی بۆ ڕام هەیە، دواتر چاک دەبێتەوە. ئەمانە ڕووداون، بەڵام نووسەر لێکی جیا کردوونەتەوە و پەرتی کردوون بەسەر گێڕانەوەکەدا.
– ماوە: بریتییە لە پێوەندیی نێوان درێژیی ڕووداوێک و ئەو چەند لاپەڕەیەی بۆی تەرخان دەکرێت لە کتێبەکە. ململانەی نێوان دوو کارەکتەر پێنج ساڵە، بەس بە پێنج دێر باس دەکرێت. یان دیمەنێکی کوژران پێنجە دەقەیە بەڵام بە پێنج لاپەڕ باس دەکرێت.
– چەندجارەبوونەوە: بریتییە لە پێوەندیی نێوان دووبارەبوونەوەی ڕووداوێک لەگەڵ ڕووداوێک بە چەند جارێکی جیاواز دێتە گێڕانەوە.
-2 چەشە (میزاج):
بریتییە لە کەشی گێڕانەوە کە دێتە دروستکردن بەهۆی دووری و ڕوانگەوە.
– دووری واتە ئەو دەمەی گێڕەرەوە لە نێو یەک لە کارەکتەرەکاندایە. چیرۆکەکە لە ڕێی ویژدانی ئەو پاکتاو دەکرێت. گێڕەرەوە هەرچەند نێزیک بێت دووری نێوان گێڕانەوە و چیرۆک زێتر دەبێت. بە پێچەوانەشەوە، بێو ئاگامان لە گێڕەرەوە نەبێت، ئەوا گێڕانەوە و چیرۆک لێک نێزک دەبنەوە. ئەو دەمەی چیرۆکەکە خۆی خۆی دەگێڕێتەوە. دووری بە بازدان و نەبوونی وردەکاریش دروست دەبێت. چەندە وردەکاری هەبێت ئەوەندە چیرۆک و گێڕانەوە لێک نێزیک دەبنەوە.
– ڕوانگە واتە گۆشەنیگا: لەوانەیە گێڕەرەوە قسە بکات، بەڵام شتەکان دەبینین بە چاوی کارەکتەرێک. ئەوەی کارەکتەرەکە دەیبینێت جیاوازە لەوەی گێڕەرەوە دەیبینێت.
-3 دەنگ:
بریتییە لە دەنگی گێڕەرەوە: ئەو دەنگەی گێمان لێی دەبێت (دەنگی گێڕەرەوە) ڕەنگە جیاواز بێت لەو چاوەی شتەکانی پێ دەبینین (ڕوانگە). بۆ ڕاڤەی دەنگ دەبێ بنۆڕینە پێوەندیی نێوان گێڕەرەوە (کرداری گێڕانەوە) بەو چیرۆکەی دێتە گێڕانەوە (شێواز گێڕانەوەکە). دەنگ یارمەتیمان دەدات چەشەی گێڕەرەوە بۆ چیرۆکەکە دیاری بکەین.
بونیادی ڕاڤەی ئەدەبی
(جۆناسان کەلەر) پێی وایە بونیادی نووسین و مانای دەقی ئەدەبی پێوەستن بە سیستمی ڕێسا و کۆد کە خوێنەر، واگا یان بێ ئاگا، لە ناخیدا دروستی کردوون (تایسۆن، ٢٠١٥). هەندێ لەو ڕێسا و کۆدانە خوێنەر دەمێکە لە بیریدا چەسپی کردوون. بۆ نموونە، خوێنەر دەزانێت دەقێکی ئەفسانەیی واقیعی نییە. کۆدەیلی تر لە زانکۆ دێنە خوێندن، بۆ نموونە، بەکاربردنی ئیماژی سروشتی بەشێک لە تێمای کارەکە ئاشکرا دەکات (تایسۆن، ٢٠١٥).
ئەم ڕێسا و کۆدانە جۆرێک لە خوێندەواری و ئاگایی دروست دەکات لای تاک کە کەلەر پێی دەڵێت ئاستی خوێندەواریی تاک بۆ ئەدەب. بۆ تێگەیین لە ئاستی خوێندەواریی ئەدەبی (literary competency)، کەلەر سێ توخمی سەرەکی دەداتە بەرباس (تایسۆن، ٢٠١٥):
یەکەم: ئاوێتەبوونی دووری و ناخود (the convention of distance and impersonality)
هەرکە کارێکی ئەدەبی دەخوێنینەوە خۆمان لە واقیع و خودی خۆمان دوور دەخەینەوە. دوورییەکی خەیاڵی دروست دەبێت. خوێندنەوەی دەقێکی ئەدەبی لای خوێنەر جیاوازە لە خوێندنەوەی نامەیەک یان وتارێک.
دووەم: بەسروشتیکردن (naturalization)
خوێنەر دەقەکە دەگۆڕێت و بە پێوەری ژیانی واقیعی تێی دەگات. کاتێ نووسەر دەنووسێت، «خۆشەویستەکەم هەرمێیەکی پێگەیشتووە»، خوێنەر دەزانێت مەسەلە میوەکە نییە، بگرە نووسەر وەک خوازەیەک میوەکەی بەکار بردووە. کاتێ خوێنەر لە دەقێکی ئەدەبی تێ دەگات،زیاتر دەینرخێنێت و خۆشی دەوێت؛ جوانییەکەی مانایەکی بۆ ئەو هەیە. لەم کۆدە خوێنەر گوێی لە دەنگی گێڕەرەوەیە نەک نووسەر، بۆیە هەر کەموکەرتییەک دەگەڕێتەوە بۆ گێڕەرەوەکە نەک نووسەرەکە.
سێیەم: ڕێسای بایەخدان (the rule of significance)
خوێنەر پێی وایە دەقێکی ئەدەبی بایەخی تایبەت دەدات بە کێشە سەرەکییەکان. بۆیە بایەخی زێتر بە دەقێکی ئەدەبی دەدات تا دەقێکی نائەدەبی. سەیری ئەم ڕستەیە بکە: «پیاوەکە ناهێڵێت منداڵیان ببێت.» ئەمە لە وتارێک یان هەر دەقێکی نائەدەبی بخوێنییەوە، هێندە بایەخی پێ نادەی. بەڵام بێو لە چیرۆکێک، ڕۆمانێک یان شیعرێکدا بیخوێنییەوە، بایەخی زێتر پێ دەدەی و تێگەیشتنت بۆی قووڵتر دەبێتەوە. بۆ نموونە، لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا، (بێرنی) ڕێگرە لەوەی خێزانەکەی منداڵی ببێت، ماڵباتیان لەسەر ئەمە تێک دەچێت. بابەتی کەمیی لەدایکبوونی منداڵ لە ئەوروپا کێشەیەکی گەورەی ئەوروپییەکانە.
چوارەم: ڕێسای خوازەی یەکگرتوو (the rule of metaphorical coherent)
زاراوەکە و سوژە لە خوازە پێوەندییەکی یەکگرتوویان هەیە بە دەقەکە. بۆ نموونە، چیرۆکێک دەنووسی لەسەر دەرۆزەکەرێکی بەتەمەن. دوای پێشاندانی نەهامەتییەکانی ژیانی، لە کۆتاییدا لە سەرمان لە شوێنێک ڕەق دەبێتەوە. دەکرێ ئەمە بە خوازەیەک دەرببڕی، « خۆرئاوابوونی ئەوێ ڕۆژێ سیس و ڕەنگ زەرد بوو و هەموو شتێکی دەبەستا.»
پێنجەم: ڕێسای تێمای یەکگتوو (the rule of thematic unity)
لە هەر دەقێکی ئەدەبی چاوەڕێی ئەوە دەکەین تێماکە، بابەتە سەرەکییەکە، وجودی هەبێت. واتە لە سەرەوە تا کۆتایی هەرچی هەیە لە خزمەتی تێماکان دایە. کەلەر پێی وایە تێمای یەکگرتوو بەم پڕۆسێسانە دروست دەبێت: یەک، دژایەتی تەواو (باش بەرامبەر خراپ)؛ دوو، چارەی دژایەتی (باش بەسەر خراپدا زاڵ دەبێت)؛ سێ، ترازانی دژایەتی تەواو (واتە باش بەرامبەر خراپ دێتە چارەبوون لە ڕێی لایەنی سێیەم).
جێبەجێکردنی تیۆری ڕەخنەییی بونیادگەری لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان
هەوڵ دەدەین بزانین چۆن دەقەکە بونیاد نراوە بەهۆی پێوەندیی نێوان چەند ڕووداوێکی دووبارە. بۆ ئەمەش دەچینەوە سەر میتۆدەکەی تۆدۆرۆڤ: ڕووداو (فرمان)، سیفەت (ئاوەڵناو) و کارەکتەر (ناو). ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بەسەر سێ فرماندا دابەش دەبێت: خۆیان دەکوژن، نازانین بۆ خۆیان دەکوژن، دەزانین بۆ خۆیان دەکوژن. ئەمە دەبێتە هۆی زەقکردنەوەی سیفەت و کارەکتەر: شووشە و تیمەکەی.
لە سەرەتای ڕۆمانەکە خوێنەر بەر لێشاوێک لە خۆکوشتن دەکەوێت. ڕووداوەکانی خۆکوشتن لە کوردستان و فەرەنسا و ئەمریکا و ئێران و چەندان شوێنی تری جیهان دووبارە دەبنەوە. ئەم دووبارە بوونەوەیە وا دەکات زانایان بگەڕێن بۆ چارەسەرێک. شووشە و تیمەکەی پێنج جار یەک پڕۆسە بۆ نێو جیهانی مردن دووبارە دەکەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی هۆی خۆکوشتنەکە ئاشکرا بێت و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
ڕێزمانی (خۆکوشتن، نەزانین، زانین) یەکانگیرە لەگەڵ ڕێزمانە باوەکە کە بریتییە لە (سەرەتا، کێشە، چارەسەری کێشە). لێرەدا دەبینین ڕۆمانەکە بە شێوازێکی باو هاتووەتە بونیادنان (كێشە، چارەسەر). بەڵام لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، کاتێ شووشە بەئاگا دێتەوە، دڵخۆش نییە بە چارەسەرەکە و ڕووخسار و ئاکاری پێمان دەڵێن کە مرۆڤایەتی لەم کێشەیە دەربازی بوو بەڵام پێ دەنێتە نێو کێشەیەکی خراتر. گێڕەرەوە پێمان ناڵێت کێشە نوێیەکە چییە، ئا لێرەدا کۆتایی ڕۆمانەکە لە بازنەی باوی (کێشە-چارەسەر) دێتە دەرەوە.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە هاوێنەی هەر سێ جۆری بونیادی گریماس
ڕۆمانەکە هەر سێ جۆرەکەی تیایە. کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە، هەر یەکە بە جیا، بەندن بە جۆرە پەیمانێک بۆ وەستاندنی پەتای خۆکوشتن (بونیادی گرێبەست). بۆ نـموونە، شووشە پەیمانی بە خۆی داوە نەوەستێت تا چارەیەک بۆ پەتاکە نەدۆزێتەوە. سەرۆکی وڵاتان و بەرپرسانی کۆمپانیا و زانایان بەندن بەوەی ڕێ لە خۆکوشتن بگرن. هەموو جۆرە پەیمانێکیش قابیلی شکاندنە. پڵۆتەکە بەندە بە پەیمانی مرۆییانەی شووشە و زاناکان کە تووشی دەیان کێشە دەبنەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کۆڵ نادەن.
شووشە و تیمی زانایان لە (زەوی بڵند) شەو و ڕۆژ گرێ دەدەن بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ پەتاکە (بونیادی جێبەجێکاری). ڕۆمانەکە بەم بونیادەیشەوە بەندە. بێو شووشە و تیمەکەی لە هەوڵ بکەون، بونیادی ڕۆمانەکە تێک دەچێت.
بونیادی ڕۆمانەکە چەند جارێک دەکەوێتە ژێر هەڕەشە لە ڕێی (بانک) کە کارەکتەرێکی بەهێزە و نایەوێت هیچ چارەیەک بۆ خۆکوشتن بێتە دۆزینەوە. بەڵام هێز و تۆکمەیی بونیادی یەکەم و دووەم ناهێڵن بانک سەر بکەوێت.
ئەنجام
لەم باسەدا، بۆمان بەدەر دەکەوێت تیۆری ڕەخنەییی بونیادگەری فراوانە و چەندان میتۆدی هەیە و دەکرێت بە شێوەی جۆرەوجۆر لەسەر دەقی ئەدەبی بێتە جێبەجێکردن. ئەم باسە نموونەیەکە بۆ واڵاکردنی دەرگە بۆ ڕەخنەگرانی تر تا بتوانن میتۆدێکی ئەم تیۆرە هەڵبژێرن و لەسەر هەر دەقێکی خۆماڵی جێبەجێی بکەن.
ژێدهر و پهڕاوێز:
Barry، P. 2002. «Structuralism.» Pp. 39–60 in Beginning Theory: An Introduction to Literary and Cultural Theory. Manchester: Manchester University Press.
Mambrol، Nasrullah (2016-03-20). «Structuralism». Literary Theory and Criticism Notes. Retrieved 2017-06-29.
Nöth، Winfried. 1995. Handbook of Semiotics. Indiana University Press. p. 312.
Slavutin، Evgeny، and Vladimir Pimonov. 2018. Plot Structure. Moscow: Nauka / Flinta Publishing.
Tyson، Lois. Critical Theory Today: A User-Friendly Guide. New York: Routledge، 2015. Print.